دوازەنگی زەوی - رێژەی سەوزایی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان

03 January 2024
دوازەنگی زەوی - رێژەی سەوزایی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان

رێژەی سەوزایی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان

کەمیی رێژەی سەوزایی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو کێشانەی کە رووبەڕووی ژینگەی شارەکان بووەتەوە، دارەکان رۆڵێکی گرنگیان هەیە بۆ پاککردنەوەی هەوا و فێنککردنەوەی شارەکان لە وەرزی هاویندا.

بەشێوەیەکی گشتی دارەکان بەپێی ئەو شوێنەی تێیدا گەشە دەکەن دوو جۆرن، یەکەمیان دارە رەسەنەکان کە ئەو دارانە دەگرێتەوە بەشێوەیەکی سرووشتی لە شوێنێک گەشە دەکەن و دەگونجێن، بەبێ دەستوەردانی مرۆڤ. جۆری دووەمیان دارە ناڕەسەنەکانن کە ئەو دارانە دەگرێتە مرۆڤ دەیانگوازێتەوە بۆ شوێنێک و لەوێ گەشە دەکەن کە مەرج نییە لەگەڵ ژینگەی ناوچەکە گونجاو بن. بەشێک لە دارە ناڕەسەنەکان خەسڵەتی داگیرکارییان هەیە، واتە لە هەر شوێنێک بن، ئەگەر لەگەڵ ژینگەکە گونجاو بن، ئەوا شوێن بە دارە رەسەنەکانی ناوچەکە لێژ دەکەن و خۆیان شوێنیان دەگرنەوە، داری واشنتن لەو رووەوە توانایەکی باشی هەیە و کاریگەریی لەسەر گەشەی دارە رەسەنەکانی ناوچەکە دەبێت

لەگەڵ ئەوەی دارچاندن گرنگە، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە ئەو دارەی دەڕووێندرێت، بۆ شوێنەکە گونجاو بێت. بەڵام لە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەبینین کە دەیان و سەدان داری واشنتۆن رووێندراون کە لەگەڵ ژینگەی هەرێمی کوردستان زۆر گونجاو نین.

یەکێک لە کێشەکانی داری واشنتۆن جیا لەوەی کە پلەی گەرمی دەوروبەری زۆر دانابەزێنێت و بە هاوینان کاریگەرییەکی باشی لەسەر فێنککردنەوە نییە، کێشەیەکی دیکەی سەرەکیی ئەم دارە ئەوەیە کە بەهۆی ئەوەی بنەچەی دارەکە لە ئەمریکا و مەکسیکە کاتێک کە دەهێندرێنە شوێنێکی وەکو کوردستان، ئەگەر خۆیشیان لەگەڵ کەشوهەوا و رێژەی بارانبارین گونجاو بن، بەڵام باڵندە و زیندەوەرەکانی دیکە ئاشنای ئەو دارە نین و ناتوانن لەسەری هێلانە دروست بکەن. واتە رەنگە ئەو دارە ناوچەکە تا رادەیەک سەوز بکات، بەڵام هەمەجۆرێتی لەنێودەبات و بەشێک لە باڵندەکان رەنگە بەهۆی ئەوەی کە بەو دارە ئاشنا نین لە ناوچەکە کۆچ بکەن. بۆیە بە ناوچەکە دەگوترێت "بیابانی سەوز"، واتە ناوچەکە سەوزە، بەڵام بەهۆی ئەوەی جۆراوجۆرێتی لە زیندەوەرەکان کەمبووەتەوە، شوێنێکە لەرووی ژینگەییەوە تارادەیەک وەکو بیابان ئەژمار دەکرێت.

دارەکان باشترین خەڵاتی سرووشتن بۆ ئێمە کە وەکو ئامێرێکی هەڵمژینی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کاردەکەن. تاوەکو ئێستا ژمارەی تەواوی دارەکانی زەوی دیار نییە، بەڵام وا دەخەمڵێندرێت کە زیاتر لە سێ ترلیۆن دار لەسەر زەوی هەبن، ساڵانە نزیکەی 15 ملیار دار لە سەرانسەری زەوی دەبڕدرێنەوە.

رووەکناسەکان دەمێکە لە خەمی لەنێوچوونی رووەکن، بۆیە لەنێوان نەرویج و جەمسەری باکووری زەوی شوێنێکیان بە ناوی "گەنجینەی تۆوی جیهانی" کە ناسراوە بە "گەنجینەی رۆژی دوایی" دروستکردووە کە 930 هەزار تۆوی رووەکی تێدا هەڵگیراوە. پلەی گەرمی شوێنەکە 18 پلە ژێر سفرە، بۆ ئەوەی تۆوەکان بۆ ماوەیەکی زۆر پارێزراو بن. ئامانجی دروستکردنی گەنجینەکە پاراستنی هەمەجۆرێتیی رووەکەکانە بۆ ئەوەی رێگری لە لەنێوچوونی جۆرەکانی رووەک بکەن.