فیچەر - چیرۆکی فادی سەبعاوی یاریزانێکی یەک قاچ لە موسڵ

فیچەر - چیرۆکی فادی سەبعاوی یاریزانێکی یەک قاچ لە موسڵ
فادی سەبعاوی یەکێکە لە قوربانیانی جەنگی داعش لە موسڵ، بەهۆی شەڕەوە قاچێکی لەدەستداوە، بەڵام وەرزشوانێکی لێهاتووەو هەموو رۆژێک بە یەک قاچ و دارشەقێکەوە یاری تۆپی پێ دەکات.

فادی سەبعاوی – یاریزانی نڤیشکان دەڵێ ''شتێکى جوانە کە هەندێکجار دەبینم،  منداڵێک یان کەسێک دێت و  سەرى دەسوڕمێت کە بە دارشەقەوە دەمبینێت، یارى بە تۆپ دەکەم. کەمئەندامبوون مرۆڤ  ناوەستێنێت، ئەوەى خاوەنى ویست بێت هیچ شتێک راىناگرێت''.


فادی زۆرجاو بەناو کۆڵانەکانی موسڵی کۆندا دەگەڕێت و بیر لەو رۆژانی رابردوو دەکاتەوە. زۆرجار ئەو یادگارییە ناخۆشەی دێتەوە یاد، کە قاچەکانی لەدەستدا. 
بەڵام بە تێکەڵبوون لەگەڵ خەڵک و هاوڕێکانی دەیەوێ یادگارییە ناخۆشەکان لەبیری خۆی بباتەوە. بۆیە زۆرجار لەکۆڵان لەگەل منداڵان یاری تۆپی پێ دەکات.

لە موسل یانەی تۆپی پێی نڤیشکانانی نەینەوا هەیە، جگە لە فادی دەیان گەنجی نڤیشکانی دیکە یاری تێدا دەکەن. فادی هەفتەی سێ رۆژ لەو یانەیە راهێنان دەکات. بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببێتە یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی لەسەر ئاستی عێراق.

فادی سەبعاوی – یاریزانی نڤیشکان دەڵێ ''بەر لەوەى بپێکرێم، وەرزشوان بووم، لە قۆناخى ئامادەیی یاریزانى تۆپى سەبەتە و بالە و  تۆپى پێ بووم، یەکەمجار کە هاتمەوە یاریگاکە  گەڕامەوە بۆ ژیان، گوتم هیچ شتێک ناموەستێنێت، توانیم بەردەوام بم،  یاریم بۆ تپىى خاوەن پێداویستى تایبەت کرد، وەرزشى بالەى دانیشتنم کرد،  وەرزشە جیاوازەکانم کرد، وەرزشوان هەست بەوە دەکات کە وەسف ناکرێت''.


یانەی تۆپی پێی نەینەوا بۆ نڤیشکانەکان لە ساڵی 2020 دامەزراوە. زیاتر لە 30 یاریزانی هەیە. هەموو ئەندامەکانی قوربانیانی شەڕی داعشن، زۆربەیان قاچیان لەدەستداوە. بەلام تاوەکو ئێستا لەسەر یاریکردن بەردەوامن.

هەیسەم حازم – سەرۆکی لێژنەی تۆپی پێی نەینەوایە ئەویش نڤیشکانە و دەڵێ ''من زۆر یاریزانم هەن وەک دەزانن کە لە مووسڵ بریندار بوون، زۆربەی ئەو یاریزانانەى پێکراون بەهۆى جەنگەکەوە پێکراون، یاریزانەکانمان پێکراوى جەنگى پارێزگاى نەینەوا یان هەڵەى پزیشکى یان زگماکین، بەڵام زۆرینەیان بەهۆى جەنگەوە پێکراون.


لە ساڵی 2014 بەهۆی سەرهەڵدانی داعش موسڵ تووشی جەنگێکی خوێناوی بوو، ماوەی سێ ساڵی داعش مووسڵی کردە پایتەختی خەڵافەتەکەی، بەم هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە.
فادی بە تەنیا نڤیشکانی موسل نییە، زۆر کەسی دیکە هەن بەهۆی شەڕەوە دەست و قاچ و بەشێکیشیان بیناییان لەدەستداوە. باڵام تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی ئاسایی هەریەکە و بە کارێکەوە سەرقاڵن و چێژ لە ژیان دەبینن.