دۆکیۆمێنتاری - ساڵيک شەڕ

دۆکیۆمێنتاری - ساڵيک شەڕ

جاری دووەمە، دڵنیا رەحمان پەیامنێری دیاری تۆڕی میدیایی رووداو دەچێتە ئۆکراینا، دووەم دۆکیومێنتاری لەسەر ژیانی خەڵکی ئۆکراینا و شەڕ دەکات، ئەم دۆکیومێنتارییە باس لە ژیانی خەڵک و سەرباز و شەڕ دەکات، دوای ساڵێک لە بەردەوامی.

ساڵی 2014 دوای ئەوەی سەرۆککۆماری ئەوکاتەی ئۆکراینا ئامادەنەبوو رێککەوتنامەی چوونە نێو یەکێتی ئەورووپا واژۆ بکات ئاڵۆزییەکانی ئۆکراینا گەیشتە لووتکە. سەرۆککۆمار وڵاتەکەی بەجێهێشت. دژبەرای لە کییڤ دڵخۆش و لایەنگرانی لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا دەستیان بە خۆپیشاندان کرد. لە کۆتاییدا کریمیا بووە بەشێک لە خاکی رووسیا و هەرێمەکانی دۆنێتسک و لۆهانسک بە دوو کۆماری جیاخواز ناوبران. دانیشتووانی ئەم هەرێمانە زیاتر بە زمانی رووسی قسەدەکەن و بەشێکیان خەڵکی رووسیان.

ئەمە و چەندین هۆکاری دیکە وایکرد تا لە 24ی 2ی 2022 بە فەرمانی ڤلادمیر پووتین هێزەکانی رووسیا لە باکوور، رۆژهەڵات و باشوور هێرش بکەنە سەرخاکی ئۆکراینا.

ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی هەموو ئۆکراینا بوو، بەڵام دوای یەک مانگ مانەوە لە سنووری پارێزگای کیێڤ پاشەکشە بە هێزەکانی رووسیا کرا، ئێستا شەڕ لە رۆژهەڵات و باشوور بەتایبەت لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لۆهانسک بەردەوامە.

هێرشە مووشەکییە بەردەوامەکانی رووسیا بۆ سەر هەموو خاکی ئۆکراینا سیستەمی کارەبا و گازی ئەو وڵاتەی پەکخستووە و خەڵک زستانێکی سەخت بەڕێدەکەن.

لەدەستدانی ئازیزان،  ئاوارەیی و برسیەتی چیرۆکی یەک ساڵی رابردووی خەڵکی ئۆکراینایە، دۆخێک کە بووە هۆی ئاوارەبوونی 8 ملیۆن کەس،  زۆرترینیان کە یەک ملیۆن و 600 هەزار کەسە لە پۆڵەندان و دوو ملیۆن و 850 هەزار کەیش لە رووسیان کە بەشێکیان بەزۆری گوازراونەتەوە.

بەڵام هێشتا هیوا بە ژیان و سەرکەوتنی هێزەکانی ئۆکراینا لە دڵی خەڵکدا زیندووە.

باخمووت لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بەردەوام لەژێر بۆردومانی سووپای رووسیادایە. رۆژگارێک ئەم شەقامانە پڕبوون لە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و خەڵک، بەڵام ئێستا تاک تاک دەبینرێن. سەرەڕای بۆردوومانەکان ژمارەیەک کەس لە شارەکە چاوەڕێی وەرگرتنی پێویستییەکی زۆر سەرەتایین، ئەویش نانە.

ماکسیم، دانیشتووی شارەیەکەیە دەڵێ هەر کەسێک دوو نانی دەدەینێ، بەشێکیان لە گوندەکانی دەورووبەر دێن، ئەم خواردنانە حکومەت و بەشێک لە رێکخراوەکان دابینیان کردووە.

 

بۆ بەرگریکردن لە باخمووت تانکی سووپای ئۆکراینا تا سەنتەری شار هاتوونەتە پێشەوە. ژمارەی دانیشتووانی باخمووت تاوەکو پێش دەستپێکی شەڕی 2022 ، 71 هەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا کەمتر لە 12 هەزار کەسی تێدا دەژین، ژیانێکی پڕ لە ترس و ناڕوونی.

کۆنترۆڵکردنی باخمووت ئامانجی گەورەی هێزەکانی رووسیایە. باخمووت سەر بە هەرێمی دۆنێتسکە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. حەوت مانگە شەڕێکی چڕ لە شارەکانی باخمووت و سۆلیدار بەردەوامە. لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ رووسیا سۆلیداری کۆنترۆڵ کرد. بە کۆنترۆڵکردنی باخمووتیش رێڕەوێکی گرنگ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاکی زیاتری هەرێمی دۆنێتسک دەکرێتەوە. کە ئێستا لە 60%ی بەدەست هێزەکانی رووسیاوەیە.''

