دوازەنگی زەوی - زەوی؛ لە گەرمبوونەوە بەرەو کوڵان

دوازەنگی زەوی - زەوی؛ لە گەرمبوونەوە بەرەو کوڵان


11 هەزار ساڵ پێش ئێستا دوایین چاخی بەستەڵەک کۆتاییهات. رێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لەو کاتەدا 180 پی پی ئێم بوو، واتە ئەگەر هەوا بکەینە ملیۆنێک بەشەوە، تەنیا 180 بەشی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بووە، بەڵام بەرزبوونەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە 180ـەوە بۆ 260 پی پی ئێم کۆتایی بە چاخی بەستەڵەک هێنا و بەشێکی زۆری سەهۆڵەکان توانەوە، ئاستی ئاوی دەریا 120 مەتر بەرزبووەوە، ئەوە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ بوو؛ سەردەمی بووژانەوەی ژیانی هەسارەکەمان.

رێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، لە ماوەی 400 هەزار ساڵ پێش ئێستا، هەرگیز رێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوا ئەوەنەی ئێستا بەرز نەبووە. زەویش بەردەوامە لە گەرمبوون و خەریکە دەکوڵێت. 

ئەنجامەکەشی لە لافاو، بەبیابانبوون، سووتانی دارستانەکان دەبینینەوە. تەممووزی 2023 گەرمترین مانگی زەوی بوو لە مێژووی تۆمارکراو، دووەمیش چوار ساڵ پێش ئەوە بوو یەعنی لە 2019، یەک بە دوای ئەو ریکۆردانە دەشکێنرێن، کە ئەشڵێن پلەی گەرمیی زەوی گەرمتر بووە، تێكڕای هەموو مانگەکە لە هەموو ناوچەکانی زەوی وەردەگیرێت، واتە بەو ناوچانەشی کە ئێستا ساردن، ئەوانیش حساب کراون ئینجا هێشتا ئەمساڵ گەرمترین مانگی مێژوو تۆمارکرا.

ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت لە کۆتایی ئەم سەدەیە پێشبینی ئەکرێ پلەی گەرمی سێ پلە بەرزبێتەوە. سێ پلە لەوانەیە لە ژیانی رۆژانە هەستی پێ نەکەی، بەڵام بەتێکڕای ساڵ ئەگەر ئەوەنە بەرزبێتەوە، کارەساتی زۆر بەدوای خۆی ئەهێنێ. بەشێکی زۆر لە بەستەڵەکەکانی جەمسەری باکوور و گرینلاند ئەتوێنەوە و ئاستی دەریاکان 25 مەتر بەرز ئەبنەوە، ئاوی دەریاش سوێرە و بۆ خواردنەوە گونجاو نییە، جگە لەوەش بەشێك لە وڵاتەکانی وەکو، چین، ژاپۆن، بەڕازیل، بەریتانیا و ئەمریکا، ژێرئاو ئەکەون چیدیکە شوێنێک نامێنێ بە ناوی ماڵدیڤ، دانیشتووانی ئەو ناوچانە کە ئێستا نزیکەی 300 ملیۆنن ئاوارە ئەبن.

دارچاندن هەرزانترین و باشترین رێگەیە بۆ کەمکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، بەڵام ئەوەش بەهۆی سووتانی دارستانەکان و کەمبوونەوەی ئاو چەندین کێشەی بۆ دروستبووە. ساڵانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی 100 هەزار دۆنم زەوی لە رووبەری کشتوکاڵی دەبێتە بیابان. 

ئینجا رەنگە ئەمە لە داهاتوودا وڵاتەکە بخاتە بەردەم مەترسیی ئاسایشی خۆراک. بۆ بووژانەوە ئەو زەوییانەی کە بوونەتە بیابان دەبێت پارە خەرجبکرێت. لە 10 دۆنم زەوی دەبێت نزیکەی 50 بۆ 150 دۆلارە خەرج بکەیت، خۆ ئەگەر شوێنەکە بەتەواوی بووبێتە بیابان ئەوا نزیکەی 2 بۆ 4 هەزار دۆلاری پێویستە بۆ دووبارە بووژانەوەی. 

تائێستا لە عێراق بۆ بووژانەوەی هەموو ئەو زەوییانەی لەم ساڵانەی دواییدا بوونەتە بیابان پێویستی بە 10 بە 20 ملیار دۆلارە، ئەگەر رێگری لێنەکرێت، لە ساڵانی داهاتوو بە پارەیی لەوە زیاتریش هەر ئەو کێشەیە چارەسەر ناکرێ. 

لەم ساڵانەی دواییدا 27 ملیۆن دۆنم زەویی عێراق بووەتە بیابان، یەکێک لە چارەسەرە گرنگەکانیش بۆ رێگریکردن لەو کارەساتە چاندنی دار و پاراستنی دارستانەکانە لە سووتان و بڕینەوەی دارەکان. 
هەرێمی کوردستان سەرچاوەیەکی گرنگی هەمەجۆرێتی رووەکە بۆ عێراق، بەپێی توێژینەوەکانی دامەزراوەی رووەکیی کوردستان، لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەگشتی 3500 جۆر رووەک هەن کە 3300یان لە هەرێمی کوردستانن، د. 

سامان عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەکەیە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 جۆر رووەکی نوێی لە هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار کردووە، بەڵام ئێستا نیگەرانە لە چارەنووسی دارستان و دار بەڕووەکان.