دادگەی باڵای ئەورووپا: خوێنداری نابێتە هۆکار بۆ پێدانی مافی پەنابەری

04 April 2025
دادگەی باڵای ئەورووپا: خوێنداری نابێتە هۆکار بۆ پێدانی مافی پەنابەری

دادگای باڵای ئەورووپا، کە بنکەکەی لە لوکسەمبۆرگە، بڕیاریدا چیدیکە مافی پەنابەری نەدرێتە ئەوانەی دێنە ئەورووپا و دەڵێن لە وڵاتی خۆیان کێشەی خوێنداریی ماڵباتییان بۆ دروستبووە.
 جاران هەندێک لەو کۆچبەرانەی دەهاتنە ئەوروپا دەیانگوت ماڵباتەکەیان لەگەڵ ماڵباتێکی دیکە کێشەی خوێندراییان لێ دروستبووە و ئەوان لەترسی ئەوەی لەو کێشانەدا بکوژرێن وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە. هەندێکی دیکە دەیانگوت لەگەڵ کچێک یەکدییان خۆشویستووە و دوای ئەوەی ئاشکرابوون، کچەکە کوژراوە. بەپێی بڕیاری دادگاکە چیدیکە ئەو چیرۆکانە بەس نین بۆئەوەی کۆچبەرێک مافی پەنابەری یان پاراستنی مرۆییانەی بدرێتێ. 

دادگای باڵای ئەورووپا دەڵێت مەرجی وەرگرتنی مافی پەنابەری دەبێ ئەوە بێ کە کەسەکە مەترسیی دەستگیرکردن و ئازاردانی لەسەربێ، بەهۆی رەگەز، بیروبۆچوونی سیاسی و ئایینی، یانیش سەر بە نەتەوەیەکی دیاریکراوی هەڕەشەلێکراو بێ یانیش سەر بە گرووپێکی کۆمەڵایەتی بێ کە لە کۆمەڵگەدا قبوڵ ناکرێت. بۆنموونە هاوڕەگەزخوازی. 

بڕیارەکەی دادگاکە دوای ئەوە هات کە لە نەمسا کۆچبەرێکی ئەفغانی داوای پەنابەرییەکەی رەتکرایەوە و داوای تێهەڵچوونەوەی بڕیارەکەی کردبوو. کۆچبەرەکە گوتبووی لەسەر کێشەی زەویوزار باوکی و برایەکی کوژراون و ئەویش مەترسیی لەسەرە. 

ئەڵمانیا دەیەوێت وڵاتینامە لەو کەسانە بستێنێتەوە کە سووکایەتی بە جوو دەکەن
حکومەتی داهاتووی ئەڵمانیا لەوە دەکۆڵێتەوە کە چ رێگایەکی دەستووری هەیە بۆ سەندنەوەی وەڵاتینامە لەوانەی پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن یان تووندئاژۆن یانیش دژە سامین (واتە دژی ئیسرائیل و جووەکانن). 
ئەمە لە بەڵگەنامەیەکدا دەردەکەوێ کە وەک کاخەزی دانوستاندن لەنێوان هەردوو پارتی (یەکێتیی کریستیانەکان) و سۆسیال دێموکراتەکاندا هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ. لەوێدا باسی ئەوە کراوە کە چۆن وەڵاتینامە لەوانە وەربگیرێتەوە کە وەڵاتینامەیەکی دیکەیان هەیە و سیستمی ئازاد و دێموکراسییانەی ئەڵمانیا دەخەنە مەترسییەوە.

لەلایەکی دیکەوە بڕیاردراوە 4 کەس کە لە بەرلین بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە غەزە کردووە، بە تۆمەتی دژەسامی بوون دیپۆرت بکرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان. 
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە 3 لەوانە هاووڵاتیی یەکێتیی ئەورووپان و لەنێو ئەو یەکێتییەشدا سنوور لەنێوان وڵاتانی ئەندامدا نییە و لەڕووی یاساییەوە دیار نییە کە چۆن دیپۆرتکردنەوەکە رێگەپێدراوە. کەسی چوارەم ئەمریکییە. 
ئەوانەی رەخنەیان لە بڕیارەکە هەیە دەڵێن ئەوە دووبارەکردنەوەی کەیسی هاوشێوەیە لە ئەمریکا، کە ویستیان کەسێک لەسەر بەشداری لە خۆپیشاندانێکی پشتیوانی لە غەزە دیپۆرت بکەنەوە، بەڵام دادوەرێک جێبەجێکردنی بڕیارەکەی راگرتووە.  

