دیاسپۆرا - دیاسپۆرا لە ئەمریکا
بەرنامەی ئەم جارەی دیاسپۆرا تایبەت بوو بە کوردی دیاسپۆرای ئەمریکا، پەیوەندیی نێوانیان و هەروەها زانینی ئەوەی لە ئایندەدا کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا چۆن دەبێت، کاریگەریی دەنگی ئەوان لەسەر هەڵبژاردن و کاریگەریی سیاسەتی چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکا چۆن دەبێت و بۆچوونیان لەسەر سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ لە ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکا و تیشکخستنە سەر ئەوەی کە تاوەکو ئێستا کورد لەو وڵاتە لۆبیی نییە.
لە بەرنامەکەدا شەش کوردی خاوەن ئەزموون و شارەزا لە سیاسەتی ئەمریکا میوانی بەرنامەکە بوون، پێکهاتبوون لە کانی غوڵام، لێکۆڵینڤان، خاتوو فەوزیە عەزیز دانیشتووی ئەمریکا، سامی ساڵەیی خاوەنکار، هەروەها هونەر زێباری گەنجێکی لێهاتوو و چاودێری سیاسی، یوسف ئازاد لە ئینستیتیوتی کوردی لە ئەمریکا، هەروەها دلێر رەشید لە ناوەندی ئەمریکی- کوردی.
سەرەتا خاتوو فەوزیە عەزیز کە لە ساڵی 1977ەوە لە ئەمریکا دەژیت و چاودێرێکی لێهاتووە، سەرەتای قسەکانی بە ئەمریکای سەردەمی نوێی ترەمپ دەستپێکرد و رایگەیاند، ئەو هەم گەشبینە و هەمیش رەشبینە بە سیاسەتی چوار ساڵی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ، گەشبینییەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ترەمپ بە جدیی کار بۆ بووژانەوەی ئابووری ئەمریکا دەکات و کە ئەمە بۆ ئەمریکییەکان زۆر گرنگە و داخوازی سەرەکیانە و دیاسپۆرای کوردیش بەشێک دەبێت لەو سوودە، رەشبینییەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو بەڵێنەی ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکان دابووی سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردنی بەرامبەر کۆچبەران.
خاتوو فەوزییە هیوای خواست سیاسەتی ئەمجارەی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە کورد و دۆزەکەی لە پێشووتر باشتر بێت و بتوانێت پەیوەندییەکی باش و سوودی هاوبەش لە نێوان هەردوولا دروست بکات.
خاتوو فەوزییە روونیکردەوە لە دوای ترەمپ هەموو شت نرخی گران بوو، خەڵک دۆخی ئابووریان بە گشتی خراپ بووە، تەنانەت خانەوادەی کورد هەبووە نەیتوانیوە لە شەش مانگدا جارێک گۆشت بکرێت و دەڵێت" چوار ساڵی زەحمەتمان بەڕێکرد و هیوام وایە لە چوار ساڵی ئایندەدا دۆخەکە باشتر بێتەوە".
سامی ساڵەیی کەسێکی خاوەن کار و ناسراوە لە نێو دیاسپۆرای کوردی ئەمریکا لەبارەی دەرچوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و سیاسەتەکانی لە ناوەوەو دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان ئەزموونی دۆناڵد ترەمپیان وەک سەرۆکی ئەمریکا بینیوەو کە خاڵی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، ئەرێنییەکەی باشترکردنی ئابووری ئەمریکا بوو، بەڵام خاڵە لاوازەکانیشی ئەوەبوو وەک خاوەن کۆمپانیایەک هەڵسوکەوتی دەکرد و جاری وابوو بە تویتێک گەورە بەرپرسێکی ئیدارەکەی دەناردەوە ماڵەوە.
لەبارەی مامەڵەکردنی لەگەڵ کوردی ئەمریکا دەڵێت"کورد لە ئەمریکا دابەشبوون و مخابن نەمانتوانی ئامارێکی روون و تەواومان لەسەر ژمارەی خۆمان لە ئەمریکا هەبێت و بچینە لای بەربژێرەکان یان کەمپینەکانیان و پپێیان بڵێین کە قەبارە و گەورەیی ئێمە بەو ئەندازەیە و داواکارییەکان بگەیێنین و بیانچەسپێنین".
