دیاسپۆرا - کوردی رۆژئاوا لە کۆنترین کوردە دیاسپۆرانشینەکانی ئەوروپان

13 December 2024
دیاسپۆرا - کوردی رۆژئاوا لە کۆنترین کوردە دیاسپۆرانشینەکانی ئەوروپان
دیاسپۆرای ئەمجارە لە جارەکانی دیکە جیاوازە و تایبەتە بەو گۆڕانکارییانەی پاش رۆیشتنی رژێمی ئەسەد دروستدەبن. 
کوردی رۆژئاوا لە کۆنترین کوردە دیاسپۆرانشینەکانی ئەوروپان، بەڵام لەدوای ساڵی 2011ەوە و ئەو رووداوانەی بەدوایدا هاتن، ژمارەیەکی گەورەی کوردی رۆژئاوا هاتنە دیاسپۆرا. لەو ساڵانەدا کە لە ئەورووپان بەشی زۆریان توانیویانە بەباشی خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگە نوێکانیاندا بگونجێنن، بەڵام هەمیشە چاو و دڵیان لە کوردستان بووە و یارمەتیی ئەوێیان داوە. 
قۆناخێکی سەخت بوو و وڵات پێویستی بە یارمەتیی دیاسپۆرانشینەکانی هەبوو. بەڵام پرسیار ئەوەیە پاش رۆیشتنی ئەسەد دیاسپۆرای رۆژئاوای کوردستان چیی لێدێ و دەبێ چی بکات؟ رۆژێک دوای زانینی رووخانی رژێمی بەعسی سووریا، ئاوارە سوورییەکان بەلێشاو لەسەر سنوورەکانی تورکیا و لوبنان و ئوردن بوون و دەیانەویست بگەڕێنەوە، بەڵام ئاوارەکان و دیاسپۆرانشینانی رۆژئاوا بەلێشاو لەسەر سنوورەکان نەبیندران. هۆی ئەمە چییە؟ چی وادەکات خەڵکی رۆژئاوا بڕیار بدەن بچنەوە؟ ئەگەریش ناچنەوە لێرەوە چییان بۆ ئایندەی ئەو بەشەی کوردستان و بۆ وڵاتی خۆیان پێدەکرێ. 
لە دیاسپۆرای ئەمجارە لێرە هەریەکە لە سیروان حاجی بەرکۆ، کە 35 ساڵە هاتووەتە ئەڵمانیا و وەک دیاسپۆرانشینێک ئیشی زۆری بۆ رۆژئاوای کوردستان کردووە، هەروەها سەرۆکی دامەزراوەی ئارتایە، میوانی دیاسپۆرا بوو. 
هەروەها روودی عەلی کە جگە لەوەی بەردەوام خەریکی پڕۆژەی کۆمەککردنی رۆژئاوای کوردستانە، لە ئەورووپا توانیویەتی نموونەیەکی باڵای خۆگونجاندن و سەرکەوتنی دیاسپۆرانشینان بێ و هەڵگری خەڵاتی نێودەوڵەتیی شازادە دایاناشە. 
ئاریا جەمۆ، سەرۆکی دامەزراوەی خێرخوازیی (ئێس ئۆو ئێس کوردستان) و چالاکڤانی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، هەمیشە خەریکی کۆکردنەوەی کۆمەک و پشتیوانی بووە بۆ خەڵکەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و هەروەها دروستکردنی لۆبی بۆ رۆژئاوای کوردستان میوانی دیاسپۆرا بوون. 

