دوازەنگی زەوی - پڵنگ لە کوردستان

22 November 2023
دوازەنگی زەوی - پڵنگ لە کوردستان


گەنجەکە بەسەرهاتەکانی خۆی لەبارەی پڵنگ بۆ دەگێڕامەوە، "جارێکیان لە ئەشکەوتێک خەوتبووین، گوێم لە نەڕەی پڵنگ بوو، وامدەزانی خەونە، بە نەڕەی دووەم لە جێگەکەم راچڵەکیم.. پڵنگەکە لەسەر ئەشکەوتەکە بوو، واتە تەنیا 10 مەتر لێمانەوە دوور بوو".

ژمارەی پڵنگەکان لە هەرێمی کوردستان کەمن، بۆیە بینینیان بۆ ئاژەڵدۆستان دەستکەوتێکی گەورەیە. بەهۆی راوکردن و تێکدانی ژینگەکەیان، زۆر قورسە بەئاسانی ببینرێن. بەڵام لێرە و لەوێ ناوی دوو گەنجی خەڵکی گوندی هۆرێنم بیستبوو کە لە شاخی بەمۆ دەیان کامێرایان لە دارەکان بەستووە و شەو و رۆژ ڤیدیۆی ئاژەڵە کێوییەکانی ئەو ناوچانە تۆمار دەکەن.

شاخی بەمۆ بەدرێژایی زیاتر لە 15 کیلۆمەتر دەکەوێتە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان. بەرزییەکەی زیاتر لە 1700 مەترە. 

وەکو لە ڤیدیۆکانیان دەردەکەوت پڵنگیش یەکێک لەو ئاژەڵانە بووە کە لە کامێراکانیان دەرکەوتووە. کاتێک لە پڵنگەکە وردبوومەوە، بۆم دەرکەوت ئەوە پڵنگی زاگرۆسییە یان پێرژەن لەپارد. ئەو جۆرە پڵنگە ئەگەر لەوێ مابێ زۆر گرنگە، چونکە یەکێک لەو جۆرانەیە کە لەلایەن یەكێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت لەژێر ئەو ئاژەڵانە پۆلێن دەکرێت کە مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە، هەروەها پڵنگەکان کۆنترۆڵی ژمارەی گیاخۆرەکان دەکەن، کە ئەگەر زیاتر لە رادەی پێویست زۆر ببن، دەبێتەهۆی زیانگەیاند بە رووبەری سەوزایی.

بەڕێکەوتم بەرەو سەرتەکی بەمۆ. لە رێگە شوانێکم بینی، پێم وابوو ئەو شارەزای ناوچەکەیە، چونکە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی هەموو ناوچەکە گەڕاوە. لێم پرسی، "مامە گیان قەد پڵنگت لەم ناوچە بینیوە؟"، پێی گوتم، "خۆم نەمبینیوە، بەڵام کوڕەکانم جارێكیان لە دوورەوە بینیبوویان و بە مۆبایل ڤیدیۆیان گرتبوو". بە وەڵامەکەی دڵخۆش بووم، بەڵام هێشتا دڵنیا نەبووم کە پڵنگەکان لەو ناوچەیە مابن.

بە چەند پرسیارێک گەیشتمە ئەو دوو گەنجەی کە وەکو باس دەکرا شەو و رۆژ لە شاخی بەمۆن. نەبەز هۆرێنی و بەهێز هۆرێنی، دوو برای گەنجن کە بەسەرهاتی زۆریان لەگەڵ ئاژەڵە کێوییەکانی ئەو ناوچەیە هەبوو. 

نەبەز برا گەورەکە بوو، بڕیارماندا پێکەوە بچینە ئەو شوێنەی کە پڵنگی لێ تۆمارکراوە. لەنێو ئۆتۆمبێلەکە کەمێک دوواندم، هەر بە دەم ڕێگەوە دەیان بەسەرهاتی خۆی بۆ باسکردم لەسەر پڵنگ و ئاژەڵە کێوییەکانی دیکە.

ئەوان حەوت بۆ 11 پڵنگیان لە شاخەکە تۆمار کردبوو، لە ژمارەکە دڵنیا نەبوون، چونکە پڵنگەکان زۆر لە یەکدی دەچوون، بۆیە ناچار بوون بستێک لەسەر پشتی هەریەکە لە پڵنگەکان دیاری بکەن و بە شێوازی خاڵەکانی ئەو بستە لە یەکدییان جیا بکەنەوە.

بۆ هەریەکە لە پڵنگەکان ناوێکیان دانابوو، ئەوەی لە هەموویان گەورەتر و بەهێزتر بوو ناوی "کوردستان" بوو، وەکو خۆیان باسیان دەکرد، چەند جارێک پڵنگەکەیان لە دووری کەمتر لە 100 مەترەوە بینیوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پڵنگەکە لێیان نزیک نەبووەتەوە و هیچ زیانێکی پێیان نەگەیاندووە.

