دادگەیەکی ئێرلەندای باکوور رەتیدەکاتەوە کۆچبەر بنێرێتە رواندا

17 May 2024
دادگەیەکی ئێرلەندای باکوور رەتیدەکاتەوە کۆچبەر بنێرێتە رواندا
دادگەیەکی ئێرلەندای باکوور رەتیدەکاتەوە کۆچبەر بنێرێتە رواندا
ناردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا جارێکی دیکە تەقەی تێکەوتووەتەوە. دادگایەکی ئێرلەندای باکوور رەتیدەکاتەوە بڕیارەکە جێبەجێ بکات. لەلایەکی دیکەشەوە ئەوانەی لەخۆیان دەترسێن پەنا بۆ کۆماری ئێرلەندا دەبەن.
هێشتا سێ هەفتەیە کە ناردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بووەتە یاسا. ماوەیەکی دوور و درێژی ویست تاوەکو حکومەتی بەریتانیا توانیی ئەمە تێپەڕێنێ. بەڵام پێناچێ دادگاکانی بەریتانیا بهێڵن یاساکە وەک حکومەت دەیەوێ جێبەجێ بکرێت. 
ئەم هەفتەیە دادگایەکی ئێرلەندای باکوور بڕیاریدا یاساکە لە ناوچەکەی ئەوان جێبەجێ نەکرێت. هۆیەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا پشتگوێخستنی یاساکانی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤە. بەپێچەوانەی یاساکانی ئەوروپاشە، کە هێشتا بەریتانیا لە رووە یاساییەکەوە بەشێکە لێی. 

لە کۆماری ئێرلەنداش، کە جیا لە ئێرلەندای باکوورە و بەشێکە لە یەکێتیی ئەوروپا، کێشەیەکی نوێ دروستبووە. هێڵن مەک-ئێنتێی، وەزیری دادی ئێرلەندا، رایگەیاندووە کە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر بۆ بەریتانیا دیپۆرت دەکەنەوە. ئەمە دیاردەیەکی نوێ و سەرنجڕاکێشە. چونکە بەدرێژایی دەیەکانی رابردوو کۆچبەران لە ئێرلەنداوە خۆیان دەگەیاندە بەریتانیا، بەڵام ئێستا پێچەوانە بووەتەوە. وەک وەزیرەکە باسیدەکات هەشتا لەسەتی ئەوانەی وەک کۆچبەر دەگەنە ئێرلەندا لە بەریتانیاوە دێن و ئەوانەن کە لەترسی ناردنیان بۆ رواندا هەڵهاتوون. 


بەلجیکا دەیەوێ رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان قاچاخچییەکی رادەست بکاتەوە
بەلجیکا دەیەوێ رێگەیەکی یاسایی بدۆزێتەوە بۆئەوەی کوردستان تۆمەتبارێک بە قاچاخچێتییان رادەست بکاتەوە. 
وەزارەتی دادی بەلجیکا بەدوای رێگەیەکی یاساییدا دەگەڕێت بۆئەوەی حکومەتی کوردستان تۆمەتبارێکی کوردی رادەست بکات. رۆژانی رابردوو ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە کە کەسێکی دەستگیر کردووە کە تۆمەتبارە بە قاچاخچێتیکردن بە مرۆڤەوە. 
میدیای بەریتانی و بەلجیکی ئەو کەسە وەکو بارزان ئێم. دەناسێنن. دەڵێن تەمەنی 36 ساڵە و بە (دووپشک) ناسراوە. لە ساڵی 2016ەوە پۆلیسی ئەوروپی و ئینتەرپۆل بەدوای ناسنامەی دووپشکەوە بوون، کە تۆمەتبارە بە بەقاچاخ بردنی دەیان کۆچبەر و هەندێک لەوانەش لە رێگە گیانیان لەدەستداوە. 
کۆتایی ساڵی 2022 دادگایەکی بەلجیکا حوکمی دە ساڵ زیندان و پێبژاردنی نزیکەی یەک ملیۆن یۆرۆی بۆ دووپشک بڕییەوە. بەڵام لەبەرئەوەی بارزان نەدەدۆزرایەوە، حوکمەکەی جێبەجێ نەدەکرا. 
رۆژانی رابردوو بارزان لە سلێمانی بەشداریی لە هەڤپەیڤینێکدا کرد لەگەڵ میدیای فەرمیی بەریتانیا. بەو هۆیەشەوە شوێنەکەی ئاشکرا بوو و دەستگیر کرا. 
ئان کولۆڤیاک، داواکاری گشتییە لە وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵیی بەلجیکا. ئەو دەڵێت وڵاتەکەی هیچ رێککەوتنێکی بۆ رادەستکردنەوەی تۆمەتباران لەگەڵ عێراقدا نییە. بەڵام وەک ئەو باسیدەکات خەریکن رێگەیەکی یاسایی گونجاو دەدۆزنەوە بۆئەوەی بارزان رادەستی ئەوان بکرێت.

