دیاسپۆرا - ئەڵمانیا.. 13 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی دەستگیرکران

06 December 2024
دیاسپۆرا - ئەڵمانیا.. 13 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی دەستگیرکران
ئەڵمانیا.. 13 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی دەستگیرکران
پۆلیسی ئەورووپی: پۆلیسی فەرەنسی و ئەڵمانی ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە


لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە کاژێرەکانی رابردوودا لە ویلایەتەکانی نۆردراین ڤێستڤاڵن و بادن ڤورتمبێرگ ئەنجامدرا، 13 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە مرۆڤ دەستگیرکران.
ئۆپەراسیۆنەکە لە 25 شوێن، کە 15یان ماڵ بوون و 10یان کۆگا بوون، دەست بەسەر 21 بەلەمی بچووک و 24 موەلیدەی کارەبا و 76 هێلەگی خۆڕزگارکردن و 600 چووپی تایەی ئۆتۆمبێلدا گیرا. جگە لەوەش 70 هەزار پارەی کاش و بایی 5 هەزار یۆرۆ زێڕ و 40 ئامێری ئەلیکترۆنی (وەکو مۆبایل و لاپتۆپ) دەستیان بەسەرداگیرا. 
پۆلیسی ئەورووپی (یۆرۆپۆل) رایگەیاندووە، کە ئۆپەراسیۆنەکە بەسەرپەرشتیی پۆلیسی فەرەنسی بووە و 20 ئەفسەری فەرەنسی و 500ی ئەڵمانی بەشدارییان تێداکردووە. ئەوەشی ئاشکراکردووە کە ئۆپەراسیۆنەکە لەدژی تۆڕێکی قاچاخچێتی بووە کە بەگوتەی ئەوان (تۆڕێکی کوردی عێراقی) بووە. پۆلیس دەڵێ تۆڕەکە تۆمەتبارن بە بەقاچاخبردنی کۆچبەرانی خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقا لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا. 
لێکۆڵینەوەکانی سەرەتای ئەمساڵی پۆلیسی فەرەنسی دەریانخستووە کە تۆڕەکە زۆربەیان لە ئەڵمانیان. ئەوەشیان بۆ دەرکەوتووە کە تۆڕەکە لە تورکیا بەلەمە بچووکەکانیان کڕیوە و هێناویانن بۆ ئەڵمانیا. 
ئەمساڵ ئەمە یەکەمجار نییە کە پۆلیسی ئەوروپی لە ئەڵمانیا تۆمەتبارانی کورد بە قاچاخچێتی بە مرۆڤ دەستگیر دەکات.

ئەم هەفتەیە 311 کۆچبەر بە بەلەم پەڕیونەتەوە بەریتانیا
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا: کۆچبەرەکان بە 8 بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە پەڕیونەتەوە
ئەم هەفتەیە 311 کۆچبەر بە بەلەم لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە نێو خاکی بەریتانیا. 
وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا (هۆم ئۆفیس) دەڵێ ئەو کۆچبەرانە بە 8 بەلەمی بچووک توانیویانە لە فەرەنساوە بپەڕنەوە. ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکە کۆچبەری بۆ نێو بەریتانیا زۆر کەمن. ئەمەش سەرنجی ئەوانەی راکێشاوە کە بایەخ بە داتاکان دەدەن. بەدرێژایی ئەمساڵ 37 هەزار کەس گەیشتوونەتە بەریتانیا. کەچی 87 هەزار کەس بە ڤیزای خێزانی و بە مافی مانەوەوە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە. 89 هەزار کەسیش لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی مافی مانەوەیان دراوەتێ و هێندراونەتە بەریتانیا. 
بەپێی داتاکانی (فەرمانگەی ئاماری نیشتمانی)ی بەریتانی بەدرێژایی ئەمساڵ 450 هەزار کەس ڤیزای کارکردنیان وەرگرتووە لە بەریتانیا. ئەو ژمارەیە زۆرتر لە 12 جار زیاترە بە بەراورد بە 37 هەزار کۆچبەر کە بە بەلەم هاتوون. هەروەها 440 هەزار کەسیش ڤیزای خوێندنیان لە بەریتانیا وەرگرتووە و بەهەردووکیان 24 جار زۆرترن لە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەم هاتوونە.
داتا فەرمییەکان ئەوەش دەردەخەن کە هەموو ئەوانەی بە بەلەم دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا داوای مافی پەنابەری دەکەن. 
بەشێکی دیکەی کۆچبەرانی نایاسایی لەڕێگەی بارهەڵگر و کۆنتەینەری نێو کەشتییەکان یانیش بە بەڵگەنامەی ساختە لە رێگەی سنووری نێوان بەریتانیا و ئێرلەندا خۆیان دەگەیەننە بەریتانیا.  
 