دەمەو ئێوارە گەیشتینە ئەو شوێنەی کە پڵنگەکانی لێ تۆمار کرابوو، بەڵام هیچمان نەبینی، تەنیا چەند بەرمیلێک کە بڕابوونەوە و ئاویان تێدا بوو، بۆ ئەوەی ئاژەڵە کێوییەکان لێی بخۆنەوە، لە نزیکیشیەوە دارێک هەبوو کە کامێرایەکی لێ بەسترابوو و هەموو ئەو ئاژەڵانەی تۆمار دەکرد کە لەوێ ئاویان خواردبووەوە.

نەبەز دەیگوت، جارێكیان لەگەڵ هاوڕێکانی لە ئەشکەوتێک نووستوون، کاژێر نزیک سێی شەو بە نەڕەی پڵنگێک لە خەو راچڵەکیوە، پرسیم، "ترسایت؟"، گوتی، "نا، بەپێچەوانە زۆریش دڵمان خۆش بوو، چونکە پڵنگەکە تەنیا 10 مەتر لێمانەوە دوور بوو، چەند جارێک نەڕەی هات و رۆشت، ئێمەش دەستمان کرد بە دەمەتەقە [قسەکردن] و هەستاین چامان لێنا".

باسی ئاژەڵەکانی دیکەی بۆ کردم، "لە نزیک ئەم ئاوە، چەندین بەراز، بزنی کێوی، مار و رێویمان تۆمار کردووە، تەنانەت مارێک هەبوو لەژێر ئەو بەرمیلە کە نزیکەی سێ مانگ لەوێ دەمایەوە و هیچ پەلاماری ئاژەڵەکانی دیکەی نەدەدا کە دەهاتن بۆ ئاو خواردنەوە"، سەیر بوو بەلامەوە مارێک بۆ سێ مانگ پەلاماری هیچ ئاژەڵێک نەدا، ئەو گوتی، "تەنیا جارێک نەبێ، رێوییەک هات ئاو بخواتەوە، مارەکە ترسا و ویستی پەلاماری بدات، بەڵام رێوییەکە هەڵات".

ئەو ئێوارەیە هیچمان نەبینی، بۆیە بڕیارمدا کەلوپەل کۆبکەمەوە و شەوێک لەوێ بمێنمەوە. زۆر بەقورسی دووبارە چوومەوە سەرەوە، رێگەکە زۆر سەخت بوو، بەڵام دڵم بەوە خۆش بوو کە ئەگەر پڵنگیش نەبینم، بەڵکو ئاژەڵێکی دیکە بێتە سەر ئەو ئاوەی کە دانرابوو و لە نزیکەوە بتوانم بیبینم.

گەیشتمە شوێنەکە و خێوەتەکەم هەڵدا، نەمدەویست ئاگر بکەمەوە، چونکە ئاژەڵە کێوییەکان لێی دەترسن و نزیکی ئەو ناوچەیە ناکەونەوە، بۆیە خۆراکێکی سارد و سڕم خوارد. چەند کاژێرێک چاوەڕێم کرد، ئەگەرچی جار جار خشەیەک دەهات، بەڵام هیچ شتێک دیار نەبوو. قورسیی رێگەکە تەواو هیلاکی کردبووم بۆیە خەوم لێکەوت بەو ئومێدەی کە ئەگەر ئاژەڵێک هات بە دەنگەکەی خەبەرم ببێتەوە و بیبینم. ئەو شەوە لەوێ مامەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەی پڵنگەکان زۆر کەمبوونەتەوە، هیچم نەبینی. 

پێرژیەن لەپەرد یان پڵنگی زاگرۆسی لە لووتکەی هەڕەمی خۆراکی لە سەرتەکی بەمۆ، فەرمانڕەوایەتیی ناوچەکە دەکات، درێژییان نزیکەی 160 سانتیمەترە و کێشیان دەگاتە 60 کیلۆگرام.

ئەو جۆرە پڵنگە لە ساڵی 2016ـەوە لەژێر ئەو زیندەوەرانە پۆڵێن دەکرێت کە هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە، راوکردنیان هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەیانە. زیاتر لە حەوت دانە لە سەرتەکی بەمۆی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە کامێراکانی ئەو دوو گەنجە تۆمارکراون. بەچکەکان تاوەکو دوو ساڵ لەگەڵ دایکیان دەمێننەوە، دواتر دەچنە ناوچەیەکی دیکە و فەرمانڕوایەتی خۆیان لەوێ دەسەپێنن.

ئەم پڵنگانە دوور لە خەڵک و ئاوەدانی دەژین، بە رۆژ لە حەشارگەن و شەوان دێنە دەرەوە و چەندین کیلۆمەتر بۆ راوکردنی نێچیرەکەیان دەبڕن کە زۆرتر بزنی کێوی، ئاسک و بەرازن.