دادگەیەکی ئەڵمانیا بڕیاری ناردنەوەی کۆچبەرانی سووری دەدات

23 August 2024
دادگەیەکی ئەڵمانیا بڕیاری ناردنەوەی کۆچبەرانی سووری دەدات
دادگەیەکی ئەڵمانیا بڕیاری ناردنەوەی کۆچبەرانی سووری دەدات
بەپێی حوکمی دادگایەکی باڵای ئەڵمانیا چیدیکە کۆچبەرانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەهۆی نائارامیی وڵاتەکەیانەوە ناتوانن لە ئەڵمانیا مافی مانەوە و پاراستن وەربگرن. 
دادگای باڵای کارگێڕیی ئەڵمانیا کەیسی پیاوێکی خەڵکی سووریای یەکلایی کردەوە کە داوایکردبوو بەهۆی نائارامیی سووریاوە مافی مانەوە و پاراستنی هەبێ لە ئەڵمانیا. هەرچەندە حوکمی دادگاکە ئەم هەفتەیە راگەیەندراوە، بەڵام لە 6 هەفتە لەمەوپێش دەرچووە. پیاوە سوورییەکە مافی ئەوەی هەبووە لەو ماوەیەدا داوای تێهەڵچوونەوە بکات، بەڵام نەیکردووە و حوکمەکە بووەتە کۆتایی. 
دادگاکە، کە بارەگاکەی لە شاری مونستەرە، رایگەیاندووە کە هەرچەندە هێشتاش لە هەندێک شوێنی سووریا پێکدادان هەن، بەڵام پێویست ناکات دانیشتووانی سووریا لەترسی تووندوتیژی دژی کەسانی سیڤیل وڵاتی خۆیان بەجێبهێڵن. 
مافی مانەوە و پاراستن لە ئەڵمانیا دەدرێتە ئەوانەی داوای پەنابەرییان رەتدەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی دۆخی نائارامی وڵاتەکەیانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە و پێویستە ئەڵمانیا بیانپارێزێ. 
لەلالەیکی دیکەوە داتای نوێ پیشانیدەدەن کە ئەمساڵ ئەڵمانیا زۆرتر لە ساڵی رابردوو کۆچبەری دیپۆرت کردووەتەوە. لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 10 هەزار کەس نێردراونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان یان بۆ وڵاتێکی نێو یەکێتیی ئەوروپا. پار تاوەکو ئەمکاتانە 7861 کۆچبەر نێردرابوونەوە. 
ئەمە داتاکانی وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیان. بەپێی ئەو داتایانە زۆرترین کۆچبەری دیپۆرتکراوە هەڵگری وەڵاتینامەی تورکی بوونە. واتە خەڵکی باکووری کوردستانیشیان تێدابووە. 
جگە لەوان کۆچبەری هەڵگری وەڵاتینامەی سووریش بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا نێردراونەتەوە، چونکە لەوێ داوای مافی پەنابەرییان کردووە.

رێژەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە ئەڵمانیا 17٪ زیادیکردووە
تاوەکو ئێستا ئەڵمانیا کۆچبەرانی بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ئەفغانستان دیپۆرت نەدەکردەوە. بەڵام دوای ئەوەی کۆچبەرێکی سووری هەفتەی رابردوو هێرشێکی کوشندەی کردە سەر خەڵکی سیڤیل، لە نێوەندەکانی بڕیاردان و لە شەقامیش لە ئەڵمانیا دەنگەکان بەرزبوونەتەوە بۆ دیپۆرتکردنەوەی سووریایی و ئەفغانستانییەکان. 
زنار شینۆ پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا لەو بارەیەوە میوانی دیاسپۆرا بوو کۆمەڵێک داتا و زانیاری نوێی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لەمەودوا حکومەتی ئەڵمانیا پلانی نوێ بەرامبەر بەشێک لە کۆچبەران دەگرێتەبەر و بەردەوامیش دەبێت.
زنار شینۆ ئاماژەی بەوە کرد، کوژرانی سێ هاووڵاتیی ئەڵمانیا بەمدووایانە لەلایەن کۆچبەرێکەوە بۆچوونی سیاسەتڤانانی بەرامبەر بە کۆچبەران گۆڕیوە و گوتی"رۆژی هەینی 30/8/2024 حکومەتی ئەڵمانیا 28 هاووڵاتی ئەفغانستانی لە ئەڵمانیاوە گەڕاندەوە بۆ کابوڵ، بەهۆی ئەوەی ئەو کۆچبەرانە تاوانیان ئەنجامداوە".
سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی گەڕاندنەوەی کۆچبەران لە ئەڵمانیاوە بۆ وڵاتەکانیان زنار شینۆ گوتی" بەپێی بڕیارەکانی حکومەت هەر کۆچبەرێک لە ئەڵمانیا سزای دادگەی لەسەر بێت راستەوخۆ دەگەڕێندرێتەوە، بەڵام ئەو کۆچبەرانەی پابەندی یاسای ئەڵمانیا بن و کێشە نەنێنەوە ناگەڕێندرێنەوە".
زنار شینۆ گوتیشی" لەکاتێکدا ئەڵمانیا بەرەنگاری کۆچبەرانی نایاسایی دەبێتەوە، بەڵام پێشوازی لەو کۆچبەرانە دەکات کە کار دەکەن و زمانی ئەڵمانی فێر دەبن، بەو مەرجەی لەکاتی نیشتەجێبوونیان لە ئەڵمانیا دەبێت پابەندی یاسانی وڵاتەکە ببن، 
زنار شینۆ روونیکردەوە، دوای ناسەقامگیریی دۆخی سووریا بە هەزاران کەس و خانەوادەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کرد و داوای مافی مانەوەیان کرد، بەم دووایانە کەسێکی سووری سێ هاووڵاتیی ئەڵمانی کوشت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زۆربەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆچوونیان بەرامبەر پەناخوازانی سووری بگۆڕێت و بەشێکیان داوای گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی سووری دەکەن.

بەریتانیا.. بەهۆی کورتهێنانی بودجە کۆچبەران دیپۆرت دەکرێنەوە
بەریتانیا دەیەوێ کۆچبەری زۆرتر دیپۆرت بکاتەوە. یەکێک لەو شوێنانەش باشووری کوردستان و عێراقە. 
هۆیەکەشی ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا حکومەتی ئەو وڵاتە 6 میلیارد و 400 ملیۆن پاوندی زیاتر لەو بودجەی ساڵانەیەی بۆ کۆچبەری دانراوە خەرجکردووە و دەیانەوێ سنوورێک بۆ ئەو خەرجییانە دابنێن. 
بۆیە حکومەتی ئێستای بەریتانیا دەیەوێ لەگەڵ حکومەتەکانی دیکە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان رێكکەوتن بکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی مافی مانەوەیان نییە لەو وڵاتە. ئەویش لەڕێگەی پرۆژەیەکەوە کە 15 ملیۆن پاوەندی بۆ تەرخانکراوە.
جگە لە عێراق، پاکستان و ڤێتنام و نایجیریا و 7 وڵاتی دیکەش دەتوانن بەشداری لە پرۆژەکەدا بکەن. لە نێوەوەی بەریتانیا رەخنە لە حکومەت دەگیرێت کە عێراقیش خراوەتە ئەو لیستەوە. چونکە دەڵێن هەندێک لەو کۆچبەرانەی دەنێردرێنەوە بەڵگەنامەی تەواوەتیی عێراقییان نییە و رەنگە لە خاڵەکانی پشکنینی عێراقیدا ژیانیان بکەوێتە مەترسی. 

هەنگاریا سنوورەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا بۆ کۆچبەران دەکاتەوە
هەنگاریا هەڕەشەیەکی سەیر لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات. حکومەتی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە کە پلانێکی ئامادەی هەیە بۆ ئەو کۆچبەرانەی بەشێوەی نایاسایی دێنە ئەو وڵاتەوە. ئەویش ئەوەیە کە بلیتێکی شەمەندەفەریان بۆ دەبڕێ و بەڕێیاندەکات بۆ شاری برۆکسەل، کە پایتەختێکی یەکێتیی ئەورووپایە. 
هەنگاریا لە بڕیارێکی دادگای باڵای ئەورووپا نیگەرانە کە ناچاری دەکات 200 ملیۆن یۆرۆ وەک سزا بدات. سزایەکەش لەبەرئەوەیە کە دادگاکە پێیوایە هەنگاریا مامەڵەیەکی ئەوروپییانە و مرۆییانەی لەگەڵ کۆچبەراندا نەکردووە. 
حکومەتی هەنگاریا هەوڵدەدات ئەو بڕیارە هەڵوەشێتەوە و 200 ملیۆن یۆرۆکە نەدات. بۆیەش هەڕەشە لە برۆکسەل دەکات و دەڵێت ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، کۆچبەران بە لێشاو دەنێرێتە برۆکسەل بۆئەوەی لەوێ باشتر رێزیان لێبگیرێ! 


