دیاسپۆرا - ئەڵمانیا ئەو کۆچبەرانە دیپۆرت دەکاتەوە کە پەنایان بردووەتە بەر کڵێسا

04 October 2024
دیاسپۆرا - ئەڵمانیا ئەو کۆچبەرانە دیپۆرت دەکاتەوە کە پەنایان بردووەتە بەر کڵێسا
ئەڵمانیا ئەو کۆچبەرانە دیپۆرت دەکاتەوە کە پەنایان بردووەتە بەر کڵێسا 

لە ئەڵمانیا کڵێسا کاسۆلیکی و پرۆتێستانتییەکان نیگەرانن. پارتەکانی چەپ و سەوزەکان و بەشێکی شەقامی ئەڵمانیاش نیگەرانن. 

نیگەران لەوەی ئەم هەفتەیە پۆلیسی ئەڵمانی کۆچبەرێکی تەمەن 29 ساڵی لە کێڵێسایەک دەرهێناوە و دیپۆرتی سوێدی کردووەتەوە. کلێساکان دەڵێن ئەو کۆچبەرە یەکجار نەخۆش بووە و لەسەر ئەو بنەمایەش کلێسایەک لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا پەنای دابوو. ئەویش دوای ئەوەی داوای پەنابەرییەکەی لە ئەڵمانیا رەتدەکرێتەوە و بڕیار دەدرێ دیپۆرتی سوێد بکرێتەوە. چونکە پێشتر لەوێش داوای مافی پەنابەریی کردبوو و پەنجەمۆری هەبووە. 

لە ئەڵمانیا کلێساکان و دامەزراوە ئایینییە جووەکان مافی ئەوەیان هەیە لەسەر بنەمای مرۆیی بۆ ماوەیەکی کاتی ئەو کۆچبەرانە داڵدە بدەن کە دۆسێکانیان دادەخرێ و دەبێ ئەڵمانیا بەجێبهێڵن. لە هەندێک وڵاتی دیکەی ئەوروپاش رێککەوتنی هاوشێوە لەنێوان دامەزراوە ئایینییەکان و دەوڵەتدا هەن، بەڵام هیچیان هێندەی ئەڵمانیا باوەشیان بۆ کۆچبەران نەکردووەتەوە. 

حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت کاتێک پۆلیس چووە کۆچبەرەکەی لە کڵێساکە دەرهێناوە، بەلەسەرخۆیی هاوکاریی پۆلیسی کردووە و هیچ تووندوتیژییەک رووینەداوە. 


سوێد و فینلاند یاساکانی وەرگرتنی وڵاتینامە قورستر دەکەن

لەم هەفتەیەوە لە فینلەند کار بە یاسایەکی نوێ دەکرێ بۆ وەرگرتنی وەڵاتینامە (یان جنسیە)ی ئەو وڵاتە. 
جاران هەرکەسێک پێنج ساڵ مافی مانەوەی هەبووایە و ئەو ماوەیەی تەواو کردبووایە دەیتوانی داوای وەڵاتینامە بکات. لەم هەفتەیەوە ئەمە دەگۆڕدرێ و دەبێتە هەشت ساڵ. واتە دەبێ کەسەکە هەشت ساڵ بەشێوەی یاسایی لە فینلەند ژیابێ. لەو هەشت ساڵەش بۆی هەیە 365 رۆژ لە دەرەوەی فینلەند بووبێت و نابێ هیچ ساڵێکیش لە 90 رۆژ زۆرتر فینلەندای جێهێشتبێ. 
هەڵبەت ئەمە هەموو کەس ناگرێتەوە. ئەوانەی ئاستێکی بەرزی زمانی فینلەندییان هەیە و بەشداریی چالاکیان هەیە لە کۆمەڵگەی فینلەندیدا، هەروەها ئەوانەش کە هاوژینێکی فینلەندییان هەیە یان هاووڵاتیی وڵاتێکی سکەندەنافیان یان وەکو پەنابەری سیاسی هاتوونەتە ئەو وڵاتە، دەکرێ لەماوەی پێنج ساڵدا ببنە هاووڵاتیی فینلەند. 
سوێدیش دەستدەکات بە جێبەجێکردنی بڕیارێکی هاوشێوە. لەوێش کار بە مەرجی هەشت ساڵ مانەوە لە سوێد دەکرێ. 
جگە لەوەش نابێ کەسی داواکار رابردووی تاوانکاریی هەبێ و بە مەترسی بزاندرێ بۆ سەر ئاسایشی سوێد. جگە لەوەش تێستی زمان و کولتووری سوێدی دەبنە زۆرەملێ و دەبێ کەسی داواکار بیسەلمێنێ زانیاریی پێویستی هەیە بۆئەوەی بتوانێ لە سوێد بژیت. 


