فیچەر - کانیاوی کانزایی لە خورماڵ

فیچەر - کانیاوی کانزایی لە خورماڵ
لەقەزای خورماڵ ئاوێکی کانزایی سروشتی ھەیە، پێیدەڵێن گەڕاوەکەی خورماڵ. بە ھۆی بوونی کانزاکانی گۆگرد، کبریت و فسفۆر تیایدا رەنگی ئاوەکە شینێکی کاڵە، بۆنی وەکو ھێلکەی کوڵاوە .

ئەم گەڕاوە مێژوویەکی کۆنی ھەیە، پلەی گەرمی بەرزترە لە ئاوی ئاسایی، ساڵانە باران ببارێت یان نەبارێت ئاستی ئاوەکە وەک خۆیەتی و کەم و زیاد ناکات.

ماوەی چەندین ساڵە گەڕاوەکە بووەتە شوێنێک بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێست و خەڵکی لە ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و عێراق، تەنانەت وڵاتانی دەرەوەش سەردانی دەکەن. عەلی ئەحمەد | سەرپەرشتیاری گەڕاوەکەی خورماڵ دەڵێ: خەڵکی لە هەموو هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی دەروەش سەردانمان دەکەن و خۆیان لە ئاوەکە دەشۆن، چارەسەری زۆربەی نەخۆشییەکانی پێست دەکات.

لە ساڵی 2014 وە بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە پڕۆژەی خزمەتگوزارییان لەسەر گەڕاوەکە دروستکردووە تاوەکو ژمارەیەکی زۆرتر لەو کەسانە لەخۆبگرێت کە رۆژانە سەردانی دەکەن. بەشێک لە پزیشکان دەڵێن، ئاوەکە چارەسەری هەندێ نەخۆش دەکات، بەڵام مەترسی گواستنەوەی نەخۆشی هەیە چسونکە زۆربەی خەڵک لەناویدا مەلە دەکەن. د. مەهدی خەلیل | پسپۆری نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری دەڵێ: دەرمانی باشتر و تەندروستتر هەیە بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشیانەی کە بە ئاوەکە خۆیان چارەسەر دەکەن.

سەرچاوەی ئاوی گەڕاوەکە لە سێ کانییەوە ھەڵدەقوڵێت، دوو ژووری تایبەت بۆ پیاوان و ئافرەتان کراوە و دەتوانن لەنێو حەورزەکاندا مەلە بکەن یان بە ئاوەکە خۆیان بشۆن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان.