دیاسپۆرا - حکومەتی ئەڵمانیا کارئاسانی بۆ پێدانی وڵاتینامە دەکات
حکومەتی ئەڵمانیا کارئاسانی بۆ پێدانی وڵاتینامە دەکات
تەنیا لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا لەماوەی سێ مانگدا 6281 داواکاریی بوونە هاووڵاتیی ئەڵمانیا پێشکەش کراون.
ئەو ژمارەیە بە بەروارد بە ساڵانی پێشتر زۆر زیاترە. شارەوانیی هامبورگ دەڵێت بەدرێژایی ساڵی 2020 ژمارەی داواکارییەکان گەیشتبووە 6 هەزار داواکاری، کەچی ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 13658 کەس داوایانکردووە. هۆی ئەو بەرزبوونەوەی ژمارەی داواکارییە بۆ ئەو ئاسانکارییانە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی ئەڵمانیا کردوونی و لە رۆژی 27ی مانگی 6ی ئەمساڵەوە کاریان پێدەکرێت.
لە داتاکانی شارەوانیی هامبورگدا دەردەکەوێ کە زۆربەی ئەوانەی دەیانەوێ ببنە خاوەنی وەڵاتینامە (یان جنسیە)ی ئەڵمانی خەڵکی عێراق و سووریا و تورکیا و ئێرانن.
بەپێی سیستمی ئەڵمانی و ئەوروپی کوردستانییانی پارچەکانی کوردستانیش وەکو هاووڵاتیی ئەو چوار دەوڵەتە تۆمار دەکرێن.
گرنگترین ئاسانکاری کە بۆ وەرگرتنی وەڵاتینامەی ئەڵمانی کرابێ ئەوەیە کە داواکار چیدیکە پێویست ناکات دەست لە وەڵاتینامەی وڵاتەکەی خۆی هەڵبگرێ. جگە لەوەش دوای پێنج ساڵ دەتوانێ داوای بکات. جاران ماوەکەی زۆرتر بوو.
ئەڵمانیا.. نیو ملیۆن پەنابەر مووچەی سۆسیال وەردەگرن
لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە لە سەرتاسەری ئەڵمانیا یارمەتییەکانی سۆسیال بە کارتێکی تایبەتی بانکی دەدرێن و مووچەکەش کەمدەکات.
بەپێی ئەو داتایانەی فەرمانگەی فیدراڵیی ئامار لە ئەڵمانیا بڵاوی کردوونەتەوە زۆرتر لە نیو ملیۆن کەس وەک پەنابەر مووچەی سۆسیال وەردەگرن.
زۆربەی ئەوانەش خەڵکی تورکیا و سووریا و عێراق و ئەفغانستانن. هەرکەسێک کە مافی وەرگرتنی یارمەتییەکەی هەبێ مانگانە 460 یۆرۆ وەردەگرێ. ژن و مێرد 826 یۆرۆ وەردەگرن و ئەگەر ماڵباتێک سێ منداڵی هەبن مانگانە 1903 یۆرۆی دەدرێتێ.
کریستیان لیندنەر، وەزیری دارایی ئەڵمانیا رایگەیاندووە مووچەکان کەمدەکرێنەوە. چەندە کەم دەبێتەوە، پەیوەندیی بە دۆخی ژیان و پێویستییەکانی کەسی پەنابەر هەیە و کەیسەکان لەیەک جیاواز دەبن.
حکومەتی نەرویج کاردەکات بۆ گۆڕینی یاسای کۆچ لە وڵاتەکەی
حکومەتی نەرویج کار لەسەر پێشنیازنامەیەک دەکات بۆ گۆڕینی یاسای کۆچبەری لەو وڵاتە.
حکومەت دەیەوێ چیدیکە رێگە نەدرێ ئەو کەسانەی لە نەرویج دەژین و دایکیان یان باوکیان تەمەنی لەسەرووی 60 ساڵە و لە وڵاتی خۆیەتی، بهێندرێتە نەرویج.
بەپێی یاساکانی ئێستای نەرویج ئەمە دەکرێ. حکومەتی نەرویجی پێیوایە بەو گۆڕانکارییە لەلایەکەوە کۆچبەری بۆ نەرویج کەمدەکرێتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە ئەرکی دارایی و پابەندییەکانی دیکە لەسەر دەوڵەت کەمدەکاتەوە.
وەزیری دادی نەرویج دەڵێ هەرچەندە ئەو کەسانە بەو مەرجە مافی مانەوەیان لە نەرویج دەدرێتێ کە منداڵەکانیان ئەرکی ژیانیان بگرنە ئەستۆ. بەڵام بە ئەزموون سەلماوە کە دواتر ئەو ئەرکە کەوتووەتە سەرشانی دەوڵەت.