هۆڵەندا.. رێژەی پێدانی مافی پەنابەری کەمیکردووە

فەرمانگەی کۆچبەرانی هۆڵەندا دڵخۆشە بەوەی لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا توانیویەتی وابکات خەڵکێکی کەمتر لەو وڵاتە مافی پەنابەری وەربگرن. 
هاوینی پار، واتە 2024، 80 لەسەتی ئەوانەی لە هۆڵەندا داوای مافی پەنابەرییان دەکرد، داواکارییەکانیان قبوڵدەکرا. ئێستا رێژەکە گەیشتووەتە 65 لەسەت.
 فەرمانگەکە هۆکارەکانی دابەزینی رێژەی قبوڵکردنی ئاشکرا کردووە و دەڵێت ئێستا پێوەری قورستر بۆ بڕیاردان لەسەر کەیسەکان دانراون. هۆیەکی دیکەش ئەوەیە کە تاوەکو پاریش عێراق و یەمەن لە ریزی ئەو وڵاتانەدا بوون کە وەکو ناوچەی مەترسیدار دەناسێندران و خەڵکی ئەوێ ئاسانتر مافی پەنابەرییان وەردەگرت. ئەمساڵ ئەوە نەماوە. 
پار لەنێو پەرلەمانی هۆڵەندا رەخنەی زۆر لە فەرمانگەی کۆچبەران گیرا کە رێژەیەکی زۆر بەرز مافی پەنابەری دەدەنە خەڵک. هۆی رەخنەکە ئەوە بوو کە لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپا رێژەی مامناوەند بۆ پێدانی مافی پەنابەری پەنجا لەسەتە و هۆڵەندا زۆر لەسەرووی ئەو رێژەیەوەیە.  

سوێد.. فەرمانگەیەک رەخنە لە درەنگ وەڵامدانەوەی وڵاتینامە دەکات

فەرمانگەی وردبینی سوێد کە دامەزراوەی باڵای چاودێریکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتە و لە کارایی و تەندروستیی کاری ئەو دامەزراوانە دەپێچێتەوە، ئەم ماوەیە چاودێریی فەرمانگەی کۆچبەرانی وڵاتەکەی کردووە.
لە راپۆرتی دامەزراوە وردبینییەکەدا هاتووە کە فەرمانگەی کۆچبەران یەکجار خاو و ناکاران لە وەڵامدانەوەی ئەو کەسانەی داوای وەڵاتینامە (یان پاسپۆرتی سوێدی) دەکەن. بۆنموونە خەڵک هەیە 4 ساڵە داوایکردووە و هێشتا وەڵامی نەدراوەتەوە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە فەرمانگەی کۆچبەران زۆرتر کار لەسەر ئەو کەیسانە دەکات کە وەڵامدانەوەیان ئاسانە و ئەوانەی پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زۆرتر بێ بۆ ماوەی دوور و درێژ دوادەخرێن. ئەمەش وایکردووە کەسانی داواکار بۆ ماوەی دوور و درێژ چاوەڕوان بمێنن. 

دامەزراوەکە داوا لە حکومەتی سوێد دەکات رێوشوێن بگرێتەبەر و نەهێڵێ چیدیکە ئەو دواکەوتنە بەردەوام بێ. هەروەها لەڕووی یاساییەوە ئاسانکاری بۆ فەرمانگەی کۆچبەران بکرێ کە خێراتر زانیاریی لەسەر کەسی داواکار دەستکەوێ و بەوهۆیەوە بتوانێ زووتر بڕیار بدات. داوا لە فەرمانگەکەش دەکات سیستمێکی باشتری کۆنترۆڵکردنی کاری نێو فەرمانگەکە دابنێت بۆئەوەی هەمووان وەکو یەک کاربکەن و بڕیاری هەڵەش نەدرێن.  