ئەمڕۆ لە بەرلین کۆنفرانسی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردی بەڕێوەدەچێت

لە بەرلین کۆبوونەوەیەکی زۆر گەورە بۆ کوردە سەرکەوتوو و کاریگەرەکانی دیاسپۆرا هەیە. کە دووەمین کۆنفرانسی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردییە، د.ئیسماعیل کامل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، بەشێوەیەکی راستەوخۆ قسەی بۆ زنار شینۆ پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا کرد و تێیدا زانیاریی لەبارەی کۆنفرانسەکە بۆ بینەرانی دیاسپۆرا ئاشکراکرد و گوتی" لە کۆنفرانسەکەی ئەمجارە زیاتر گرنگی بە زمانی کوردی و هەروەها هێنانە پێشەوەی گەنجان دەدرێت و لە کۆنفرانسەکەدا 110 میوان بەشداریی دەکەن  و 25%ـی میوان و بەشداربووانی کۆنفرانس لە گەنج پێکدێن و دەمانەوێت گەنجی کورد بهێنینە نێو خەباتی دیاسپۆرا".
د. ئیسماعیل کامل گوتیشی" چەند پەرلەمانتارێکی ئەورووپی بەشداری لە کۆنفرانسەکە دەکەن و هەروەها 10 کەسیش لە یەکێتیی سۆڤیێتی پێشوو میوانی کۆنفرانسەکەن".
لەبارەی کاریگەریی بەهێزبوونی دیاسپۆرای کوردی لە ئەورووپا د. ئیسماعیل کامل دەڵێت" ئەگەر دیاسپۆرایەکی بەهێز هەبێت، دۆخمان باشتر دەبێت و کاریگەریی باشتری لەسەر دۆزی کورد دەبێت و دەتوانین هەنگاوەکان زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین لەهەموو روویێکەوە".
د. ئیسماعیل کامل ئاشکرایکرد، بەگشتی 18 هەزار کەس ئەندامی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانین و ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە سێ ساڵە خەبات بۆ زمانی کوردی دەکەن.

لە بەلجیکا ئەفسەرێکی پێشووی سووریا بە ئۆنلاین هانی سەربڕینی کورد دەدات

فیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردیش لە بەلجیکا سکاڵای لەسەر ئەو ئەفسەرە تۆمارکردووە


لە بەلجیکا ئەفسەرێکی پێشووی سوپای سووریا بە پلەی عەمید دەژیت، کە بە زاهیر ساکیت ناسراوە. بەڵام وەک لە ڤیدیۆیەکیدا دەردەکەوێ بەرامبەر کورد بە زاهیر ساکیتە و لە ناخەوە رقی گەورەی لەدڵدایە. 
ڤیدیۆکە تۆماری گەنگەشەیەکی ئۆنلاینی زاهیر ساکیت و چەند کەسێکی دیکەیە کە دەردەکەوێ لەنێوەوەی سووریادان. هانیاندەدا سەری کورد ببڕن، بەڵام لەپێش کامێرا نا و سەر شاشەکان نا. 
ئەمە کوردی دیاسپۆرای زۆر نیگەران کردووە کە چۆن کەسێک لە بەلجیکا بژیت دەتوانێ شتی وا لەسەر کورد بڵێت؟.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە هەفتەی رابردوو جیهانگیر دۆڵەمەڕی، سەرۆکی فیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستانی لە بەلجیکا چووەتە لای پۆلیس و سکاڵای لەسەر عەمیدی ساکیت تۆمارکردووە.
 