سوێد.. ژنێکی عێراقی بە تۆمەتی داعش دادگەیی دەکرێت
لە سوێد ژنێکی تەمەن 52 ساڵ بەناوی لینا لەینا عیشاق دادگایی دەکرێ. تۆمەتەکەی ئەوەیە کە لەنێوان ساڵانی 2014 تاوەکو 2016 لە شاری رەققەی سووریا بازرگانیی بە ژنانی رفێندراوی ئێزدی کردووە و ئەشکەنجەی داون.
سەلام کوردە، بەرپرسی رەوەندی کوردستانی-سوێد، وردەکاریی ئەو دۆسێیەی بۆ دیاسپۆرا روونکردەوە و گوتی" ژنێکی عێراقی کە خاوەنی وڵاتینامەی سوێدییە ناوی لینا لەینایە و خاوەنی پێنج منداڵە، لە ساڵی 2013 بە دوای مێردەکەی چووەتە سووریا، ئەو ژنە لە دادگەیەکی سوێد بە تۆمەتی ئازاردان و کڕین و فرۆشتنی ژنانی کوردی ئێزدی لە سووریا، دادگەیی دەکرێت".
سەلام کوردە گوتیشی" ئەو ژنە دوای گەرانەوەی لە سووریا بۆ سوێد دادگەیی کرا بە تۆمەتی بردنی منداڵەکانی بۆ نێو داعش و هەروەها بەشوودانی کچێکی کە تەمەنی ئەوکات 14 ساڵان بوو و دادگا سزایی زیندانی پێنج ساڵی بەسەردا سەپاند، ئێستا ماوەی دوو مانگە بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ژنانی کوردی ئێزدی دەستگیرکراوەو چاوەڕواندەکرێت تۆمەتەکانی بەسەردا ساخبێتەوە و سزا بدرێت".
سەلام کوردە دەڵێت" دادگەییکردنی ئەو ژنە بەشێوەی نهێنی بەڕێوەدەچێت و یەکەمجارە حکومەتی سوێد کەسێک دادگەیی بکات لەسەر کەیسی کڕین و فرۆشتنی ژنانی کوردی ئێزدی لە وڵاتەکەی".
سەلام کوردە ئاماژەی بەوەکرد کە خۆی و هەروەها کۆمەڵە و رێکخراوە کوردییەکان گوشارەکانیان بۆ سەر حکومەتی سوێد زیاد دەکەن بۆ ئەوەی ئەو ژنە بە سزای خۆی بگات.
سبەی یەکشەممە هەڵبژاردن لە بەلجیکا بەڕێوەدەچێت
دوو کورد بۆ هەڵبژاردنەکانی بەلجیکا بەربژێرن
لە بەلجیکا سبەی یەکشەممە هەڵبژاردنە لۆکاڵییەکان بەڕێوەدەچن. هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان و شارەوانییەکانن.
دیاسپۆرا دوو بەربژێری کورد دەناسێنێت، سەیران زاویتەیی کە خەڵکی دهۆی باشووری کوردستانە و چەندین ساڵە لە بەلجیکا دەژیت و کجی شەهیدە، بەربژێرە لەسەر لیستی کریستیان دیموکراتەکان و داوا دەکات کوردی دیاسپۆرای بەلجیکا دەنگی پێبدەن و ئەویش خزمەتیان بکات.
خەلکێن ژ نەتەوە و میللەتێن جودا، ب سەدەما زانکۆیا بناڤودەنگا باژاری ل ڤێ دەرێ دژین.
سەیران بەری ٢٢ ساڵان ژ دهوکێ هاتیە ئەڤی باژاری و ژ بۆ هەلبژارتنێن ١٣ی ١٠ی ٢٠٢٤ێ بەربژێرە.
پرۆگرامێ تایبەتێ پارتیا خوە؛ کرستیان دیموکراتێن فلامی و کارتێن خوە ل سەر ئاکنجیێن باژاری بەلاڤ دکەت؛ بهیڤیا قەزەنجکرنا دەنگێن وان ژێدپرسم دخوازی چ کار بکی بۆ لویڤن؟
سەیران نایف سەعدی زاویتەی - بەربژێری پارتی کرستیان دیمۆکراتی فلامی
هەژمارا کوردان ل ئەڤی باژاری و دەرودۆرێن وی زێدە نینە لێ هەنە یێن کو مافێ دەنگدانێ هەیی؛ سەیران دخوازیت ژ جڤاکا نوو هەروەسا ژهەڤنەتەوەیێن بابوکالان ژی وێ هەلبژێرن.
