هوڵەندا.. رۆژنامەڤانێکی کورد ماوەی 8 رۆژە دەستگیرکراوە

31 May 2024
هوڵەندا.. رۆژنامەڤانێکی کورد ماوەی 8 رۆژە دەستگیرکراوە
هوڵەندا.. رۆژنامەڤانێکی کورد ماوەی 8 رۆژە دەستگیرکراوە

لە هۆڵەندا رۆژنامەڤانێکی خەڵکی باکووری کوردستان دەستگیر کراوە کە زۆرتر لە بیست ساڵە لەو وڵاتە دەژیت.

سەردار کاراکۆچ رۆژنامەڤانی کورد مانگی رابردوو لەلایەن پۆلیسی هۆڵەندا دەستگیرکراوەو  نزیکەی 10 رۆژە لە زیندانەدایە، لەکاتێکدا چەند رۆژ پێش ئێستا دادگایەک لە شاری هیرلنی هۆڵەندا بڕیاریدا بۆ سێ هەفتەی دیکەش ئازاد نەکرێ. پۆلیس و دادگای هۆڵەندیش هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردووەتەوە کە کاراکۆچ لەسەر چی گیراوە.

هەندێک لە چالاکڤانانی هۆڵەندی دەڵێن رەنگە لەژێر گوشاری تورکیادا ئەمە کرابێ، چونکە کاراکۆچ لە میدیاکانی نزیک لە پەکەکەدا نووسیویەتی و کاریکردووە.

سەردار کاراکۆچ کوردێکی عەلەوییە و لە ساڵانی شەست لە دێرسم لەدایکبووە. لە هەشتاکانەوە کاری میدیایی دەکات و لە نەوەتەکان یەکێک لە بەڕێوەبەرانی رۆژنامەی (ئۆزگور گیوندەم) ی کوردی بووە، کە دواتر دەوڵەتی تورکیا رۆژنامەکەی داخست. لە ساڵی 2001ەوە کاراکۆچ هاتووەتە ئەورووپا و لە هۆڵەندا مافی پەنابەریی وەرگرتووە
 
ژمارەیەک خانمی کورد بەربژێرن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا

هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا دەستپێدەکەن. جگە لە دوو بەربژێر کە ئێستا پەرلەمانتارن، خانمێکی دیکەی کوردیش لە سوێد خۆی بەربژێر کردووە.

هەفتەی داهاتوو 373 ملیۆن هاووڵاتیی ئەورووپا مافی دەنگدانیان دەبێ بۆ پڕکردنەوەی 720 کورسیی پەرلەمانی ئەورووپا. 
لەنێوان رۆژانی 6 تاوەکو 9ی ئەم مانگە، لە 27 وڵات هەڵبژاردن دەکرێن. هەرچەندە پەرلەمانی ئەورووپا جیاوازە لە پەرلەمانی وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام لێرە پێیدەڵێن پەرلەمانی پەرلەمانەکان. لەگەڵ ئەوەشدا بانگەشەکانی هەڵبژاردن بۆ ئەو هەڵبژاردنە بەو گەرموگوڕییە نین کە بۆ هەڵبژاردنی وڵاتان دەکرێن. 

بەپێی زانیارییەکانی دیاسپۆرا بەربژێرانی کورد بۆ پەرلەمانی ئەورووپا هەموویان خانمن. دوویان ئێستا پەرلەمانتاری ئەورووپان. 
ئەڤین ئینجیر لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکان لە سوێد و ئۆزلەم دەمیرەل لەسەر لیستی چەپەکان لە ئەڵمانیا. لەتەنیشت ئەوانیش خانمانی دیکەی کورد هەن کە بەربژێرن. یەکێک لەوانە دیانا غەفوورە، کە ئەویش لە سوێدە.

دیانا غەفوور میوانی دیاسپۆرا بوو. لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئەو خۆی بەربژێرکردووە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی خولی داهاتووی پەرلەمانی ئەورووپا و جگە لەوەی دەیەوێ نوێنەرایەتی گەلی سوێد بکات و لە پەرلەماندا، هاوکات دەشیەوێ ببێتە پاڵپشت و هاوکاری بۆ دۆزی نەتەوەکەی.