بەریتانیا.. دادوەرێک بە هەڵە مافی پەنابەری دەداتە کۆچبەرێک

لە بەریتانیا چەند رۆژێکە باسی چالاکیی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کۆچبەرانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان گەرمە و پێکەنیناویشە. دادوەرێک لە لەندەن چەند رۆژێک لەمەوپێش کەیسێکی دەچێتە بەردەم. کەسێکی خەڵکی باشووری کوردستان و هاووڵاتیی عێراقە. دادگا ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە. ئەو کەسە داوا دەکات لە بەریتانیا مافی پەنابەریی بدەنێ، چونکە وەک خۆی دەڵێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەی لە حکومەت و پارتەکانی کوردستان گرتووە و ئەگەر بینێرنەوە تووشی کێشە دەبێت. 
هەروەها ئەوەشی گوتووە کە لە بەریتانیاش دژی ئەو پارتانە چالاکڤانیی کردووە. پێشتر داوای پەنابەریی ئەو کەسە رەتکراوەتەوە، بەڵام ئەو رۆژە دادوەر (هێلێنا سەفیڵد-تامپسن) لە دادگای کۆچبەری و پەنابەری لە لەندەن بێ سێ و دوو بڕیاردەدات مافی پەنابەری وەربگرێ. کابرا بە دڵێکی خۆشەوە لە دادگا دەچێتە دەرەوە. بەڵام پارێزەرانی هۆم ئۆفیس (یان وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا) داوای تێهەڵچوونەوە دەکەن و دەڵێن پێدەچێ دادوەر رێنماییە گشتییەکانی عێراقی لەگەڵ ئێران تێکەڵاو کردبێ. چونکە هەموو ئەو بنەمایانەی سەبارەت بە چاودێریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەستگیرکردن و ئازاردانی خەڵک بەوهۆیەوە لە سیستمی بەریتانیدا باسی ئێرانە نەک عێراق. پاش پێداچوونەوە دەردەکەوێ کە وایە و دادوەر ناوی عێراق و ئێرانی لێ تێکەڵ بووە. بۆیە بڕیاردراوە جارێکی دیکە دانیشتن لەسەر کەیسی کۆچبەرە کوردەکە بکرێتەوە و بڕیارێکی نوێی لەسەر بدرێ. 

لەلایەکی دیکەوە کۆچبەرێکی تەمەن 26 ساڵ کە گوتوویەتی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە کەیسێکی سەرنجڕاکێشی هەیە. ئەو دوای ئەوەی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی بۆ دەردەچێ، دەچێت بەشداری لە خۆپیشاندانێکدا دەکات لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لە بەریتانیا. هەژمارێکی فەیسبووکیشی هەیە و رەخنە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگرێ. بەڵام شتێکی گرنگ هەیە کە کۆچبەرەکە لەبیری چووە. ئەویش ئەوەیە کە پێشتر لە کەیسەکەیدا گوتوویەتی خوێندەواریی نییە. بۆیە هۆم ئۆفیس لێیدەپرسێ: بڕوا بە کامەیت بکەین؟ ئەوەی کە خوێندەواریت هەیە و لە فەیسبووک چالاکیت یان ئەوەی خوێندەواریت نییە؟ بۆیە وەزارەت پێداگیر دەبێ لەسەر رەتکردنەوەی کەیسەکەی و دیپۆرتکردنەوەی. بەڵام دواتر دادوەرێک بڕیاری دیپۆرتکردنەکەی رادەگرێت.  

 ئەڵمانیا.. قوتابخانەی ئادار پەرە بە فەرهەنگ و زمانی کوردی دەدات

ئەمڕۆ شەممە لە بەرلین بۆنەیەکی باڵکێش هەیە بۆ فێربوون و بایەخدان بە زمانی کوردی. بۆنەکە قوتابخانەی ئادار بەڕێوەی دەبات. ئادار شولە لەمساڵانەدا کاری زۆری کردووە بۆ پەرەدان بە فەرهەنگ و زمانی کوردی. پێشتر هاوکارم زنار شینۆ فیچەرێکی لەسەریان کردبوو، پێمخۆشە سەرنجتانی بۆ رابکێشمەوە.


شەممەیەکی کۆتایی هاوینی پایتەختی ئەڵمانیایە، جوان تەنگەزار، دەرگای ئادار شولە، قوتابخانەی ئادار دەکاتەوە. 
جوان تەنگەزار - هونەرمەندی موزسیەن و خاوەنی قوتابخانەی ئادار لە بەرلین 
"ئادار شولە لە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵ لەسەر خەت بوو، واتە ئۆنلاین بوو، نزیکەی هەشت ساڵ من لە شوێنێک دەگەڕام، چوار ساڵ لەمەوبەر من ئێرەم دۆزیەوە، دەزانی لە بەرلین دۆزینەوەی شوێن بۆ خوێندنگەکان و کاریش زەحمەتە، هەروەها کرێش زۆر بەرزە. ئیتر من ئێرەم دۆزیەوە نزیکەی چوار ساڵە، ئێمە لێرەین".