خێزانێکی کوردی کۆبانێ 11 ساڵە چاوەڕێی گەڕانەوەی کوڕە رفێنراوەکەیان دەکەن
لە ساڵی 2013 دا محەممەد لەلایەن داعشەوە رفێنراوە
 تاوەکو ئێستا چارەنووسی محەممەدی رفێنرراو دیار نییە

رۆژانی رابردوو رۆژانی شادی و دڵخۆشی بوون بۆ خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان. بەڵام بۆ ماڵباتێکی خەڵکی کۆبانێ کە لە ئەڵمانیا دەژین، رۆژانی کولانەوەی برینێکی قووڵ بوون. 
محەممەدی هەژدە ساڵ لە ساڵی 2013 لە رێگەی چوونی لە حەڵەبەوە بۆ هەولێر لەلایەن داعشەوە دەگیرێت. لەوکاتەوە هیچ سۆراخێکی نییە. جگە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کە بۆ دایکی کراوە و پێیانگوتووە کوڕەکەت لەدەست داعشدا نەماوە و لە زیندانی رژێمی بەعسدایە. دایک وباوکی محەممەد بە دڵێکی شکاوەوە چیرۆکی ساڵانی چاوەڕوانی و ئێشی زۆری نەزانینی چارەنووسی رۆڵەکەیان بۆ دیاسپۆرا گێڕایەوە. 
محەممەد ئەمین موسلیم- باوکی محەممەدی رفێندراو :
ئێستا بەشار رۆیشت، ئێمە وەک کەسایەتییەکی سووری زۆر دڵخۆشین کە رژێمێکی دیکتاتۆری پەنجا ساڵی کە هیچ خەراپەیەک نەمابوو نەیکردبێت، هیچ ئەشکەنجە و پیسییەک نەماوە نەیکات، بۆیە بە رۆیشتنی دڵخۆشین، وەکو کورد.
میللەتی ئێمە تەنیا لە کۆبانێ و دەورووبەری نزیکەی 550 کەس کەوتنە دەست داعش و بێسەروشوێنن، ئەو ئازارە گەورەیە لەگەڵمان مایەوە، ئێمە ئومێدەوارین رۆژێک دەرگەیەک، رێگەیەک بدۆزرێتەوە بپرسن و بگەڕێین، بەڵکو چارەنووسیان بزانین و بیاندۆزینەوە.
چیرۆکی رفاندنی کوڕەکەم بەم شێوەیە بوو، محەممەدی کوڕم زۆر حەزی بە کاری میدیا بوو، لە باشووری کوردستانەوە بانگهێشتنامەیەکی بۆهات بۆ ئەوەی بەشداریی لە کۆڕبەندێکی مرۆژنامەڤانیدا بکات، ئەوەبوولە 25ی مانگی ئابی 2013 کە ئەوکات تەمەنی 18 ساڵان بوو رۆیشت و لە نێوان کۆبانی و رەققە داعش رێگەیان پێگرت و رفاندیان و ئیتر ون بوو. دواتر ئێمە بەدوایداچووین و چەند ناسیاوێکمان لەوێ هەبوون و چووینەلای گرووپە چەکدارەکان و پرسیمان، ئەوان پێیان گوتین کە لەلایەن داعشەوە دەستگیرکراوەو لە زیندانە".