پۆڵەند سنوورەکانی لەگەڵ بێلاڕووس تووندتر دەکات

هاوین خەریکە دێتەوە و پۆڵەند لە سنوورەکانی دەترسێ. بۆیە لەئێستاوە ئامادەکاری دەکات بۆ رێگەگرتن لە کۆچی بەلێشاو بۆ سەر سنوورەکانی لە بێلارووسەوە. 
سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی کەم کۆچبەر لە سنوورەکانی پۆڵەندەوە دێنە نێو یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام وارشۆو دەیەوێ سنوورەکانی لەگەڵ بێلاڕووس هێشتا تووندوتۆڵتر بکات. 
وەزیری بەرگریی پۆڵەند رایگەیاندووە بودجەیەکیان بۆ ئەو تووندوتۆڵکردنە داناوە کە لە مێژووی پۆڵەنددا پێشینەی نەبووە. هەرچەندە ئاشکرای نەکردووە کە بودجەکە چەندە، بەڵام پێشتر بۆ دروستکردنی پەرژینێکی پێنج مەتر و نیو بەرز، پۆڵەندا 407 ملیۆن یۆرۆی خەرج کردبوو. 
پێشتر وا بڵاوکرایەوە کە رووسیا ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییانی ئێران و ژمارەیەک وڵاتی دیکە دەکات بۆئەوەی بەبێ ڤیزا بچنە ئەو وڵاتە و لەوێشەوە لەڕێگەی فینلەند خۆیان بگەیەننە ئەوروپا. بۆیەش ماوەیەکی زۆرە فینلەند سنوورەکانی لەگەڵ رووسیا داخستووە. 
لە پۆڵەنداش ترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆیەکی هاوشێوە هەیە. هەرچەندە بەدرێژایی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ تەنیا 1432 کەس هەوڵی پەڕینەوەیان لە سنوورەکانی پۆڵەندەوە داوە. 


ئێستۆنیا ئاسانکاری لە پێدانی مانەوە (ئیقامە)ی کار دەکات 
هەواڵێکی خۆش بۆ ئەوانەی چاویان لە وەرگرتنی کارتی شینی ئەوروپی یان (ئیقامەی کار)ە. ئێستۆنیا ئاسانکاریی نوێی بۆ کردوون.
حکومەتی ئێستۆنیا مەرجەکانی وەرگرتنی کارتی شینی ئاسان کردووە. جاران ئەوەی داوای ئەو کارتەی کردبووایە، دەبووایە بڕوانامەی زانکۆیی لەو بوارەدا هەبێ کە دەیەوێ بەهۆیەوە مافی مانەوە وەربگرێ. 
ئێستا هەبوونی 5 ساڵ ئەزموونی کار بەسە. هەروەها جاران دەبووایە کەسێک بۆ ماوەی یەک ساڵ کار بکات، ئینجا ڤیزاکەی بۆ دەکرایە مافی مانەوە. لەمەودوا کەسێک شەش مانگ لە ئێستۆنیا کار بکات، کارتە شینەکەی دەخرێتە باخەڵەوە. 
جگە لەوەش ئەگەر کەسێک بێکار بوو، تاوەکو سێ مانگیش ئاساییە لە ئێستۆنیا بمێنێتەوە و بەدوای کارێکی نوێدا بگەڕێت. ئەمە بۆ ئەوانەیە کە کەمتر لە دوو ساڵە لەوێن. ئەوانەی زۆرتر لە دوو ساڵ بێ، دەتوانن تاوەکو شەش مانگیش بێکار بمێننەوە و مەترسیی ئەوەیان نەبێ کە کارتە شینەکەیان لێ دەستێندرێتەوە. 


گەنجانی ئێزدی لە ئەڵمانیا پارێزگاری لە ناسنامەی خۆیان دەکەن
گەنجانی کوردی ئێزدی باسی ئایندەی ناسنامەی خۆیان لە دیاسپۆرا دەکەن. گەورەکانیان ئامۆژگارییان دەکەن و ئەوانیش لەسەر ناسنامە کوردییەکەیان پێکەوە کۆک نین. 
لە ئەڵمانیا زۆرتر لە دوو سەت هەزار ئێزدی دەژین. نەوەی نوێی ئەو ئێزدییانە بە باشی زمانی ئەڵمانی فێربوونە و خۆیان گونجاندووە. بەڵام کێشەیەکیان هەیە. ئەویش ئەوەیە ترسیان هەیە لەوەی ناسنامەکانیان لەدەست بدەن. لە شاری هانۆڤەر گەنگەشەیەکیان لەگەڵ نەوەی پێش خۆیان کردووە.

کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئێزدییەکانە لە ئەڵمانیا. گەنج و پیریان کۆبوونەتەوە بۆ قسەکردن لەسەر ناسنامەی ئێزدیایەتی. بەتەمەنەکانیان بە کوردی قسە دەکەن، گەنجەکان بە ئەڵمانی. زۆرتر لە نیو سەدەیە ئێزدی هاتوونەتە ئەڵمانیا.  
زۆرترینیان لە باکووری کوردستانەوە بۆ کار هاتوون. دوایینیان کە بەلێشاو هاتبن ئەو ئێزدییانەن کە ناوچەکانیان داعش هێرشی کردنەسەر و خەڵکەکەی جینۆساید کرد. ئەوانەی لێرە کۆبوونەتەوە باسی ئەوە دەکەن کە چۆن دیاسپۆرا ناسنامەی نوێت بۆ دروستدەکات. هەندێکیان بەبێئەوەی بیڵێن پیشانی دەدەن ناسنامە کوردییەکەیان لەبیرکردووە. 

