دارستانی شیعر - شێرکۆ بێکەس
بەڵگەفیلمی دارستانی شیعر
شێرکۆ بێکەس
1940-2013
هەروەکو مەلای جەزیری، خانی، حاجی قادری کۆیی، نالی، مەولەوی و ناوە گرنگەکانی دیکەی ئەدەبیاتی کوردی، شێرکۆ بێکەس-یش یەکێکە لە ناوە هەرە دیار و گرنگەکان.
دەرهێنەر سیروان رەحیم، لە بەڵگەفیلمی دارستانی شیعردا گرنگی و کاریگەریی ئەم شاعیرەی بە روونی بەرجەستە کردووە. شاعیرێک کە سنوورەکانی زمان و دنیای ئێمە تێدەپەڕێنێت، بە دەنگ و رەنگ و بە زیندوێتی خۆی دەگاتە نێو کولتور و زمانەکانی دیکە. نەک هەر بە هۆکاری ئەوەی شێرکۆ بێکەس لە شیعر و لە ئەدەبیاتیدا پەیامی لێبوردەیی و پێکەوەهەڵکردن پێشکەش دەکات، بەڵکو لەبەرئەوەی شیعرێک بەرهەم دەهێنێت ئەوانی دیکەیش پێی سەرسام دەبن، لەبەرئەوەیش ستران بۆ هەموو مرۆڤەکان دەڵێت و بەجۆرێک دەنووسێت هاوکات چیا و پێدەشت لە چاوی شیعرەکانیدا یەکانگیر دەبنەوە، بۆیە لە نێو رووبەری زمانی دیکەیشدا شیعرەکانی گرنگ و کاریگەرن.
یەکەم جارە کەسانی دەرەوەی خۆمان، کەسانی ناکورد، ئەدەبیاتڤان، وەشانکار و شارەزایانی شیعر بە شێوەیەکی کاریگەر قسە لەسەر نووسەر و شاعیرێکی کورد بکەن. لە دارستانی شیعردا، دەبینین و دەبیستین کە شیعری شێرکۆ بێکەس لە دەرەوەی دنیای خۆیشمان چەند دۆست و چەند هۆگری گرنگی هەن.
ئاشکراکردنی نهێنییەکی دیکەی ژیانی ئەم شاعیرە لە دارستانی شیعردا، ئامادەبوونی شەفیقە خانی دایکە، دایکی شێرکۆ بێکەس هەم دایک و هەم پەروەردەکارێکی کاریگەری شێرکۆ بێکەس بووە. شێرکۆ بێکەس لە فیلمەکەدا دەڵێت:
گەر پاڵەوانێکی گەورە لە ژیانی هەر کەسێکدا هەبێت، دایکم ئەو پاڵەوانەیە لەژیانی مندا.
ئەم بەڵگەفیلمە هەروەها بەسەرکردنەوە چەندین قۆناخی ژیانی ئەو شاعیرەیە و گەشتێکە چاوی بینەر ئاشنای ئەرشیڤێکی بە بایەخ و بەسەرهاتی نابیستراوی شاعیرەکە دەکات. شاعیرێک هەموو ژیانی بە شیعر و بە ئەدەبیات بەخشی و لەو بوارەدا بەرهەمی نایابی بۆ کتێبخانەی کوردی و مرۆڤایەتی بە جێهێشت.
ناو: دارستانی شیعر
شێرکۆ بێکەس
دەرهێنانی: سیروان رەحیم