زاهیدە عەبدی- دایکی محەممەدی رفێندراو: 
دوای دەستگیرکردنی کوڕەکەم، داعش بانگەوازێکی کرد، هەر کوردێک کەسێکی لەلایەن ئەوانەوە دەستگیرکراوە دەتوانن بێن و سۆراخی بکەن، ئەوەبوو من جلی ژنانەی ئەوانم پۆشی لەسەرەوە بۆ خوارەوە هەمووی رەش و منداڵە بچووکەکەشم برد و ئەوان رێگەیان نەندەدا ژنێک بە تەنیا بگەڕێت، ئەوەبوو گەیشتمە رەققە و چوومە باڵەخانەیەک وەک شارەوانییەک وابوو، کەسێکی توونسی لێبوو گوتی"دوای دوو کاژێری دیکە وەرە ژوورەوە، دوای دوو کاژێرەکە چوومە ژوورەوە ئەو کەسە پێی گوتم کوڕەکەی تۆمان کوشتووە"، منیش گوتم بە چ بیانوویەک بە چ تاوانێک کوڕەکەمتان کوشتووە؟، گوتی" چونکە کوڕەکەت هاتبوو بمانکوژێت و لێمان بدات"، منیش گوتم وانییە کوڕەکەم دەچووە سەفەر، ئەو گوتی" نەخێر ئێوە کوڕەکانتان دەنێرنە کوردستانی عێراق بۆ ئەوەی لەوێ مەشق و راهێنان بکات و دواتر بگەڕێتەوە بمانکوژن"، من گوتم ئەوە چ شەریعەتێکە؟. گوتی" ئێمە شەریعەت دەزانین نەک تۆ"، منیش گوتم، نەخێر خۆ هێشتا کوڕەکەم کەسی نەکوشتووە تاوەکو بکوژرێتەوە.
دواتر زانیم درۆ دەکات و نەکوژراوە، هەستام چوومە دەرەوە، دوای ئەوە من شەش جاری دیکە چوومە لایان، ئەمیرێکیان بەمنی گوت ماندوو نەبووی وازناهێنی لە کوڕەکەت؟، منیش گوتم نەخێر من وازناهێنم و ناوەستم، خۆ من لە کوڕەکەم باشتر نیم.
جارێکیان دادگاییەک هەبوو ئەمیرێکی میسری لێبوو، پێی گوتم" با ئێمە کۆبانی بگرین، ئەو کات کوڕەکەت ئازاد دەکەین"، واتە وەک دیارییەک بۆ ئێمە، رێک بەدەق پێی گوتم "کوڕەکەت نادەینەوە تاوەکو عەین و لئیسلام نەگرین"، هەرچەندە دواتر هاتن لە کۆبانێ شەڕیان کرد و زۆر خەراپەشیان کرد، بەڵام شکان، دواتر چەند کەسێکی دیکەمان تێگەیاند و ئەوانیش چوونە لای داعش و داوای ئازادکردنی کوڕەکەمیان کرد، ئەمجارە داعش بەوانی گوتبووی تەنیا بە گۆڕینەوەی دیلەکانمان ئەو کوڕە ئازاد دەکەین، ئەوەبوو ناوی کوڕەکەمان لە سوپای ئازاد نووسی بۆ ئەوەی وەک دیل بگۆڕدرێنەوە، دواتر داعش و سوپای ئازاد دیلەکانیان گۆڕیەوە، بەڵام  هیچ کەسێکی کۆبانێ بە کوڕەکەشمەوە تێدا نەبوو.

زاهیدە عەبدی- دایکی محەممەدی رفێندراو:
لە رێگەی ژنێک لە تورکیاوە ئەفسەرێکی سووری پێی گوتووە کە محەممەدی کوڕم لە دێرەزوور زیندانییە و دواتر قسەمان لەگەڵ ئەفسەرەکە کرد، گوتی" من ئێستا لە شامم، بەڵام دەتوانم کوڕەکەت ئازاد بکەم"، گوایە لە زیندانێکی دێرەزوور زیندانیکراوە لەیەن حکومەتی سووریاوە، منیش گوتم باشە دەتوانی نیشانەیەکی کوڕەکەم یان وینەیەکم بۆ بگری و بنێری، یاخو هەر خولەکێک بە دەنگ قسە بکات وبڵێت دایە منم محەممەد بۆ ئەوەی باوەرت پێبکەم، ئەو ئەفسەرە داوای پارەی لێدەکردین و دەیگوت من دوورم ناتوانم وێنەت بۆ بگرم و بنێرم، بەڵام دەتوانم ئازادی بکەم، منیش گوتم تۆیەک نەتوانی وێنەیەکی ئەوم بۆ بگری و نەتوانی دەقەیەک دەنگی ئەوم بۆ بنێری، یان نیشانەیەکی سەر لەش و رووخساریم بۆ بنێری چۆن دەتوانی ئازادی بکەم و ئیتر من رازی نەبووم.
یازدە ساڵ زۆرە کەسێکی ئازیزت ون بێ و زۆر هەوڵماندا و زۆر گەڕاین و زۆر پرسیارمان کرد، تەنانەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەڵمەتێکمان کرد بۆ دۆزینەوەی، تەنانەت لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و تاوەکو لە رووداویش دەنگمان بەرزکردەوە، بەڵام بەداخەوە هیچمان نەزانی.، تەنانەت کاتێک باغۆس ئازاد کرا لە دەستی داعش زۆر هەوڵماندا و زانیمان زۆر زیندانی خەڵکی کۆبانێ لەوێ بوون، بەڵام هیچیان پێنەگوتین و نەمانزانی ماوە یان نە.

