شەربەتی دەستکرد هۆکارێکی شێرپەنجەی گەدە و ریخۆڵەیە

18 March 2023
شەربەتی دەستکرد هۆکارێکی شێرپەنجەی گەدە و ریخۆڵەیە

لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراس دوو مژاری سەرەکی باسکران و تیایدا پسپۆڕان جەختیان لەو رێنوێنییانە کردەوە کە پێویستە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بایەخیان پێبدرێت، لە بەشی یەکەمدا پسپۆڕێکی کلینیکی خۆراک باس لە جۆرەکانی شەربەت دەکات و دەڵێت: ''ئەو شەربەتانەی لە بازاڕدا هەیە، شەربەت نین، شەکراون.''

 

د. هولیم هاشم، پسپۆڕی کلینیکی خۆراک رایدەگەیێنێت، دەبەیەکی شەربەتی پرتەقاڵی دەستکرد رەنگی زیاد لە پێویستی تێدایە، تەنانەت ئەوەش ئاشکرادەکات، شەربەتی دەستکرد مادەی پارێزەر، رەنگ و بۆنی زیادی تێدەکرێت.

 

د. هولیم روونی کردەوە، دەبەیەکی شەربەتی پرتەقاڵی دەستکرد 100 گرام شەکر و هەشت گرام لیمۆندزی تێدایە، هەروەها دەشڵێت: ''کەسێک رۆژانە شەربەتی دەستکرد بخواتەوە واتە؛ لە مانگێکدا سێ کیلۆ شەکری خواردووە.''

 

لە بارەی زیانەکانی رەنگە دەستکردەکانی نێو شەربەتەکان پسپۆڕەکەی کلینیکی خۆراک دەڵێت: ''هەموو رەنگە دەستکردەکانی شەربەت زیانی زۆریان هەیە، چونکە جەستە ناتوانێت هەڵیان بمژێت و سەرئەنجام کەڵەکەدەبن.''

 

بە گوتەی د. هولیم، رەنگە دەستکردەکان بەرگریی جەستە دادەبەزێنن و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکەن، هەروەها دەریدەخات، شیرینی دەستکرد منداڵان تووشی فرەجووڵەیی دەکات و مەترسیی تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن و نەخۆشیی شەکرە زیاددەکات.

 

د. هولیم هۆشداری دەداتە ئەوانەی بەرۆژوو دەبن و رایدەگەیێنێت، بەهیچ شێوەیەک رۆژوو بە شەربەت نەشکێنن، چونکە بڕێکی زۆر لە شەکر، رەنگی دەستکرد و تامی ناسرووشتی تێدایە و ئاماژەش بە لیمۆندزی دەکات کە لە دەبەیەکی شەربەتدا هەشت گرام لیمۆندزی تێدایە.

 

پسپۆڕەکەی کلینیکی خۆراک زیانەکانی لیمۆندزی باسدەکات وەکو 'لەنێوبردنی بەکتریا سوودبەخشەکانی گەدە، دروستبوونی هەوکردنی گەدە و زیادبوونی نیشانەکانی هەستیاری'.

 

لە بارەی شەربەتە قوتووەکانەوە د. هولیم هۆشداری دەدات کە شەربەتی قوتوو لە شەربەتی دەستکرد خراپترە، چونکە مادەی پارێزەری زیانبەخشی تێدایە و شەکری نیو شەربەتەکان زۆترە لەو بڕەی کە لەسەری نوسراوە.هەروەها دەڵێت: ''منداڵ بەهیچ شێوەیەک شەربەتی دەستکرد نەخواتەوە و بۆ کەسانی پێگەیشتووش دەشێت هۆکارێک بێت بۆ شێرپەنجەی گەدە و ریخۆڵە.''

 

لە کۆتایی قسەکانیدا د. هولیم شەربەتی سرووشتیی میوەکانی باسکرد و گوتی، ''میوەکان بخورێن نەوەکو شەربەتی میوە''، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە شەکری نێو شەربەت لە شەکری نێو میوەکە زیاترە و میوەکان دەوڵەمەندن بە ماددەی دژەئۆکسێنەکان.

 

ئاماژەشی بەوەکرد، کەسێکی ئاسایی دەبێت رۆژانە تەنیا یەک پیاڵە شەربەتی سرووشتی بخواتەوە، چونکە زۆرخواردنەوەی شەربەتی سرووشتی شەکر لە جەستەدا کۆدەکاتەوە و جگەریش ناتوانێت شەکری زۆری نێو شەربەت بەکاربهێنێت.

 

لە بڕگەی دووەمی بەرنامەکەدا مامۆستا و راهێنەرێکی پەروەردەیی باس لە شێوازی دروستی هاتوچۆی قوتابیان کرا و چەند مەرجێکی سەلامەتی لەکاتی هاتوچۆکردنی قوتابیان بۆ قوتابخانەکان خرایەڕوو.

 

ئازاد حەمەد، مامۆستا و راهێنەری پەروەردەیی رایدەگەیێنێت، شۆفێرانی پاس و تەکسیی گواستنەوەی قوتابیان نابێت جگەرە بکێشن و تیژڕۆیی نەکەن.

 

ئازاد حەمەد گوتی، لەکاتی گواستنەوەیاندا، قوتابیان قایشی خۆبەستنەوە بەکاربهێنن و پێویستە شۆفێران لە داخرانی دەرگاکان دڵنیاببنەوە، هەروەها شۆفێران قوتابی زیاد سوار نەکەن و گۆرانی نەشیاو بۆ قوتایان پێنەکەن.

 

لە کۆتاییدا مامۆستا ئازاد رێنوێنی قوتابیان دەکات و دەڵێت: لەنێو تەکسی و پاسدا دەست و سەریان لە جامەکان دەرنەهێنن و هەڵنەستنە سەرپێ، هاوکات ئاگاداری شۆفێرانیش دەکاتەوە کە لە کاتی گواستنەوەی قوتابیان، جامی ئۆتۆمبێلەکانیان دابخەن و بە خێراییەکی گونجاو لێبخوڕن.