دیانا غەفوورکە کە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ستۆکهۆڵمە دەڵێت" دەمەوێ کاتێک بووم بە ئەندامی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لەوێوە کار بۆ نەتەوەی کورد بکەم، چونکە ئەوێ شوێنێکی گونجاوە بۆ ئەمە و دەتوانین پشتیوان و هاوکاربین بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد، ئەمیش بە هاوکاری دۆستەکانمان لە پەرلەمانداو گوشار دروست بکەین بۆ ئەوەی یەکێتییەکە هیچ نەبێت رێگە لە دوژمنکاریی دوژمنانی کورد بگرێت و مامەڵەیان لەگەڵ نەکات".

دیانا غەفوور کە لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد خۆی بەربژێر کردووە دەڵێت"باوکم کەرکووکییە و لەوێ لەدایکبووە، هەروەها دایکیشم خەڵکی شاری ئیلامە و خۆشم لە سوێد لەدایکبوومە، بەڵام کوردم و شانازی بە کوردبوونی خۆمەوە دەکەم".

دیانا غەفوور کە لە تەمەنی 19 ساڵییەوە ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێدەو ئێستا بەربژێری ژمارە 17ی پارتەکەیە و دەڵێت" کوردی سوێد لە هەموو شارەکان پاڵپشتی دەکەن و پرۆپاگندەی بۆ دەکەن". هەروەها دەشڵێت" گرفتێکی گەورەی ئێمە ئەوەیە، پەنابەران لە سوێد دەنگ نادەن، لە کاتێکدا لە ئەورووپا تووندئاژۆکان و ئەوانەی دژی کۆچبەرانن رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبن، ئەمە کاریگەری خراپی بەسەر کۆچبەران دەبێت، بۆیە گرنگە هەموو کۆچبەران بەتایبەتی کوردی سوێد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگ بدەن".


کۆچبەرێکی کورد: لێرە وەکو مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ کۆچبەران ناکرێت 

لە دیاسپۆرای هەفتەکانی رابردوودا زانیاریی زۆر لەسەر چۆنێتیی وەرگرتنی ڤیزا و وەرگرتنی مافی مانەوە بە رێگەی یاسایی لە ئەڵمانیا بڵاوکرایەوە. ئەمجارە چیرۆکی سەرنجڕاکێشی کۆچبەرێکی کورد دەگێڕینەوە کە لەگەڵ ماڵباتەکەی مافی مانەوەی 5 ساڵییان لە پۆرتوگال وەرگرتووە، بەڵام بڕیاریداوە بچێتە ئەڵمانیا. بەو هیوایەی ژیانێکی خۆشتری هەبێ لەوەی لە پۆرتوگال دەیبوو. کەچی لە ئەڵمانیا شتێکی دیکە دەبینێ. 


خانەوادەیەکی کورد کە ساڵی ٢٠١٥ کوردستانیان جێهێشتووە و بەمەبەستی هەبوونی ژیانێکی باشتر روویان لە ئەورووپا کردووە و سەرەتا لە تورکیا ماونەتەوە بۆ ماوەی ٨ ساڵ و دۆسیەکەیان پێشکەشی یوئێن کردووە لەو وڵاتە، بەڵام وەڵامیان نەبووە دواتر بە قاچاخ خۆیان دەگەیێننە پۆرتوگال و دوای بەدەستهێنانی مافی مانەوە و وەرگرتنی مافی مانەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ، بەهۆی سەختی ژیانیان پۆرتوگال جێدەهێڵن و روو دەکەنە ئەڵمانیا، کەچی هەر بەگەیشتنیان بە ئەڵمانیا دەگوازرێنەوە بۆ کەمپ.