محەممەد ئەمین موسلیم- باوکی محەممەدی رفێندراو:
ونبوونی محەممەدی کوڕمان زۆر ئازار بەخشە، تەنانەت خۆشی و شادی لە ماڵەکەمان نەماوە، ناتوانین شایی بکەین و ناتوانین دڵخۆش بین، تەنانەت منداڵە بچووکەکانیشمان زۆر جار حەز دەکەن دڵخۆشبن و هەڵپەڕین لەگەڵیان، بەڵام ئێمە نایکەین و ئەانیش ئێستا هەست بەو خەمە گەورەیە دەکەن کە لە دڵی ئێمەدایە، ئێمە کەوتووینتە حاڵەتێکی دەروونی ناخۆش لە نێوان ئازاری ئێمە و ویستی منداڵەکانمان.

زاهیدە عەبدی- دایکی محەممەدی رفێندراو:
دوو منداڵەکەم زۆر جار پرسیاری برا گەورەکەیان دەکەن و ئەوانیش دەیانەوێ دڵخۆشبن، بەڵام ئیتر خۆشی بۆ ئێمە نییە و هەر لە نێو ئازار و خەمداین..... .


داهاتووی دیاسپۆرانشینانی رۆژئاوای کوردستان لە ئەورووپا

داهاتووی رۆژئاوای کوردستان دوای نەمانی رژێمی بەعس لە سووریا

کورد چۆن دەتوانێت مافەکانی لە سووریای نوێ بەدەستبێنێت؟
روودی عەلی، هەڵگری خەڵاتی نێودەوڵەتیی شازادە دایانایە لە بەریتانیا، جگە لەوەی بەردەوام خەریکی پڕۆژەی کۆمەککردنی رۆژئاوای کوردستانە، توانیویەتی نموونەیەکی باڵای خۆگونجاندن و سەرکەوتنی دیاسپۆرانشینان بێ، ئەو کەسێکی هۆشیار و چاودێرێکی سیاسییە و هەمیشە خەمی دۆزی نەتەوەکەیەتی. 
لەبارەی گەڕانەوەی کوردی عەفرین بۆ زێدی خۆیان گوتی" خەڵکی عەفرین دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام بەشێک لەو کوردانەی دەگەڕێنەوە دووچاری کێشە بوونەتەوە، بەهۆی ئەوەی چەکدارەکان لە عەفرین بەشێکی ماڵە کوردییەکانیان داگیرکردووە و ئامادەش نین رادەستی خاوەنەکانیان بکەنەوە و هیوادارم هەموویان بگەڕێنەوە".
سەبارەت بە داهاتووی رۆژئاوای کوردستان و مافی کورد لە سووریای نوێ، روودی عەلی دەڵێت" راستە ئەسەد و رژێمەکەی کەوتن و کۆتاییان پێهات، بەڵام بەتەنیا گۆڕینی رژێم بەس نییە، بەڵکو پێویستە کورد پشتیوانیی یەکدی بکەن و زۆر گرنگ و پێویستە لەم کاتەدا یەکدیبگرن و هەموو هەوڵێکیان بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بێت".
روودی دەشڵێت" لەم کاتە ناسکەدا پێویستمان بە گفتوگۆی کوردی- کوردی هەیە لە رۆژئاوای کوردستان، دوای ئەوەی کە بووینە یەکهەڵوێست ئینجا پێویستە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ناوەند ئامادەبین و هیچ شتێکی دژی سووریامان نییە".

