لوقمەقازی، لوقم، کێك و پاقلاوە بدرێن بە منداڵ؟
ئەم بەرنامەیەی دکتۆر ئاراس تایبەتە بە شیرینی، دوو پزیشكی پسپۆڕ، باسی جۆرە جیاوازەکانی شیرینی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر گەورە و منداڵان دەخەنەڕوو، ئەوەش باسدەکەن، باشترین جۆری شیرینی کە گەورە و منداڵان بیخۆن ج جۆرێكە.
د. سەلمان جاف، پزیشكی پسپۆڕی خۆراک دەڵێت لەنێو شیرینییەکان ئەوانەی کە کەمترین رۆن، شەکریان تێدایە باشترینن، لەنێویشیاندا ئەوانەی سوورناکرێنەوە تەندروستترن، لە نموونەی ئەوانەش دەڵێت کێكی ماڵەوە لە پاقلاوە تەندروستترە.
پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵانیش میوانی بەرنامەکەیە، د. دیلان رەمزی دەڵێت: منداڵان دووربن لە خواردنی لوقمەقازی، چونکە ئاردی سفری تێدایە کە نابێت بەکاربهێندرێت، زۆرترین سوورکردنەوەی بۆ دەکرێت و چەورییەکی زۆری تێدایە، دواتریش لە شیلە و شەکراودا دادەندرێت، بەمەش دەبێتە خۆراکێکی تەواو ناتەندروست، لە ناچاریدا لە بۆنەکاندا دەکرێت پارچەیەکی لێبخورێت.
دوو پزیشکە پسپۆڕەکە کۆکن لەسەر ئەوەی باشترین کێك، ئەوەیە کە لە ماڵەوە دروستدەکرێت، باشترە ئاردەکەی جۆ بێت، چەرەسەکانی زۆرتر تێبکرێن، لەجیاتی شەکر خورمای تێبکرێت.