فیچەر - فرمێسک مستەفا | شانۆکاری کورد لە ئەڵمانیا

فیچەر - فرمێسک مستەفا | شانۆکاری کورد لە ئەڵمانیا
فرمێسک مستەفا، لەدایک بووی 1966 لە شاری سلێمانییە. قۆناخەکانی خوێندن، تا دوا ئامادەیی لە سلێمانی بووە، دواجار بۆ خوێندنی شانۆ چووەتە بەغدا و لە زانکۆی بەغدا، کۆلێژی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە.
دوای تەواوکردنی خوێندنی شانۆ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و وەک مامۆستای هونەر و شانۆ لە پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایان، پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی، ئامادەییی خانزادی کچان، دوا ناوەندیی فریشتەی کچان، ناوەندی نەورۆزی کچان، ئامادەییی سلێمانی کچان، دەستبەکار دەبێ.
 
لە چەندین کاری شانۆ و درامای تیڤیدا نواندنی کردووە. لە گرووپە شانۆیییەکانی سالار، کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان و نواندنی سلێمانی، بەشداریی چالاکییە هونەرییەکانی کردوون.

هەروەها بۆ ماوەیەک سکرتێری تیپی شانۆی ئەحمەد سالار بووە. لە ساڵی 1993 کوردستان بەجێدەهێڵێت و دەچێتە ئەڵمانیا. لە بواری چالاکیی مەدەنی و کلتوریی شاری شتوتگارت کاردەکات.
وەک نووسەر لە ڕۆژنامەی پەیامی کورد لە شاری بۆن، وتار و کورتە چیرۆکی بڵاو کردووەتەوە. لە ساڵی 2001 دەست دەکاتەوە بە بەشدارییە شانۆیییەکانی لە ئەڵمانیا و کوردستان.
لە ساڵی 2010 دەگەڕێتەوە کوردستان و وەک مامۆستای ڕاهێنەر بۆ ماوەی شەش مانگ بە خۆبەخش لە زانکۆی سەلاحەدین، لە کۆلێژی هونەرەجوانەکان، وانەی پراکتیکی نواندن و دەنگ دەڵێتەوە، دوایی بەگرێبەست بۆ دوو ساڵ دەستبەکار دەبێ.

وەک سەرپەرشتیاری بەشی درامای ڕادیۆ و سیناریست لە ڕادیۆی هێلین کاردەکات، هەروەها وەک نووسەر لە ڕۆژنامەکانی هەولێر و وشە گۆشە دەنووسێت.
بابەتەکانی دیکەی لە گۆڤاری ڕامان بڵاودەکاتەوە و دەستەی بەڕێوەبەری گۆڤاری ڕاز دەبێ لە سلێمانی.
هەروەها بێجگە لە بەشداریی نواندن لە شانۆ و درامادا، وەک چالاکی مەدەنی بەشداریی چەندین چالاکیی کردووە.
لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەرزش و لاوان دەبيتە فەرمانبەر. لە ساڵی 2016 تاوەکو ئيستا لەسەر سەکۆی شانۆی ئەڵمانیا وەک ئەکتەر ڕۆڵ دەبینێت. هەروەها وەک چالاکوانی بواری جێندەری کاردەکات و لە ئەنجومەنی هەردوو پارێزگای فێلباخ و شتوتگارت، لە بوارەکانی یەکسانی و سیاسەتی ئینتگراسیۆندا کاری خۆبەخش دەکات.