دوازەنگی زەوی - وزەی پاک

دوازەنگی زەوی - وزەی پاک

وزەی پاک

بەشێک لە وڵاتە گەشەسەندووەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر. چین ئەو بیابانە فراوانەی دۆنهوانگی لە زەحمەتەوە کردووەتە رەحمەت، رۆژانە نزیکەی 10 ملیۆن کیلۆوات کارەبا لەو ناوچەیە بەرهەمدێنن.

لە لووتکەی پاریس بۆ کەشوهەوا لە ساڵی 2020، بڕیاردرا وڵاتانی بەشداری لووتکەکە دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان کەمبکەنەوە، حکومەتی عێراقیش وەکو پابەندییەک بە بڕیارەکانی لووتکەکە بڕیاریدا سولفە بدەنە ئەو هاووڵاتییانەی کە دەیانەوێت پانێڵی خۆر دابنێن، بڕیارەکە تەنانەت کارگە و شوقەکانیش دەگرێتەوە. بڕی پارەکە لە حەوت ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات بۆ یەک ماڵ، بۆ باڵەخانە و شوقەکانیش تاوەکو یەک ترلیۆن دینار دەدرێتە خاوەن پڕۆژەکە. بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغداوە بڕیارەکە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. هەرچەندە بەشێک لە هاونیشتمانییان لەسەر ئەرکی خۆیان پانێڵی خۆریان داناوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوایین هەنگاویدا پرۆژەیەکی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر راگەیاند کە تێچووەکەی 100 ملیۆن دۆلارە کە توانای بەرهەمهێنانی 25 مێگاوات کارەبای هەیە، هەروەها بڕیارە وێستگەیەکی دیکە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروستبکرێت کە توانای بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات کارەبای هەیە. 

یەکێک لە کێشەکانی پشتبەستن بە نەوت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا ئەوەیە کە ئەو بڕە نەوتەی لە ژێر زەوی هەیە، سنووردارە و پێشبینیدەکرێت لە 2068 تەواو ببێت. رۆژانە نزیکەی 94 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ژێر زەوی دەردەهێنرێت و دەکرێتە وزە و دووکەڵەکەش دەچێتە ئاسمان. بەپێی رێکخراوی ئۆپێک، نزیکەی 1540 ملیار بەرمیل لەژێر زەوی هەیە. ساڵانە نزیکەی 34 ملیار بەرمیل نەوتی لێ بەکارئەهێنین، ئەگەر 1540 دابەشی 34 بکەین، دەبینین کە بەشی 45 ساڵ نەوتمان ماوە، واتە لە ساڵی 2068 نەوت تەواو دەبێ.

نزیکەی 29٪ـی وزەی جیهان لە سەرچاوە نوێبووەوەکان بەرهەمدێت، بەڵام بەشێک لە وڵاتەکان لە چوارچێوەی پڕۆژەی نێت زیڕۆ دەیانەوێت رێژەکە بەرزبکەنەوە و رێژەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان لە سفرەوە نزیک بکەنەوە. هەرچەندە ئێستا ئەوە تەنیا لە خەونێک دەچێت، چونکە ملیاران دۆلاری پێویستە بۆ ئەوەی سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبا بەتەواوی  بگۆڕین.