خانووی سپی (کورمانجی خواروو)

خانووی سپی (کورمانجی خواروو)

چیرۆکی دوو کچی کوردی ئێزدی دەستی داعش دەگێڕێتەوە، کە لە ساڵی 2014 کەوتووەتە دەست داعش. هەیام سەبری یەکێک لە کچەکانە و ئەوکاتەی داعش هێرشی کردووە، لە گوندی خانەسۆرلە زەماوەندی کچە مامێکی بووە. داعش هێرشی کردووەو هەموویانی بە دیل گرتووە. باوکی و سێ مامی بێسەروشوێنن.

ئەم ژنە ساڵی 1987 لەدایک بووە، دانیشتووی شاری موسڵە و دایکی چوار کچە. ساڵی 2007 شووی کردووە. سەرەتا مێردەکەی کەسێکی سادە بووە، بەڵام کاتێک چەکدارانی داعش دەگەنە موسڵ، پەیوەندییان پێوە دەکات و بەیعەت دەدات دەوڵەتی ئیسلامی.

ئێستا ئەم ژنە لە گەڕەکی تل رمانە لە خانووی کرێدا دەژی. بەم جۆرە چیرۆکی ئەم دوو کچە ئێزدییە دەگێڕێتەوە.

ژنەکە دەڵێ "ئێمە کە دەرچووین ئۆتۆمبێلەکەی وەستاند، گوتم بۆ کوێ دەچیت؟ گوتی کارێکم هەیە لای برادەرانم و ئێستا دێمەوە. رۆیشت و نیو کاژێر یان یەک کاژێری پێچوو و هاتەوە. کە هاتەوە دوو کچی لەگەڵ خۆیدا هێنا، گوتم ئەمانە کێن؟ گوتی با سەرکەون، دواتر لە ماڵەوە پێت دەڵێم، بەڵام من ئارامم نەگرت تاوەکو بگەینە ماڵەوە، گوتم تەنیا پێم بڵێ ئەمانە کێن لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا؟ گوتی ئەمانە ئێزدین، ئیتر قسەم کرد و هاوارم کرد بەسەریدا. گوتم بۆچی هێناویانت؟ گوتی پەیوەندی بە تۆوە نییە، لای ئێمە بەم شێوەیەیە و دەبێ وا بکەین. ئێمە کە هێرشدەکەینەسەر ناوچەیەک موسڵمان نەبن، کچەکان و ئافرەتانیان وەکو کەنیزە دەبەین".

هەروەها باس چیرۆکی دوو ژنی داعش دەکات، کە تاوەکو ئازادکردی مووسڵ لەگەڵ مێردەکانیان بوون و دواتر وەکو خەڵکی دیکەی مووسڵ ئاوارە بوون.

یەکێک لەو ژنانە کە لە ساڵی 1995 لەدایکبووە دەڵێ. لە ساڵی 2013 بووەتە هاوژینی چەکدارێکی داعش و لە ساڵی 2016 بەهۆی بۆردوومانی چەند پێگەیەکی داعش مێردەکەی لە بیابانی سامەڕا کوژرا.

ژنەکە دەڵێ "زۆر هاوکاری ئەم دوو کچەم کرد بۆ ئەوەی رابکەن، بەڵام نەیانتوانی، من وەکو کەنیزەک مامەڵەم لەگەڵ نەکرد. ئەوانیش زۆر هاوکاریان دەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی نەبوون بە موسڵمان مێردەکەم ئەوانی فرۆشت بە دوو ئەمیری داعش".