بەریتانیا کۆچبەران لە هۆتێلەکان دەهێڵێتەوە

سەرەڕای ئەوەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا بەڵێنی دابوو وابکات هوتێلەکانی کۆچبەران لەو وڵاتە کەم ببنەوە، بەڵام کەڵەکەبوونی دۆسێی کۆچبەران لە وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتە وایکردووە بڕیارەکە جێبەجێ نەکرێ. 

ئێستا 30 هەزار کۆچبەر لە 250 هوتێلدا بەشێوەیەکی کاتی لە سەرتاسەری بەریتانیا دەژین و دەبێ چاوەڕێی یەکلاییبوونەوەی کەیسەکانیان بکەن. ئەمەش خەرجییەکی رۆژانەی 4 ملیۆن و 200 هەزاری پاوەندی بۆ حکومەتی ئەو وڵاتە دروستکردووە. وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا رایگەیاندووە کە زۆرتر لە 87 هەزار دۆسێی کۆچبەرانی لەلا کەڵەکە بووە، کە لەماوەی 12 بۆ 18 مانگدا دەبێ یەکلایی بکرێنەوە. 

جگە لەوەش 137 هەزار و 525 دۆسێی دیکەشی لەلایە کە داوای تێهەڵچوونەوە (ئیستیئناف)یان کردووە و دەبێ بڕیار بدرێ کە لە بەریتانیا دەمێننەوە یان دیپۆرت دەکرێنەوە. جگە لەوەش رۆژانە کۆچبەری نوێ لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بە بەلەم خۆیان دەگەیەننە ئەو وڵاتە و ئەو ژمارەیە هەروا گەورەتر دەبێت. 


راستئاژۆکانی ئیتاڵیا کار بۆ رێگری لە کڕینی سیمکارت لەلایەن کۆچبەرانەوە دەکەن

پارتەکەی جیۆرجیا مێلۆنیی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەیەوێ بە یاسا کڕینی سیمکارت بۆ کەسانی بێ ئیقامە قەدەخە بکات. 
دوو پەرلەمانتاری پارتی (برایانی ئیتاڵیا) پرۆژەیاسایەکیان ئامادە کردووە و دەڵێن بەو پرۆژەیە رێگە لەوە دەگرن کە کۆچبەرانی نایاسایی بتوانن سیمکارتی ئیتاڵییان هەبێ. وەک ئەوان دەڵێن ئەو سیمکارتانە کێشەیان دروستکردووە و دەکرێ تاوانیان پێ بکرێ. بۆیە دەبێ هەموو سیمکارتێک لە ئیتاڵیا لەسەر ناوی کەسێک بێ کە دانیشتووی ئیتاڵیا بێ یان مافی مانەوەی هەبێ لەو وڵاتە. 
جگە لەوەش دەیانەوێ ئەو کەسانەی سیمکارت بۆ کەسانی دیکە دەهێنن بەوە سزا بدرێن کە خۆشیان بۆیان نەبێ بۆ شەش مانگ تاوەکو دوازدە مانگ سیمکارتیان هەبێ. 
زۆربەی پارتەکانی ئیتاڵیا و بەتایبەتیش چەپەکان دژی ئەو پێشنیازەن. ئەوان دەڵێن دەبێ کۆچبەران بتوانن پەیوەندی بکەن و هیچ نەبێ بۆ داواکردنی بەڵگەنامە یاساییەکان پێویستیان بە سیمکارت دەبێ. 


حکومەتی بەلجیکا رێوشوێنی نوێ بەرامبەر خوێندنی زمانی هۆڵەندی دەگرێتەبەر

ئەم هەواڵە بۆ ئەو دایک و باوکە کوردانەی لە هەرێمی فلاندرنی بەلجیکا دەژین، حکومەتی نوێی هەرێمی فلاندرن ئەو دایک و باوکانە سزا دەدات کە نایانەوێ خۆیان فێری فلامی (زمانی هۆڵەندی) بکەن. 