وەلات کرەت- گەنجی ئێزدی:
"من لەلایەکەوە ئێزدیم. لەلایەکی دیکەوە خەڵکی کۆڵنم و بەشێکیشم ئەڵمانییە. نازانم چەند ناسنامەم هەیە. رەنگە ناسنامەیەکی نوێش وەربگرم. بەڵام گرنگترین ناسنامەم ئەوەیە کە ئێزدیم. ئەوە یەکەمین و گرنگترین ناسنامەیە کە هەمە". 

زنار کزلیەل- گەنجی ئێزدی:
"من یەک ناسنامەی سەرەکی و چەندینی لاوەکیم هەیە. من خۆم پێ ئێزدییە، بەڵام ناسنامەکەم ئەوەشە کە هاووڵاتیی کوێم و بە چ زمانێک قسە دەکەم. من بە ئەڵمانی و کورمانجی و ئینگلیزی قسە دەکەم. ئەوەی زۆرتر پێیەوە گرێدراوم زمانی دایکمە کە کورمانجییە".  


هەرچەندە زۆرتر لە 200 هەزار ئێزدی لە ئەڵمانیا دەژین، بەڵام هێشتاش جڤاکێکی سەت لە سەت رێکخراو نین. 

مەترسیی گەورە لەسەر گەنجانی ئێزدی لە دیاسپۆرا لەبیرکردنی زمان و ناسنامەیانە. ئەو چیرۆکانەی سەبارەت بە رابردووی خۆیان لە کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەیزانن، پڕئێشن. رەنگە نەیانەوێ جارێکی دیکە بە خەیاڵیش بیریان لێبکەنەوە. 
وەڵات کرەت- گەنجی ئێزدی:
"پێموایە گەورەترین ئاڵنگاری بۆ زۆر لە گەنجانی ئێزدی لە دەرەوە ئەوەیە کە پەیوەندییەکی وا زۆرمان پێکەوە نییە. کەمتر لەبارەی یەکترە دەزانین. ئەمە وردە وردە باشتر دەبێ. چونکە رۆژ بە رۆژ زۆرتر ئێزدی خۆیان بە ناسنامەکەی خۆیان دەناسێنن. ئەمە دەبینم کە رۆژ بە رۆژ زۆرتر ئێزدییەکان بەهێزتر خۆیان بە ناسنامەی خۆیان دەناسێنن". 

زنار کزلیەل- گەنجی ئێزدی:
"بێگومان ئاڵنگاریمان لەپێشن. پرسیار ئەوەیە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکەین. چونکە بەشێکیانمان لە باو و باپیرانەوە بۆ ماونەتەوە. ئەگەر رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە ببینەوە، ئیشاڵڵا بە یەکێتیی نێوانمان بەسەریاندا سەردەکەوین. ئەوەی گرنگە سەرەڕای ئەوەی خۆمان پێ کوردە، دەبێ هەمیشە ناسنامە ئێزدیایەتییەکەی خۆمان بپارێزین". 

وارژین خالید- گەنجی ئێزدی:
"بە بڕوای من گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم ئێمەی گەنجاندا نە ئایینەکەمانە و نە تێگەیشتنمانە لەو ئایینە. بەڵکو دایکان و باوکانن. چونکە ئەوان دەرفەتی تەواوەتی بۆ گەنجان دروستناکەن بۆئەوەی لە ئایینەکەیان تێبگەن. ئەگەر لە ئایینەکەمان باش تێبگەین دەشزانین بۆچی دەبێ بیپارێزین و بۆچی دەبێ سەدەکانی داهاتووش ئەو ئایینە بەردەوام بێت. دڵنیام ئەم نەوەیە لە دەیەکانی داهاتوودا هێندە چالاک دەبین بۆ ئایینەکەمان کە رۆڵمان دەبێ لە پاراستنی". 
لەنێو دیاسپۆرای کوردی لە ئەوروپا بینینی ئەو دیمەنانە دەگمەنە. خەڵک نۆرەی گرتووە بۆئەوەی قسە بکات. قسە لەسەر ناسنامەیەک بکات کە ئەگەر جاران خەڵک هەوڵیدابێ لێمان بستێنێ، لەمەودوا لە دیاسپۆرا مەترسی هەیە خۆمان لەبیری بکەین و لەدەستمان بچێ. 



کاوە عەلی: کاتێک دەستم بە دانانی کۆمپانیاکەم کرد دەرنەفیزێکیشم نەبوو
لەگەڵ هاتنی گەرما، خواستیش لەسەر دروستکردنی کەپری شووشەیی زۆرتر دەبێ. ئەو خواست زۆربوونە بووەتە مایەی خێر بۆ کوردێکی دیاسپۆرانشین. وەک خۆی دەڵێ رۆژانێک دەرنەفیزێکی نەبووە، بەڵام بەهۆی ئەو کەپرانەوە ئێستا بووەتە کارساز. 