لەسەر دۆخی ئابووری ئەمریکا ساڵەیی دەڵێت" لەسەر مووچەی هەر مووچەخۆرێک نزیکەی 2 لە سەت زیاد بووە، بەڵام لەبەرامبەردا نرخی هەر شتێک 30٪ زیادی کردووە، واتە هەڵاوسان هەبوو ، دواتر دیموکراتەکان وا ناسراون کە باج زۆر دەخەنە سەر خەڵک، بۆیە خەڵک وەک جاران دۆخی ئابوورییان باش نییە و پارە کەمبووەتەوە".
کانی غوڵامی لێکۆڵینڤان لەبارەی چۆنیەتی چوار ساڵی داهاتووی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کوردی دانیشتووی ئەمریکا پێیوایە، کورد لە ئەمریکا نەیتوانیوە بچێتە نێو سیاسەتی ئەو وڵاتە، بۆ نموونە وەک جووەکان، یۆنانییەکان و ... بۆیەش کاریگەریی بەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتەوە نییە. داوایکرد لەمەودوا گەنجی کورد بچێتە نێو سیاسەت و بتوانن بگەنە پۆستە باڵاکان و کاریگەرییان بەسەر سیاسەتی ناوەوەو دەرەوەی وڵاتەکەدا دروست بکەن، ئەو کات دەتوانن سوود بە دیاسپۆرای کوردی ئەمریکا بگەیێنن و هەروەها دەتوانن سوود بە دۆزی کوردیش بگەیێنن.
گوتیشی" هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ پەیامێکە بۆ ئەو سەرکردانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نایانەوێ یان ترسیان هەیە دەست لە کورسییەکانیان بەربدەن و دواتر نەتوانن بگەنەوە بە دەسەڵاتیان، ترەمپ نموونەیەکی باشە بۆ ئەمە و پێویستە ئەوانیش هەمان کار دووبارە بکەنەوە ئەگەر شکستیان هێنا".
یوسف ئازاد لە ئەنیستیتوتی کوردی لە ئەمریکا لەبارەی سەنگی دیاسپۆرای کوردی ئەمریکاوە گوتی"دیاسپۆرای کوردی لە ئەمریکا کەسانی زیرەک و لێهاتووی تێدایە و شوێنپەنجەیان دیارە، بەڵام هەر نەمانتوانیوە بگەینە پۆستە باڵاکان و کاریگەری دروست بکەین و پێموایە سیاسەت و هەڵوێستی پارتە سیاسییە کوردستانییەکان لەهەرچوار پارچەی کوردستان رێک رەنگدانەوەیان بەسەر تاکی کوردی دانیشتووی ئەمریکاوە هەیە"
یوسف ئازاد روونیکردەوە، زۆربەی نەوەی کۆنی کوردی ئەمریکا دەنگیان بۆ کۆمارییەکانە، بەڵام نەوەی نوێ بە پێجەوانەوە دەنگیان بۆ دیموکراتەکانە، هەندێجاریش بەرژەوەندی پارچەکان هۆکارە، بۆ نموونە کوردی خەڵکی رۆژهەڵات لە ئەمریکا حەزیان کرد ترەمپ سەربکەوێت، بەڵام خەڵکی هەندێک پارچەی دیکەی کوردستان حەزیان دەکرد کامالا هاریس سەربکەوێت،.
یوسف ئازاد گەشبینی خۆی دەربڕی بە بوونی نەوەیەکی نوێ و کاریگەر بەتایبەت لە واشنتن دی سی و هەروەها ڤێرجینیا کە دەتوانن لە داهاتوودا ببنە کەسانی کاریگەر.
