دوازەنگی زەوی - جبایش
برسێتی و ئاوارەبوونی بەشێکی خەڵکی عێراق بەهۆی وشکبوونی زۆنگاوەکانەوە عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە.
دروستکردنی بەنداو لەسەر رووبارەکانی دیجلە و فورات لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، زۆنگاوەکانی تینوو و بەشێک لە رووبارەکانی وشک کردووە.
دەیان هەزار خێزان لە نزیک زۆنگاوەکان کۆچیان کردووە، بەڵام ئەمە هێشتا سەرەتایە و پێشبینی دەکرێت لە چەند دەیەی داهاتوودا ئەگەر چارەسەرێک بۆ دۆخەکە نەدۆزرێتەوە نزیکەی حەوت ملیۆن کەس لە عێراق ئاوارە ببن.
زۆنگاوەکانی عێراق سەردەمانێک ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری بوون، بەڵام ئێستا بەهۆی کەمئاوییەوە دانیشتووانی نزیک زۆنگاوەکان بێزارن و ساڵانە سەدان خێزان تینوو و برسی لە نیشتمانە مێژووییەکەیان هەڵدێن.
هاوینی رابردوو زیاتر لە حەوت هەزار گامێش بەهۆی کەمئاوییەوە مردار بوون و بەشێکی کەمیان مانەوە کە ئەوانیش گوسترانەوە بۆ شارەکانی دیکەی عێراق.
زۆنگاوی جبایش کە بە "دایکی زۆنگاوەکانی عێراق" ناسراوە، هاوینان هێندە وشک دەکات کە خەڵکی قەزاکە و نزیک زۆنگاوەکە ناچارن ئاو بکڕن.
ئەم وشکبوونە یادەوەرییە تاڵەکانی سەردەمی رژێمی پێشوو لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوویان بیر دەخاتەوە، کاتێک وەکو سزایەک دژی راپەڕینی هۆزەکانی ناوچەکە، ئاوی رووبارەکان لەسەر زۆنگاوەکان گیرانەوە.
لە دوو وەرزی جیاوازدا سەردانی جبایشمان کرد، سەرەتا لە بەهار و دواتر لە هاوین. خەڵکی ناوچەکە هەر لە بەهارەوە دەیانزانی کە هاوین چ "کارەساتێک" بەڕێوەیە، بەڵام لە ئاست وشکبوونەکە دەستەوەستان بوون و هیچیان پێ نەدەکرا.
بەشێکی زۆری خەڵکی نزیک زۆنگاوەکان گامێش بەخێوە دەکەن و بەشێکی دیکەیشیان راوەماسی دەکەن، هەردوو پیشەکەش بەتەواوی پشت بە ئاستی ئاوی زۆنگاوەکە دەبەستن.
ئاژەڵدارەکان ساڵانە دەیان گامێشیان لێ مردار دەبێت و لە کۆتایی هاوین لە جێی ئەوەی پارەیەکیان کۆکردبێتەوە، بە زیانێکی زۆرەوە دەچنە وەرزی پاییز.
ئەوانەی راوەماسیشیان دەکرد دۆخیان لەوان باشتر نییە، بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی زۆنگاوەکە، ژمارەی ماسییەکان کەمبوونەتەوە و بەشێکیان ژەهراوی بوون بەکەڵکی خواردن نایەن.
رووبارەکانی عێراق 90%ـی ئاوی وڵاتەکە دابین دەکەن. بەڵام بەهۆی سیاسەتی ئاویی وڵاتانی دراوسێی عێراق، ساڵ بە ساڵ رووبارەکان کەمئاوتر دەبن، لە ساڵی 1970 بڕی ئەو ئاوەی لە وڵاتانی دراوسێوە دەڕژانە عێراق 80 ملیۆن مەتر سێجا بووە لە ساڵێکدا, بەڵام ئێستا بۆ کەمتر لە 50 ملیۆن مەتر سێجا دابەزیوە.
تورکیا لە چوارچێوەی پڕۆژەی گاپ 22 بەنداوی سەرەکی و 45 بەنداوی بچووکی لەسەر دیجلە و فورات دروستکردووە کە شادەماری ئاوی عێراقن، بۆ پڕکردنەوەی تەواوەتی بەنداوەکانی سەر رووباری دیجلە پێویستی بەوە هەیە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ بەتەواوەتی ئاوی رووبارەکە لەسەر عێراق بگرێتەوە.
هەروەها ئێران لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئاوی گەرمەسێر 14 بەنداوی دروستکردووە کە توانای گلدانەوەی ملیارێک و 900 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە، ئەوەش هێندەی دیکە رووباری دیجلەی وشککردووە، جگە لەوەش پلانی ئەوەی هەیە کە لە رێگەی ژمارەیەک تونێل کە درێژییان نزیکەی 150 کیلۆمەترە رێڕەوی ئەو رووبارانە بگۆڕێت کە دەڕژێنە هەرێمی کوردستان و عێراق و بەرەو شارەکانی باشووری وڵاتەکەی ئاراستەیان بکات.
لە ئەنجامدا زۆنگاوەکانی عێراق تینوو و خەڵکیش برسی و ماندوو چاوەڕێی بەردانەوەی ئاون لە وڵاتە دراوسێکانەوە.