ئەمڕۆژانە ئەوانەی خانوویان هەیە و لە ئەوروپا دەژین، رەنگە بیر لە دروستکردنی کەپری شووشەیی بکەنەوە. یان رەنگە لە دەوروبەریان خەڵک خەریکی دروستکردنی بن. کاوە عەلی لە ئەڵمانیا دەژیت و وەستای ئەو کەپرانەیە. ئێستا بووەتە کەسێکی سەرکەوتوو، بەڵام لەبیریەتی چۆن لە هیچەوە و بە کارکردن و خۆماندووکردن خۆی دروستکرد. ئێستا کاوە خاوەنی کۆمپانیای خۆیەتی و خەڵک لەلای کاردەکات، چیرۆکەکەی لە زاری خۆیەوە بزانن.


ناوم کاوە عەلی رەسوڵ بەروارییە و خەڵکی شاری دهۆکم، ساڵی 2001 هاتوومەتە ئەڵمانیا و کاتێک گەیشتمە ئێرە دەستم بە خوێندن کرد و سەرەتا قۆناخی ئامادەییم تەواوکرد و دواتر بیرم کردەوە کارێک بکەم کە خۆم حەزم لێی بێت و کاری خۆم بێت، واتە شاگردی هیچ کەسێک نەبم، بەڵکو خۆم خاوەن و وەستا بم و بەرهەمی خۆمم هەبێت، ئیتر ئەم کارەم کرد و کارەکەش بریتییە لە دروستکردنی کەپری زستانە و هاوینە بە ئەلەمنیۆم رووپۆشکردنی بە جام.

سەرەتا یەکەم کارم بۆ کەسێکی هۆڵەندی کرد و کەپرێکم بۆی دروست کرد، یەکەم رۆژ کە چوومە سەر کار بە ئۆتۆمبێڵی خۆم رۆیشتم و بەیانی زوو بوو، کە گەیشتم کابرای هۆڵەندی سەیری کردم و گوتی تۆ بەم دۆخەوەو هیچ کەلوپەلێکت پێی نییە و چۆن دەتوانی کەپرم بۆ دروست بکەی؟، منیش گوتم دەتوانم دروستی بکەم و هەندێک کەلوپەلم لای هاوڕێکانم پەیداکردبوو، ئینجا بەمنی گوت مادام تۆ ئەوەندە لەخۆت رازی و دەتوانی ئیش بکەی من کاتت پێدەدەم و دەرفەتت دەدەم وەرە کەپرەکە دروست بکە و هاوکاریشت دەکەم، ئینجا دەستم بە کارەکە کرد و خۆشی هەندێك کەلوپەلی بۆ هێنام و هاوکاری کردم و لە دواییدا کەپرێکی زۆر جوان و رێکو پێک دەرچوو.
کابرا هۆڵەندییەکە پێی گۆتم مادام تۆ کەسێک بووی بەو ئیمکانەتە کەمەوە هاتووی و باوەڕت بەخۆت بوو و توانی ئەو کەپرە جوانە دروست بکەی، ئەمە مانای ئەوەیە تۆ کەسێکی زیرەکی و  ئەگەر پێت خۆش بێت منیش لەگەڵت ئەم کارە دەکەم، واتە پێکەوەمان کاردەکەین و هاوکاریت دەکەم و منیش رازی بووم.
دوای ئەوەی ماوەیەک پێکەوە کارمان کرد و من توانیم کەلوپەلی کارکردن بکڕم و کاری باش بکەین و  ئیتر کابرای هۆڵەندی وازی هێنا و پێی گوتم، مەبەستی من لە هاوکاریکردنت و کارکردن لەگەڵت بۆ ئەوە نەبوو منیش کار بکەم، بەڵکو بۆ ئەوەم بوو تۆ کەسێکی زیرەکی و هاوکاریت بکەم تاوەکو لەسەرپێیەکانت بوەستی و بەتەنیا خۆت کاربکەی و پێویستیت بە هاوکاری خەڵک نەبێت.
لەو رۆژە بەدواوە کارم کرد و سەرکەوتووبووم، ئێستا کارەکەم زۆر فراوان بووەو خاوەنی کۆمپانیای تایبەت بە خۆمم و هەموو ئامێری دەستی و کارەبایی و ئۆتۆمبێل و تەواوی پێداویستییەکانی کارەکەمم هەیە.
بۆ نموونە ئەم ئامێرەم بەشێوەیەک دروست کردووە لەکاتی کارکردن خۆم نەوی ناکەمەوە و خۆم ناسووڕینم و ئازار لە پشتم دروست نابێت، هەروەها ئەو چاویلکە تایبەتەش بەکار دەهێنم بۆ ئەوەی لەکاتی کارکردن هیچ شتێک نەچێتە چاوم و ئازاری نەدات.
شتێکی دیکەی گرنگ هەیە لەکاتی کردن ئەویش پاک و خاوێنییە، بۆ نموونە ئەو خۆڵەمان کردووەتە سەر ئەو پارچە پەڕۆیە بۆ ئەوەی حەدیقەکەی پیس نەبێت و تێک نەچێت، نەک هەر ئەمە تەنانەت کاشی و دیوار و هەموو شتەکانی بە پاکی رادەگرین، دواتریش هەموو پاشماوەکانی کارەکە لە نایلۆندا کۆدەکەینەوەو فڕێی دەدەین، ئەمە کارێکی زۆر گرنگە لەم وڵاتە، بەگشتی شوێنەکە بەپاکی رادەستی خاوەنەکەی دەکەینەوە.
لەکاتی دەستپێکی کارکردنم تەنانەت دەرنافیسێکیشم نەبوو و هەموو پێداویستییەکانم لە هەڤاڵەکانم وەردەگرت، بەڵام ئێستا هەموو ئامێر و پێداویستییەکانم هەن و هەموویانم کڕی و ئۆتۆمبێلی کارکردنم هەیە و کۆمپانیام لە ئەڵمانیا کردووەتەوەو بەردەوام لەسەر کاری خۆم و زۆریش دڵخۆشم بە کارەکەم و هیچ کێشەم نییە و کارەکەشم زۆرباشە.
هەر کەسێک ئارەزووی لە ئەنجامدانی کارێک هەبێت دەبێت دەستپێبکات و بەردەوام بێت و کۆتاییەکەی هەر سەرکەوتنە، بۆ نموونە ئەم کارەم کۆتایی پێهێنا و ئیشەکەم خاوێن و رێکوپێک بوو، کە دراوسێیەکەی کارەی ئێمەی بینی و ئەویش هات و داوای کرد بۆ ئەویش دروست بکەین و بۆی دروست دەکەین و دڵنیام هەموو خانووەکانی ئێرە داوام لێدەکەن کەپر بۆ ئەوانیش دروست بکەین.

