کوردێك لە ئیتاڵیا لە حەشیش دەرمان دروستدەکات

25 April 2024
کوردێك لە ئیتاڵیا لە حەشیش دەرمان دروستدەکات

ئەم بەرنامەیەی دکتۆر ئاراس لە ئیتاڵیایە، دکتۆر ئاراس و تیمەکەی سەردانی پسپۆڕێكی دروستکردنی دەرمان و کیمیایان کردووە، دەستپێکردنی دکتۆر ئاراس لەبارەی گەرمای شوێنەکەیە، دەڵێت ئەوانەی لەو شوێنەن هەست بە گەرمایەکی
بێوێنە و زۆر دەکەن، دواتر لەگەڵ د. هەوراز ئەمین، پسپۆڕی دروستکردنی دەرمان بەرنامەکە دەستپێدەکەن.

د. هەوراز ئەمین، پسپۆڕی دروستکردنی دەرمان کە کار لەسەر پێکهاتەکانی حەشیشو دروستکردنی دەرمان لە حەشیش دەکات، دەڵێت جگە لەوەی ئێستا خەریکی بەرهەمهێنانی چەند دەرمانێكی جیاوازە، هاوکات کار لەسەر چەندین جۆری رووەکی چیاکانی کوردستانیش دەکات و دەڵێت نزیکەی 200 رووەکی چیاکانی کوردستان دەکرێت وەکو سەرچاوەی دەرمان بەکاربهێندرێن.

پسپۆڕەکەی دروستکردنی دەرمان ساڵانێكە لە ئیتاڵیایە و لە تاقیگە لەگەڵ چەند پرۆفیسۆرێك کاردەکات، لەبارەی د. هەورازەوە یەکێك لە پرۆفیسۆرەکان دەڵێت کەسێكی ئارام، بەڕێز، بەتوانا و زۆر بەهێزە، بەردەوام دەیەوێت خەریکی
کارەکەی بێت و خۆی بۆ ئەمە تەرخانکردووە.

پرۆفیسۆرێكی دیکەش دەڵێت "لە ساڵی 2019ـەوە لەگەڵ د. هەوراز هاوئاهەنگی دەکەم، ئێمە خەریکی پرۆژەیەکی نوێین لەسەر چەند مادەیەکی نوێی پێکهاتەی حەشیش، ئەم توێژینەوەیە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی دەکەین، ئەمەش بۆ
ئەوەیە پێکهاتەی نوێی ناو حەشیش بدۆزینەوە و کاری لەسەر بکەین وەکو دەرمانی دژە هەوکردن بۆ نەخۆشییە جیاوزەکان، بەتایبەت نەخۆشییەکانی چاو، وەکو وشکی چاو و ئاوی رەشی چاو".

زیاتر لەبارەی د. هەوراز قسەدەکات و دەڵێت؛ "لەگەڵ د. هەوراز ماوەیەکی درێژ و باشمان بەیەکەوە بەڕێکرددووە، ئەو زۆر کەسێكی باشە، زانیارییەکانی بەردەوام بەرەوپێش دەچن، کەسێكە دەتوانی پشت پێببەستیت، بەردەوام ئامادە و
پۆشتەیە، دەتوانم بەچاو نوقانەوە متمانە بە کارەکانی بکەم، لە هاوکارێكەوە بووەتە هاوڕێیەکی جیگەی متمانەی من".

دکتۆر ئاراس لەنێو بەرنامەکە سەردانی گەلەریای میلانۆ دەکات، شوێنێکی بەناوبانگە، خەڵک سەردانی دەکەن و پێیانوایە بەختیان دەکەنەوە، دکتۆر ئاراس ئەمە تاقیدەکاتەوە و باسی بەختی خۆی دەکات، بۆ زیاتر تێگەیشتن لە بەرنامەکە و بینینی جوانییەکانی بەرنامەکە، لەم ڤیدیۆیە تەواوی بەرنامەکە ببینن..