فیچەر - چیرۆکی ئەو مامۆستایەی 90 گەورەکچی فێری خوێندن و نووسین کرد

فیچەر - چیرۆکی ئەو مامۆستایەی 90 گەورەکچی فێری خوێندن و نووسین کرد
ئامینە سۆنبوڵ، ژنێکی کوردی خەڵکی شاری مەهابادە، مامۆستایەکی ناودارە و زۆربەی گوندەکانی ئەو ناوچەیە گەڕاوە. ئامینە لە ساڵی 1965 لەدایکبووە.

تاقانە کچی ماڵەوەیە و پێنج برای هەیە. بە منداڵی باوکی بە تەواوی رێگربووە بچێتە قوتابخانە، چونکە ئەوکاتە لە کۆمەڵگەکەی کوردی عەیبەبووە ژن بچنە قوتابخانە. جگە لەوەش لەکاتی لەدایکبوونی باوکی 3 ساڵ تەمەنی گەورەتر نووسیوە ''باوکم سێ ساڵ تەمەنی گەورەکردم، بۆ ئەوەی کە گەورەبووم زوو بەشووم بدات، چونکە وایانزانیوە کچ بارگرانین بەسەر سەریانەوە''.

هەرچۆنێکبێت دایکی وای کردووە کە ئامینە بە گەورەیی بنێردرێتە قوتابخانەی شەوان و بخوێنێ. بە زیرەکییەکەی مامۆستاکانی سەرسام کردووە. ئامینە دەڵێ ''کاتێک دەمبینی براکانم لە ماڵەوە دەخوێنن و دەخوێننەوەو کتێبیان لەدەستدایە، زۆر خەفەتم دەخوارد کە رێگە بە من نادرێت، بەڵام دواجار چوومە قوتابخانە و بڕوانامەشم بەدەستهێنا''.


دوای ئەوەی ئامینە سۆنبوڵ دەبێتە مامۆستا، بۆ ئەوەی کچانی کۆمەڵگەکەی فێری خوێندەواری بکات، لە گوندەکانی دەوروبەری شاری مەهاباد دەگەڕێ، زۆربەی کچانی گوندەکان کە قوتابخانەیان لێ دووربوو، فێری خوێندەواری دەکات و هەروەها کتێبیشیان بۆ دەبات بۆ ئەوەی بخوێننەوە. ''دایکم حەزی دەکرد ببمە مامان، بەڵام من ئاواتم ئەوەبوو ببمە مامۆستا و کچان فێری خوێندن و نووسین بکەم، لە ماوەی 6 مانگدا ٩٠ کچی گوندەکانم فێری خوێندن و خوێندنەوە کرد''.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خوێندن بە زمانی فارسییە، ئەمەش کێشەی بۆ منداڵانی کورد دروستکردووە، بەڵام ئامینە وانەکانی بە زمانی کوردی و بە شێوەی شیعر بۆ منداڵەکان کورت دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی لێی تێبگەن و فێری ببن.

ئامینە سۆنبوڵ ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی ئەدەبی موکریانە، تاوەکو ئێستا سێ کتێبی شیعر و شانۆی بۆ منداڵان چاپکردووە. ئەندامی گرووپی پەرەپێدانی کتێبخوێنی و دامەزراندنی قوتابخانەیە لە تاران.

تاوەکو ئێستا بە هاوکاری ئەنجومەنی حامیی تاران، 14 قوتابخانەیان لە گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکردووە.

بەمجۆرە هەوڵیداوە کچانی کۆمەڵگە و گوندە دوورەدەستەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نەخوێندەواری رزگاربکات و هەروەها بۆ زۆربەی گوندەکانیش کتێبخانەی بچووکی دامەزراندووە.