فیچەر | ماڵێکی کولتووری جوان لە سرێشمە

فیچەر | ماڵێکی کولتووری جوان لە سرێشمە
لە گوندی سرێشمەی دۆڵی رووست، ماڵێکی کولتووری جوان هەیە، کە تاوەکو ئێستا وەکو خۆی ماوەتەوەو دەستکاری نەکراوە.
دیواری گوندەکان لە قوڕ و بەرد دروستکراوەو بنمیچەکەشی لە دار و قامیش، دەوروبەری ماڵەکە هەمووی بە گوڵی سروشتی رازێنراوەتەوە.
حەسەن مستەفا خاوەنی ماڵە کولتوورییەکەیە و رۆژانە بەتایبەت لە وەرزە گەشتیارییەکاندا دەرگای بە رووی گەشتیاراندا دەکاتەوە.
حەسەن مستەفا 50 ساڵە ئەم ماڵەی دروستکردووەو بە دەستی خۆی دروستیکردووە.
حەسەن مستەفا خاوەنی ماڵە کولیوورییەکە دەڵێ ''لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو ئەم ماڵەم دروستکردووە، بەجۆرێک دروستم کردووە تیئێن تیش ناتوانێ بیروخێنێت. زۆر دڵم بەم خانووەم خۆشە، لە زستان گەرم و لە هاوین فێنکە''.
ژن و منداڵی ئەم ماڵە هەموویان جلوبەرگی کوردی دەپۆشن و بە دڵێکی خۆشەوە میوانداری گەشتیاران دەکەن. عایشە حەمەد کابانی ماڵەکەیە دەڵێ ''سبەینە و ئێواران خانووەکە دەڕشێنین، مەتبەخێکی خۆشمان هەیە بۆ دروستکردنی خواردن و تەباخ و غازیشمان هەیە، بەڵام زۆربەی خواردنەکانمان بە ئاگری دار دروستدەکەین''.
گوندی سرێشمە دەکەوێتە ناوچەیەکی بە بابخ و باخانی دۆڵی رووست، پێشتر زۆربەی خانووەکانی ئەم گوندە بەم شێوازە بوون، بەڵام ئێستا تەنیا ئەم خانووە لەسەر شێوازە کۆنەکەی ماوەتەوە.