فیچەر - وەسیەتێک گوندێکی کردە نموونەی تەندروستی

لە قەزای دووکان، گوندێکی بچووک هەیە بووەتە نموونەیەکی دەگمەن لە تەندروستی کۆمەڵگە. گوندی "بێ موشە" تەنها دوو کیلۆمەتر لە خۆرئاوای شارۆچکەی بنگردەوە دوورە، 68 ساڵە بەهۆی وەسیەتێکەوە دوور لە دووکەڵی جگەرە و تووتنە.
 
ساڵی 1957، کوێخا ئەحمەد وەسیەتێکی گرنگی بۆ کوڕەکانی بەجێهێشت - قەدەغەکردنی جگەرەکێشان لە نێوان خۆیاندا.
ئەم وەسێتە نەک هەر مایەوە، بەڵکو بوو بە نەریتێکی کۆمەڵایەتی کە نەوە دوای نەوە پارێزراوە. ئەمڕۆ، زیاتر لە 100 کەس لە گوندەکەدا دەژین، و سەرجەمیان پابەندن بەم نەریتە تەندروستییەوە.
 
بەرزان ئەسەلان، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە دەڵێت: "وەسێتەکە لە باپیرمانەوە بۆمان کراوە. ئێمەش بۆ منداڵەکانی خۆمان و گەنجەکان دەیکەین و چاودێرییان دەکەین." تەنانەت شەوانە چاودێری دەکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کەس پێچەوانەی ئەم نەریتە نەجووڵێتەوە.
 
میوانانی گوندەکەش دەبێت رێز لەم نەریتە بگرن. وەک ئەرسەلان ئەحمەد، کوڕی کوێخا ئەحمەد دەڵێت: "ئەگەر میوانمان دێت، پێی دەڵێین ئازادە، بەڵام پێمان ناخۆشە جگەرە بکێشێت."
 
ئەم گوندە کە دانیشتووانەکەی سەرقاڵی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و راوەماسینن، بووەتە نموونەیەکی زیندوو بۆ چۆنیەتی پاراستنی تەندروستی کۆمەڵگە لە رێگەی نەریتێکی باشەوە. لە کاتێکدا کە جگەرەکێشان لە زۆربەی شوێنەکان باوە، گوندی بێ موشە توانیوییەتی بۆ نزیکەی حەوت دەیە، ژینگەیەکی پاک و تەندروست بۆ نەوەکانی دابین بکات.