Dr Aras - دووکەڵی نێرگەلە 7000 مادەی زیانبەخشی تێدایە
بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراس تایبەت بوو بە مەترسییەکانی جگەرە و نێرگەلەکێشان و کاریگەرییەکانی لەسەر هەریەک لە تاکەکانی کۆمەڵگە بەتایبەت منداڵ و خانمان. پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ دەڵێت، مەترسییەکانی جگەرەکێشانی دەستی دوو پشتگوێخراون و جگە لە وازهێنان هیچ شتێکی دیکە مەترسییەکانی کەمناکاتەوە.
دکتۆر سەرکەوت داود، پسپۆڕی وردیی نەخۆشییەکانی دڵ دەڵێت: ''یەک دانیشتنی نێرگەلە نزیکەی 100-200 مژ دووکەڵ دەبێت و دووکەڵی جگەرە و نێرگەلە 70 مادەی شێرپەنجەیی تێدایە.'' دەشڵێت: "یەک نێرگەلە 10 هێندەی جگەرە مادەی
مەترسیداری تێدایە و دووکەڵەکەی 7000 مادەی زیانبەخشی تێدایە.''
ئەو پزیشکە پسپۆڕە ئاماژەی بە زیانەکانی دووکەڵی جگەرە و نێرگەلە کرد و گوتی، "زیان بە کۆئەندامی هەناسە دەگەیێنێت و تەنانەت مەترسیی تووشبوون بە نەزۆکی زیاددەکات، هەروەها دووکەڵی جگەرەکێشانی دەستی دووەم هۆکارێکی شەکرەیە و مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشکیش زیاددەکات".
سەبارەت بە کەمکردنەوەی زیانەکانی دووکەڵی نێرگەلە و جگەرەکێشان، بە تایبەت لە رێگەی وەرزشەوە، دکتۆر سەرکەوت داود گوتی: ''جگە لە وازهێنان، هیچ شتێک مەترسییەکانی دووکەڵ کەمناکاتەوە''.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لەبارەی جگەرە و نێرگەلەوە دەڵێت: ''جگەرەکێشانی پیاوان مەترسی لەسەر هاوژینەکانیان دروستدەکات، بەجۆرێک دەبێتەهۆی تێکدانی هۆڕمۆنەکانیان.''
دکتۆر هاژە عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون، سەبارەت بەو ئافرەتانەی جگەرەکێشن، گوتی: "مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، شێرپەنجەی ملی منداڵدان و نەزۆکی لەسەریان زیاد دەکات."
دکتۆر هاژە عەبدوڵڵا باسی مەترسی نێرگەلە دەکات و بە "کارەسات" ناوی دەبات، چونکە بە گوتەی ئەو دووکەڵەکەی بۆنخۆش کراوە، بەمەش ئالوودەبوون زیاددەکات.
دکتۆر هاژە عەبدوڵڵا ئامۆژگاری ئافرەتانی دووگیان دەکات دووربکەونەوە لەو کۆڕ و کۆبوونەوە و دانیشتنانەی نێرگەلە و جگەرەیان تێدا دەکێشرێت، چونکە دوکەڵ زیان بە کۆرپەکانیان دەگەیێنێت.
بەشێکی دیکەی بەرنامەکە باسی کاریگەرییەکانی دووکەڵی جگەرە و نێرگەلە بوو لەسەر منداڵان و پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت: ''منداڵان زۆر هەستیارترن بە کاریگەرییە خراپەکانی جگەرەی دەستی دووەم.''
دکتۆر عەبدولمەتین عەبدولرەحمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان گوتی، منداڵان بەرگریی جەستەیان کەمترە و بۆرییەکانی هەناسەیان بچووکترە، بەمەش بە کەمترین دووکەڵ زۆرترین کاریگەریی نەرێنیان لەسەر دەردەکەوێت و تووشی
هەوکردن دەبن.
ئەو پزیشکە ئاشکرای دەکات: "جگەرەی دەستی دوو مەترسیی مردنی لەناکاوی منداڵ زیاددەکات و زیاتر هەستیاریان دەکات بە تووشبوون بە رەبۆ. گوتیشی "جەستەی منداڵان بەرامبەر دووکەڵی جگەرە لاوازترە و دەشێت ببێتەهۆی کەمبوونەوەی
زیرەکیی منداڵ."