ئەڵمانیا.. کۆچبەری مژارێکی گەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەکانە

10 January 2025
ئەڵمانیا.. کۆچبەری مژارێکی گەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەکانە
ئەڵمانیا.. کۆچبەری مژارێکی گەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەکانە
لە ئەڵمانیا بانگەشەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فیدراڵی دەستیانپێکردووە کە بڕیاروایە 23ی مانگی داهاتوو سازبکرێن. 
بەپێی زانیارییەکانی ئێمە تاوەکو ئێستا 10 کورد لە پارتە جیاکان خۆیان بەربژێر کردووە کە لە رووماڵی هەفتەی داهاتوومانەوە و تاوەکو کاتی هەڵبژاردن هەموویان دەناسن. یەکێک لەو مژارانەی لەم هەڵبژاردنانەدا بایەخی زۆری پێدەدرێ مەسەلەی سیاسەتی کۆچبەرییە. 
پارتەکانی ئەڵمانیا کێبڕکێیانە لەسەر ئەوەی کامەیان زۆرتر پێداگیری لەسەر تووندترکردنی سیاسەتی کۆچبەری بکەن. ئەم هەفتەیە گەنجێکی کۆچبەر بە هێرشێک بۆ سەر خەڵکی منداڵ و مەزن، گەنگەشەکانی لەسەر سیاسەتی کۆچبەری گەرمتر کرد. گەنجەکە لە شاری (ئاشافبورگ)ی ئەڵمانیا منداڵێکی دوو ساڵە و پیاوێکی 41 ساڵەی کوشت. سێ کەسیشی بریندار کرد، کە یەکێکیان منداڵێکی دیکەی دوو ساڵە بوو. هەردوو منداڵەکەش بە بنەچە کۆچبەر بوون. ئەمە وایکردووە لە سەرتاسەری ئەڵمانیا گوشارەکان تووندتر ببنەوە بۆئەوەی حکومەتی داهاتووی ئەڵمانیا رێوشوێنی تووندتر بۆ هاتنی کۆچبەران بگرێتەبەر. 

بەپێی نوێترین داتاکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ساڵی 2024 هەوڵی زۆر دراوە کەمترین کۆچبەری بەتەمەن گەورە سوود لە یاساکانی هێنانی ئەندامانی خێزان لەلایەن کۆچبەرانی خاوەن مافی مانەوەوە وەربگرن. بۆیەش لە کۆی 12 هەزار کەس کە هێندراونەتە لای کەسوکاریان لە ئەڵمانیا، 61 لەسەتیان منداڵ بوونە، کە دەکاتە 7300 منداڵ. هەروەها 1500 دایک و باوک هێندراونەتە ئەڵمانیا کە منداڵەکانیان تەمەنیان لەخوار 18 ساڵ بووە و پێشتر گەیشتوونەتە ئەڵمانیا.

