فیچەر - پزیشکێکی موسڵ چێشتخانەیەکی بۆ ژنانی موسڵ کردووەتەوە

فیچەر - پزیشکێکی موسڵ چێشتخانەیەکی بۆ ژنانی موسڵ کردووەتەوە
موسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراق، دوای بەغدای پایتەخت.لەم شارە چەندین نەتەوەو پێکهاتەی جیاواز هەن و چەندین ساڵە پێکەوە دەژین.بەم هۆیەوە بووەتە شارێکی فرەڕەنگ و فرە کولتوور.
لە گەڕەکی حەمام مەنقوشەی موسڵی کۆن، چێشتخانەیەکی ژنان هەیە بەناوی ماڵی دایکم. تەواوی کارمەندەکانی ژنن. نوهاد عەبدولوەهاب، خاوەنی چێشتخانەکەیە. ئەگەرچی خۆی پزیشکە، بەڵام ئەم چێشتخانەیەی کردووەتە دەرفەتێکی کار بۆ چەندین ژنی شارەکە.

نوهاد عەبدولوەهاب - خاوەنی چێشتخانەی ماڵی دایکم دەڵێ ''شوێنەکە،مێرگێکە لەنێو شوێنێکی وێرانەییدا.بەری راستی موسڵ تووشی زۆرترین وێرانەیی بووەتەوە لە موسڵ دا. ئێرەمان کردووەتە مێرگێکی خۆش، خەڵک رووی تێدەکەن و یادەوەرییەکانی بەری راستی موسڵ-یان دێتەوە یاد. ژنانی بێدەرەتان لە رێگەی ئەم پرۆژەیەوە  بە دەنگێکی بڵندەوە دەڵێن ئەو دۆخە خراپەی کە تێیدابووینە دەیگۆڕین بۆ دۆخی سەرکەوتن. ژنان ئەمڕۆ ئەم  پرۆژەیە بەڕێوەدەبەن کە سوپاس بۆ خودا خۆیان و خێزانەکەیان پێ دەژیێنن بە مووچەیەکی مانگانە''.
 
ئامانجی نوهاد لە دامەزراندنی ماڵی دایکم ئەوەیە ژنەکان کاری تێدا بکەن و مانگانە داهاتێکی تایبەت بەخۆیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن ژیانی منداڵەکانیان دابین بکەن. 

لە چێشتخانەی ماڵی دایکم لە موسڵ، زیاتر لە 12 ژنی بێ هاوژین کاردەکەن کە ئەرکی خێزانەکانیان لەسەرە، ژنەکان مووچەی مانگانە وەردەگرن، بەشێکیان سبەینان و بەشێکیشیان ئێواران دەوام دەکەن.

هەوزان عەلی – شێفی چێشتخانەی ماڵی دایکم دەڵێ '' بیرۆکەی چێشتخانەکە بیرۆکەیەکی نوێ و نایابە لە شاری موسڵ؛ چونکە ئەو کارمەندانەی کە لێرە کاردەکەن هەمووی ژنن، پێکهاتوون لە ژنانی بێ هاوژین، ئەوانەی لە هاوژینەکانیان جیابوونەتەوە، دەرەتان و تەنانەت دەرچوانی زانکۆیش . ئەم  پرۆژەیە پشتیوانییکردنە لە ژنانی موسڵ بەگشتیی و ژنانی بەری راست موسڵ بەتایبەتی.

بەشی زۆری چێشتخانەکە خەڵکی موسڵن و زۆرجاریش گەشتیارانی شارەکانی دیکەی عێراق کە سەردانی موسڵ دەکەن، لەم چێشتخانەیە نان دەخۆن.

موسڵ بەگشتی بە چێشتخانەکانی بەناوبانگە، لەسەر ئاستی عێراق خواردنی تایبەتیان هەیە کە تام و چێژی لەگەڵ شارەکانی دیکە جیاوازە. ماڵی دایکم تاوەکو نیوەشەو بە رووی گەشتیارانی موسڵدا کراوەیە.