کۆچبەرە کوردەکە کە نەیویستووە ناو و رووخساری ئاشکرابێت دەڵێت "ناکرێت مافی مانەوەی وڵاتێکی دیکەی ئەوروپیمان هەبێت و لە ئەڵمانیاش بمانخەنە ناو کەمپێک کە ژمارەیەکی زۆر ئالوودەبووی مادەی هۆشبەری تێدایە بەتایبەتی کە منداڵەکانمان لەگەڵە کە کوڕ و کچێکی ١٥ ساڵان و ١٩ ساڵانن . کۆچبەرە کوردەکە دەڵێت"لێرە وەک مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ کۆچبەران ناکرێت".

کۆچبەرە کوردەکە دەڵێت"لێرە وەک مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ کۆچبەران ناکرێت و تەنیا داواکاریم ئەوەیە وەک مرۆڤ مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت و بهێڵن خۆم کار بکەم ، وەک خۆی دەڵێت زمانی تورکی دەزانێت و بەو پێیەی رەوەندی تورکی لە ئەڵمانیا زۆرە دەتوانێت بەئاسانی کاری دەستبکەوێت". هەروەها باسی ئەوەش دەکات کە پەیوەندی بە چەند کەناڵێکی دیکەی کوردییەوە کردووە بۆئەوەی چیرۆکی ئەو کۆچبەرە بگەیێنن کەس بەدەم داواکارییەکەوە نەهاتووە، بەڵام کە پەیوەندی بە رووداوەوە کرد رۆژی دواتتر هاتن و پەیام و کیشەی ئەویان گەیاند.

چیرۆکی گەنجێکی سەرکەوتووی کورد لە ئەڵمانیا 

دوای ئەوە خەڵات کەریم کە بەڕێوەبەری بەشی رێنمایی دەروونی و کۆمەڵایەتیی رێکخراوێکی ناسراوی ئەڵمانییە. باسی چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی و کێشەکانی کۆچبەران لە ئەڵمانیای لەگەڵدەکەین 

ئەڵمانیا هانی کۆچی یاسایی دەدات و هەوڵدەدات دەستی کار بهێنێتە ناوەوە. هاوکات هەموو رێگەیەک دەگرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لە کۆچی نایاسایی. بۆیەش بڕیاریداوە جگە لە نەمسا، لەگەڵ چیک و پۆڵەند و سویسراش تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئۆپەراسیۆنەکانی پشکنینی سەر سنوور بۆ رێگەگرتن لە کۆچی نایاسایی درێژبکاتەوە. 

یەکێک لەو کەسانەی بەشێوەی یاسایی هاتە ئەڵمانیا و لێرە بە خوێندن و کاریگەریی خۆی و بە ماوەیەکی کەم بووە کەسێکی سەرکەوتوو خەڵات کەریمە، ئێستا لە رێکخراوی بوندەهاوس دیاکۆنیا بەڕێوەبەری بەشی رێنمایی دەروونی و کۆمەڵایەتییە. بڕیاریشە ئەمساڵ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەو هەرێمەدا بکات کە تێیدا دەژیت، بۆئەوەی ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا.

خەڵات کەریم شێروانی، خەڵکی شاری هەولێری باشووری کوردستانە و ئێستا دانیشتووی شاری تۆپینگنە لە هەرێمی بادون بوتنگبێرگە لە ئەڵمانیا، دوای تەواوکردنی بەشی ئەدەبیات لە زانکۆی سەڵاحەددین، لە دەزگای روانگە کاردەکات و دواتر لە رێگەی پڕۆژەی تواناسازی دادی ئەڵمانیا بۆ خوێندنی ماستەر روودەکاتە ئەڵمانیا و ئێستا بووەتە هاووڵاتی ئەو وڵاتە.

خەڵات کەریم ئیستا خۆی بەربژێرکردووە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەنجوومەنی شاری تۆپینگن لەسەر لیستی تۆپینگنە و لیستەکەیان پێکهاتووە لە چەندین پسپۆری جیاجیا جگە لە ئەڵمانە رەسەنەکان چەندین کەسی بیانی دانیشتووی ئەڵمانیا لە نەتەوە و رەگەزی جیاواز و ئێستا خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردنن کە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و دەیانەوێ ببنە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا و شارەکە.

