مەحموود ئێزدی

مەحموود ئێزدی
ئەم ئارامی و ئازادییە بە ئاسانی نەھاتووەتەدی، بەڵکو بەخوێنی ھەزاران لاو و تێکۆشەری ئەم وڵاتە ھاتووەتەدی.
ئەم بەڵگەفیلمەدا باس لە شەھیدێکی قارەمانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان دەکات ئەویش شەھید مەحموود ئێزدییە، کە بە کەسایەتییە سەرەکییەکانی ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان ناوزەند دەکرێت.

شەھید محموود ئێزدی لەساڵی 1944 لەدایکبووە، لە ساڵی 1963 پەیوەندی بە رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەکات، کە ئەوکات لەنێو سوپای عێراق بووە، زۆری پێناچێت پلەی جێگری ئەفسەر بەدەست دێنێت لەسوپا کە پلەیەکی کەم نییە بۆ ئەوسەردەمە، پاشان ئاشکرادەبێت کە کار بۆ رێکخستنەکانی پ.د.ک دەکات دەچێتە دەرەوە پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوول دەکات لە ساڵی 1973.
پاش نسکۆی شۆرشی ئەیلوول دەچێتە ئێران، بەڵام زۆرنامێنێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکانی باشووری کوردستان و دەست دەکاتەوە بەکاری رێکخستن. پاشان رێکخستنەکانی فراوان دەکات و چالاکییەکانی رێکخستنەکان دەچنە شارەکان دواتر بۆ موسڵ و بەغدا. 
شەھید مەحموود ئێزدی شارەزابوو لەبواری سەربازی و کاری رێکخستن، ترسێکی گەورەی خستبووە دڵی بەعس کە ھەموو ھەوڵ و توانای خۆیان تەرخانکردبوو بۆ لەناوبردنی، رژێمی بەعس بەھەموو رێیەک ھەوڵی کوشتنی دەدا. دواجار بەدەستی غەدر و خیانەت شەھیدکرا.
شەهید مەحموود ئێزدی لە چەندین داستان و قارەمانێتی دا بەشداریی کردووە، وەک هاوڕێکانی باسی دەکەن هەمیشە پاڵەوانی شەڕەکان بووەو سڵی لە هیچ شتێک نەکردووەتەوە و هەرگیز لە مردن نەترساوە، ئەو ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی کوردایەتیی و رووبەڕووبوونەوەی ستەم و نادادپەروەریی بوو، هەموو ئاواتی رزگاربوونی گەلەکەی بوو لەژێر ستەم و چەوسانەوەی حکومەت یەک لەدوای یەکەکانی عێراق.