هونەر سەلیم، گەنجێکی لێهاتووەو چاودێرێکی سیاسیە ، لەبارەی نەوەی تازەی کورد لە ئەمریکاوە پێیوایە، گەنجی کورد لە ئەمریکا دابەشی سەر دیموکراتەکان و کۆمارییەکان بوونە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندییەکانیان، بۆ نمونە کوردی باکووری کوردستان کە بەشێکی زۆریان بە قاچاخ لە رێگەی مەکسیکەوە هاتوونەتە ئەمریکا نەیاندەویست ترەمپ دەربچێت بۆ ئەوەی ئەو رێگەیە دانەخرێت، بەڵام گەنجی رۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی ترەمپیان کرد بۆ ئەوەی زیاتر دژایەتی ئێران بکات، دەشڵێت" بەداخەوە گەنجی کورد لە ئەمریکا ناوەندێک یان رێکخراوێکیان نییە بۆ ئەوەی کۆیان بکاتەوەو کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا دروست بکات، بۆیە بوونی رێکخراوێک یان گرووپێک زۆر گرنگە، بە نموونە لە گشتپرسی 2017 بە هەزاران گەنجی کورد لە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکا هاتنە بەردەم کۆشکی سپی و داوای پشتیوانی ئەمریکایان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرد، واتە هێشتا کوردایەتی قووڵ لە ناخی گەنجانی کوردی ئەمریکا هەیە. دەشڵێت" ئیسرائیل لە ساڵی 1964ەوە رێکخراوێکیان بۆ لۆبیکردنی ئیسرائیل لە ئەمریکا دامەزراندووە، زۆر سوودیان لێبینیەوە، بۆ نموونە لەم هەڵبژاردنەدا ئەم گرووپە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاریان خەرج کرد بۆ ئەوەی پشتیوانی ئەو سیناتۆرانە بکەن کە پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن و هەروەها دژایەتی ئەو سیناتۆرانە بکەن کە دژی ئیسرائیلن، بەڵام کورد لە ساڵی 2024 هیچ رێکخراو و گرووپ و ناوەندێكی لۆبیکردنی لە ئەمریکا نییە کە ئەمە جێگەی داخە".
دلێر رەشید لە ئەمریکا کوردیش سەنتەر کە ساڵانیکی زۆرە لە ئەمریکا دەژیت و چەندین سەرۆک و ئیدارەی ئەمریکای بینیوە و پێیوایە، کەمی ژمارەی کورد لە ئەمریکا و هەروەها هەوڵنەدانی کورد بۆچوونە نێو سیاسەتی ئەمریکا دوو هۆکارن بۆ ئەوەی دەنگی کورد لە ئەمریکا کاریگەری گەورەی نەبێت، زۆربەیان خەریکی کاروکەسابەتی خۆیانن، جگە لەوە هیچ کوردێک نەیتوانیوە ببێتە بزنسمانێکی گەورە کە بتوانێت بە بزنسەکەی کاریگەریی بەسەر سیاسەتی ئەمریکاوە هەبێت. نەیشاردەوە هۆکاری ئابووری و خراپبوونی گوزەرانی خەڵک لەڕووی ئابوورییەوە بوونە هۆی سەرکەوتنی ترەمپ.
دلێر رەشید لەبارەی کاریگەرکردنی دیاسپۆرای کوردی لە ئەمریکا دەڵێت"یەکگرتن و یەکێتی باشترین چارەسەرە، ئەمەش لە رێگەی دامەزراندنی رێکخراوێکی کوردی، کە بەشێوەیەک کاربکات کوردایەتی پێش حیزبایەتی بخات، هەروەها گرنگیدان بە خوێندن بە زمانی کوردی و بەهێزکردنی کولتوور و فەرهەنگی کوردی لێرە، هەروەها بەشداربین لە هەموو رێکخراوەکانیان، بەمەش کورد بەهێز دەبێت و خەڵک و لایەنەکان داوامان لێدەکەن بچینە ریزەکانیانەوەو کاریگەر دەبین و دەتوانین لەو رێگەیەوە لۆبی بۆ خۆمان و دۆزی نەتەوەکەمان بکەین، بۆیە تاوەکو کورد لێرە یەکگرتوو نەبێت هیچ کاریگەریەکمان نابێت".
یوسف ئازاد کە چەندین ساڵە لە پەیمانگەی کوردی لە ئەمریکا کاردەکات، چارەسەری بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد لە ئەمریکا گوتی" زۆر پێویستە هەموو حیزبە کوردستانییەکان بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنەوە و هەروەها بە حیزبەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان لە ئەمریکا کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ببەستن بە بەشداری هەموو کەسایەتی و رێکخراوەکانی کوردی لە ئەمریکا و بتوانن لێرە دامەزراوەیەکی کوردستانی دروست بکەن و دوور لە حیزبایەتی، بەڵکو هەموو فۆکەسیان لەسەر کوردایەتی بێت و لەو رێگەیەوە دەتوانن لۆبی زۆر بۆ دۆزی کورد دروست بکەن و ئەوکات کاریگەری دیاسپۆرای کوردی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا دەبێت".
