فیچەر - لە گوندی کوڕەداوێ میراتی کولتووری دەپارێزرێت

فیچەر - لە گوندی کوڕەداوێ میراتی کولتووری دەپارێزرێت
لە نێو سروشتی دڵفڕێن و جوانی شارباژێڕ، لە گوندێکی بچووک بە ناوی کوڕەداوێ کە تەنها 48 کیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دوورە، دانیشتوانەکەی هەوڵێکی بەرچاویان داوە بۆ پاراستنی میراتی کولتووری و مێژوویی ناوچەکەیان.
دانیشتوانی گوندەکە مۆزەخانەیەکی تایبەتیان دامەزراندووە کە کەرەستە و کەلوپەلە کۆنەکانی ژیانی رۆژانەی باوباپیرانیان تێدا کۆکردوەتەوە.
گوندەکە لە وەرزی سەرمادا تەنها چواردە ماڵی تێدا دەژی و لە هاویندا دەگاتە سی ماڵ، بەڵام خەڵکەکەی توانیویانە ناوەندێکی رۆشنبیری دابمەزرێنن کە جگە لە مۆزەخانەکە، دیوارێکی تایبەت بە وێنە کۆنەکانی گوند و کتێبخانەیەکی بچووکیشی تێدایە.
مام کەریم سەواری، یەکێک لە دانیشتوانی گوندەکەیە، باس لە یادەوەرییەکانی دەکات و دەڵێت: "کاتێک ئەم وێنانە دەبینم، هەموو یادگارییەکانی رابردوو دێنەوە بیرم، ئەو کاتانەی کە بەفر تا دوو مەتر دەباری و ئێمە بە سی کەس رێگامان بۆ مەڕەکانمان دەکردەوە."
گوندەکە هێشتا کێشەی خزمەتگوزاری هەیە، وەک نەبوونی قوتابخانەی باش و نەخۆشخانە و رێگاوبانی قیرتاوکراو، بەڵام دانیشتوانەکەی توانیویانە نموونەیەکی جوان لە پاراستنی کولتوور و پەرەپێدانی رۆشنبیری پێشکەش بکەن.