خەڵات کەریم میوانی دیاسپۆرابوو لەو بارەیەوە رایگەیاند، گرنگە خەڵک بەتایبەتی کوردی دانیشتووی هەرێمەکە بەشداریی لە دەنگداندا بکەن و داوا دەکات دەنگی پێبدەن و دەڵێت" دەمەوێ زمانحاڵی کوردی ناوچەکە بم و لەکاتێکدا نزیکەی 30%ـی خەڵکی پارێزگای توبینگن کوردن کە پێکهاتووە لە 15 شارو شارۆچکە".

خەڵات کە ئێستا ماستەری دووەم دەخوێنێت لە بواری بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیدا دەڵێت" دەمەوێ بچمە نێو سیاسەتی ئەڵمانیا، چونکە سیاسەت پڕۆژە و پێشکەوتنە و گرنگە بۆ پێشکەوتن، بۆیە بڕیارمدا منیش بچمە نێو ئەو پرۆسەیە و بەشداری بکەم، لەو رێگەیەوە هاوکاری کوردی دانیشتووی هەرێمەکە بکەم و پشتیوانی کۆچبەران بکەم، وەک چۆن لە رێکخراوەکەماندا پشتیوانیمان کردوون".

خەڵات کەریم روونیکردەوە کە دیاسپۆرای کوردی لە شاری توبینگن لە سیاسەتدا چالاک نین، ئەوانەی لەگەڵ رێکخراوەکاندا کار دەکەن ژمارەیان کەمە، بەڵام لە کاری سەربەخۆ  زۆر چالاکن و ئیشکەرن، بۆیە دەیەوێ بە گەیشتنی بە ئەنجوومەنی شاری توبینگن کوردی دیکەی پارێزگاکە هانبدات و ئەوانیش لە داهاتوودا ببنە ئەندامی ئەنجوومەنەکە.

خەڵات کەریم ژمارە 39یە بۆ ئەنجوومەنی شارەوانی توبینگن و هەروەها ژمارە 13یە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا.

راپرسییەک: کۆچبەران کەمتر سوود لە پارەی خەزێنەی دەوڵەتانی ئەورووپا وەردەگرن

توێژینەوەیەکی باڵکێش کراوە کە دەریدەخات کەسانی خاوەن باکگراوندی کۆچبەری کەمتر ئەرکن لەسەر خەزێنەی دەوڵەتانی ئەورووپا لو چاو ئەوانەی خەڵکی رەسەنی  کیشوەرەکەن. 
تیمێك لە زانکۆی (لایدن)ی هۆڵەندی بۆ ماوەی 11 ساڵ لەو خەرجییانەیان کۆڵیوەتەوە کە لە 15 وڵاتی ئەورووپی بەهۆی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەونە سەر خەزێنەی دەوڵەت. بۆنموونە بۆ خەرجیی نەخۆشی و خزمەتکردنی بەساڵاچووان و وەرگرتنی یارمەتیی دارایی بۆ بێکاری یان نەخۆشی. 

ئەو توێژینەوەیە دەریخستووە کە ئەوانەی باکگراوندی کۆچبەرییان نییە زۆرتر بەرەو پیری دەچن و کەمتر کاردەکەن. بەمەش هەم کەمتر باج دەدەنە دەوڵەت و پارە دێننە نێو خەزێنە هەمیش زۆرتر پێویستیان بە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانە.

ئەم داتایانە بۆیە گرنگن، چونکە بەپێی راپرسییەکان، لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەورووپادا، کە هەفتەی داهاتوو دەکرێن، ئەو پارتانەی دژی کۆچبەرانن زۆر بەهێز دەبن و کورسیی زۆر دەبەنەوە. ئەو پارتانە دەڵێن کۆچبەران بارێکی گەورەن بەسەر خەزێنەی دەوڵەتەوە.