سەبارەت بە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، یوسف ئازاد دەڵێت" ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر بە کورد لە 2016ەوە تاوەکو 2020 هەیە، سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر بە کورد لەو ماوەیەدا بەشێوەیەک خراپ بووە کە دۆزی کوردی 50 ساڵ بردووەتە دواوە، بۆ نموونە لە 16ی ئۆکتۆبەر نیوەی خاکی کوردستانمان لەدەستدا ترەمپ رووی لە ئێمە وەرگێڕا، هەروەها عەفرین داگیرکرا کە بەقەد مەهاباد کوردستانییە، کەچی ترەمپ هیچ هەڵوێستێکی نەبوو، هەروەها لە 2019 نیوەی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی سووریا کشاندەوەو راستەوخۆ رووسەکان شوێنەکانیان پرکردنەوە، هەرچەندە ترەمپ لە نیوەی رێگە پەشیمان بووەوە، بەڵام کارەکە لەدەست دەرچوو بوو".
هونەر سەلیم وەک جاودێرێکی سیاسی لە ئەمریکا لەبارەی یەکگرتووی کورد لەو وڵاتە دەڵێت" کورد هەرگیز یەکنەبووەو قەتیش نابنە یەک، هەرچەند زۆر حەزدەکەم یەکگرتووبن، بەڵام نابن".
هونەر سەلیم پێشنیاز دەکات بۆردێک لە ئەمریکا دروست بکرێت نوێنەر و کەسایەتی هەموو پارچەکانی کوردستان تێیدابن و لەنێو بەشداربووانیش نوێنەری تەواوی حیزبە کوردستانییەکانیش هەبن، ئەوکات دەتوانرێت کاریگەری کوردی ئەمریکا ببیندرێت.
لەبارەی پاراستنی زمانی کوردی لەنێو دیاسپۆرای کوردی ئەمریکاوە، خاتوو فەوزییە دەڵێت" ئێستا تێکەڵاوی و دروستکردنی خێزان لە نێوان کورد و ئەمریکییەکان هەیە و پێویستە خێزانە کوردەکان هەمیشە شانازی بە کوردبوونی خۆیانەوە بکەن و پێویستە دایکان بە کوردی قسە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، چونکە گرنگترین شت بۆ مرۆڤ زمانەکەیەتی".
هەر لەوبارەیەوە دلێر رەشید دەڵێت"زمان زۆر زۆر گرنگە و لە ئەمریکاش زۆر گرنگی بە زمانی دایک دەدات، بۆ نموونە ئەگەر منداڵێکی عەرەب لێرە بخوێنێت ئەوا نمرەی زمانی عەرەبی بۆ ئەژمار دەکرێت".
دلێر زیاتر دەڵێت" زۆر هەوڵمان دا زمانی کوردی لە خوێندنگەکان بۆ منداڵانی کورد بچەسپێنین و بخوێنن، بەڵام بەهۆی کەمی ژمارەی کوردەوە نەمانتوانی جێبەجێی بکەین، دواتر بەهەوڵی دوو خوشکی کورد توانیمان خوێندنگەیەکی زمانی کوردی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بکەیەنەوە بۆ منداڵانی کورد ئەوانەی لێرە لەدایکبوون، ئەوان بەباشی فێری زمانی کوردی بوون و زۆربەیان بروانامەی ماستەریان بەدەستهێناوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی پارەوە دوای پێنج ساڵ خوێندگەکە داخرا".
ساڵەیی لەسەر ژمارەی کورد لە ئەمریکا دەڵێت" هیچ ئامارێکی فەرمی نییە بڵێت ژمارەی کورد لە ئەمریکا ئەوەندەیە، راستە باسی 70 هەزار کەس دەکرێت، بەڵام ئەمانە یان بە عێراقی، یان ئێرانی، یان سووری، یان تورکی ناونووسکراون".
سەبارەت بە دروستکردنی رێکخراوێک یان فۆرمێک بۆ لۆبیکردنی دۆزی کوردیش لە ئەمریکا پێیوایە بە کۆمەڵگە دروست نابێت و پێویستی بە پشتگیری داراییە و ئەمەش لە رێگەی حکومەت یان پارتە کوردییەکانەوە دەکرێت.
بهشی بكه لە