تەنافی رەش

13 April 2022
تەنافی رەش

سێ ژن، لە ناوچەکانی گەرمیان و بارزان و هەڵەبجە، سێ نموونەی ئاسەوارەکانی کۆمەڵکوژیین لەنێو خێزانی کۆمەڵگەی کوردستانی دا. چیرۆکەکان، ئازارەکان، لێکەوتە و ناهەموارییەکانی ژیانیان، لەیەک دەچن. سێ ژن، لەم بەڵگە فیلمەدا پێتدەڵێن ئەو کۆمەڵکوژییانەی بەرۆکی کۆمەڵگەی کوردستانییان گرتووە، چەندە باری ژیانی قورستر و سەختتر کردووە. چونکە ئەوان جگە لەوەی لەکاتی رووداوەکاندا وەک قوربانییەکان ئێش و ناسۆری کۆمەڵکوژییەکانیان چێشتووە، دواتر و بەدرێژایی تەمەنیان وەک قوربانی ماونەتەوە و دەبێت لەگەڵ ئاسەوارەکانی ئەنفال و کیمیاباران بژین. بەوپێیەی دەبێت جێگای باوکە ئەنفالکراوەکانیش بگرنەوە. ئەم بەڵگە فیلمە باس لە ساڵانی دوای پرۆسەی کۆمەڵکوژکردن دەکات. ئەو منداڵانەی دەبوو لە ژیان جێنەمێنن و بخوێنن و پێبگەیێندرێن، بەڵام بەبێ باوک. سێ ژن، لە گەرمیان و بارزان و هەڵەبجە، دەڵێن، ئەو گرەوەیان لە ساڵانی سەخت و تاقەتپڕووکێن بردەوەو منداڵەکانیان گەیاندە بڕوانامە و ماڵ و خێزانی خۆیان.    

ئەم بەڵگەفیلمە رۆژی 13ی نیسانی 2022 بڵاوکرایەوە. 
دەرهێنەر: نەوزاد مەحموود