جیهانگیر دۆڵەمەڕی، فیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستانی لە بەلجیکا میوانی دیاسۆرابوو، لەبارەی سکاڵاکەی رایگەیاند، گوتەکانی زاهیر ساکیت بەهیچ شێوەیەک قبووڵ کراو نییە و زۆر رەگەزپەرستی و قین لە دڵە، بۆیە سکاڵام لەسەری تۆمارکردووەو بەڵگەکانیش دراون بە پۆلیس.
زاهیر ساکیت کە ئێستا وەک پەنابەر لە وڵاتی بەلجیکا دەژیت لە لایڤێکی تۆڕێکی کۆمەڵایەتییدا کە سەتان کەس راستەوخۆ سەیریان دەکرد، زۆر قین لە دڵانە دژایەتی کوردی دەکرد و هانی گرووپە چەکدارەکان و خەڵک دەدات کوردەکان بکوژن و تەنانەت سەریان لە لەشیان جیابکەنەوە، لەم بارەیەوە جیهانگیر دۆڵەمەری دەڵێت" زاهیر ساکیت لە بەلجیکاوە داوای قڕکردنی کورد دەکات و ئەو عەمیدی سووپای سووریا بووە و گرووپە تیرۆریستییەکان لە سووریا هاندەدات کورد بکوژن". 
جیهانگیر دۆڵەمەری روونیکردەوە کە داوای لە پۆلیس کردووە لکۆڵینەوە لەگەڵ زاهیر ساکیت بکرێت و دەڵێت"دەبێت زاهیر بە سزای یاسایی خۆی بگات و هەروەها پێویست و گرنگیشە لە بەلجیکا دەربکرێت".

دامەزراوەیەکی کوردی یادی یەک ساڵەی لە قامشلۆوە گواستەوە بەرلین
ئێستا لە سووریا و بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان دۆخێکی جەنگیی سەخت هەیە و  دیسان بە دەیان ماڵباتی کورد ناچار بوونە ماڵ و حاڵیان بەجێبهێڵن. 
کوردی دیاسپۆرانشین، بەتایبەتیش ئەوانەی خەڵکی رۆژئاوان، ئەمڕۆژانە پەرۆشی کەسوکاریانن. هەندێکیشیان بە شێوازی دیکە بە شەڕەکە کاریگەر بوونە. بۆنموونە دامەزراوەی تی ئۆو کەی، کە دامەزراوەیەکی ئەڵمانی و کوردستانییە و پرۆژەیەکی بەناوی (زانین ترانسفێر) بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کردووەتەوە، دەیویست یادی یەک ساڵەی پرۆژەکە لە شاری قامیشلۆ بکاتەوە. بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی لەوێ هەیە یادکردنەوەکە هێندراوەتە بەرلین و ئێستا لەم کاژێرەدا بەڕێوەدەچێ.
بژین حەسەن، سەرۆکی دامەزراوەی ترانسفێر ئۆف نۆلج (تی ئۆو کەی) پێش لە ستۆدیۆ میوانی دیاسپۆرا بوو لەبارەی یەکەم ساڵیادی دامەزراندنی پڕۆژەی زانین تراسنفێر گوتی" پرۆژەکە بۆ فێربوونە و تایبەتە بە ژنان و یەکەم جار لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان دەستمان پێکرد و دەمانەوێ ژنانی قامشلۆ زیاتر پەروەردە بکەین، بەتایبەتی لە بواری ئایتیدا".
بژین حەسەن گوتیشی" ماوەی سێ مانگە هەموو ئامادەکارییەکمان کردبوو بۆ ئەوەی یەکەم ساڵیادی پرۆژەکەمان هەر لە قامیشلۆ بکەینەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی رووداوەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان و خراپبوونی دۆخەکە نەمانتوانی بگەڕێینەوە رۆژئاوای کوردستان و ناچار لە بەرلین کردمانەوە".
 بژین حەسەن ئاشکرایکرد، بەگشتی دۆخی ژیان لە رۆژئاوا و سووریا خراپە و بەتایبەتی ژنانی رۆژئاوای کوردستان بە زەحمەت کاریان دەستدەکەوێ، بۆیە دەیانەوێ لە رێگەی ئەو فێربوونەوە هەلی دەستکەوتنی کار بۆ ژنان زیاتر بکەن و دەڵێت" لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە 60 ژنمان پەروەردە کردووە و فێرکردووە و هەروەها پڕۆژەمان بۆ داهاتووش هەیە و هەموو باژێرەکانی رۆژئاوای کوردستانیش دەگرێتەوە".
بژین حەسەن ئاشکرایکرد، ئێستا پڕۆژەکەیان تەنیا ئایتییە و دەیانەوێ فراوانی بکەن و هەروەها پلانیان هەیە پڕۆژەکەیان بۆ کۆچبەرانی باشووری کوردستانیش بەردەست بخەن.
سەرۆکی دامەزراوەی ترانسفێر ئۆف نۆلج روونیکردەوە، لە هەر کۆرسێکی فێربووندا 10 ژن پەروەردە دەکرێن و فێردەکرێن و دوای فێربوونیان چانسی دەستکەوتنی هەلی کارکردنیان بۆ زیاتر دەبێت. 