ئەمڕۆ بۆ فێربوونی ئامێری ساز (تەمبوور) دیاریکراوە. 

خورشید حاجی سینان - فێرخوازی میوزیک
"ئێستا بۆ کۆرسی تەمبوور لێرەین، بە باشی شارەزای ژیانی ئادار شولەم، کۆرسی تەمبوور لێرە پرۆفیشناڵە، ئێمە نۆتەکان یەک بە یەک فێر دەبین، ئەوەی کە هەرگیز تەمبووری نەژەنیوە بێتە ئێرە و بیەوێت فێردەبێت، ئەگەر لە ئادار شولە لەگەڵ مامۆستا جوان لە سەرەتاوە خۆی فێری تەمبوور بکات".

جوان، مرۆڤێکی زۆر بە بەرهەم و پڕژیانە، ئەو گۆرانیبێژە، موزیسیانە، شانۆکار و نووسەرە، و کانیای ئەم هەموو شتانە شەیدایی و ئەوینداری ئەوە بۆ زمانی کوردی لەبەر ئەوە ئەرکی زمانی کوردی بە زاراوە جیاوازەکانەوە بۆ ئەو لە سەرەوەی لیستی کارەکانی قوتابخانەی ئادارە. 

جوان تەنگەزار - هونەرمەندی موزسیەن و خاوەنی قوتابخانەی ئادار لە بەرلین 
"کاری سەرەکیمان زمانی کورمانجی و سۆرانی و زازاکییە، ئێمە دەمانەوێت کە کۆرسەکانی کەلهووریش بکەینەوە، چونکە داواکاریی هەیە، بەڵام تائێستا من مامۆستایەکم نەدۆزیوەتەوە، نزیکەی چوار پێنج هەفتە لەمەوبەر هاوڕێیەک پێی گوتم کە لە ئەمریکاوە مامۆستایەک هەیە دەتوانێت وانەی کەلهووریش بڵێتەوە".

مامۆستای کورمانجی خواروو یان سۆرانی، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە 2019وە وانەکان دەڵێتەوە، هەر کۆرسێک دوو مانگ دەخایەنێت و هەر جارێکیش زیاتر لە بیست فێرخواز بەشدارن.

وەفا بداخ - مامۆستایی زمانی کوردی لە قوتابخانەی ئادار لە بەرلین 
"کۆرسی فێربوونی زمانی کوردی لێرە دوو مانگە، واتە هەر کۆرسێک دوو مانگ دەخایەنێت، ژمارەی بەشداربووان ناجێگیرن هەندێک جار 20 بۆ 25 کەسن و هەندێک جار 40 کەسن، ئەوەی من هەوڵی بۆ دەدەم فێربوونی فێرخوازە، بەڵام پێویستە خوێندکار خۆی حەزی پێبکات و هەوڵی فێربوونی بدات، چونکە من تەنیا یەک کاژێر لەگەڵیان کار دەکەم، بە یەک کاژێر فێر نابێت، بۆیە دەبێت فێرخواز خۆی مامۆستای خۆی بێت و هەوڵی زۆر بدات و رێنوێیەکان بە باشی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی بە باشی فێری زمانی کوردی بێت".

لە جوان دەپرسم کێ دەیەوێت فێری زمانی کوردی ببێت، باش گوێ بۆ وەڵامەکە بگرن 

جوان تەنگەزار - هونەرمەندی موزسیەن و خاوەنی قوتابخانەی ئادار لە بەرلین 
"زۆربەی بەشداربووانی کۆرسەکانی زمانی کوردی کورد نین، بەڵکو ئەورووپین، ئەڵمانی، نەمسایی، سویسری و ئیتالین و ئەم دواییە لە ڤێتنامیشەوە چەند بەشداربوویەکمان هەبوو، پێشتر لە وڵاتانی دیکەش چەند بەشداربوویەک هەبوون هۆکاری سەرەکیش ئەڤین و دڵدارییە، ئەوانەی کە هاوژینی خۆیان خۆشدەوێت فێری کوردی دەبن، واتە 80٪ی هۆکاری یەکەمی فێربوونی زمانی کوردی ئەڤینە".