ئەم هەفتەیە 391 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا
سەرەڕای ئەوەی حکومەتی بەریتانیا هەموو هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ رێگەگرتن لە پەڕینەوەی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام هێشتاش ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر دەپەڕنەوە. 
داتاکانی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا ئاشکرایدەکەن کە ئەم هەفتەیە 391 کۆچبەر بە 9 بەلەمی بچووک پەڕیونەتەوە ئەوبەر. 
هەفتەی پێشوو حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند لەگەڵ عێراق و کوردستان رێککەوتنیان کردووە بۆ رێگەگرتن لە تاوانی رێکخراو و هاتنی کۆچبەری نایاسایی. ئەویش بەوەی لە نێوەوەی کوردستان و عێراق بە هاوکاریی بەریتانیا باندەکانی قاچاخچێتی ئاشکرابکرێن. یەکێک لەو نموونانە دەستگیرکردنی باندێک بوو کە بەریتانیا سوپاسی کاربەدەستانی کوردستانی کرد کە لە سلێمانی بەهاوبەشی دەستگیریانکردن. 
جۆرێکی دیکەی کارە هاوبەشەکان، کە بەریتانیا پشتیوانیی دەکات، هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوەیە. بۆنموونە ئەمرۆ شەممە لە هەولێر پانێڵێکی هاوبەش هەیە کە کارێکی هاوبەشی دامەزراوەکانی بەریتانیا و کوردستانە. پانێلەکە بە پشتیوانیی باڵیۆزخانەی عێراق لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێ و بەهاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای مافە نێودەوڵەتییەکان.
لەم بارەیەوە لە بەریتانیاوە نزار وەیس، سکرتێری کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا لەرێگەی سکایپەوە میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، رۆژی شەممە 25/1/2025 پانێڵێکیان هەیە لە هەولێر کە بەشی پلاتفۆرمی مافی مرۆڤی کۆمەڵەی کوردی سازی دەکەن و بەڕێوەی دەبەن بەبەشداریی لەگەڵ پەیمانگای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ. 
نزار وەیس، سکرتێری کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا روونیکردەوە، پلاتفۆرمەکە دوو بەشە، بەشی یەکەمی لە هەولێر دەکرێت و بڕیارە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق پشتیوانیی پڕۆژەکە بکەن و بەشداریی تێدا بکەن و بەشەکەی دیکەشیان بڕیارە لە مانگی سێ یان مانگی چوار لە بەریتانیا بکرێت.
نزار وەیس گوتیشی"هەوڵ دەدەین لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا بگەینە لێکتێگەیشتنێک بۆ بە زۆر نەناردنەوەی پەنابەران لە بەریتانیا، کە کاریگەرییەکی نێگەتیڤی کردووەتە سەر دەروونی پەنابەران و پشێوییەکی زۆری دروست کردووە". دەشڵێت"گرنگە بتوانین چۆن هەماهەنگی بکەین بۆ دۆزینەوەی رێگایەک بۆ کەمکردنەوەی ئەم هەموو تراژیدیا و مەرگەساتانەی بەسەر خێزان و تاکی گەنجی کورددا دێت لەو رێگا قاچاخانەدا".

سوێد وڵاتینامە لەو کەسانە دەسەنێتەوە کە وەک "تاوانکار" ناسێنراون
حکومەتی سوێد ئامادەکاری دەکات بۆ رێوشوێنی نوێ بەرامبەر ئەوانەی لەو وڵاتە تاوان دەکەن یان وەک خۆیان دەڵێن `دەبنە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی سوێد`. 
رێوشوێنە نوێکە سەندنەوەی وەڵاتینامە (یان پاسپۆرت)ە لەو کەسانە. پارتەکانی نێو حکومەتی سوێد رێککەوتوون کە ئەوانەی جگە لە پاسپۆرتی سوێدی پاسپۆرتێکی دیکەشیان هەیە، ئەگەر تاوانیانکرد یەکسەر پاسپۆرتە سوێدییەکانیان لێ وەربگیرێتەوە. 
بەپێی دەستووری سوێد ناکرێ وەڵاتینامە لە کەسێک بسەندرێتەوە کە بووەتە سوێدی. بۆیە ئەو پارتانە رێککەوتوون دەستوور هەموار بکەنەوە. پارتەکانی دەرەوەی حکومەت (جگە لە دێموکراتەکان، کە پشتیوانیی حکومەتی ئێستا دەکەن) لەگەڵ ئەوەدانین بڕیاری وا بدرێت. 
ئەو پارتانە بریتین لە چەپەکان و چەپی نێوەڕاست و سەوزەکان. وەزارەتی کۆچبەریی سوێد دەڵێ ئێستا 600 کەس هەن کە بەپێی یاسا بەربژێرن بۆ وەرگرتنی وەڵاتینامەی سوێدی، بەڵام لە تۆماری دەوڵەتدا وەکو هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی سوێد ناسێندراون. 


