ژنێکی کورد لە ئیتاڵیا سەرپەرشتی تواناکانی مێشکی رۆبۆت دەکات

21 December 2023
ژنێکی کورد لە ئیتاڵیا سەرپەرشتی تواناکانی مێشکی رۆبۆت دەکات

ژنێکی کورد لە ئیتاڵیا سەرپەرشتی تواناکانی مێشکی رۆبۆت دەکات
بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراسە، تێیدا خانمە توێژەرێكی کورد لە ئیتاڵیا میوانی بەرنامەکەیە و سەرپەرشتی زیادکردنی تواناکانی مێشكی رۆبۆت دەکات، دەڵێت خەڵکی کورد ئاڵنگاری زۆریان لەپێش بووە و دەتوانن زیاتر لەکارەکانیان سەرکەوتووبن. 

د. پاوان دزەیی، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانکۆی پاڤیا لە ئیتاڵیا و مامۆستای زانکۆ و توێژەری زانکۆکەیە، لەنێو بەرنامەی دکتۆر ئاراس لەگەڵ چەند قوتابییەکی دەردەکەوێت، مێشكی مشک لە تاقیگە دەکەنە چەند پارچەیەک و بەدواداچوونی بۆ دەکەن، ئەوە پێشاندەدەن چۆن دەتوانن کار لەسەری بکەن و بەگوێرەی دۆخ و نەخۆشییە جیاوازەکان دەرمانی لەسەر تاقیدەکەنەوە. 
پرۆفیسۆر فرانچێسکۆ، پرۆفیسۆری فسیۆلۆژیی جەستەیە لە زانکۆی پاڤیا لەنێو بەرنامەی دکتۆر ئاراس دەڵێت سەرەتا لە تاقیگە د. پاوانی بینیوە، وەکو کەسێكی زیرەک، جیددی و بەجۆش لەکارەکەی خۆی ناوی دەبات، دەشڵێت لە دوو پرۆژە لەگەڵ د. پاوان کاریان کردووە، کە ئەوانیش چارەسەرێك بۆ شێرپەنجە و چارەسەرێك بۆ نەخۆشییەکانی دڵ بوون.
پرۆفیسۆرەکە دەڵێت د. پاوان بەردەوام بەجۆشە و بێزارنابێت، دەڵێت هەرچەندە ئەو خێزانی هەیە و دایکی دوو منداڵە و هاوژینی هەیە، کاری توێژینەوە و تەواوکردنی دکتۆراکەی بە سەرکەوتوویی تەواوکرد. 
یەکێكی دیکە لە قسەکەرەکانی نێو بەرنامەکە خانمە توێژەرێكە کە لەگەڵ د. پاوان کاری کردووە و دەڵێت: "من تازە بڕوانامەی دکتۆرام وەرگرتووە، ئەمە بە تەواو هاوئاهەنگی بووە لەگەڵ د. پاوان، ئێستا خەریکی کارکردنین لەسەر توێژینەوەیەک بۆ چارەسەری جۆرێكی شێرپەنجەی کۆڵۆن، سەرەتا من دکتۆر پاوانم بینی لە ساڵی ٢٠١٩ لە سەرەتای دەستپێکردنی خوێندنی دکتۆراکەم بوو، بەیەکەوە سەرکەوتنی باشمان هەبووە، زۆر سوپاسی دەکەم هەمیشە هاوکارم بووە و هاوئاهەنگی زۆرمان هەبووە، بەیەکەوە چەندین پرۆژە و کارمان هەبووە و لەداهاتووش کاری دیکە دەکەین و کاری زۆرمان لەسەر چارەسەر و دەرمانەکانی شێرپەنجە بووە، بۆ وەستاندنی گرێ شێرپەنجەییەکان، ئەو زۆر هاندەرە، زۆر پاڵپشتیکارە و بەهۆی ئەوەوە کارەکانم بەرەو پێشچوون، زۆر سوپاسی دەکەم و لە داهاتووش بەیەکەوە کاری دیکە دەکەین".

دکتۆر ئاراس لە بەشێكی بەرنامەکەدا دەچێتە مۆزەخانەی مێژوویی زانکۆتی پاڤیا، لە مۆزەخانەکە باسی ئەو جەستانە دەکات کە بۆ توێکاری لە مۆزەخانەکە هەن و پێشتر بەکارهێندراون، پرۆفیسۆرێكی سەرپەرشتیاری مۆزەخانەکە قسە بۆ دکتۆر ئاراس دەکات و دەڵێت: "مۆزەخانەی مێژوویی زانکۆی پاڤیا شوێنێکی زۆر گرنگە، کۆمەڵێك شتی مێژوویی و مێژوویی زانستیی گرنگی لێیە، نەک تەنیا مێژوویی، لێرە لە هاتنە ناوەوەکەی مۆزەخانەکە، وێنەی بەناوبانگترین زاناکانی لێیە کە بەشێكە لە زانکۆی پاڤیا، یەکێك لەوانە کامیلیۆ گۆڵجی کە لە سەدەی هەژدە کە پێکهاتەیەکی گرنگی خانەی دۆزییەوە بە ناوی خۆی ناوی نا "دەزگای گۆڵجی"، کە پێکهاتەیەکی گرنگی خانە دەمارییەکانە".
پرۆفیسۆر لوسیۆ فریگۆنێسێ، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی مێژوویی زانکۆی پاڤیا هاوکات دەشڵێت وێنەی یەکێكی دیکە لە زاناکان کە لە مۆزەخانەکە هەیە، وێنەی ئەلیساندرۆ ڤۆڵتەیە، کە زانایەکی ئیتاڵییە و بەهۆی بیرۆکەکەی لەو بوارەدا بووە هۆی داهێنانی یەکەم پاتری لە سەرەتای ساڵانی ١٨٠٠ـەکان".
دکتۆر ئاراس لە بەرنامەکەدا دەچێتە نێو شەقامێكی پاڤیا، دەڵێت هەر هاتیا پاڤیا پێش هەموو کەسێك، مێشوولەکان پێشوازیت لێدەکەن و بەرەو رووت دێن، دەڵێت پاڤیا بە مێشوولەی زۆر و بێزارکەر بەناوبانگە.