دانیمارک.. کارسازێکی کورد دەرفەتی کار بۆ دەیان گەنج دروستدەکات
لە دانیمارک گەدرۆ کۆبانی هەیە و گەنجێکی کوردە و چیرۆکێکی سەرکەوتنی بالکێشی هەیە.
گەندۆ نەبووەتە دە ساڵ لە دانیمارک دەژیت، بەڵام جگە لە خۆی بووەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ زۆر کۆچبەری دیکەش لە دانیمارک. یەکێک لەو کارانەی کە گەدرۆ دەیکات گواستنەوەی دانیمارکییە بەتەمەن و خاوەن پێداویستیی تایبەتەکانە بۆ ئەو شوێنانەی خزمەتگوزاریی تەندروستی و کۆمەڵایەتییان پێشکەش دەکەن.

گەدرۆ کە بەشی فەرەنسی زانکۆی ‌حەلەبی تەواو کردووە ، لەدوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سووریا ساڵی ٢٠١١ ئەو وڵاتە جێدەهێڵێت و دەچێتە لوبنان و جەزائیر و دواتر لە ئەورووپا دەبێتە کۆچبەر.

گەدرۆ کۆبانی کە هێشتا نەبووەتە دە ساڵ لە دانیمارک دەژیت ئێستا کارسازێکی گەورەیە و دەرفەتی کاری بۆ دەیان گەنجی دیکەش رەخساندووە کە زۆربەیان کوردن ، گەدرۆ باسی سەرەتای دەستکردن بەکارکردن دەکات و دەڵێت" سەرەتا تەنیا بە یەک ئۆتۆمبێل کۆمپانیایەکی گواستنەوەم دامەزراند و هەر خۆشم شۆفێر بووم سەرەتا کە بە ئۆتۆمبێلی کۆمپانیا کارم دەکرد، بەڵام ئێستا خاوەن ٣٠ ئۆتۆمبێل و ٣٤ شۆفێرم".

کۆمپانیاکەی گەنجە نەخۆش و بەساڵاچوو دەگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانە و کلینیکەکان. گەدرۆ کۆبانی لە سەرەتاوە کە گەشتووەتە دانیمارک بە کرێکاری و کاری وەرگێران دەستی بەکار کردووە.

گەدرۆ دەڵێت"دەمەوێ ئەوە نیشانبدەم کە کۆچبەران هەر تەنیا بارگرانی نین بەسەر ئەو وڵاتانەوە کە بۆی دەچن، بەڵکو کەسانی وەک ئيمەش هەن کە زوو دەبنە خاوەنکاری خۆیان و دەتوانن هەلی کار بۆ خەڵکی دیکەش بڕەخسێنن"


کوێکن-هۆف دەکەويتە نزیک ئەمستەردام و بە گوڵ بەناوبانگە

یەکێک لە جوانییەکانی بەهار لە هەر جێیەکی دنیا بین، بینین و بۆنکردنی گوڵە. گوڵی تازە پشکوتوو و رەنگاوڕەنگ. ئەوەی زۆرتر سەرنجی من رادەکێشێ پشکوتنی گوڵە لەو شوێنانەی کە سەختن و دەوروبەرەکەی هەمووی بەرد و شتی دیکەیە. بۆیە یەکسەر مۆبایلەکەم دەردەهێنم و وێنەیەکی ئەو گوڵە ئازایە دەگرم. جا بیهێنە پێشچای خۆت بچیتە شوێنێک بە هەزاران گوڵ بەجارێک پشکوتبن و هەموو رەنگێکیان تێدابێ و پڕیش بێ لە مرۆڤ کە هاتبن چێژ لەو جوانی و بۆنخۆشییە ببینن. 
ئەمە خەیاڵ نییە و لە کوێکن-هۆف لەنزیک ئەمستەردام هەیە. شوێنێک ساڵانە لە بەهاردا هەزاران کەس روویتێدەکەن کە لە سەرتاسەری جیهانەوە هاتوونە. بزانن دوو ماڵباتی کورد چۆن باسی ئەزموونی خۆیان لەنێو گوڵ و گوڵزاری هۆڵەندا دەکەن.