هەڵگری خەڵاتی نێودەوڵەتیی شازادە دایانا ئاماژەی بەوەکرد، شەش گرووپیان بۆ بەڵگەکردنی تاوان دژی کورد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دروستکردووە و بەڵگەی پشتڕاستکراوەی تاوان دژی کورد لە سۆشیال میدیا بڵاودەکەنەوە، جگە لەوەی دەبێت تاوانباران سزا بدرێن، ئەوا دەبێت قەرەبووی قوربانیان و کەسوکاریشیان بکرێتەوە.
سەبارەت بە رۆڵی دیاسپۆرانشینی کوردی رۆژئاوای کوردستان لە ئەورووپا و ئەمریکا بۆ پشتیوانی لە بەدەستهێنانی و گەیشتنی مافی کورد لە سووریا دەڵێت"دەبێت دیاسپۆرای کورد کاربکەن بۆ دۆخی رۆژئاوای کوردستان، هەموو رێگە مەدەنی و یاساییەکان بەکاربێنن و گوشار دروست بکەن، هەروەها پێویستیشە لە راگەیاندن و پلاتفۆڕمە کوردییەکان کاراتربن، کە ئێستا کەموکوڕییان هەیە".

سیروان حاجی بەرکۆ، سەرۆکی دامەزراوەی ئارتا، زیاتر لە 35 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت و هەمیشە کاری بۆ دۆزی نەتەوەکەی لە سووریا کردووە، ئەو زۆر دڵخۆشبوو بە لەنێوچوونی رژێمی ئەسەد و پێیوایە کۆتاییهاتنی رژێمی بەعس و دەسەڵاتی ئەسەد دەرگای زۆر بەڕووی کورد دا دەکاتەوە و دەڵێت" دوای ئەسەد هەموو سوورییەکان دەتوانن بەشداریی کارا لە وڵاتدا بکەن، بەتایبەتی کوردی رۆژئاوای کودستان دەبێت بگاتە مافی خۆی".
سیروان حاجی بەرکۆ هۆشداریی دەداتە لایەنە سیاییەکانی رۆژئاوای کوردستان و داوایان لێدەکات دووربن لە هەوڵدان بۆ بەرژەوەندییە کەسی و حیزبییەکان و دەڵێت" ئێستا دەرفەتێکی زێڕین هاتووەتە پێشەوە واز لە هەوڵ بۆ دەستکەوتی حیزبایەتی بێنن و یەکبگرن و مێژوو بۆ خۆتان بنووسنەوەو مافی نەتەوەیی بەدەستبێنن و کورد بکەنە خاوەن پێگە لە داهاتووی وڵاتدا".
سەرۆکی دامەزراوەی ئارتا دەشڵێت"بەداخەوە کوردی بەشەکانی دیکە پشتیوانیی زۆریان لە رۆژئاوای کوردستان نەکرد و باشتر وایە برایەتی و کوردایەتی پێش هەموو بەرژەوەنییەک بخەن و هاوکاری یەکتربن بۆ ئەوەی داهاتووی رۆژئاوای کوردستان رۆشن بێت و ئەوانیش بگەن بە مافەکانیان".
سیروان حاجی بەرکۆ دەشڵێت"پێویستە نەوەی نوێ کاراتربن بۆ داهاتووی کورد و لەکاتێکدا خەریکە زۆربەیان باوەڕیان بە خۆپێشاندان نییە بۆ بەدەستهێنانی مافەنەتەوەییەکان، هیواخوازم گرنگی زیاتر بە ئینتیمانی نیشتمانی بدرێت و داهاتووی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەش بێت". 