دچینە ئۆفیسەکا تایبەت ب هەلبژارتنان یا پارتیا وان؛ ئەڤ خانما هەڤبیرا سیاسی یا سەیرانێ ١٨ ساڵە ئەنداما ئەنجوومەنا شارەداریێ یە؛ پارتیا خوەب ستوونا راگرتنا بالانسا جڤاکی دزانیت.
ریتیێ پاڤێلس - ئەندامی ئەنجوومەنی شاری لویڤن
"ئێستا حکومەتی شاری لۆڤن هاوپەیمانێتییەکە کە لە سێ پارت پێکهاتووە. ڤۆرات، کە پارتێکی سۆشیاڵە؛ پارتی سەوز، کە تایبەتە بە ژینگە و پارتی کریستیان دیموکراتەکان ئەمە حکومەتی ئێستایە، ئێمە لە (سێدیانڤێ) پێمان خۆشە هەروا بەردەوام بێت. پارتەکەی ئێمە زۆر گرنگە، هەموو ئەو گۆڕانکاری و یاسایانەی کە لەلایەن حکومەتەوە دەردەکرێن، پێویستە بەگوێرەی هەموو دانیشتووانی لۆڤن بگونجێندرێن."
چما ئەڤ پارتیە سەیرانێ هەلبژارتیە؛ پرسەکە بالا من دکێشە بەرسڤا وێ بزانم. سەیران دبێژیت:
پارتیا سەیرانێ؛ پارتییەکا ناڤێ کرستیانیێ و دیمۆکراتیەتێ بهەڤرا هەلبژارتییە؛ د دەما داویێد ئەندامەتی و چالاکبوونا د سیاسەتا یا کوردێن ل وەلاتێنئەورۆپا دژین نێزیکە دبیتە دیاردە؛ کو ل جهێ سۆسیالست و چەپان، ئێدی مەیلا کۆنسێرڤاتیفان دکن.
کارینێ رەشیدۆڤا بەربژێرە بۆ هەڵبژاردنەکانی بەلجیکا
هەر لە بەلجیکا خاتوو کارینێ رەشیدۆڤا بەربژێرە بۆ شارەوانی شاری ئاسێی بەلجیکا، ئەو کوردی سۆڤیێتی پێشووە و کچی ماڵباتێکی ناسراو و رۆشنبیرە، کە ماوەیەکی زۆرە لەنێو سیاسەتی بەلجیکیدا چالاکە.
کارینێ کاری زۆری بۆ دیاسپۆرای کوردی لە بەلجیکا کردووە. ئەو میوانی دیاسپۆرابوو، لەبارەی هەڵبژاردنەکانی بەلجیکاوە رایگەیاند، ئەو وەک بەربژێرێک رۆژانە دەچێتە لای خەڵک و باسی گرنگی هەڵبژاردنەکەیان بۆ دەکات و دەڵێت"گرنگیی دەنگدان بۆ دەنگدەرانمان شیدەکەینەوە و هەروەها رۆژانە پرۆگرامی کارکردنمان بۆ خەڵک رووندەکەیەنەوە و پێیان دەڵێین کە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەلجیکا زۆر گرنگە، چونکە شارەوانییەکان راستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی رۆژانەی خەڵک".
کارینێ کە ماوەیەکی زۆرە لەنێو سیاسەتی بەلجیکادا چالاکە روونیکردەوە کە لیستەکەیان بە ناوی تیم بۆرگومیستەرە، دەڵێت" ئێمە بۆ ئەم هەڵبژاردنە هاوپەیمانییەتیەکمان پێکهێناوە لە نێوان پارتەکەی خۆمان کە پارتی کریستیان دیموکراتە لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکرات و لیستەکەمان ژمارە نۆیە و کە پێکهاتوون لە 33 بەربژێر، خۆشم ژمارە 15م لە لیستەکەدا و داوا لە هەموو دەنگدەرانی سنووری شارەوانییەکەم دەکەم دەنگم پێبدەن".
کارینێ گوتیشی" من ماوەی 15 ساڵە لەنێو شارەوانییدا کاردەکەم و بە تەواوی شارەزای یاسا و کارکردنی شارەوانییەکانم و ئەزموونێکی زۆرم هەیە، بۆیە ئەگەر دەنگمان پێبدەن ئەوا دەتوانین کار لەسەر ئەو خاڵانە بکەین کە بۆ ژیانی دانیشتووانی شارێ ئاسێ گرنگن".
