فیچەر - لەیلا مەعرووف زادە پۆرترێتی ناودارانی کورد دروستدەکات

فیچەر - لەیلا مەعرووف زادە پۆرترێتی ناودارانی کورد دروستدەکات
ژنێکی وێنەکێشی شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بووەتە جێگەی سەرنجی زۆر هەوادار و هونەردۆستانی ئەو پارچەیەی کوردستان و تەنانەت باشووری کوردستانیش، بە دروستکردنی وێنە و پۆرترێتی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد.
 
لەیلا مەعرووفزادە، لە ساڵی 1990 لە شاری مەهاباد لەدایکبووە. لە تەمەنی 19 ساڵی ژیانی هاوژینی لەگەڵ گەنجێکی شاری نەغەدە پێکهێناوەو ئێستا لەوێ دەژی.
 
دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، بەهۆی کاروباری ماڵەوەو بوونە دایک، واز لە هونەرەکەی دێنێ. بەڵام دوای زیاتر لە 8 ساڵ جارێکی دیکە دەست بە وێنەکێشان دەکاتەوە. لەیلا دەڵێ ''هەر چاوم لە هونەرەکەم بوو، بەڵام تاوەکو کوڕەکانم گەورەنەبوون نەمتوانی هیچ تابلۆ و پۆرترێتێک بکێشم''.
 
لەیلا لە هیچ قوتابخانەیەکی هونەری نەیخوێندووە، هیچ خولێکی ئەکادیمیشی نەبینیوە، ئەوەی کە فێری وێنەکێشان بووە بەهرەیەکی خودایی و هەوڵ و ماندووبوونی خۆیەتی.
 
واحید حەسەنزادە یەکێکە لە پاڵپشت و هاوکارەکانی لەیلای هاوژینی، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت و داهێنان لە کارەکەیدا بکات. واحید دەڵێ ''شانازی بە کاری هاوژینەکەمەوە دەکەم، هیوادارم بتوانێ پۆرترێتی تەواوی ناودارانی کورد دروستبکات''.
 
لەیلا تەواوی تابلۆکانی تەنیا بە رەش و سپی دەکێشێت، وەکو خۆی دەڵێت رەنگەکانی ژیان لە رەش و سپیدا دەبینێت. لە زۆر پێشانگەی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەشداریکردووە، زۆر پۆرترێتیشی لەسەر داواکاری کڕیارانی دروستکردووە.