جوان تەنگەزار، هونەرمەندی میوزیسیەن و خاوەنی قوتابخانەی ئادار لە بەرلین، میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو، ئەو باسی لە پرۆژەی نوێ و ئەو چالاکییە کرد کە بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بە ناوی 'زمانی ئارین' ئەنجامی دەدەن.
تەنگەزار روونیکردەوە ناونیشانی کتێبەکە لە رووداوێکی سادەوە سەرچاوەی گرتووە و دەڵێت "ئارین ناوی کوڕی بچووکی منە و کچەکەم جارێک وێنەی ئەوی گرتبوو کە زمانی خۆی نیشان دەدا. ئیتر من پلانم دانا و کتێبێکی نوێ بنووسمەوە بۆ فێربوونی زمانی کوردی و ناوی بنێم زمانی ئارین، چونکە لە ماڵی ئارینیش هەر کوردی دەدوێین."
سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی کتێبەکە، تەنگەزار گوتی "من هەوڵمداوە کتێبێک ئامادە بکەم کە هەموو کەس بتوانێت بەبێ مامۆستا و بێ رێزمان فێری کوردی بن، کتێبەکە بۆ گەورە و گەنجانە، بەڵام بنەماڵەکان دەتوانن لەگەڵ منداڵەکانیشیان پێکەوە فێربن."
یەکێک لە نوێگەرییەکانی ئەم کتێبە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێیە لە فێرکردنی زمانی کوردی. لەم بارەیەوە جوان تەنگەزار گوتی "لەناو کتێبەکەدا کیوئارکۆد هەیە، واتە کۆدەکانی کیوئار هەن و مرۆڤ دەتوانێت بە مۆبایلەکەی سکانیان بکات و هەموو گوتارەکان گوێ لێ بگرێت، هەروەها گەلێک پرسیار هەن بە گوێرەی بابەتەکان کە دەبێت بەشداربوو خۆی وەڵامیان بداتەوە."
هونەرمەندە میوزیسیەنەکە پلانی هەیە درێژە بە پرۆژەکەی بدات و گوتی "هەر کاتێک دەم و دەرفەتم هەبێت، بەرگی دووەمیش دەنووسمەوە."
تەنگەزار جەختیکردەوە 'ئەوین' هۆکارێکی سەرەکییە بۆ فێربوونی زمانی کوردی لەلایەن بیانییەکانەوە و گوتی "زۆربەی ئەو بیانییانەی دێن بۆ فێربوونی کوردی ژنانن کە هاوژینەکانیان کوردن و لە رێگای ئەڤینەوە دێن. بەڵام هەندێک کەسی دیکەش هەن وەک ئەکادیمیکار، دیپلۆمات و لێکۆڵینڤان کە ژمارەیان ئەوەندە زۆر نییە."
سەبارەت بە کۆرسەکانی فێربوونی زمانی کوردی لە قوتابخانەی ئادار، تەنگەزار روونیکردەوە، بەشداربووانی کۆرسەکە خۆیان بڕیار دەدەن چەند سەرکەوتوو دەبن، چونکە مرۆڤ ناتوانێت هەفتەی جارێک لە ناو نەوەد خولەکدا زمانێکی نوێ فێربێت، دەبێت مرۆڤ ئەرکی ماڵەوە ئەنجام بدات. ئەوانەی کە بە راستی هەوڵدەدەن زوو فێر دەبن دەبێت ماندووبن و خۆڕاگربن.
تەنگەزار بە پێشنیازێک کۆتایی بە قسەکانی هێنا و گوتی "پێشنیاز دەکەم کورد زمانی خۆی خۆشبوێت، بایەخی پێبدات و دڵی ئێمەش خۆش بکات."

