فیچەر - هەنگەوانی پیشەیەکی پڕ بەرەکەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان

فیچەر - هەنگەوانی پیشەیەکی پڕ بەرەکەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان
لە بەرزاییەکانی چلچەمە لە شاری سەقز، فەرهاد فیوزی 17 ساڵە سەرقاڵی پیشەی هەنگەوانییە. ئەم پیشەوەرە بە شانازییەوە باسی ئەو بەروبوومە جۆراوجۆرانە دەکات کە لە کێوەکانی سەقز و مەریوان بەرهەمیان دەهێنێت.
 
لە نێو بەرهەمە سەرەکییەکانیاندا هەنگوینی شاخ، هەنگوینی رەواق، هەنگوینی مەپێڵین، هەنگوینی پلورە و هەنگوینی گۆزە هەن. هەروەها هەنگوینی تایبەتی ناو جەعبە کە بە شێوازێکی تەندروست و پاک ئامادە دەکرێت، یەکێکە لە بەرهەمە تایبەتەکانیان.
 
بە گوێرەی وتەکانی فەرهاد، لە شاری سەقز بە تەنیا نزیکەی 20 هەزار کەندووی هەنگ هەن. ئەم ژمارە بەرزە نیشانەی گرنگی ئەم پیشەیە وەک سەرچاوەیەکی داهات بۆ خەڵکی ناوچەکە. بەڵام فەرهاد گلەیی لەوە دەکات کە بەرپرسانی رۆژهەڵات گرنگی پێویست بەم کەرتە نادەن، سەرەڕای ئەوەی کە بووەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ زۆر خێزان.
 
پیشەی هەنگەوانی کارێکی وەرزییە و چڕترین کاتی لە وەرزی بەهاردایە. لەم وەرزەدا هەنگەوان دەبێت رۆژانە چاودێری هەنگەکان بکات، پێداویستییەکانیان دابین بکات و نەخۆشییەکانیان چارەسەر بکات.
دوای کۆکردنەوەی هەنگوین لە هاویندا، لە پاییز و زستاندا گرنگە چاودێری وردی هەنگەکان بکرێت بۆ پاراستنیان لە نەخۆشی و کەمخۆراکی.
 
ناوچەی سەقز-مەریوان-بانە بەهۆی سروشتی دەوڵەمەندی و فرەچەشنی گوڵ و گیاکانییەوە، بووەتە ناوەندێکی گرنگی بەرهەمهێنانی هەنگوین لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم پیشەیە، سەرەڕای هەموو کێشەکان، بەردەوامە لە دابینکردنی بژێوی بۆ خێزانەکانی ناوچەکە.