زیاد رەئووف: کوڕەکانم قەڵای دێرینی کراکۆیان ناوناوە قەڵای زنار
زیاد رەئووف چیرۆکێکی باڵکێشی هەیە لە پۆڵەند، ئەو رووناکبیر و دیپلۆماتکار و سەرمایەدارێکی کوردە، پۆڵەندییەکان وەکو باڵیۆزی کوردستان دەیناسن و زۆرتر لە نیو سەدەیە لە دیاسپۆرا دەژی، لە هەشتاکانەوە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکات و ئێستا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە پۆڵەند.
زیاد رەئووف گەنجێکی چەپی خوێنگەرم بوو لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو لەبەر شیوعیەت و ئاشکرابوونی و هەروەها لە ترسی دەستگیرکردن و مەترسی بۆسەر گیانی، کوردستان جێدەهێڵت و لە رێگەی تورکیاوە خۆی دەگەیێنێتە یەکێتیی سۆڤیێتی جاران، دواتر لەوێ بەکالۆریۆس و ماستەر لە یاسا وسیاسەت لە زانکۆیەکی مۆسکۆ تەواو دەکات، لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکان روودەکاتە شاری کراکۆی لە پۆڵەند و لەوێ دکتۆرا دەخوێنێت و ئینجا دەست بەکار دەکات لە ساڵی 1990، ئەوکاتەی کە سیستەمی حکومڕانی پۆڵەند لە سۆسیالیستییەوە دەبێتە سەرمایەداری، هێواش هێواش کاری بزنسمانی دەکات و ئێستا خاوەنی بزنسێکی گەورەیە و تەنانەت کۆشک و قەڵایەک بە 40 دۆنم زەوییەوە کە پۆڵەندییەکان وەک شانازی مێژووی خۆیان دەزانن موڵکی زیادە و خۆی خاوەنییەتی و وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
وەک خۆی باسی دەکات زۆربەی سەرۆکەکانی پۆڵەند و سەرۆک وەزیران و هەروەها سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە و چەندین سەرکردەی ئەورووپی و جیهان سەردانی کۆشکەکەی ئەویان کردووەو وێنەی یادگارییان پێکەوە چرکاندووە.
زیاد رەئووف جگە لەوەی کەسێکی سیاسی و بزنسمانە لەگەڵ ئەوەشدا کەسێکە هۆگری کولتوور و ئەدەب و هونەری کوردییە، زۆر بایەخ بە کاری هونەری دەدات و زۆرتر لە 6 هەزار کاری هونەریی دانسقەی لای خۆی پاراستوون.
چیرۆکی زیاد دوورودرێژ و باڵکێشە، هێمن عەبدوڵڵا لەگەڵ تیمی دیاسپۆرا چوونەتە پۆڵەند و لە کارێکی مەیدانی ناوازەدا چیرۆکی سەرکەوتنی زیاد لە دەمی خۆی بۆ بینەرانی دیاسپۆرا دەگێڕێتەوە.
زیاد رەئووف، دیپلۆمات، بزنسمان، کوڕی ماڵباتێکی ناسراوی هەولێرە، زۆرتر لە نیو سەدەیە لە دیاسپۆرا دەژی، کۆکەرەوەی شەش هەزار کاری ناوازەی هونەرییە.
ساڵانی حەفتا لەبەر شیوعیایەتی و ئاشکرابوونی پیرە هەولێری بەجێهێشتووەو لە رێگەی تورکیاوە گەیشتووەتە رووسیا، کەچی ئێستا لە کۆشکەکەی خۆی لە کراکۆی پۆلەند کە یەکێک لە جوانترین شارەکانی ئەوروپایە چیرۆکی دیاسپۆرانشینی خۆی دەگێڕێتەوە.
ئەو کۆشکەی یەکێکە لە سامانە مێژووییەکانی پۆڵەند و زۆر سەرکردە و سەرۆکی جیهان سەردانیان کردووە.
زیاد رەئووف"هەر لە سەرەتا لێغڤەوانسا کە هەموو سیستەمی گۆڕی لە پۆڵەند و  ئەلێکساندەر کرانێفشسکی کە دە ساڵ سەرۆکی پۆڵەند بوو، ئەو بڕیاریدا پۆڵەند بەشدار بێت لە ئۆپەراسیۆنی رووخانی سەددام، خوالێخۆشبوو مێزاڤسکی ئەو یەکەم سەرۆک وەزیرانی پۆڵەند بوو  دوای گۆڕینی سیستەم و کەسێک بوو زۆر دۆست و نزیکی کورد بوو، زۆرجار دەهاتە ئێرە باسی کوردمان دەکرد و هەمیشە پشتیوانی دەکردین".
"ئەمە توسکایە کە سەرۆکوەزیران بوو، ئەمەش وۆلفا سەرۆکی ئەڵمانیا بوو، لەگەڵ سەرۆکی پۆڵەند هاتنە ماڵەکەم و دیاریێکیان پێدام، کامارۆڤسکی کە پێشتر سەرۆکی پەرلەمان بوو دواتر بووە سەرۆکی وڵات و ئەویش هاتە ماڵەکەم، هەروەها پێتەرینگ کە سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا بوو هاتە ماڵەکەم، ئەمەش باڵسەرۆڤیچ کە دامەزرێنەری سیستەمی ئابووری پۆڵەندە و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی پۆڵەند بوو هاتە ماڵەکەم و پشتیوانی خۆی پیشاندا ئەگەر کوردستان پێویستی بە ئەزموون و سیستەمی پۆڵەند بێت ئەو ئامادەیە هاوکاری بکات و راوێژکاری بکات". 
"دواین کەس کە هاتە مالەکەم کامۆرۆڤسکی سەرۆکی پۆڵەند بوو، لەگەڵ ئارامی کورم پێکەوە بوون و ئارامی کوڕم باسی پایسکلی بۆ دەکرد ...  بەردەوام میوان و خەڵک دێن بۆ لام پۆڵەندییەکان شانازی بەوە دەکەن کە ئێرە بەشێک لە مێژووی ئەوانە و  پارێزراوەو نۆژەنکراوەتەوەو لەلایەن کوردێکەوە".