رێگەپێدانی چوونە نێو خاکی بەریتانیا بووە ئەلیکترۆنی
لە چوارشەممەی رابردووەوە ئەوانەی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاوە بیانەوێ بچنە نێو بەریتانیا، دەبێ پێشتر داوای رێگەپێدانی ئەلیکترۆنی بکەن، کە پێیدەگوترێ ئی تی ئەی. واتە هەموو کەس، بەوانەشەوە کە پاسپۆرتی ئەوروپییان هەیە، دەبێ ئەو رێگەپێدانە داوا بکەن. 
لە یەکشەممەی داهاتووەوە نرخی رێگەپێدانی ئەلیکترۆنی بۆ هەر کەسێک 16 پاوندە، کە دەکاتە نزیکەی 19 یۆرۆ. هەرکەسێکیش جارێک رێگەپێدانەکەی وەرگرت تاوەکو دوو ساڵ دەتوانێ هاتوچۆی بەریتانیای پێبکات. 
بۆ ئەوانەی دەیانەوێ بزانن چۆن داوای رێگەپێدانەکە بکەن، ئێستا هاوکارانم لەسەر شاشە ماڵپەڕی ئەو ئەپەتان پیشاندەدەن کە لەڕێگەیەوە دەتوانن داواکەتان بکەن. باشییەکەشی ئەوەیە کە چەند کاژێرێک پێش دەرچوونتان بەرەو بەریتانیا دەتوانن داوای بکەن و زۆربەی جار زوو وەڵام دێتەوە. 

چیرۆکی سەرکەوتووی ئاراس فازیڵ، شۆفێری پاس لە ئەڵمانیا

لە ئەورووپا چیرۆکی سەرکەوتنی ئەو دیاسپۆرانشینانەی ماوەیەکی درێژ نییە لێرەن زۆرن، بەڵام هەندێکیان جیاواز و سەرنجڕاکێشن. نموونەیەکیان چیرۆکی ئاراز فازیڵ شوانییە. ئێستا لە ئەڵمانیا شۆفێری هێڵی پاسە، ئەو دەیەوێ باسی چیرۆکی خۆی بکات و پرۆژەیەکیشی روونبکاتەوە کە وادەکات کوردستان کێشەی هاتوچۆ و ژینگە و زۆر کێشەی دیکەشی تێدا کەمببێتەوە. ئەو دەڵێت بەو پرۆژەیە گوندەکانیش ئاوەدانتر دەبنەوە. 
ناوم ئاراس فازڵ شوانیە، خەڵکی کەرکووکم و دانیشتووی هەولێر بووم، سێ ساڵ کاری شوفێریم کردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی هەولێر، دواتر بۆ ماوەی ساڵێک لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر  لە بەشی کۆگەکانی دەرمان کارمکردووە، لە 2015ەوە هاتمە ئەڵمانیا و تائێستا لێرە دەژیم.
ئەم پاسە ناوی گلینگبووسە، درێژەکەی 18 مەترە، 95 کورسی تێدایە. دەتوانین لە 95 سەرنشین تاوەکو 120 سەرنشین لەگەڵ خۆمان سەرکەوێنین. هەروەها سێ دەرگاشی هەیە.
ئەمە زیاتر بۆ کاتی دەوامی قوتابیان بەکاردێت بەیانیان و ئێواران کاتێک دەوامیان تەواو دەبێت، لەبەر ئەوەی رێژەیەکی زۆر منداڵ هەیە، هەروەها یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە، چونکە دەتوانێت بە یەکجار 120 سەرنشین هەڵبگرێت، نزیکەی 20 جار لە ئۆتۆمبێلی بچووک سەرنشین هەڵبگرێت، بەداخەوە ئەوەی لە کوردستان پاسی 21 سەرنشینییە، زۆر زۆری 30 کەسییە، واتە ئەمە چوار جار لە پاسی کوردستان درێژترە و زۆرترین سەرنشین هەڵدەگرێ، بۆ لێخوڕینیش پاسێکی زۆر خۆشە، زۆر نەرمە.
نزیکی دوو ساڵە من شوفێری پاسم لە کۆمپانیایەک بە ناوی دۆیچەبان.
ئاراز شوانی کوڕی کەرکووکە و لە هەولێر لەدایکبووە، ئێستا لە ئەڵمانیا شۆفێری هێڵی پاسە، ئەو دەیەوێت چیرۆکی خۆی بگێڕێتەوە و پرۆژەیەک روونبکاتەوە کە بە بڕوای ئەو دەتوانێت کێشەی هاتووچۆ، ژینگە و چەندین کێشەی دیکەی کوردستان کەمبکاتەوە، بە گوتەی ئەو "بەم پرۆژەیە گوندەکانی کوردستانیش ئاوەدانتر دەبنەوە".
شوانی میوانی بەرنامەی دیاسپۆرابوو، باسی لەوە کرد سیستەمی گواستنەوەی گشتی لە ئەڵمانیا بایەخێکی زۆری هەیە و زۆر جوان رێکخراوە، ئاماژەی بەوەکرد کە پێگەی شۆفێری پاس لە کوردستان وەک پیشەیەکی کەم داهات سەیر دەکرێت.
ئەو دەڵێت "شۆفێری پاس یان هێڵی پاس ئاسانکاری زۆر دەکات بۆ کەمکردنەوەی قەڵەباڵغی، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی لادێکان و هاوکارێکی زۆر باش دەبێت بۆ قوتابیان".
شوانی نموونەیەکی بەرچاوی هێنایەوە دەربارەی چۆنیەتی خزمەتگوزاری پاسەکان لە ئەڵمانیا، کە تەنانەت بۆ یەک قوتابی لە ناوچەکانی دوورەدەستیش خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن و دەڵێت: "لادێ هەیە چل خوولەک من بە بەتاڵی دەڕۆم، یەک قوتابی هەیە تەمەنی شەش یان حەوت ساڵە، ئەیبەینەوە بۆ شار بۆ قوتابخانەکەی و کاتی تەواوبوونی دەوامیش دەیگەڕێنینەوە بۆ ماڵەوە".
بەپێی قسەکانی شوانی ئەمە ژیانی منداڵەکان پارێزراوتر دەکات و ئەرکی کەمتر دەخاتە سەر خێزانەکان، چونکە شۆفێرەکان بەرپرسیارن لە تەندروستی سەرنشینەکان تاوەکو دەگەنەوە ماڵەوە".
سەبارەت بە تواناکانی جێبەجێکردنی سیستمەکە لە کوردستان، شوانی پێیوایە شیاوە، چونکە کوردستان شەقامەکانی بەرینترن و مەجالی زیاتری هەیە.
ئەو جەختی لەسەر سوودەکانی سیستەمی پاس بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە و قەڵەباڵغی کردەوە و گوتی: "پاسێک سەد و بیست کەس دەگرێت، کە یەکسانە بە سەرنشینی نزیکەی 30 ئۆتۆمبێل".
لە کۆتاییدا ئارزا هیوای خواست لە دەرفەتێکی نزیکدا سیستمی پاسی ئەڵمانیا لە کوردستان جێبەجێبکرێت و دیمەنێکی جوان ببەخشێت بەشار و لادێکان و ئاسانکاریی باش بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بکات.

