فیچەر - جۆگەی گاوری یەکێک لە شوێنەوارە دیارەکانی گەرمیان

فیچەر - جۆگەی گاوری یەکێک لە شوێنەوارە دیارەکانی گەرمیان
کاتێک دەچتە دەڤەری گەرمیان، زۆر شوێنەواری مێژوویی دەبینی، دیارترینیان کە چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە قەڵای شێروانەیە. بەڵام زۆر شوێنی دیکە هەن کە تەنیا چەند شوێنەوارێکی ماوەو بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا خەریکە لەناودەچن.

یەکێک لەو شوێنەوارانەی کە چەند بەشێکی کەمی ماوە، ''جۆگەی گاور''ییە. جۆگەی گاوری لە باکووری خۆرهەڵاتی شاری کەلار، لە رووباری سیروانەوە دەستپێدەکات و بە چەند قۆناغێک بە چەند ناوچەیەکی شاردا درێژدەبێتەوە.

مێژووی دروستکردنی جۆگەی گاوری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان، هەندێک دەڵێن لەسەردەمی پاشا کیسری یەکەم دروستکراوە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەک ئەم زانیارییەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. دەگوترێ جۆگەی گاوری لەنێوان ساڵانی 550 بۆ 628ی زایینی دروستکراوە.

جۆگەکە لە بەردی داتاشراو دروستکراوەو لە سەردەمی خۆیدا ئاوی خواردنەوەی لە رووباری سیروانەوە بۆ تەواوی شار دابینکردووە.