دوازەنگی زەوی - گرنگیی ریسایکلکردنی ئاو

دوازەنگی زەوی - گرنگیی ریسایکلکردنی ئاو

نزیکەی 75٪ـی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە ئاوی سەرزەوییەوە دابین دەکرێت وەکو لە  رووبار و بەنداوەکان و 25٪ـەدەکەی دیکەی لە ئاوی ژێر زەوییەوە دێت، بەڵام ئەو ژمارە زۆرەی بیر کێشەی بۆ ئاوی ژێر زەوی دروستکردووە. 

لە هەرێمی کوردستان 49 هەزار و 500 بیر لێدراون، کە نزیکەی 23 هەزاریان مۆڵەتیان هەیە، نزیکەی 26 هەزاریش بە نایاسایی لێدراون. ئەو ژمارە زۆرەی بیری یاسایی و نایاسایی کاریگەرییان کردووەتە سەر کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و ئێستا نزیکەی 800 گوندەکان، مەترسی وشکبوونیان لەسەرە، چونکە لە رابردوودا گوندەکان لە دەوروبەری کانی و سەرچاوە ئاوییەکانەوە دروستکراون، کە ئێستا زۆربەیان مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە. 

جگە لە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و مەترسییەکانی، ئاوی سەر زەویش کۆمەڵێک گیروگرفتی هەن کە بۆ نموونە، کاتێک ئاوەڕۆ تێکەڵ بە رووبارەکان دەکرێت، چەندین جۆر بەکتریا و ڤایرۆس دەچنە نێو رووبارەکە، هەندێكجار ئەوانە دەبنە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بۆ نموونە سەرچاوەی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا ئاوی پیسە ئەوەش کاتێک روودەدات کە ئاوی ئاوەڕۆ تێکەڵ بە ئاوی رووبارەکان دەبن و دواتر ئاوەکە بۆ خواردنەوە بەکاردێت، یان ماسییەکان بەکتریاکە هەڵدەگرن و هەر کەسێک ماسییەکە بخوات تووشی نەخۆشییەکە دەبێت. 

رۆژانە لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 876 مەتر سێجا ئاو بۆ هاونیشتمانییان دابیندەکرێت. بەپێی ستانداردی جیهانی هەر تاکێک رۆژانە نزیکە 150 بۆ 200 لیتر ئاوی پێویستە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە تێکڕا بۆ هەر تاکێک 300 بۆ 400 لیتر دابین دەکرێ. سەرەڕای ئەوەش بەشێک لە گەڕەکەکان بە هاوینان ئاویان لێدەبڕێت. 

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ، لەنێوان 25 بۆ 42٪ی ئەو ئاوەی بۆ هاونیشتمانییان دابیندەکرێت بەفیڕۆدەچێت. 

نزیکەی 71٪ـی رووی زەوی بە ئاو داپۆشراوە، بەڵام 97%ی ئاوەکە سوێرە و بە کەڵکی خواردنەوە نایەت. چونکە پاڵاوتنەکەی پارە و وزەی زۆری پێویستە. ئێستا زیاتر لە ملیارێک کەس لە ناوچە کەمئاوەکان دەژین و بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ساڵی 2025، نزیکەی چوار ملیار کەس لە ناوچەیەک دەژین کە تووشی کەمئاوی بووبێ.