لە ژاپۆن گەنگەشەی تایبەت لەسەر کۆچبەری کورد هەیە
راپۆرتێکی وەزارەتی دادی ژاپۆن لەبارەی کوردەوە کاردانەوەی دروستکردووە
ژمارەی کورد لە شاری کاواگووچی ژاپۆنی نزیکەی 2500 کەسن


لە ژاپۆنیش گەنگەشەیەکی تایبەت لەسەر کۆچبەرانی کورد هەیە. ئەویش دوای ئەوە دێت کە ئاشکرا بووە ساڵی 2004، وەزارەتی دادی ژاپۆن لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی ژیانی خەڵک لە باکووری کوردستان. ئەویش دوای ئەوەی ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە ژاپۆن سکاڵایان تۆمارکردووە کە کەیسی پەنابەرییەکانیان بڕیاری نادادپەروەرانەیان لەبارەوە دراوە. 
کۆچبەرە کوردەکان لە شاری کاواگووچی دەژیان. لیژنەکە دەچێتە باکووری کوردستان و بەو ئەنجامەوە دێتەوە کە ئەوانەی هاتوونەتە ژاپۆن شایانی مافی پەنابەری نین. چونکە لەوێ چەند کەسێک قسەی بۆ کردوون و گوتوویانە ئەوانیش کاتی خۆی لە ژاپۆن بوونە و تەنیا بۆ پارەکۆکردنەوە چووبوون. لیژنەکە راپۆرتەکە دەدەنە حکومەت و لەوکاتەوە حکومەت خۆی لێ بێدەنگ کردووە. ئێستا ژمارەی کورد لە شاری کاواگووچی گەیشتووەتە نزیکەی 2500 کەس.
 خەڵکی ناوچەکە دەڵێن لەگەڵ دیاسپۆرای کوردی لەوێ کێشەیان بۆ دروستدەبن. بۆیە هەڵمەتێک دەستپێکراوە و دەیانەوێ حکومەتی ژاپۆن وەڵامبداتەوە کە بۆچی ئەو راپۆرتە ئاشکرا نەکراوە و ئەگەر کورد بە خراپ سوودیان لە سیستمی کۆچبەریی ژاپۆن وەرگرتووە، بۆچی رێگە بەمە دراوە. 
کەیسووکێ سوزوکی، وەزارەتی دادی ژاپۆن ئەم ماوەیە راپۆرتەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام کەیسووکێ سووزووکی، وەزیری دادی ئەو وڵاتە رەتیکردووەتەوە وەڵامی میدیاکانی وڵاتەکەی بداتەوە کە ژاپۆن جارێکی دیکە لێکۆڵینەوە لە کەیسی کۆچبەرە کوردەکان دەکاتەوە یان نا. لە ویلایەتی سایتاما، کە زۆربەی کوردی ژاپۆن تێیدا دەژین، پێشتر لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە هێرش کرابووە سەر کۆچبەرانی کورد. 
بۆیە پۆلیسی ئەو وڵاتە و نوێنەرانی دیاسپۆرای کوردی لەو ویلایەتە گەشتی هاوبەشیان بۆ پاراستنی کۆچبەران لە ناوچەکەدا دەکرد. 
وەرزشڤانێکی کورد لە پاڵەوانێتیی هونەری بەرگریی ئەورووپا مەدالیای زێڕی بەدەستهێنا
فەرشاد گەردکانە بووە پاڵەوانی ئەورووپا لە یاری جیو جیتسوو

