دەستماڵی نەخشین

دەستماڵی نەخشین
چۆن چیرۆکی گۆڕێکی بێناونیشان دەبێتە چیرۆکی شۆڕشێک، چیرۆکی ئەوینێکی بێئاکام، چیرۆکی پەرۆشی و گەڕان و کۆڵنەدان.
مام سەبری کێستەیی چەند بزن و ئاژەڵی مێگەلەکەی دەفرۆشێت و بە پارەکەی تفەنگێک دەکڕێت دەیداتە کوڕە 19 ساڵانەکەی و بۆ ناو شۆڕش بەڕێی دەکات.
ئەم پێشمەرگە لاوە ناوی حەسەن بوو، هەموو هەڤاڵەکانی وەک نموونەی پێشمەرگەی ئازا و دڵسۆز و لەخۆ بردوو باسی دەکەن، کە هەردەم زیاتر لە خەمی هاوڕێکانیدا بووە نەک خۆی.
باوکی دەخوازێت ژنی بۆ بێنێت، هەرچەندە دۆخی شۆڕش و خەبات هیچ یارمەتیدەری وا بڕیارێک نین، بەڵام مام سەبری لە خەمی ئەوەدایە منداڵی کوڕەکەی ببینێت، چونکە ئەو کات حەسەن تاقانە کوڕی نێو چەند خوشکان بوو.
کیژێکی گوندیی نزیک خۆیانی بۆ دەدۆزنەوە، دەبنە دەستگیران و هەردوو ماڵبات کۆک دەبن ئەو بەهارە زەماوند بگێڕن، بەڵام ئەو زەماوەندە قەت ناکرێ، وەک ئەوەی بۆ ئەوان بەهاری 1978هەرگیز نەیەت.
ئەم بەڵگەفیلمە بەدوای چیرۆکەکدا دەڕوات، چۆن حەسەن کێستەیی لە هەڕەتی لاوێتیدا شەهید دەکرێت. چۆن تەرمەکەی لە باوەشی چیایەکی دوورەدەست بزر دەبێت. چۆن دایک و باوک و خوشکەکانی لەگەڵ چاوەڕوانی ئەودا تەمەنیان بەڕێدەکەن. تەنانەت محەممەدی برابچووکی کە چەند ساڵ دوای مەرگی ئەو هاتووەتە دونیاوە، ئەویش لەگەڵ چیرۆک و یادگاریی برا ونبووەکەی دا گەورەدەبێت.
لەبەڵگەفیلمەکەدا دەبینین چۆن خزم و هاوڕێکانی سەرەداوێکیان دەستدەکەویت و پاش 45 ساڵ تەرمەکەی دەدۆزنەوە.
ئەو دەستماڵەی دەستگیرانەکەی نەخشی لەسەر کردبوو و لە دوا دیداریاندا پێشکەشی کردبوو، هێشتا هەر لە باخەڵی دا مابوو.
رزگار کێستەیی نووسەر و هۆزانڤان و یەک لەوانەی سۆراخی رووفاتەکەی کردووە، سەبارەت حەسەن کێستەیی دەنووسێت:
شەهید، چەند وێنەی هەبوون، بەڵام لە ئەنفالەکاندا هەموو فەوتان
ئەم بەڵگەفیلمە هەوڵدەدات لە یادەوەریی ماڵبات دۆست و هەڤاڵەکانییەوە وێنەیەکی شەهید بنەخشێنێت.
 
مۆنتاژ: نەبەز ئەحمەد
دەرهێنەر: هۆرێن غەریب
بەرهەمی ساڵی: 2025