زیاد رەئووف باسی ژیان و خوێندنی خۆی دەکات کاتێک لە مۆسکۆ بووەو دەڵێت"سەرەتا دەستم بە خوێندن کرد لە ئەندازیاریی بیناسازیی، بەڵام دوای چەند مانگێک چاوەکانم کز بوون، چونکە خوێند ئەوکات زەحمەت بوو  هەموو وێنە و نەخشەیەک ئەو کات بەدەست دەکرا و دەبووایە چەندین کاژێر لە نزیکەوە سەیری بکەی و ئیتر لیژنەی پزیشکی بڕیاریاندا کە پسۆرییەکەم بگۆڕم، دەنا تاوەکو خوێندنەکەت تەواو دەکەم چاوەکانم لەدەست دەدەم، ئیتر وازم هێناو چوومە بەشی یاسا و سیاسەتەم خوێند.
من هەمیشە لە کوردستان و مۆسکۆ چالاک بووم و لەلایەک بەرپرسی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان بووم و لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی خوێندکارانی بیانی لە نێو زانکۆ هەبوو و من سەرپەرشتیم دەکرد و مانگێ جارێک کۆبوونەوەم پێدەکردن و لەگەڵ ئەنجوومەنی زانکۆ و رێکخراوی خوێندکاران، ئەو کات دەنگم وەک دەنگی سەرۆکی زانکۆ وابوو لە کۆبوونەوەکاندا.
بەڵام دوای ئەوەی دۆخەکەم بینی و ناڕەزایەتییم دەربڕی، ئیتر لە ساڵی 1983 وازم لە کاری حیزبایەتی و رێکخراوەیی هێنا و وازم لە حیزبی شیوعی هێنا و لەنێو زانکۆ من ئێسکم گران بوو وەک لە کوردەواری دەڵێن، دوای ئەوەی وازم لە سەرپەرشتی رێکخراوی خوێندکارانی بیانیش هێنا کەسێکی هیندیان لە شوێنم دانا.
ئەوکات گفتوگۆ و موناقشەی تووندمان دەکرد، بۆ نموونە مامۆستایەکمان هەبوو  لە فاینانس، باسی ئەوەی دەکرد کە کیلۆی گۆشت لێرە بە 2 رۆبلە کە دەکاتە پەنجا سەنتێک، بەڵام لە ئەمریکا لە نێوان 7 بۆ 10 دۆلارە، ئەوکاتە قوتابییەکی رووسی کەلەرەق هەبوو ئاوڕی دایەوە پشتەوە کە نزیکەی 100 کەس دەبووین و لەنێویشیاندا نزیکەی 70 کەسی بیانی بووین، ئەو گەنجە رووسیە بە ئیهانەوە گوتی بیانییەکان تێر گۆشت بخۆن هەتا لە یەکێتیی سۆڤیێتن، من دەمارم گیرا و هەستام و گوتم ئەو گۆشتەی ئێوە دەیخۆن و بە سەعات نۆرەی بۆ دەگرن، لای ئێمە سەگیش نایخوات".

