دوازەنگی زەوی - گرنگیی بەکارهێنانەوەی زبڵ و خاشاک لە هەرێمی کوردستان
گرنگیی بەکارهێنانەوەی زبڵ و خاشاک لە هەرێمی کوردستان
رۆژانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش هەزار تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە کە زۆرتر لە پلاستیک و پاشماوە خۆراکییەکان پێکهاتوون. خەرجیی کۆکردنەوە و داپۆشینی ئەو زبڵە مانگانە نزیکەی 10 ملیار دینارە، هەرچەندە دەکرێت ئەو پاشماوانە وەکو سەرچاوەی وزە، پەین و دروستکردنی چەندین کەلوپەلی دیکە سوودی لێوەربگیرێت.
لە وڵاتێکی وەکو نەرویج کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 5 ملیۆن و 400 هەزارە، واتە نزیکە لە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2020 زیاتر لە ملیارێک و 126 ملیۆن دۆلار قازانج لە زبڵ کراوە.
هەر کەسێک لە هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی کیلۆیەک پاشماوە فڕێدەدات، بەڵام بەشێکی کەمی ریسایکل دەکرێ، یەکەم هەنگاویش بۆ ئەوەی پرۆسەی ریسایکلین لە هەرێمی کوردستان پێشبکەوێ ئەوەیە کە پێویستە زبڵەکان جیابکرێنەوە، واتە پلاستیک لە شوێنێک، پاشماوەی خۆراکی لە شوێنێک کارتۆن و کاخەز لە شوێنێکی دیکە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا ئەوە پەیڕەو ناکرێت.
هەروەها خاشاک دەکرێ وەکو سەرچاوەیەکی باشی کارەبا و گەرمی سوودی لێ وەربگیرێت، لە بەشیک لە وڵاتەکان وەکو چین یان سوێد بڕێکی زۆر گەرمی و کارەبای لێ بەرهەمدەهێنن، لە سوێد کارەبای 250 هەزار ماڵ لە زبڵەوە دابیندەکرێ و گەرمی بۆ نزیکەی ملیۆنێک ماڵیش هەر لە زبڵەوە بەرهەمدێت، واتە لە جێی ئەوەی نەوت و غاز بەکاربێنن، گەرمیی سووتاندنی زبڵ و خاشاک بۆ گەرمکردنەوەی ماڵ بەکاردەهێنن. سوێد هێندە پێویستی بە زبڵە کە زبڵەکەی خۆی بەشی ناکا ولە وڵاتەکانی دیکەوە زبڵ هاوردە دەکات، ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک بۆ دوو ملیۆن تۆن زبڵ هاوردەدەکات.
ئەو رێژە زۆرەی پاشماوەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان ئەگەر بەشێوەیەکی زانستی چارەسەر نەکرێت، دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژینگە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر جارێكی دیکە بەکاربهێنرێنەوە، دەبنە سەرچاوەی داهات و سوودیان لێوەردەگیرێت.