نەخۆشییەکانی دڵ و پشتئێشە

02 April 2024
نەخۆشییەکانی دڵ و پشتئێشە

ئەم بەرنامەیەی دکتۆر ئاراس بە چیڕۆکی کتوپڕ مردنی گەنجێک دەستپێدەکات، یەکێک لە پزیشکە میوانەکان باسی ئەو گەنجە بەریتانییە دەکات کە ئێوارە خوانێکی پڕ چێژ و خۆشی دەکاتە شین، ئەویش دوای ئەوەی لەنێو هاوڕێکانیدا لەناکاو دەکەوێت و دەمرێت.

ئەم بەرنامەیە یەکێکە لە زنجیرە بەرنامەکانی رەمەزان، کە هەر جارێک بابەتێکی گرنگ و پەیوەست بە ژیانی رۆژانەی خەڵک گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

ئەمجارە دوو پزیشکی کورد کە راوێژکاری دوو بواری جیاوازن لە بەریتانیاوە هاتوونەتەوە و بەشدارییان لە بەرنامەکەدا کردووە.

د. سەلاحەدین محەمەد روشدی پسپۆڕ و راوێژکاری نەخۆشییەکانی دڵە، لە بەرنامەکەدا باسی ئەو هۆکارانە دەکات کە دڵ نەخۆش دەخەن و زووتر پەکیدەخەن.

گەنجێک لەنێو ستۆدیۆ لەسەر تەختی نەخۆشخانە پاڵکەوتووە، لە تەنیشتیدا ئامێری هێڵکاری دڵ هەیە و لە شەش سەرەوە لە جەستەی بەستراوەتەوە، ئامانج لە دانانی ئامێرەکە پێشاندانی شێوازی ئەنجامدانی ‌هێڵکاریی دڵە. دکتۆر سەڵاحەدین دەڕواتە لای شاشەی سەرەکیی ستۆدیۆ و باسی وردەکاریی هێڵ و ئاماژەکانی نێو هێڵکارییەکە دەکات و دەڵێت: هەر خاڵ و هێڵێک مانای خۆی هەیە.

لە تەنیشتی پسپۆڕەکەی دڵ، خانمە پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی جومگە و رۆماتیزم دانیشتووە، دکتۆر ئیمان غەریب نزیکەی چارەگە سەدەیەکە لە کاری پزیشکی دەکات، ساڵانێکیشە پزیشکی جومگەی بەریتانییەکانە. لەم بەرنامەیەدا دکتۆر ئیمان باسی پشتئێشە دەکات، کە ئێستا یەکێک لە بەربڵاوترین گرفتە تەندروستییەکانە لە جیهاندا.

دکتۆر ئیمان دوای روونکردنەوەی جۆرەکانی پشتئێشە، دەچێتە لای سیسەمێک کە لەنێو ستۆدیۆ داندراوە و کەسێک لەسەر پاڵکەوتووە، پسپۆڕە کوردەکەی بەریتانیا ئەوە رووندەکاتەوە کە شێوازی خەو چەندە کاریگەریی بەسەر پشتئێشەوە هەیە، دکتۆر ئیمان دەشڵێت ئەوانەی درەنگ دەخەون زیاتر تووشی پشتئێشە دەبن.

ئەوانەی پشتئێشەیان هەیە یان نییانە و نایانەوێت تووشیی ببن، دەتوانن ئەم بەرنامەیە بە وردی سەیربکەن، ئەوانەشی دەیانەوێت دڵیان هەر بە گەنجی بمێنێتەوە، دەتوانن گوێ لە ئەزموون و زانستی دکتۆر سەڵاحەدین بگرن.