هاوینی ساڵی 1985 خوێندنەکەم تەواو کرد، چارەم نەما و هەندێک هاوڕێی پۆڵەندیم هەبوو کە خوێندکاربوون لە مۆسکۆ ئاگاداری دۆخی من بوون، زوو زوو یەکدیمان دەبینی و یەکێکیان دەرچووی بەشی یاسا بوو خەڵکی کراکۆف بوو. ئەو گوتی زیاد وەرە بابچینە کراکۆف من هاوڕێی زۆرم لەوێ هەن و  هەوڵبدەین بتوانین لەوێ دکتۆرایەکەت تەواو بکەی. ئیتر رازیبووم و هاتین و چووینە زانکۆ و  چەند مامۆستایەکمان بینی کە هاوڕێی ئەو هاوڕێیەم بوو، ئەوان رازی بوون و منیش رازیبووم و زۆر حەزم بە شاری کراکۆف کرد کە شارێکی هونەری و کولتووری و جوان بوو.
سەبارەت بە دۆخی ماددی ئەوکاتیش کاتێک هاتمە کرافۆک پارەی مانگێک خواردن و نووستنم هەبوو، بەڵام لێرە کە قبووڵی منیان کرد زەمالەیەکم وەرگرت و ئەگەر لە بازاڕ بتگۆڕیبایەوە نزیکەی 15 دۆلاری دەکرد، بەهەر حاڵ ئیتر لە بەشی نێوخۆی قوتابیان مامەوەو  شتەکان هەرزان بوو، واتە ئەوەی باسی دەکەم ساڵی 1986 بوو.

کاتێک ساڵی 1990 سیستەم لە پۆڵەند لە سۆسیالیستیەوە بووە سەرمایەداری دۆخی پۆڵەند بەگشتی گۆڕا، من لەگەڵ دۆخەکە راهاتبووم و دەستم بە کارکردن کرد لە رێستۆرانت و هۆتێلەکان، چونکە بە گۆڕینی سیستەمەکە رێگە بە ئێمە درا کاربکەین و هەروەها چەندین هۆتێل و رێستۆرانت و کارگە لە پێدانی باج بەخشران، ئەوەبوو من لە ساڵی 1990ەوە دەستم بە کارکردن کرد و رێستۆرانتێکم لەنێو زانکۆ کردەوە بۆ قوتابییە بیانییەکان کە دەهاتن یەکەمجار زمانی پۆلەندی فێردەبوون، لە یەکەم رۆژمەوە کەلە پۆڵەند ژیام لە بەشی نێوخۆیی قوتابیان مامەوەو پەیوەندیم لەگەڵ کۆمەڵێک قوتابی دروست کرد کە سەرپەرشتی بەشی کولتووری زانکۆیان دەکرد و من خۆبەخشانە لەگەڵیان کارم دەکرد بەردەوام فێستیڤاڵی جۆراوجۆر دەکرا.
من دەبوومە یاریدەدەر و بەشداریم دەکرد و ئێواران خواردنم دروست دەکرد و برادەرەکانم دەهاتن و دواتر پێیان گوتم زیاد دوای ماوەیەک رێستۆرانتێک لەنێو بەشێکی زانکۆیەکە دەکرێتەوە تایبەت بە قوتابیانی بیانی زانکۆیەکە، بۆ هەوڵنادەی تۆ وەریبگری، ئیتر وادەرچوو کە زانکۆ ئۆفەرەکەی منی بەراورد کرد لەگەڵ چەند کۆمپانییەکەی کۆنی ئەوکاتی سۆسیالیستی کرد، ئەوەبوو هیمنیان هەڵبژارد و ئەوەبوو منیش دەستم پێکرد لە ساڵی 1990.

ئەمە یەکەم بزنسم بوو، دوای چەند ساڵێک کە کەوتمە سەر رێگەی خۆم و داهاتێکی باشم پەیداکرد و هەوڵمدا شتێک بکەم خۆم دروستی بکەم و زۆر شوێن گەڕام، تاوەکو گەیشتمە ئەو شوێنەی ئێستا لێین ئەوکات، ئێرە  چەند ساڵێک بوو داخرابوو، دواتر ببووە کێڵگەی بەخێوکردنی بەراز  و هەروەها کرابووە جێگەی سەربڕینی ئاژەڵ و فرۆشتنی گۆشت، بۆیە ئێرە بۆگەنی ببوو، زۆر پیس بوو، بەهۆی گۆرانکاری ئابووری و قەیرانی دارایی لە پۆڵەند ئێرە دەستنیشانکرابوو بۆ فرۆشتن خاوەنە کۆنەکەی وەک بڵێی ئاغایەکی گەورەی ئێرە بوو خاوەنی دەیان دۆنمی زەوی بوو، دوای جەنگی دووەمی جیهانی کە وڵات بووە سۆسیالیستی و زەوییەکان خرانە نێو چاکسازی کشتوکاڵی، تەواوی زەوییەکانی دابەشکران، بەڵام ئێرە نزیکەی 40 دۆنمێک زەوییان هێشتەوە کە وەک کێڵگەیەکی بەخێوکردنی ئاژەڵ و سەربڕین و فرۆشتنی گۆشت بەکاردەهێنرا.