حکومەتی سویسرا 8500 هەلیکار بۆ ساڵی نوێ بەردەست دەکات
حکومەتی سویسرا بڕیاریداوە بۆ ساڵی 2025یش وەک ئەمساڵ 8500 دەرفەتی هێنانی دەستی کار بەردەست بکات. جگە لەوەش ئەوانەی لە بەریتانیا دەژین و وەڵاتینامەی بەریتانییان هەیە و دەیانەوێ بچنە سویسرا بۆ کار، دەرفەت دەدرێتە 3500 کەس کە بچن. 
ئەنجوومەنی فیدراڵیی سویسرا دەڵێ بۆیە ئەو بڕیارەی داوە چونکە نابێ ئابووریی سویسرا ساڵی داهاتوو کێشەی کەمیی دەستی کاری بۆ دروستببێ. ئەوانەی ئەو جۆرە مافی مانەوە یان ڤیزای کارکردنە دەیانگرێتەوە ئەوانەن کە لە بوارێکدا شارەزایی باڵایان هەیە. 
بەپێی سیستمی سویسری ئەو کەسانە کە دەچنە ئەو وڵاتە مافی مانەوەکەیان جۆری (ئێڵ) دەبێ و مافی مانەوەی کاتییە. دواتر بۆیان دەکرێتە جۆری (بی) و ئەمەیان مافی مانەوەی درێژخایەنە. 
داتا فەرمییەکانی سویسرا پیشانیدەدەن کە هەرچەندە ساڵی 2023یش ئەو دەرفەتە درابوو کە 8500 دەستی کاری بیانی بهێندرێنە سویسرا، بەڵام نە پار و نە ئەمساڵیش ئەمە جێبەجێ نەکراوە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە هەرچەندە تاوەکو ئەو ژمارەیە رێگەی پێدراوە، بەڵام ئەگەر لە بازاڕی کاردا دەرفەتێک دروستبێ، تاوەکو دەستی کاری نێوخۆیی و دەستی کاری ئەوروپی هەبێ، کارەکە نادرێتە کەسێکی دەرەوەی ئەورووپا. 
 