چەندین وڵاتی ئەورووپی ئاسانکاری لە پێدانی کارتی شین دەکەن
هەواڵێکی خۆش بۆ ئەوانەی دەیانەوێ ماوەیەک بۆ کار بێنە ئەوروپا. هەریەکە لە یۆنان و ئیتاڵیا و ئێستۆنیا و سلۆڤاکیا مەرجەکانی پێدانی مافی مانەوە (یان کارتی شین) یان کەمتر کردووەتەوە. سوێدیش دەیەوێ مەرجەکان ئاسانتر بکات. 
کارتی شین بۆ ئەو کەسانەیە کە لە بوارێکدا کارامەیی باڵایان هەیە و یەکێتیی ئەوروپا پێویستی پێیانە. هەر وڵاتێکی نێو یەکێتییەکە ئازادە کە مەرجەکان قورس یان ئاسان بکات. 
یۆنان لەمەودوا رێگە بەوانە دەدات کە بە ڤیزای کورت و تەنیا بۆ سەردان چوونەتە ئەو وڵاتە داوای کارتی شین بکەن. هەرکەسێک لە یۆنان داوای ئەو کارتە بکات دەبێ 300 یۆرۆ بدات.
 ئەگەر کارتەکەی وەرگرت بۆ 2 ساڵ مافی مانەوەی دەبێ و ئەگەر ویستی نوێی بکاتەوە، دەبێ 450 یۆرۆ بدات. ئیتاڵیاش پۆرتاڵێکی دیجیتاڵی دەبێ کە خاوەنکارانی ئیتاڵی هەلی کارەکانیانی تێدا دادەنێن و خەڵک لە دەرەوەی ئیتاڵیاوە دەتوانن داواکاری بۆ کارتی شین و دەستخستنی کارەکە بکەن. 
سوێدیش ئامادەکاری دەکات بۆئەوەی ئەگەر کەسێک توانی کارێک لەو وڵاتە بدۆزێتەوە کە مووچەی مانگانەی 4300 یۆرۆ بێ، کارتی شینی دەداتێ. 
تاوەکو ئێستا دەبووایە مووچەکە 5200 یۆرۆ بێت. 

فینلاند.. ئاهەنگی هاوینەی کوردی بەڕێوەدەچێت
کۆتاییەکانی هاوینە، لە فینلەند کوردی ئەوێ دەیانەوێ بە ئاهەنگێکی هاوینە ماڵئاوایی لێبکەن. لە شاری تورکو کۆمەڵەی کولتووریی کوردی بۆ ئێوارەی رۆژی شەممە 31ی ئابی 2024 ئاهەنگێکی رێکخستووە. 
نادیە نەزەری، بەرپرسی ئەو کۆمەڵەیە میوانی دیاسپۆرا بوو لەو بارەیەوە گوتی"رۆژی شەممە 31/8/2024 ئاهەنگی هاوینەی کوردی لە فینلاند بەڕێوەدەچێت، ئاهەنگەکە لە کاژێر 16:00 دەستپێدەکات تاوەکو کاژێر 19:00 دەخایەنێت، مەبەست لە ئاهەنگەکە ناساندنی زیاتری کولتوور و فەرهەنگی کوردییە بە گەلی فینلاند و هەموو ئەوانەی لە فینلاند دەژین و هاتنیش بۆ هەمووانە".
نادیه نەزەری گوتیشی" لە ئاهەنگەکەدا گۆرانی و میوزیکی کوردی پێشکێش بە ئامادەبووان دەکرێت، هەروەها بەشێکی زۆری خواردنی کوردەواری ئامادە دەکرێن و پێشکێش بە ئامادەبووان دەکرێت، لەهەمان کاتدا چالاکی بۆ منداڵانیش ساز دەکرێت".
ساڵانە کۆمەڵەی کولتووریی کوردی لە فینلاند ئاهەنەگی کۆتایی هاوین لە کۆتای مانگی ئاب ساز دەکات و کۆمەڵێک چالاکی بەڕێوەدەبات.