سازگار ساڵح ئەکادیمیای تەندروستیی جوانکاری لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەبات

سازگار ساڵح خانمێکی کارسازی سەرکەوتووی کوردە لە دیاسپۆرا، خاوەنی ئەکادیمیای (پریتی سکین)ە لە شاری دووسەڵدۆرف لە ئەڵمانیا، لێرە شەقامێک هەیە کە هەرچی براندی گەورە و ناسراوە لەوێ لقیان هەیە. زۆربەی جار پڕە لە گەشتیاری وڵاتانی دەوڵەمەند، وەک وڵاتانی کەنداو. ئەکادیمیای پریتی سکین لەو شەقامەیە. 

سوپاس بۆ خوا من گەیشتمە ئەم شوێنە، بۆ دووەم جار بە شانازییەوە بەشداریی دەکەم.
ناوم سازەیە، خەڵکی سلێمانیم، ماوەی 25 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیم.
فیزیام خوێندووە، پسپۆڕی فیزیای ناوەکیم، دواتر بواری بیوتیم خوێند، پێمخۆش بوو شوێنێکی بچکۆلەم هەبێت وەکو بزنسی خۆم، دواتر وردە وردە گەورەم کرد، پاشان بزنسەکەم زۆر گەورە بوو، بوو بە سەنتەر.
دوای ئەوە سەنتەرەکەم  گەورەبوو حەزم کرد زیاتر لە بیوتیدا بخوێنم، بووم بە مامۆستا، بە ئەڵمانی پێی دەڵێن دۆستێنتی، ئەکادیمایەکی خۆمم کردەوە لە بەناوبانگترین شوێنی دووسەڵدۆرف، پێی دەڵێن کوێنیگس.
دواتر حەزم کرد بەرهەمی تایبەت بە خۆمم هەبێت، زۆر شوێن گەڕام، هەموو ئەورووپا گەڕام، پاشان چوومە کۆریا کە زۆر پێشکەوتووترن لە ئێمە لە بواری جوانکاریی پێستدا، لەوێ لەگەڵ چەند کەسێک کە دەمناسین، دەستمان کرد بە دروستکردنی ماسکێک، سوپاس بۆ خوا، ماسکەکەمان بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو دروست کرد و بەرهەمهێنا.
ئەم ماسکە پاتێنتە لە هەموو دونیادا تاقیکراوەتەوە، تاقیکردنەوەی کلینیکی هەیە، ئەوەی ماسکەکە لە ماسکەکانی دیکە جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ماسکەکە کۆک و کۆلاجین و زێڕی ٢٤ کاراتی و شنێک بە ئەڵمانی پێی دەڵێن شلایم تێیدایە.