بەهۆی ئەوەی شوێنەکە کەلاوە بوو بەڕاستی ئەوکات وێنەی زۆرم گرتوون و  ئیتر بڕیارم دا شوێنەکە بکڕم و ئاوەدانی بکەمەوە، ئەوکات کەسوکار و هاوڕیێکانم دەیانگوت تۆ تێکچووی، پۆڵۆنییەکان ناتوانن ئێرە ئاوەدان بکەنەوە ئێرە بۆ هیچ شتێک گونجاو نییە و وازی لێبێنە، بەڵام من گوێم پێنەدان و  ئیتر لە ساڵی 1997 نەخشەو کارەکانیم دەستپێکرد و  نۆژەنم کردەوەو لە ساڵی 2000 تەواوم کرد.

ئێستا ئێرە وەک مەزرەعەیەکی زۆر گەورەیە و هۆتێل و رێستۆرانتی تێدایە و هەوەها هۆڵی گەورە بۆ بۆنە و ئاهەنگێڕانی تێدایە و بووەتە شوێنێکی ناسراوی پۆڵەند و هەروەها ماڵی خۆشمی تێدایە.

کۆشکەکەم دوو نهۆمە، نهۆمی سەرەوەی تیکەڵەیەکە لە پۆڵەندی و کوردی، بەڵام نهۆمی ژێرەوەی تەنیا کوردییە و کاتێک بێ تاقەت دەبم دەچمە ئەوێ، بەپێی رێنماییەکان دەبوایە شوێنەکە بەهەمان وێنە و دیزاینی پۆڵەندییەکان یاخود پێشتر چۆن بووە ئاوا نۆژەنی بکەمەوە،  بەڵام پێویستم زانی کە بەشێکی ماڵەکەم بەشێوەیەک دروست بکەم کاتێک خۆم و دوو کوڕەکەم بچینە ئەو شوێنە هەست بکەین کە ئێرە کوردستانە، کاتێک ماندوودەبم و بمەوێ ئیسراحەت بکەم دەچمە نهۆمی ژێرەوە، کە چوار کۆگای تێدایە، یەکێکیان تایبەتە بە بەرهەم و هونەر و ئەدەبی کوردی هەمووشی ئۆرجیناڵن.

لێرە قەڵایەکی گەورەی هەیە و کۆنە، ناوی قەڵای زنارە و ناوێکی کوردییە، کوڕەکانم ئارام و ئالان ناوەکەیان هەڵبژارد و ناویان نا زنار، ئەوان لەگەڵ ئەحمەدی کوڕی خوشکم کاری سەرپەرشتی قەڵاکە دەکەن و بەڕێوەی دەبەن.
لە ساڵی 1990 من لەو قەڵایە رێستۆرانتێکم دروستکرد و ئاوەدانم کردەوە، بەڵام ئێستا کوڕەکانم بەڕێوەی دەبەن و  مێژووی دروستکردنی قەڵاکەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی، کاتێک ئەڵمانیا پۆڵەندی داگیرکرد، لێرە ئەو قەڵایەیان دروست کرد وەک شوێنی حەوانەوەی فڕۆکەوانانی ئەڵمانی.

لە پۆڵەند خاوەنی بزنسی گەورەم، بەڵام لە کوردستان هیچ بزنسێکم نییە، بەهۆی ئەوەی کاتم نییە و تەنانەت ئێستا هەموو بزنسەکانم کوڕەکانم و کوڕی خوشکێکم بەڕێوەی دەبەن، بەهۆی ئەوەی من نوێنەری حکەمەتی هەرێمی کوردستانم لە پۆڵەند کاتی بزنسم نییە، نەمویستووە کاری سیاسەت و بزنس تێکەڵ بکەم.

لێرە بیرکردنەوەی درێژخایەن بۆ بزنس هەیە، بۆ نموونە کارێک دەکەی بەرهەمەکەی دوای پێنج ساڵ دەخۆی، بەڵام ئەم جۆرە بزنسە لە کوردستان نییە، بەتایبەت دوای ساڵانی 2005ەوە هەمووی لەسەر ئەوەبوو کام بزنس زوو پارە دێنێت ئەویان دەکرد، ئەمە دوورە لە بیرکردنەوەو تێگەیشتنی من، من زۆرحەز دەکەم شتێک بکەم رۆژانە بە ملاکێک شتێک بخۆم و دوای چەند ساڵێک بەرهەمەکەی بە باشی بخۆم، نەک بە جارێک ببێتە پاروویەک و ئینجا پێت قووت نەدرێت. لە پۆڵەندش هەندێک بزنسمان هۆتێل لەنێو شاردا دروست دەکەن و کاردەکەن، بەڵام من حەزم لەو جۆرە نییە و تەنانەت کوڕەکانیشم وەک من بیردەکەنەوە لەوڕووەوەو دەڵێن ئەو شوێنی ئێمە هەمانە دووبارە نابێتەوە.