دوازەنگی زەوی - رۆژانە هێندەی باڵەخانەیەکی 16 نهۆمی خاشاک لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە

06 December 2023
دوازەنگی زەوی - رۆژانە هێندەی باڵەخانەیەکی 16 نهۆمی خاشاک لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە

رۆژانە هێندەی باڵەخانەیەکی 16 نهۆمی خاشاک لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە

رۆژانە لە هەرێمی کوردستان 7500 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێنەوە، ئەگەر ئەو هەموو زبڵە لەسەر یەک دابنێین، ئەوەندەی باڵەخانەیەکی 16 نهۆمی بەرز دەبێتەوە، بیری لێبکەرەوە هەموو رۆژێک ئەوەنەی باڵەخانەیەکی 16 نهۆمی زبڵ دروست دەکەین کە 50%ـی ئەو زبڵە پاشماوەی خۆراکییە و 35%ـی پلاستیکە کە سەدان ساڵی پێویستە بۆ ئەوەی شی ببێتەوە و بەردەوام نەوە لە دوای نەوە لەگەڵمان ئەمێننەوە، ئینجا پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئەتوانین کەمیان بکەینەوە و رزگارمان ببێ لەو باڵەخانەی زبڵانە؟

لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا گرنگییەکی ئەوتۆ بە ریسایکلکردنی پاشماوەکان نەدراوە، زبڵ و خاشاک زۆرتر ژێرخاک دەکرێن یان دەسوتێنرێن کە هەردوو رێگەکە زیانێکی زۆریان بۆ ژینگە هەیە. کەواتە بۆ دۆخی ئێستا کەمکردنەوەی بەکارهێنانیان باشترین رێگەیە.

لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان سزای دارایی ئەو کەسانە دەدرێت کە ژینگە پیس دەکەن، بۆ نموونە لە بەریتانیا، ئەگەر کەسێك لە شوێنی گونجاو زبڵ فڕێنەدات، تاوەکو 200 دۆلار سزا دەدرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ سزایەک بۆ ئەو کەسانە دانەنراوە کە سەیرانگەکان پیس دەکەن. 

لە یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماژە بە ئاگادارکردنەوە و سزادانی سەرچاوەکانی پیسکردنی ژینگە دراوە، بەڵام سزای دارایی بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە ئۆتۆمبێلەوە زبڵ فڕێدەدەنە دەرەوە و بڕەکەی 100 هەزار دینارە.

نەک تەنیا لە ناو شارەکان، بەڵکو لە دەرەوەی شار و سەیرانگەکانیش بڕێکی زۆر زبڵ و پاشماوە فڕێدراون، بەڵام لە زۆربەی سەیرانگەکان شوێنێک دانەنراوە بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، بۆیە سەیرانکەرەکان زبڵەکان هەر لە شوێنی خۆیان بەجێ دەهێڵن یان دەیان سوتێنن، کە ئەوە جگە لە پیسکردنی شوێنەکە هەوای شوێنەکەش پیس دەبێت.

سفرەی سەفەری یەکێكە لەو پاشماوە پلاستیکییانەی کە زۆرترین بەکارهێنانی هەیە، بەپێی دەستەی ئامار لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 150 خێزان هەن، ئەگەر هەر خێزانێك رۆژانە مەتر و نیوێک سفرە بەکاربهێنێت، دەکاتە 1725 کیلۆمەتر، واتە دەتوانین هەموو رۆژێک سفرەیەک بە درێژایی رێگەی دهۆک - ئیستەنبووڵ رابخەین.