هەفتەی رابردوو کوردێک لە ئەو ئەورووپا توانیی ببێتە پاڵەوانی ئەورووپا بۆ یارییەکی بەنێوبانگی ژاپۆنی. 
فەرشاد گردەکانە، لە کێبڕکێکانی یاریی (جیو جیتسوو)دا کە بەناوی (یورۆپیەن جیو جیتسوو) بەڕێوەدەچن، لە کێشی 94 کیلۆیی بووە پاڵەوان. کاتێک لەسەر ستەیجی یەکەمبوون راوەستا، ئاڵایەکی گەورەی کوردستانی دەرهێنا و رایوەشاند.
فەرشاد گردەکانە، پاڵەوانی ئەورووپا بۆ یاریی جیو جیتسوو لە رێگەی سکایپەوە بووە میوانی دیاسپۆرا و رایگەیاند، ئەم پاڵەوانێتییە لە ئاستی جیهاندا زۆر گرنگە و ساڵی یەکجار بەڕێوەدەچێت.
فەرشاد روونیکردەوە، هەرچەندە پاڵەوانەتییەکە لە ئەورووپا بەڕێوەدەچێت، بەڵام هەموو پاڵەوانەکانی جیهان بەشداری تێدا دەکەن. ئاستەکەی زۆر بەرزە و هەرکەسێک پلەی یەکەم بەدەستبێنێت، دەبێتە پاڵەوانی جیهان. دەشڵێت. کاتێک پلەی یەکەمم بەدەستهێنا بڕیارمدا ئاڵای کوردستان لەم گۆڕەپانەدا بەرز بکەمەوە و ناوی کوردستان بەرز رابگرم و واشمکرد و نازناوەکەو سەرکەوتنەکەشم پێشکێش بە کوردستان کرد".
فەرشاد گردەکانە  ئاماژەی بەوەکرد ،هەرچەندە یاریی کۆتایی زۆر سەخت بوو، بەڵام بیری لەوە دەکردەوە کە ئەگەر ببێتە پاڵەوان، ئەوە بۆ کوردستانە، بۆیە هەموو هێز و توانای خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی پاڵەوانێتییەکە بەدەست بێنێت، دەشڵێت"یاریزانی بەرامبەرم یەکێک بوو لە باشترینەکانی جیهان، بەڵام بە یارمەتی خودا توانیم ئەم دەستکەوتە بۆ کوردستان تۆمار بکەم".
فەرشاد گردەکانە دەڵێت"راستە من لە بەلجیکا دەژیم و دەمتوانی ئاڵای بەلجیکا بەرز بکەمەوە، بەڵام گرنگە جیهان بزانێت ئێمە کوردین. دڵ و مێشکمان هەر لای کوردستانە و من بە هەر شێوەیەک بێت هەوڵ دەدەم ناوی کوردستان بەرز رابگرم و ئێمە وەک وەرزشوانێکی تاک کێبەرکێ دەکەین، ئێستا یەکەم کوردین کە لەم ئاستەدا سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە و رێگە خۆشکەر دەبین بۆ وەرزشوانانی دیکەی کورد."
 حکومەتی ئەڵمانیا پارە بەو کۆچبەرە سووریاییانە دەکات کە دەگەڕێنەوە

گەورەترین دیاسپۆرای رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە ئەوروپا لە ئەڵمانیا دەژین، داتاکانی وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیا دەریدەخەن کە 975 هەزار کۆچبەر لە ئەڵمانیا هەن کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریان. واتە نزیکەی ملیۆنێک. 
تەنیا ساڵی 2024، زۆرتر لە 77 هەزار کۆچبەری خەڵکی رۆژئاوا و سووریا لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە. لەو نزیکەی یەک ملیۆن کۆچبەرە، 607 هەزار کەسیان مافی مانەوەیان دراوەتێ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو. 340 هەزار کەسیشیان مافی پەنابەرییان وەرگرتووە و 266 هەزاریشیان لە چوارچێوەی هێنانی ئەندامانی خێزاندا مافی مانەوەیان هەیە. 
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیای فیدراڵ رایگەیاندووە کە پێشتر بۆ کۆچبەرانی وڵاتانی دیکە پرۆگرامێکیان داناوە و لەم مانگەوە پرۆگرامەکە کۆچبەرانی سووریش دەگرێتەوە. هەرکەسێک بیەوێ بگەڕێتەوە، حکومەتی ئەڵمانیا 1700 یۆرۆی دەداتێ و خەرجیی گەڕانەوەشی لەئەستۆ دەگرێ. بۆ ماڵباتیش 4000 یۆرۆیان دەداتێ. هەروەها ماڵبات دەتوانن لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی مانەوەیاندا لە وڵاتی خۆیان هەر کەسەیان 2 هەزار یۆرۆ وەک یارمەتی بۆ خەرجییە تەندروستییەکانیان وەربگرن. 
نزیکەی یەک ملیۆن دیاسپۆرای خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە ئەڵمانیا دەژین

