فیچەر - چیرۆکی خۆشنووسێک لە دیمەشقی پایتەختی سوریا

فیچەر - چیرۆکی خۆشنووسێک لە دیمەشقی پایتەختی سوریا
کە منداڵ بوون دایک و باوکمان دەیانگوت کچەکەم یا کوڕەکەم دەبێتە دکتۆر. ئەندازیار یان مامۆستا. هەمیشە دایک و باوک لە هزری خۆیاندا پیشەیەکمان بۆ دیاریدەکەن، بەڵام زۆرکات منداڵەکان تەواو کارێکی جیاواز هەڵدەبژێرن.
ئەمە بەسەر محەمەد حاجی قابە، کە خۆشنووسێکی دیمەشقی پایتەختی سوریایە. دیمەشق یەکێکە لە شارە مێژووییەکانی وڵاتەکە و شوێنەواری زۆری تێدایە، زەخرەفە و نووسینی سەر دیواری مزگەوتەکان هونەرێکی کۆن و دیاری شارەکەیە. محەمەد یەکێکە لەو خۆشنووس و هونەرمەندانەی ئەو کارە دەکات و چیرۆکی خۆی و هونەرەکەیمان بۆ دەگێڕێتەوە.
محەممەد حاجی قاب، یەکێکە لە هونەرمەندە دیار و ناودارەکانی دیمەشق، لە ساڵی 1977 لە دایکبووە، لە قۆناخی خوێندنی سەرەتایی خولیای هونەری خۆشنووسی بوو، بەڵام هەرگیز بیری لەوە نەکردووەتەوە، ئەمە ببێتە پیشەی سەرەکی.
محەممەد حاجی قاب – هونەرمەند و خۆشنووس دەڵێ :کاتێک منداڵ بووم خۆشنووسی بە کارێکی زۆر گەورە و سەخت دەهاتە بەرچاوم، پێموابوو تەنیا کەسی بەهرەمەند توانای هەیە دەست بۆ ئەم پیشە زۆر گرنگە ببات. چاوم کردەوە و خۆم لەنێو ئەم هەموو هونەرە جوانەدا بینییەوە. باوانم دەیانگێڕایەوە بە منداڵی خولیای گوێگرتنی موزیکم زۆر بوو. پێش ئەوەی بچمە قوتابخانە، هۆگری موزیک بووم. باوانم پێیانوابوو لە داهاتوودا دەبمە موزیکژەن. بەڵام هونەری خۆشنووسی عەرەبیم زۆر خۆش دەویست. تا رۆژی دواییش دەڵێم، بە هەڵە هاتوومەتە نێو ئەم بوارە.