کوردێکی دانیشتووی دانیمارک کار بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە مادە هۆشبەرەکان دەکات
لە بیر و خەیاڵی زۆربەی دیاسپۆرانشینانی کوردستاندا پلانێک هەیە بۆ چوونەوە کوردستان و خزمەتکردنی نیشتمانی یەکەم، هەندێکیش هەن پلانەکەیان کردووەتە کردەوە.
شوان دەلۆیی، سەرۆکی رێکخراوی هاریکاریی مرۆڤایەتی، یەکێکە لەوانە کە لە دانیمارک دەژیت. لە کۆمەڵگەی دانیمارکیدا وەکو ددانساز سەرکەوتووە، بەڵام پێی گرنگ بووە لە کوردستانیش خزمەت بکات. لە چ بوارێکدا؟ لە زۆر بواردا و بەتایبەتیش بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە مادە هۆشبەرەکان.
شوان لە رێگەی سکایپەوە میوانی دیاسپۆرا بوو لە بارەی پرۆژە نوێیەکەی گوتی" دوای ئەوەی لە مانگی شەشی ئەم ساڵ زانیمان بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، بڕیارمان دا لە رێگەی رێکخراوەکەمانەوە هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر".
شوان دەلۆیی گوتیشی" لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوئاهەنگیداین و پڕۆژەیەکەمان ئامادەکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە مانگی حەوتی ئەمساڵ لە رێگەی کۆڕ و سمینار و تاوەکو ئێستاش بەردەوامین لە کارکردن".
دەلۆیی دەشڵێت"ئێمە وەک رێکخراوی OHC هاوکاریی مرۆڤایەتی لە 2012ـەوە دەستمان بە کارکردووە و ئێستا سەتان پۆستەری هۆشیارکردنەوە و مەترسیی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرمان ئامادەکردووە بۆ هەموو تەمەن و قۆناخەکان و لە دوای هەڵبژاردن دەست دەکەین بە بڵاوکردنەوەیان لە هەموو ناوەندەکانی خوێندن بە هەموو قۆناخەکانییەوە".
شوان دەلۆیی روونیکردەوە، کە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان زۆر بڵاوبووەتەوەو تەنانەت دەستبەسەر کارگەی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەردا گیراوەو سەرەڕای ئەوەی زوو زوو بە کیلۆ دەست بەسەر ماددەی هۆشبەردا دەگیرێت.
دەلۆیی ئاماژەی بەوەکرد کە سوود لە ئەزموونی رێکخراوێکی ئەمریکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر کە لە چەندین وڵات کاری کردووە وەردەگرین، کە ئەزموونێکی زۆر باشی هەیە و کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونە بگوازینەوە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی رێکخراوی هاریکاریی مرۆڤایەتی گوتیشی "لە هەرێمی کوردستان بە دوو قۆناخ کاردەکەین، یەکەم چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوە و رێگری لە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، دووەم چۆنیەتی چارەسەرکردنی تووشبووانی مادەی هۆشبەر".
گیتا کوردپوور بە کارە هونەرییەکانی دیوارەکانی بەرلینی رازاندووەتەوە
لە بەرلین نەریتێکی ساڵانەی هونەری هەیە. ئەویش ئەوەیە کە فێستیڤاڵێکی تایبەت بە تیشک بەڕێودەچێ. ئەویش بەوەی کاری هونەریی باڵا و جوان بە تیشکی رەنگاورەنگ لەسەر دیوار و شوێنە دیارەکانی شارەکە نمایش دەکرێن.
رەنگە خۆش بێ بزانن ئەمساڵ یەکێک لەو هونەرمەندانەی یەکجار زۆر بایەخی پێدراوە و لە سەرتاسەری بەرلین خەڵک کارە هونەرییەکانی دەبینن، گیتا کوردپوورە. هونەرمەندێک کە کارەکانی جیاوازن لەوانەی رۆژانە دەیانبینین.
گیتا کوردپوور- هونەرمەند
من گیتا کوردپوورم لە بەرلین گەورەبووم و کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانم و کاری هونەری دەکەم. دەتوانن کارەکانم لە دیواری باڵەخانە بەرزەکانی بەرلیندا ببینن.
دەنگی سروشتی...