لەسەر ئایندەیان لێرە و ئایندەی رۆژئاوای کوردستان و سووریاش، ژمارەیەک چالاکی فەرهەنگیی رۆژئاوای کوردستان رۆژانی رابردوو کۆبوونەوەیەکی راوێژکارییان لە شاری دووسەلدرۆفی ئەڵمانیا کرد. سێ کەس لەوانەی بەشداربوون لە کۆبوونەوەکەدا میوانی دیاسپۆرا بوون، کە بریتین بوون لە ئیدریس عومەر، کامیران حاجی عەبدۆ و شادی حاجی کە هەرسێکیان دیاسپۆرانشینی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و باسی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان کرد.
سەرەتا شادی حاجی روونیکردەو ەکە کارەکانی کۆمەڵە کوردییەکانی ئەڵمانیا رۆڵیان نەبووە لەسەر بڕیارەکانی حکومەتی ئەڵمانیا سەبارەت بە رۆژئاوا و سووریا و گوتی"پێویستە گەنجانی کورد لە ئەڵمانیا تێکەڵ بە پارتەکانی ئەڵمانیا بن و ئەوان دەتوانن لە رێگەی پارتەکانی ئەڵمانیاوە رۆڵیان لەسەر بڕیاری حکومەت هەبێ هەم بۆ وڵاتەکە و هەم بۆ سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش".
شادی حاجی گوتیشی" تاوەکو ئێستا دۆخی سووریا ناڕوونە و تاوەکو مافی هەموو پێکهاتەکان لە دەستووری سووریا جێگیرنەبێ، ترس هەر دەمێنێت".
شادی حاجی دووپاتیکردەوە، داواکاری سەرەکی کۆمەڵەکەیان چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵییە لە سووریا  و ئامانجی سەرەکییانە کە رۆژئاوای کوردستان ببێتە هەرێمێکی فیدراڵی لە سووریای داهاتوو.
لای خۆیەوە د. کامیران حاجی عەبدۆ سەبارەت بە داهاتووی سووریا و رۆژئاوای کوردستان و کاریگەریی بەسەر کۆچبەرانی ئەوم وڵاتە لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپاوە گوتی" ئارامی و ئاسایش و ژیان لە سووریا بەدیبێ، زۆربەی کۆچبەرانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کەلە وڵاتانی ئەورووپا دەژین دەگەڕێنەوە".
د. کامیران حاج عەبدۆ روونیکردەوە،کە حکومەتی ئەڵمانیا دەتوانێ رۆڵی هەبێ لە بنیاتنانی ئارامیی سووریا و هەروەها باشترکردنی ژیانی ئابووری، جگە لە ئەڵمانیا وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەگشتی دەتوانن ئەم رۆڵە بگێڕن، بۆیە بە هەنگاونانی ئەم هەنگاوە بەرێژەیەکی زۆر کۆچبەران دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و بەمەش باری سەرشانی ئەم وڵاتانە لە بوونی کۆچبەر کەم دەبێتەوە، دەشڵێت"ئەگەر حکومەتی داهاتووی سووریا بتوانێت ئاسایش و سەقامگیری و دۆخی ئابووری باشتر بکات، بەتایبەتی لە بەشی رۆژئاوای کوردستان، ئەوا بە دڵنیایی زۆربەی هەرەزۆری کوردی رۆژئاوای کوردستان کە لە ئەورووپا نیشتەجێن، بەتایبەت لە وڵاتی ئەڵمانیا دەگەڕێنەوەو خزمەت بە نەتەوەو وڵاتەکەیان دەکەن".
سیستەمی فیدراڵی بۆ حکومرانی داهاتووی سووریا باسێکی گەرمە لەنێو دیاسپۆرای کوردی لە ئەورووپا، بەردەوام چالاکی سیاسی لەوبارەیەوە دەکرێن و چالاکڤان و سیاسەتڤانانی کوردی رۆژئاوا لە ئەورووپا بەتایبەت لە ئەڵمانیا دەیانەوێ لۆبییەکی گەورە بۆ چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی لە سووریا دروستبکەن و قەناعەت بە وڵاتانی ئەورووپا بکەن بۆ ئەوەی پشتیوانی لەو پرۆژەیە بکەن،  ئیدریس عومەر کە چالاکوانێکی دیاری دیاسپۆرای کوری رۆژئاوایە لە سووریا و ئەندامی کۆمەڵەی کوردییە لە ئەڵمانیا سەبارەت بە ئامانجی کۆمەڵەکەیان گوتی"ئێمە داوای سیستەمی فیدراڵی دەکەین بە سووریا، هەرچەندە دەزانین کەمێک قورسە، هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە عەرەبی سووریا فیدراڵی ناناسن و بە پارچەبوونی وڵات دەزانن و لێکی دەدەنەوە، بەڵام لە واقعدا فیدراڵی یەکبوونە، پارچە پارچەبوون نییە و سووریا بە یەکپارچەیی دەهێڵێتەوە".

