فیچەر - چیرۆکی کچی پێشمەرگەیەکی مەلا مستەفا لە ئۆزباکستان

فیچەر - چیرۆکی کچی پێشمەرگەیەکی مەلا مستەفا لە ئۆزباکستان
عەزیمە عومەرۆڤا، کچی پێشمەرگەیەکی کوردستانە و لە ئۆزباکستان دەژیی، چیرۆکی باوکی دەگێڕێتەوە کە دوای رووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی چووەتە یەکێتی سۆڤیێت.
مەلا مستەفا، لەگەڵ 500 پێشمەرگە لە رێگەی پەڕینەوەیان لە رووباری ئاراس، بەرەو یەکێتی سۆڤیێت رۆیشتن. سەرەتا لە ئازەربایجان نیشتەجێکران. بەڵام لە ساڵی 1952 دەگوازرێنەوە بۆ کۆماری ئۆزباکستان. لەوێ لە ناوچەی ڤرەڤسکی نیشتەجێ دەبن و خانوو بۆ خۆیان دروستدەکەن.
بەشێک لە پێشمەرگەکان لەوێ ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن و دەبنە خاوەن ماڵ و منداڵ. 
عەزیمە عومەرۆڤا، ئەوکاتە تەمەنی بچووک بووە، دوای رووخانی حوکمی پاشایی لە عێراق و هاتنە سەر حوکمی عەبدولکەریم قاسم، بەهۆی رێککەوتنێک پێشمەرگەکان دەگەڕێنرێنەوە. عەزیمە و دایکی لە ئۆزباکستان دەمێننەوە. 
عەزیمە دەڵێ : دایکم هێندە باوکمی خۆشدەویست، دوای باوکم هەرگیز بیری لە شووکردن نەکردەوە.
کاتێک عەزیمە گەورەدەبێت، بە دوای باوکیدا دەگەڕێت، لە ساڵی 1972 دێتە هەرێمی کوردستان و بە باوکی شاد دەبێتەوە. هەروەها ساڵی 2005 جارێکی دیکە دێتەوە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆک بارزانی میوانداری دەکرێن. عەزیمە دەڵێ: سەرۆک بارزانی پێیگوتم، ئێوە نزیکترین خزمی ئێمەن.
عەزیمە ئێستاش لەم خانووە دەژی کە باوکی لە ساڵی 1952 لە ئۆزباکستان دروستیکردووە.