چیرۆکی هونەرمەندێکی کریستیانی کوردستانی لە فەرەنسا

لە شارۆچکەیەکی خنجیلانەی دەوروبەری پاریس کۆمەڵێک ماڵباتی کریستیانی کوردستانی دەژین. ئەوانەی دەڵێی هێشتاش لە کوردستانن و بە میوزیک و گۆرانی و جلوبەرگەکانیان کولتووریی خۆیان پاراستووە. 
هونەرمەند سەمیر یوسف و هاوڕێ و کەسوکاری چیرۆکی خۆیان بۆ دیاسپۆرا دەگێڕنەوە. 

سەمیر یوسف میوزیکژەن و سترانبێژ، ماوەی 42 ساڵە لە شاری پاریس لە فەرەنسا ژیان بەسەردەبات و هەموو ئەوکاتەشی بە میوزیک و کاری هەنوری بەسەر بردووە، سەمیر کریستیانە و خەڵکی گوندی بێسپنێیە و لەوێ لەدایکبووە کە نزیکە لە سنووری برایم خەلیل لە نزیک رووباری خاپوور لە سلۆپی، وەک خۆی دەڵێت"ئێمە شرناخین کە پێشتر سەر بە مێردین بوو، بەڵام ئێستا شرناخە" و دەشڵێت" ناوەکەم بە بە زمانی ئاشووری و کلدانی سەمیر یەوسفە".
سەمیر ماوەی شەش ساڵ منداڵی خۆی لە گوندی بێسپنێ لە باکووری کوردستان بەسەردەبات، دواتر لەگەڵ خانەوادەکەی دەچێتە ئیستەنبووڵ و لەوی لە خوێندگەیەکی فەرەنسی دەخوێنێت و هەروەها بەشێوەی ئەکادیمی ئامێری ساز فێردەبێت و دەبێتە سازلێدەرێکی بەتوانا.
ئینجا لە تەمەنی 19 ساڵی، واتە لە ساڵی 1982 کۆچ دەکات بۆ ئەورووپا و لە شاری پاریس جێگیر دەبێت و دەمێنێتەوە دواتر ژیانی خێزانی پێکدەهێنێت.
سەمیر یوسف لە ماڵەکەی خۆی لە نهۆمی سەرەوە ستۆدیۆیەکەی بچکۆڵانەی هەیە، لەو بارەیەوە دەڵێت" هەرچەندە ستۆدیۆیەکەم بچووکە، بەڵام بەشی کارەکانم دەکات و لەگەڵ هاوڕێکانم دێینە ئێرە و کاری میوزیک و گۆرانی دەکەین و هەروەها گۆرانیش تۆمار دەکەین".
یوسف جگە لە کاری میوزیک و سترانبێژی ئەکتەریشە، دەڵێت" لە دوو فیلمی سینەمایی بەشدارییم کردووە، یەکێکیان یەڵماز گونای دیوار، ئەوەی دووەمیش هی هونەر سەلیمە کە باس لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات".

لە ستۆدیۆ بچکۆڵانەکەی چەندین وێنەی جۆراوجۆری هەڵواسیوە، بەلای ئەوەوە یەکێک لە وێنەکان کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ  ساڵانی 1988 و 1989 لە بەلجیکا  دەڵێت" ئەو کەسەی لە وێنەکە لەگەڵمدایە هاوڕێییەکی ئازیزم بووەو ناوی سریانە و ئامێری بۆ دەژەنیم، ئەو کات ئێمە گەنج بووین و بۆمن وێنەکە گرنگە بۆیە لە ستۆدیۆیەکەم هەڵمواسیوە"، ئینجا باسی وێنەکانی دیکەش دەکات و هۆکاری هەڵواسینیان لە ستۆدیۆیەکە دەگێڕێتەوەم ئەمە جگە لە بوونی چەندین پەیکەری هونەری لە ستۆدیۆکەی و هۆکاری دانانیان روون دەکاتەوە. 

یوسف هەرچەندە کەسێکی کلدان ئاشوورە، بەڵام گۆرانی بە کوردی دەڵێت و هەروەها بە زمانی دایکیش گۆرانی گوتووەو خاوەنی چەندین سیدی گورانییە و هەروەها کلیپیشی هەیە، لەو بارەیەوە دەڵێت"من جیاوازی ناکەم لە نێوان گۆرانی گوتن بە زمانی کوردی و زمانی کلدان و ئاشووری، من ئێستا خاوەنی هەشت سیدی گۆرانیم، چواریان بە زمانی کوردیین و چواری دیکەشیان بە زمانی کلد و ئاشوورین".
سەبارەت بە کولتوور و زمانی خۆیان دەڵێت" نابێت ئێمە کولتوور و فەرهەنگ و زمانی خۆمان لە بیر بکەین و منداڵەکانم فێری زمانی دایک کردووەو دەمەوێ نەوەی داهاتووشمان کولتوور و زمانی خۆیان لەبیر نەکەن".
دەنگی سروشتی..