هەروەها ئاریا جەمۆ، سەرۆکی دامەزراوەی خێرخوازیی SOS Kurdistan (ئێس ئۆو ئێس کوردستان) و چالاکڤانی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، چاودێرێکی سیاسییە و هەمیشە هەوڵدەدات بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هەروەها پشتیوانی بۆ رۆژئاوای کوردستان لە ئەورووپا، لەبارەی کاریگەریی نەمانی رژێمی ئەسەد لە سووریا و داهاتووی رۆژئاوای کوردستان گوتی"دوای ئەسەد لاپەڕەیەکی نوێ بۆ کورد و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرایەوە، ئەگەر بتوانن بە باشی بەکاریبهێنن، ئەوا دەستکەوتی زۆر بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەدەستدێن و هەروەها وڵاتانی ناوچەکەش سوودمەند دەبن لە جێگیربوونی دۆخی سووریا".
ئاریا جەمۆ دەشڵێت"کورد لە رۆژئاوای کوردستان هیوای زۆری هەیە و دەرفەتێکی نایابی بۆ هەڵکەوتووە، بەڵام کاری زۆر هەن بکرێن و لەهەموو شتێکیش گرنگتر بۆ ئێستا یەکگرتنی هێزو لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستانە و هەروەها یەکگرتوویی دیاسپۆرای کوردیش لە ئەوروپپا بۆ پشتیوانی رۆژئاوایی کوردستان پێویستە".
چیرۆکی هونەرمەندێک لە کەناڵێکی سووری و دەرکردنی لەسەر گۆرانییەکی کوردی

لوقمان جەمیل هونەرمەندێکی دیاسپۆرانشینە کە ساڵەهایە لە ئەڵمانیا دەژیت. ئەو زۆر دڵخۆشە کە ئەسەد رۆیشتووە، چونکە بیرەوەریی تاڵی لەگەڵ سەردەمی باوکی بەشار هەیە. هەرواش کاتێک باسی قامشلۆ دەکات دەستدەکات بە گریان. 
گۆرانی....
 لوقمان دەڵێت پیرۆزبێت کەوتنی ئەسەد، من 31 ساڵە لەبەر ئەو رژێمە پەنابەربووم، ئێمەی کورد لە جوگرافیایەکی زۆر هەستیارداین، ئێستا زۆر گرنگ و پێویستە یەکبگرین، هەرچەندە من ئێستا زۆر دڵخۆشم بە نەمانی رژێمی ئەسەد، بەڵام زۆر نیگەران و دوودڵم لە دوارۆژی نەتەوەو وڵاتەکەم.
گۆرانی...
کاتێک من سووریام جێهیشت، تەمەنم 23 ساڵ بوو، دوای ئەوەی لە شام پەیمانگەی هونەرە جوانەکانم تەواوکرد، بەراستی من زۆر حەز بە شام دەکەم، گەنجایەتی خۆم لەوێ بەڕێکردووە، من تاوەکو قۆناخی ناوەندی لە قامیشلۆ بووم، بەڵام دوای ئەوە تاوەکو خوێندنم تەواو کرد لە شام ژیاوم.
گۆرانی...
بەداخەوە گۆرانی گوتن لە تیڤی ئەو کات لە سووریا قەدەخە بوو، جارێک من لە تیڤی سووریا میوانبووم بەرنامەیەکی راستەوخۆ هەبوو، من بڕیارمدا سوود لەو دەرفەتە وەربگرم و گۆرانییەکی کوردی بڵێم و ئیتر گوتم، دوای پێنج خولەکە بەرنامەکە راگیرا و لە سەندیکای هونەرمەندان دەرکرام و لە تەواوی راگەیاندنەکانی سووریا قەدەخەکرام و جامدکرام. دواتر گەڕامەوە قامیشلۆ لەگەڵ برایەکەم کە ئێستا لە ئەمریکا دەژیت پێکەوە کارمان کرد بۆ ماوەی سێ ساڵ، دواتر هاوسەرگیرم کرد، بەڵام گوتم دەبێ بچمە دەرەوەو نابێت یەک منداڵم لە سووریا لە دایک بن، ئەوەبوو پێش 31 ساڵ هاتمە ئەڵمانیا و لێرە منداڵەکانم لە دایکبوون.
دوای 18 ساڵ مانەوەم لە ئەڵمانیا، بە سەردانێک لە 2010 گەڕامەوە رۆژئاوای کوردستان و چوومە قامیشلۆ، دوای گەڕانەوەم بۆ ئەڵمانیا شۆڕش لە سووریا دەستی پێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ نەگەڕاومەتەوە بۆ سووریا، هەرچەندە حەز دەکەم بگەڕێمەوە، بەڵام ناتوانم.
گۆرانی..