کوردێک لە ئەڵمانیا شۆفێری شەمەندەفەرە
کاپتن عەبدولعەزیز خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە


کاپتن عەبدولعەزیز خەڵکی عەفرینە و چەند ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت. ئەو بوارێکی جیاوازی هەڵبژاردووە بۆ کارکردن، کە شۆفێرێتیی شەمەندەفەرە، لەوانەیە دەگمەن بێت کوردێک لە دیاسپۆرا بدۆزیتەوە ئەم کارە بکات.
کاپتن عەدبولعەزیز لە ساڵی 2016 دوای خراپبوونی دۆخی عەفرین وەک پەنابەر روودەکاتە ئەڵمانیا و وەکو خۆی باسی دەکات، سەرەتا ژیانی لەوێ زۆر قورس بووە، بەهۆی ئەوەی زمان و کولتوور و هەموو شتێک لە وڵاتەکەی خۆی جیاوازبووە، دواتر خۆی فێری زمانی ئەڵمانی کردووە، پاش چوار ساڵ توانی زمانەکە و هەروەها فێری شوفێریکردنی شەمەندەفەر بێت و ئێستا شۆفێری شەمەندەفەرە.
کاپتن عەبدولعەزیز لە ستۆدیۆ  میوانی دیاسپۆرا بوو ، لە بارەی کارەکەی گوتی"  چوار ساڵە شۆفێری شەمەندەفەرم و رۆژانە 10 کاژێر شۆفێری شەمەندەفەر دەکەم و  6 مانگ جارێک تاقیکردنەوەی شۆفێری دەکەین".
کاپتن عەبدولعەزیز روونیکردەوە، بەپێی یاساکانی هاتووچۆی ئەڵمانیا زۆرترین کاتی شۆفێری شەمەندەفەری 12 کاژێرە، بۆیە ئەو ناتوانێت لەو 12 کاژێر زیاتر کار بکات.
کاپتن عەبدولعەزیز لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام و تیکتۆک هەوادارێکی زۆری هەیە و رۆژانە ڤیدیۆی کاتی شۆفێریی خۆی لەو  دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بڵاودەکاتەوەو کاردانەوەی زۆری هەیە و ئێستا بووەتە کەسێکی نێودار و ناسراو .
کاپتن عەبدولعەزیز دەڵێت" هەرگیز باوەڕم نەدەکرد رۆژێک لە رۆژان لە عەفرینەوە بێمە ئەڵمانیا و ببمە شۆفێری شەمەندەفەر". 
ئەڵمانیا.. فێستیڤاڵی هونەری و کولتووریی رۆژئاوا بەڕێوەچوو

هەفتەی رابردوو لە دیاسپۆرا باسی فێستیڤاڵی هونەر و کولتووری رۆژئاوای کوردستان کرا کە لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێ. شەممەی رابردوو فێستیڤاڵەکە کرا. بۆ دیاسپۆرا راپۆرتێکمان لەسەر فێستیڤاڵەکە ئامادەکردووە.
 
رۆژی شەممەی رابردوو 30/11/2024 لە شاری ڤوپەرتال لە ئەڵمانیا فێستیڤاڵێک سازکرا وەکو دەیەمین فێستیڤاڵی هونەر و  کولتووریی رۆژئاڤای کوردستان.
لە فێستیڤالەکەدا 37 کەسایەتیی فەرهەنگیی دیاسپۆرانشینی کورد کە پێکهاتبوون لە هونەرمەندان و رۆشنبیر و نووسەرانی رۆژئاوای کوردستان.
لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین هەڵبەستڤان بەشداربوون و هۆنراوەیان پێشکێش کرد، هەروەها چەندین نووسەر نوێترین پەرتووکەکانیان ناساند، جگە لەمەش چەند چیرۆکنووس چیرۆکی خۆشیان گێڕایەوەو  هەروەها چەندین گۆرانیبێژیش گۆرانیان گوت.
ئامانجێکی فێستیڤاڵەکە زیاتر نزیکخستنەوە و کۆکردنەوەی کوردی رۆژئاڤای کوردستان بوو لە تاراوگە و هەروەها زیاتر گرنگیدان بە کولتوور و هونەری کوردی.