دڵنیا رەحمان، تەنیا 40 کیلۆمەتر لە هێزەکانی رووسیا دوورە، لەگەڵ گرووپێک لەسەربازانی ئۆکراینا، رۆمان، فەرماندەی گرووپەکەیە دەڵێ دۆخەکە لێرە ئاڵۆز و جیاوازە، شەڕ لە 2014وە لێرە دەستیپێکردووەو لە 2022 پەرەی سەند، ناتوانم بڵێم دۆخەکە لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا چۆن بووە چونکە شەڕ وەک خۆی بەردەوامە.

دڵنیا دەچێتە گوندێک بەناوی نێڤسکی، کە تەنیا حەوت کیلۆمەتر لە هێزەکانی رووسیا دوورە. پێشتر 650 کەس لە گوندەکە دەژیان، بەڵام ئێستا کە بەردەوام بۆردوومان دەکرێن تەنیا 130 کەسی لێیە.

جولیا لێونیدوڤنا کچێکی گوندەکەیە و لەگەڵ دایک و باوکی دەژی، بە پاتری ئۆتۆمبێل رووناکیان دابینکردووە. دەڵێ پێیانگوتین لێرە بڕۆن، بەڵام بۆکوێ بڕۆین؟ ئێمە هیچ خزمێکمان لەوڵاتانی دیکە و تەنانەت نێو ئۆکرایناش نییە. بەدڵنیاییەوە ژیان لێرە ئاسان  نییە، بەڵام گەر لێرە بڕۆین ژیانمان ئاسانتر نابێت.

ساڵی 2014 لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشە ناوخۆییەکانی ئۆکراینا 30٪ خاکی هەرێمی لۆهانسک کەوتە دەست هێزەکانی رووسیا، بەڵام لە شەڕی ساڵی 2022، 96٪ی خاکی ئەو هەرێمە لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە کۆنترۆڵ کرا، ئێستا هێزەکانی ئۆکراینا شەڕ بۆ بەرگریکردن لە 4% خاکەکەیان و پاشەکشەکردن بە هێزەکانی رووسیا دەکەن.

 

دڵنیا رەحمان، لە شاری باخمووتەوە، دەچێتە شاری خێرسۆن. هاوشێوەی زۆربەی شارەکانی ئۆکراینا بەردەوامی شەڕ ژیانی خەڵکەکەی پەک خستووە . کەسانی بەتەمەن چەند کاژێرێک لەسەرپێ دەوەستن تاوەکو خۆراک وەرگرن. خێرسۆن نزیکەی 9 مانگ لە کۆنترۆڵی سووپای رووسیا بوو و  لە مانگی 11ی 2022 لە لایەن سووپای ئۆکراینا پاشەکشەیان پێکرا.

لە ترسی بۆردوومانەکان لە کۆی 333 هەزار دانیشتووی خێرسۆن تەنیا 60 هەزار ماونەتەوە کە زۆربەیان کەسانی بەتەمەنن.

زۆربەی دووکان و بازاڕەکانی ئەم شارە داخروان، نرخی کەلوپەل و خۆراک لە نێوان 20% بۆ 50% بەرزبووەتەوە. داهاتی خەڵک کەمە، مووچەی خانەنشینی و یارمەتی رێکخراوە خۆبەخشەکان فریادڕەسیانە.

 

لە ماوەی کۆنترۆڵکردنی پارێزگای خێرسۆن لە لایەن رووسیاوە ، کڕین و فرۆشتن بە دراوی رووسی بووە، نرخی کەلوپەلیش لە چاو پێشتر 60% بەرزبوو. لەم شارۆچەکەیە تەنیا یەک مارکێت کراوەیە.

 

لە خێرسۆن قوتابخانەکان داخراون، یان چۆڵکراون یان بوونەتە شوێنی کاری خۆبەخشی، بەهۆی کۆچ و نەگەڕانەوەی خەڵک بۆ خێرسۆن و شارۆچکە و گوندەکانی دەورووبەری  پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەشی زۆر بە هێواشی دەچێتە پێشەوە.

جگە لە کریمیا کە لە ساڵی 2014وە و بە دەنگدانی خەڵک بووە بەشێک لە خاکی رووسیا لە شەڕی 2022دا لە 30% باشووری ئۆکراینا کەوتە دەست سووپای رووسیا.

 

سەرەڕای بەردەوامی شەڕ و کۆنتڕۆڵکردنی خاکی زیاتر لەلایەن هێزەکانی رووسیا، بەرپرسانی ئۆکراینی ئامادەنین دانووستان لەگەڵ لایەنی رووسی بکەن.

پاش تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر هێرشی رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراینا هیچ نیشانەیەک لە هێوربوونەوەی ئەم شەڕە نابینرێت بەتایبەتی لە بەشی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا کە لە 2014وە گیرۆدەی شەڕن.