دوازەنگی زەوی - قوربانییان پسبوونی هەوا لە قوربانیی جەنگەکان زیاترن

15 November 2023
دوازەنگی زەوی - قوربانییان پسبوونی هەوا لە قوربانیی جەنگەکان زیاترن

لەم بەرنامەی "دوازەنگی زەوی"ـدا باسی زیانەکانی دووکەڵ دەکرێت و، تیشک دەخرێتە سەر زیادبوونی رێژەی تووشبووانی شێرپەنجە بەهۆی دووکەڵەوە. ئینجا ئەگەر دووکەڵی موەلیدە و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بێت یان کارگەکان. کارگەکان هۆکاری یەکەمن بۆ پیسبوونی هەوا، لە دوای کارگەکان هۆکارەکانی گواستنەوە و سووتانی دارستانەکانن.

 دووکەڵی کارگەکان دەبنە هۆی تووشبوون بە چەندین جۆر نەخۆشیی وەکوو جەڵتە، نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی دەمار و رەبۆ. هەروەها یەکێکی دیکە لە نەخۆشییەکان شێرپەنجەیە کە ساڵ بە ساڵ ژمارەی تووشبووانی لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات. تائێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 71 هەزار توشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون کە لەو ژمارەیەش پشکی شێر بەر هەولێر دەکەوێت. لە هەولێر نزیکەی 30 هەزار تووشبوو تۆمارکراون، لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 23 هەزار و، لە دهۆکیش زیاتر لە نۆ هەزار تووشبوو تۆمارکراون. 

لەگەڵ پزیشکێک باسی کاریگەریی دووکەڵ لەسەر شێرپەنجە و نەخۆشیی دیکە دەکرێت.  بە شێوەیەکی گشتی سێ هۆکار هەن کە وا دەکەن دووکەڵ ببێتە هۆی نەخۆشخستنی کەسێک: یەکەم، ئەو ماوەیەی کەسەکە بەرکەوتنی لەگەڵ دووکەڵ هەیە، واتە چەند زیاتر دووکەڵ هەڵبمژێت ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشی زیاترە. دووەم، چڕیی ئەو دووکەڵەی هەڵیدەمژێت. لە نزیک کارگەکان و موەلیدەکان چڕیی دووکەڵ زیاترە، بۆیە چەند لێیانەوە نزیکتر بیت ئەگەری تووشبوونت بە نەخۆشی زیاترە. هۆکاری سێیەمیش جۆری دووکەڵەکەیە، چونکە بەشێک لە گازەکان زیاتر دەبنە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی.

 پیسبوونی هەوا سەرەکیترین هۆکاری ژینگەییە بۆ گیانلەدەستدان، جگە لە هۆکارە ژینگەییەکانیش بۆ نموونە ساڵی 2022 بە هەموو ئەو شەڕانەی لە جیهان روویانداوە وەکو شەڕی رووسیا و ئۆکراینا یان ئەو شەڕەی لە هەرێمی تیگرای روویدا بەپێی نەتەوەیەکگرووەکان لەو ساڵەدا 43 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ساڵانە نزیکەی حەوت ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیانلەدەستدەدەن.

 لە لیستی چوار پارێزگای عێراق کە زۆرترین ئۆتۆمبێلیان تێدایە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانیان، سیانیان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانن. یەکەمیان هەولێرە پاشان بەغدا و سلێمانی و دواتر دهۆک دێت. هەر ئۆتۆمبێلێک نزیکەی 100 گرام دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە یەک کیلۆمەتردا بەرهەمدەهێنێت، ئەوە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان و لە وڵاتە گەشەسەندووەکان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان رەنگە بڕەکە زیاتر بێت، چونکە بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان بەردی ئەگزۆزیان دەرهێنراوە و بەردی ئەگزۆزیان نییە و کوالێتیی گاز و بەنزینیش نزمە. باشترین چارەسەریش بۆ ئەوەی کە ئەو قەرەباڵخییە کەمبکرێتەوە، ئەوەیە کە گرنگیی زیاتر بە هێڵی گواستنەوەی گشتی بدرێت.

 لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا تیشک دەخرێتە سەر وێستگەی هەڵمیی خەبات کە لە دوو تۆرباین پێکهاتووە و هەر یەکەیان 150 مێگاوات کارەبا بە کەمترین تێچوو بەرهەم دەهێنن. کارەبا بۆ 60 هەزار ماڵ دابین دەکەن. لە تەممووزی 2020 دەستی بە کار کردووە لە مانگی یەکی 2023وە بەهۆی لەکارکەوتنی پاڵێوەرەکەیەوە دووکەڵێکی زۆر بە هەوادا دەکات. بەرپرسانی وێستگەکە لەبارەی هۆکار و چارەسەری دووکەڵەکەیەوە ئامادە نەبوون وەڵامی پرسیارەکانمان بدەنەوە.