شایەتحاڵەکانی کۆمەڵکوژی دێرسم

شایەتحاڵەکانی کۆمەڵکوژی دێرسم

"ئێمە چیمان بینی و چیمان لەیاد کرد وئێوە نەتانبینی، با نەیبینن"

 

ئەمە گوتەی ئەو کەسانەیە کە لە ساڵی 1938 دا کۆمەڵکوژیەکەی دێرسمیان بەچاوی خۆیان بینیوە. وێڕای ئەوەی تەمەنێکی دوور و درێژیان بەرێکردووە، بەڵام هێشتا ئەو زوڵم و زۆردارییەیان لە یادنەکردووە و بە ئێش و ئازارەوە یادەوەرییەکانی ئەو رۆژە رەشانە دەگێڕنەوە کە چییان بەسەر هاتووە و چۆن بەهەزاران ژن و پیاو، بەساڵاچوو و منداڵ و کۆرپە بەبەرچاویانەوە کۆمەڵکوژ کراون.

گوتەی ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژییەکەی دێرسم لە 1938 دا هێشتا منداڵ بوون. 

ئەو گوتانەی بەشەرمی لەیادکردنەوە شاردرابوونەوە و بە ئازاری یادکردنەوەوە، بە ئاسپایی دێنە گۆ.

گەواهیدەریی ئەو کەسانەی لە نێوان لە یادکردن و یادەکردنەوەدا ژیانیان بەسەر بردووە...

بچووکترینیان تەمەنی 6 ساڵ و گەورەترینیان تەمەنی 15 ساڵ بوو. ساڵی 1938 هەموویان منداڵبوون.

خۆیان بەساڵاچوون، بەڵام یادەوارییەکانیان هەر بە منداڵی مایەوە...

- لە 25ی کانوونی یەکەمی 1935 دا پەرلەمانی تورکیا (یاسای بەڕێوەبردنی ویلایەتی تونجەلی) دەرکرد. ناوی دێرسم گۆڕدرا بۆ تونجەلی.

 

لە 13ی ئەیلولی 1937دا سەید رەزا کە بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن بانگ کرابوو، دەستگیرکرا. ئەو لێپێچینەوە سەربازییەی دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە دەستیپێکردبوو، لە 15ی تشرینی دووەمی 1937 کۆتاییهات. سزای لەسێدارەدان بۆ 11 کەس دەرکرا. 

بەپێی تۆمارە فەرمییەکانی دەوڵەت 13 هەزار و 160 کەس، بەپێی سەرچاوە سەربەخۆکانیش سێ هێندەی ئەوە خەڵک لەو کۆمەڵکوژییەکەدا کوژران.  

110 سەرباز کوژران.

نزیکەی 12 هەزار کەس ناچار بە کۆچکردن کران.

لەو ساڵانەدا کۆی گشتی ژمارەی دانیشتووانی تورکیا 13 ملیۆن کەس بوو.

سەبیحە گۆکچەن یەکەمین فڕۆکەوانی ژن لە تورکیا و کچی مەعنەوی مستەفا کەمال ئەتاتورک کە لە کۆمەڵکوژی دێرسمدا رۆڵێکی سەرەکی گێڕا، لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێ، "من بێبەزەییانە دێرسمم بۆمبەباران کرد"، گۆکچەن بەردەوام دەبێت و دەڵێ"لە گۆڕەپانی شەڕدا هاوێشتنی بۆب بۆ سەر ئامانجێکی زیندوو، هەرگیز هەستی بەزەیی بە مرۆڤ نادات. مرۆڤ تەنیا دوای ئامانجی خۆی دەکەوێت بۆ ئەوەی بیبینێ و بیپێکێ".