Dr Aras - هەندێک منداڵ بەهۆی شاشەکان نیشانەکانی ئۆتیزمیان لێدەردەکەوێت

15 July 2023
Dr Aras - هەندێک منداڵ بەهۆی شاشەکان نیشانەکانی ئۆتیزمیان لێدەردەکەوێت

رووداو - تەندروستی

لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراس باسی ئالوودەبوونی منداڵ بە شاشەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کرا و پسپۆڕێک منداڵان دەڵێت: هەندێک منداڵ بەهۆی شاشەکان نیشانەکانی ئۆتیزمیان لێدەردەکەوێت.

دکتۆر ساسان لوقا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیێنێت، بەکارهێنانی شاشەکان لەنێو منداڵان زۆر زیادی کردووە و پێویستە سنوور بۆ بەکارهێنانیان دابندرێت.

ئەم پسپۆڕە لەبارەی تەمەنی منداڵەوە گوتی، منداڵ لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەنی نابێت سەیری شاشەکان بکات تەنانەت دەشڵێت: لەو تەمەندا نابێت سەیری بەرنامەی پەروەردەییش بکات، بەڵام بەباشی دەزانێت کە منداڵ یەکەمجار دەبێت 
زمانی دایک فێرببێت و دووربکەوێتەوە لە شاشەکان.

دکتۆر ساسان هۆکاری دوورکەوتنەوەی منداڵ لە شاشەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە منداڵ لە دوو ساڵی یەکەم فێری رستەی دوو وشەیی دەبێت، چونکە  ئەگەر منداڵ لەو تەمەندا قسەنەکات ئەوا لە قسەکردن دوادەکەوێت.

هاوکات لەبارەی ئەو منداڵانەی ئالوودەی شاشەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانن دەڵێت: ''ئەو منداڵەی شاشەکان بەکاردەهێنێت نابێتە کەسێکی بنیاتنەر و زۆرینەیان قوتابخانە تەواو ناکەن، چونکە گەشەی مێشکیان ناڕێکدەبێت ''.

تایبەت دایک و باوکانیش دەڵێت: دایک و باوک منداڵ فێردەکەن، دواتر دەڵێن بەبێ ئایپاد ناخەوێت، بۆیە بەپێویستی دەزانێت کە دایک و باوک وەکو سەرما و گەرما منداڵەکەیان لە شاشەکان بپارێزن، ئەوەشی باسکردن کە دەبیت وەڵامی 
سەرجەم ئەو پرسیارانە بدرێتەوە کە لەلایەن منداڵەوە دەکرێن.

لە بەشێکی قسەکانیدا ئەم پسپۆڕەی منداڵان گوتی، هیچ ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لە شوێنی یاریکردنی منداڵ نەبێت، ئەو منداڵەی شاشە زۆر بەکاردەهێنێت، ناتوانێت پلان دابنێت

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە بەرنامەکەدا باس لە ئالوودەبوون دەکات و دەڵێت: دیاردەیەکی مەترسیداری جیهانییە و کەسی ئالوودەبوو بە شاشە، ناتوانێت لێی دوور بکەوێتەوە.

دکتۆر ئازاد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار گوتی، فێربوونی زمان لەڕێگەی شاشەکانەوە سوودی نییە، چونکە منداڵ قسەی شاشەکان بەبێ هەست و فێربوون دووبارە دەکاتەوە، هەروەها دەشڵێت: بەهیچ جۆرێک شاشە 
ئەلیکترۆنییەکان منداڵ فێری زمان و قسەکردن ناکەن.

ئەم پسپۆڕەی مێشک و دەمار دەشڵێت: پێکەنین و خەمباریی نێوان کەسەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕاستە، چونکە زۆربەی دەربڕینی هەستەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕاستە.

هاوکات دکتۆر ئازاد ئاماژە بە پاشهاتە مەترسیدارەکانی زۆر بەکارهێنانی شاشەکان دەکات و دەڵێت: ''قەڵەوی یەکێکە لە پاشهاتە مەترسیدارەکانی بەکارهێنانی شاشەکان، چونکە لەکاتی بەکارهێنانی شاشەکان منداڵان ناجووڵێن و قەڵەو دەبن''.

بەشێکی دیکەی بەرنامەکە تایبەت بوو بە باسکردنی جیاوازیی نێوان ئاودەستی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی، پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاریش لەم بارەیەوە دەڵێت: کەسەکان بەپێی ئاستی تەندروستییان جۆری ئاودەست دیاریبکەن.

دکتۆر بنار ئەتروشی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری دەڵێت: ئەو کەسانەی کێشەی قەبزی و کۆئەندامی هەرسیان هەیە پێویستە ئاودەستی رۆژهەڵاتی بەکاربهێنن.

لە رووی پێستەوە پسپۆڕەکە گوتی، ئاودەستی رۆژهەڵاتی باشترە، چونکە رەنگە ئاودەستی رۆژئاوایی هۆکاری گواستنەوەی نەخۆشیی پێست بێت.

لە کۆتاییدا دکتۆر بنار رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات کە هەمیشە ئاودەستی رۆژئاوایی پاکبکەنەوە، چونکە دەکرێت ببێتەهۆی گواستنەوەی بەکتریا و کەسەکە دووچاری هەوکردن بکات.