سازە ساڵح کارئەفرینێکی کورد لە ئەڵمانیا توانیویەتی لە بواری بەرهەمەکانی جوانکاری و چاودێری پێست خەڵاتی جیهانی بەدەست بهێنێت و لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 لە رۆژی نەورۆزدا ئەو خەڵاتەی پێ گەیشتووە.
سازە خاوەنی ئەکادیمیای (پریتی سکین) لە دووسەڵدۆرف سەبارەت بە کار و ئەکادیمیایەکەی و وەک کچە کارسازێکی سەرکەوتووی کورد میوانی دیاسپۆرا بوو، باسی لەوە کرد چۆن لە بواری فیزیای ناوەکییەوە هاتووەتە بواری جوانکاری و ئێستا خاوەنی ئەکادیمیا و بەرهەمی تایبەتی خۆیەتی.
سازە باسی بەرهەمە تایبەتەکەی بیوتیەکەی کرد و گوتی"یەکێک لە بەرهەمە سەرەکییەکانی بەرهەمی سەنتەری پریتی سکین ماسکی تایبەتە بە ناوی سازە کە پێکهاتەی نایابی وەک زێڕ، شیلەی حەلەزۆن و کۆلاجینی تێدایە. ئەم بەرهەمە نەک تەنیا لە ئەورووپا، بەڵکو لە کۆریای باشووریش سەرکەوتووە و لە تاقیگە پزیشکییەکانی ئەو وڵاتە پەسەند کراوە، کە پێشەنگن لە بواری چاودێریی پێستدا".
دەشڵێت"ئێستا ماسکەکە لە بازاڕە ناسراوەکانی شاری دووسڵدۆرفی ئەڵمانیا دەفرۆشرێت لە تەنیشت براندە جیهانییەکان وەکو دیۆر، فێندی و پرادا، بەم پێیەش بوەتە نوێنەری ناوی کورد لە ئاستێکی بەرزی بازاڕی جوانکاریدا".
سەبارەت بەو خەڵاتەی بۆ بزنسی سەنتەرەکە وەرگرتووە، سازە دەڵێت" خەڵاتەکە لەپای کوالیتی، سێرڤیس، باشی و لە کاریگەریی ماسکەکەوە بە سەنتەرەکەی دراوە".
باکگراوندی زانستیی خاوەنەکەی یارمەتیدەر بووە لە دروستکردنی بەرهەمگەلێک کە بنەمای زانستییان هەیە لەوانە ئاڵتوون، لەو بارەیەوە سازە ساڵح گوتی" ئاڵتوون تەنیا بۆ جوانکاری نییە لەناو پرۆدەکتەکاندا، بەڵکو توانای یەکگرتنی هەیە لەگەڵ ئەتۆمی ئاو، بۆ نموونە یەک ئەتۆمی ئاڵتوون دەتوانێت لە سێسەد ئەوەندەی کێشی خۆی لەگەڵ ئەتۆمی ئاو یەک بگرێت."
سازە روونیکردەوە، زیاتر لە دوو ساڵ خەریکی دروستکردنی ماسکەکە بوو، دەڵێت "شانازییەکی گەورەیە بۆ من وەک کچە کوردێک و دیاسۆرانشینێکی کورد لێرە بتوانێم بەرهەمێکی ئاوا نایاب و بە سوود پیشکیش بە مرۆڤایەتی بکەم".
ئەم سەرکەوتنە نموونەیەکی دیارە بۆ ئامادەیی کوردان لە بوارە جیاوازەکانی دیاسپۆرا و توانای بەرهەمهێنانی کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.