یوسف سەمیر زۆر گرنگی بە پێکەوە ژیانی کورد و کلد و ئاشووری دەدات و پێیوایە هەردووکیان نەوەو مرۆڤی سەر یەک خاکن و پێویستە بە برایەتی و ئاشتی پێکەوە بژین و دەڵێت" ئێمە لەگەڵ برا کوردەکانمان چارەنووسمان پێکەوە گرێدراوەو هەرچەندە ئێستا لە ئەورووپا دەژین، بەڵام لێرەش رەنگدانەوەی پێکەوە ژیانی کوردستانمان رەنگی داوەتەوەو پەیوەندییەکانمان بەردەوامن". ئینجا یوسف بە زمانی خۆیان پەیامێکی ئاراستەی کەس وکاری خزم و دۆستانی کرد.
دەنگی سروشتی..

خانمە کارسازێکی شنگالی لە ئەڵمانیا بزنسێکی گەورەی جوانکاری رێکدەخات
پاکیزە ئەلدەخی جگە لە رەخساندنی هەلیکار، راهێنانیش بە خانمانی کورد دەکات
لە ئەڵمانیا خانمێکی ئازای شنگالی توانیویەتی ببێتە کارسازێکی سەرکەوتوو. بەڵام بەوەوە نەوەستاوە و جگە لەوەی دەرفەتی کاری بۆ خانمانی دیکە دروستکردووە، ئێستا راهێنانیش بە زمانی کوردی بە زۆر خانمی دیکە دەکات بۆئەوەی ببنە خاوەن بزنسی خۆیان.
پاکیزە ئەلدەخی خاتوونێکی کارسازی کوردی ئیزدی خەڵکی شەنگالە لە باشووری کوردستان، ئەو ماوەی دە ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت، ماوەی پێنج ساڵە کاری جوانکاری ژنان دەکات .
پاکیزە ئێستا خاوەنی ناوەندێکی گەرەی جوانکارییە لە بەرلین، ئەوان جگە لە کاری جوانکاری بۆ خانمان لە ناوەندەکەیان، ئەوا خولی فێربوونیش بۆ خانمان لە بوارەکە دەکەنەوەو دەیان ژن و کچ لە ناوەندەکانیان فێری کاری جوانکاری بوونە و بڕوانامەیان بەدەستهێناوە، بەشێکیان ئێستا خاوەنی شوێنی جوانکاری خۆیانن لە شارە جیاوازەکانی ئەڵمانیا.
خولەکانی فێربوون تەنیا بە زمانی ئەڵمانین نین، پاکیزە دەڵێت" پێشتر هەموو خولەکان دەبوایە بە زمانی ئەڵمانی بڵێینەوە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی فێرخوازەکانمان کوردن و بەشێکیان زمانی ئەڵمانی بەباشی نازانن، بۆیە بڕیارماندا هەموو خولەکانی فێربوونی جوانکاری بە زمانی کوردی بڵێینەوەو وامانکرد و بەردەوامیشین".
پاکیزە دەشڵێت" خولەکان تەنیا بەشێوازی نەزەری نین، بەڵکو دوای ئەوەی بە شێوەی زارەکی پێیان دەڵێین دواتر راستەوخۆ بە شێوەی پراکتیکی و کرداری هەموو هەنگاوەکانی جوانکاری بەهەموو ئەو مادانەی بەکاردێن لەبەر چاویان تاقیدەکەیەنەوەو فێریان دەکەین".
پاکیزە ئەلدەخی کە میوانی دیاسپۆرا بوو روونیکردەوە، بە ئاسانی نەگەیشتووە بەمرۆژە، بەڵکو هەوڵی زۆری داوەو زۆر ماندووە بووەو دەڵێت" ئەگەر مرۆڤ ئامانجێکی هەبێت هیچ کارێک زەحمەت نییە و بۆ ئەوەی لە لە کاری جوانکاریش زیاتر پێشبکەوم، هەوڵی کاری نوێم داوە".
پاکیزە ئاشکرایکرد، کە بەشێک لە راهێنانەکانی بەشێوەی ئۆنلاینە لەگەڵ کوردستان و وڵاتانی دیکە ئەنجام دەدات.