سەرەتا لەسەر کاخەز کارەکانم دەستپێکرد و ئارەزوویەکی زۆرم بۆ وینەکێشان هەبوو، ئینجا دەستم بە وێنەکێشان کرد لەسەر تابلۆ، دواتر کارەکانم فراوانکرد و توانیم وێنە لەسەر دیوارەکان بکێشم، ئەمەش کاتێک دروست بوو، کە پێیان گوتم دەتوانیت وێنە لەسەر دیوار بکێشی، منیش ئەو سەرکێشیەم کرد و چوومە بەردەم دیوارێک، سەیرم کرد 25 مەتر بەرزە و هەشت نهۆم بوو، بەڵام نەترسام بەهۆی ئەو ئازایەتییەی دایک و باوکم پێیان دابووم کە لە هیچ کارێک نەترسم و باوەڕ و ئومێدم بەخۆم هەبێت و توانیم لە ماوەی یەک هەفتەدا کارەکە تەواو بکەم و خەڵکیش پێی سەیربوو، بۆمنیش جێگەی سەرسوڕمان بوو، ئێستا هەشت دیواری بەرزی بەرلین وێنەم لەسەر کێشاون و دەتوانن کارەکانم ببینن.
ئەم ساڵ فێستیڤاڵی 25ەمین لە بەرلین دەکرێت و ناوی فێستیڤاڵی ئازادی و ئاشتییە، بۆیە منیش تابلۆی ئەمساڵم بۆ ئازادی کێشا، بەڵای منەوە سەرەتا دەبێت ئازادی لە خۆماندا ببینین و هەروەها چۆنی دەبینین و بە واتایەکی دیکە ئایە هونەرمەند چۆن ئازادی دەبینێت؟ بەدیدی خۆم ئازادی لە دەروونماندا دەستپێدەکات و دەکرێت ئازادی فکر و هزر بێت و دەکرێ ئازادی ئەوە بێت ژنەکانی وڵاتێک ئازاد بن و یان تاکەکانی وڵاتێک ئازاد بن، بەهەر حاڵ ئایە ئازادی لە کوێیەوە دەستپێدەکات و بەڕای من لە دەروونماندا دەستپێدەکات و بتوانین بە ئازادی لەگەڵ خەڵک قسە بکەین و بە ئاشتی بدوێین.
بەشانازییەوە دەڵێم بۆ سێیەم ساڵە کارەکانم لەو فێستیڤاڵەدا نمایش دەکەم و کارە هونەرییەکانم لە دیوارەکانی باڵەخانە بەرزەکانی بەرلیندا نیشان دەدەم.
"ئەم فێسیڤاڵەی بەرلین زۆر خۆش و جوانە و کاتێک زانیم کچێکی کورد ئەو تابلۆیانەی لەسەر دیوارە بەرزەکانی بەرلین کێشاوە زۆر پێی دڵخۆش بووم، بەهەموو هاورێیە ئەڵمانییەکانم گوت کە ئەمە کاری کچێکی کوردە".
گیتا کوردپوور:
کاتێک دێمە ئێرە هەستێکی زۆر گەورە و خۆشم هەیە و کاتێک کارەکانم لەسەر دیوارەکانی بەرلین دەبینم و هەروەها لەسەر زەوی مەیدانەکە دەبینم، دەبینم ئەو خەڵکەی دێنە ئێرە بە چ لەزەت و تامێکەوە خۆشی لە بینینی ئەو دیمەنانە وەردەگرن، وێنەی خۆیان لەگەڵ دەگرن و بۆمنیش وەک هوەرمەندێک خۆشی دەبینم، ئومێدەوارم لەو ئازادییەی هەمانە چێژی زیاتری وەربگرین.
فێستیڤاڵی فیلمی کورد لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت
لە نیویۆرک فێستیڤاڵی فیلمی کوردی هەیە. ئەوە چەند ساڵێکە فێستیڤاڵەکە دەکرێ. ئەمساڵ ئەجێنداکەی چییە و بڕیار وایە چی رووبدات.
هاوکارمان سینان تونج دەمیر بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە نیویۆرک راستەوخۆ بەشداریی لە بەرنامەی دیاسپۆرادا کرد و لە بارەی فێستیڤاڵەکەوە رایگەیاند، ئەمساڵیش فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت و تێیدا چەندین فیلم نمایش دەکرێن و گوتی"بۆ هەشتەمین ساڵ فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت و ماوەی هەشت رۆژ دەخایێنێت و جگە لە نمایشی فیلم، لە فێستیڤاڵەدا خواردنی کوردی پێشکێش دەکرێ".
سینان دەمیر گوتیشی"لە فێستیڤاڵەکە فیلم و بەڵگەفیلمی درێژ نمایش دەکرێن و ژمارەیەکی زۆر کەسایەتیی ئەمریکی و ئەورووپی بەشداری لە فێستیڤاڵەکە دەکەن".
سینان تونج دەمیر ئاشکرای کرد، 99%ـی فیلمە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵەکە کوردین.
بهشی بكه لە