ئێما و نۆوا کە دوو کجی گەنجی هۆڵەندین لە باکووری وڵاتەکەوە هاتوون بۆ بینینی جۆر و رەنگی جیاوازی گوڵ دەڵێن " دوو رۆژ پشوومان هەبوو هاتووینەتە ئێرە چونکە پێمان شوێنێکی خۆشە و خەڵکیش باسیدەکەن، هەروەها زۆر وێنەی ئێرەمان بە ئۆنلاین بینیبوو ،بۆیە حەزمانکرد سەردانی بکەین، زۆر کەس لە هۆڵەندا تەنانەت دەرەوەش ئێرەیان پێ شوێنێکی زۆر گەشتیارییە".
ئیما دەڵێت"بۆیە حەزمان لێبوو جارێک بیبینین. شوێنێکی زۆر خۆشە و زۆر جوانیش رێکخراوە. هەموو باخچەکان و هەموو گوڵەکان زۆر جوانن"


پێتەر کە گەشتیارێکی هۆڵەندییە دەڵێت"ئێمە بۆ رۆژێک هاتووینەتە ئێرە. لە نزیک شاری ئارنهێمەوە هاتووین و لەو دەورووبەرانە دەمێنینەوە. کچە بچووکەکەمان پشووی هەبوو لە قوتابخانە، بۆیە گوتمان با چەند رۆژێک پشوویەکی خۆش وەرگرین، ئەمڕۆ لە کێوکن-هۆفین.، سبەیش بۆ رۆژێک دەچینە ئەمستەردام و لەو ناوە دەخەوین. هەڵبەت ئەمە بەبۆنەی ئەوەشەوەیە کە خانمەکەم رۆژبوونیەتی. دەمانەوێ رۆژێکی خۆشمان هەبێ…. ئێمە بۆیە هاتووینەتە ئێرە، چونکە دەمانەوێ هەموو گوڵەکان ببینین. زۆر حەزمان لە هەڵاڵەیە و پێمانخۆشە لێرەین. ئەمە لە هۆڵەندایە و قەت بۆی نەهاتووین! خۆشیشە کە خەڵکی دەرەوەی هۆڵەنداش بۆی دێن".

تێسا کە فرۆشیاری دۆندرمەیە لەو شوێنە دەڵێت"رۆژێکی خۆش و قەرەباڵخە، خەڵک لە هەموو شوێنێکەوە دێن، لە سەرتاسەری جیهانەوە دێن، لە ئەمریکاوە تاوەکو چین، هەموویان دێن ئەو گوڵە جوانانە ببینن، بەتایبەتی هەڵاڵە جوانە هۆڵەندییەکانمان،کاتی کۆرۆنا خەڵکی کەمتر لێبوو یان هەر داخرابوو، بەڵام ئێستا لە هەموو کاتێک قەرەباڵخترە. ئێرە زۆر خۆشە و ئەگەر توانیتان جارێک بۆی وەرن".

دوو خانەوادەی کورد کە وەک گەشتیار سەردانی ناوچەکەیان کردووە بۆ بینینی گوڵەکان دەڵێن"ساڵانە سەردانی کێکن هۆف دەکەین" .

ئەمیر کەرکووکی کە یەکێکە لە ئەندامانی خێزانەکان قسەی بۆ رووداو کردووە و دەڵێت"ساڵانە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و بینینی ئەو جوانییە سەردانی ئێرە دەکەین و چۆن خەڵکی لە کوردستان لە بەهاراندا دەچن بۆ سەیران و گەشت ئێمەش دێینە ئەو شوێنە و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەین و خەڵکی لە هەموو وڵاتانەوە دێن بۆ بینینی ئەو باخچە پڕ لە گوڵە و ئێرە ئاوهەوایەکی سازگاری هەیە و لێرە گوێت لە دەنگی باڵندە دەبێت و بۆنی گوڵی خۆش دەکەی".