فیلمێکی کوردی-نەرویجی لە فێستیڤاڵی فیلمی تێکساس بەشدارە
فیلمی 'مای ئەنکڵ جێنس' لە نەرویج پێشوازییەکی گەورەی لێکرا
چیرۆکی فیلمەکە باسی کورد دەکات کە لە دیاسپۆرا تووشی رووداوی جۆراوجۆر دەبێ

دوای ئەوەی فیلمی کوردی و نەرویجیی (مای ئەنکڵ جێنس) لە نەرویج پێشوازییەکی گەورەی لێکرا، ئێستا چووەتە فێستیڤاڵی بەنێوبانگی (South by Southwest) کە لە تێکساسی ئەمریکا بەڕێوەدەچێ. 
فیلمەکە لە دەرهێنانی بڕوا وەهابپوورە و هەروەها هەمزە ئاگوشی و پەیمان عەزیزپوور رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن.
دەرهێنەری فیلمەکە و رۆڵگێڕی سەرەکی لە نەرویجەوە میوانی دیاسپۆرا بوون، سەرەتا بڕوا عەبدوڵڵا دەرهێنەری فیلمەکەیە باسی نێوەڕۆکی فیلمەکەی کرد و رایگەیاند،کۆمەڵێک چیرۆکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دیکە لەنێو فیلمەکەدا هەن، فیلمەکە باس لە چیرۆکی گەنجێکی کورد دەکات کە لە کوردستان لەدایکبووە و بە منداڵی چووەتە نەرویج. کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە مامۆستایە و لەگەڵ دوو هاوڕێی لە خانوویەکدا دەژی.
بڕوا عەبدوڵڵا، دەرهێنەری فیلمەکە راگەیاند"شەوێک کەسێک دێتە بەردەرگای ماڵەکەی، ئەویش مامی ئاکامە کە لە کوردستانەوە هاتووە بۆ سەردانی. لەوێوە چیرۆکی فیلمەکە دەستپێدەکات کە باس لە هەوڵەکانی مامەکەی دەکات بۆ فێرکردنەوەی کولتوور و زمانی کوردی بە ئاکام."
دەرهێنەری فیلمەکە ئاشکرای کرد کە یەکەمجار 10 ساڵ لەمەوبەر لە زانکۆیەکی باکووری نەرویج هەمزە سۆفی بۆ کورتە فیلمێک هەڵبژاردووە. لەو کاتەوە چەند جارێک پێکەوە کاریان کردووە، بۆیە راستەوخۆ رۆڵی سەرەکی فیلمەکەی پێسپاردووە و هیچ تاقیکردنەوەیەکی ئەکتەری بۆ نەکردووە.
لای خۆیەوە هەمزە ئاگۆشی، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە گوتی"فیلمەکە بە زمانێکی درامی و کۆمیدی باس لە چەندین بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات، سیناریۆکە چەندین توخمی تێدایە کە سەرنجی بینەر رادەکێشێت."
گوتیشی"فیلمەکە بۆ خەڵکی ئەورووپا و ئەمریکا سەرنجڕاکێشە و من تێیدا رۆڵی سەرەکیی 'مام یوونس' دەگێڕم، کە بەشێکی چیرۆکی 'مام یوونس' رابردووی منە".