لە رێککەوتنی پارتە بەشدارەکان لە حکومەتی نوێی هەرێمەکەدا ئەوە روونکراوەتەوە کە ئەو دایک و باوکانەش کە هۆڵەندییەکەیان زۆر باش نییە، لێیان چاوەڕوان دەکرێ بچنە کۆرسی فێربوونی زمان. 
بەلایەنی کەمیشەوە دەبێ یەکێکیان لەماوەی ساڵێکدا بەڵگەنامەی بەشداریکردن لە کۆرسی زمانیان هەبێ. ئەوەی نەتوانێ ئەمە بکات بێبەش دەکرێ لەو یارمەتییە داراییانەی دەدرێنە ماڵباتەکان بۆ گەشەی منداڵەکانیان لە قوتابخانە. 

ئەو پارەیەی لەو دایک و باوکانە دەبڕدرێ دەدرێتە قوتابخانەکەی یانیش حکومەت بۆخۆی شت بۆ منداڵەکان دەکڕێ. وەک خۆراک و جلوبەرگ و پێداویستییەکانی قوتابخانە.  
لە هەڵبژاردنەکانی بەلجیکادا کە ئەمساڵ بەڕێوەچوون، پارتی هاوپەیمانیی نوێی فلامییەکان، کە پارتێکی راستئاژۆیە بردیەوە. ئەو رێوشوێنانەی بۆ فێربوونی زمانی هۆڵەندی جێبەجێ دەکرێن لەژێر گوشاری ئەو پارتەدایە. 


نەمسا.. منداڵانی کورد فێری زمانی کوردی دەکرێن

لە نەمسا راستئاژۆکان بردیانەوە. هێشتا دیارنییە ئایندەی حوکمڕانی لە نەمسا چۆن دەبێ، بەڵام ئەوە روونە کە بۆ ئەوانەی باکگراوندی کۆچبەرییان هەیە، مەرج نییە باشتر بێ لە جاران. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی جوان و بەهێز هەن بۆ خۆگونجاندن و بەشداریی کاریگەر لە کۆمەڵگەی نەمساییدا. 
لەنێو دیاسپۆرای کوردیدا لەو وڵاتەدا هەوڵی پێچەوانەش هەن، ئەویش بۆ هەوڵدان بۆ فێربوونی زمانی کوردی و لەبیرنەکردنی ناسنامەی کوردی. 

ژاڵە شێروانی
بەڕێوەبەری خوێندنگەی کوردی لە ڤیەننا

"ساڵی 2004 - 2005 ئەم قوتابخانەیە کراوەتەوە، خۆشم تێیدا مامۆستا بوومە و لەگەڵ چەندین مامۆستای لێهاتووی دیکە، پێشتر بەڕێوەبەرەکەمان مامۆستا پەخشان بوو، بەردەوام بووین لە دەوامی قوتابخانە تاوەکو کاتی کۆرۆنا هات، ئیتر بە بۆنەی کۆرۆناوە منداڵەکان دەهاتن و نەدەهاتن بۆ قوتابخانە و ژمارەی منداڵەکان کەمبوونەوە، ئێستا ژمارەی قوتابیەکانمان لە سەرووی هەشتا قوتابییە، دوو پۆلی سۆرانیمان هەیە لەگەڵ دوو پۆلی کورمانجی، خۆم سەرپەرشتی مامۆستایان دەکەم و سێ مامۆستای لێهاتووشمان هەن و بەهەموومان سەرپەرشتی قوتابخانەکە دەکەین".

مەزلووم شێخی
مامۆستای زمانی کوردی لە ڤیەننا

"ئێمە لە چاوەڕوانی کتێبداین بۆ ئەوەی بگەن بە دەستمان، ئەم پەرتووکانەی ئێمە بۆ فێربوون لێرە بەکاریان دەهێنین هەمان ئەو پەرتووکانەن لە خوێندگەکانی دیکەش بەکاردێن، هەروەها لە خوێندگەکانی هەرێمی کوردستانیش بەکاردەهێندرێن، ئێمە گرنگی زۆر بە ناسنامەی کوردی دەدەین، هەروەها گرنگی بەوە دەدەین کە ئەو منداڵەی دێتە قوتابخانەکەمان بەباشی بناسین، ناوی چییە؟ تەمەنی چەندە؟  لەکام شارەوە هاتووە؟، ئیتر جگە لە وانەکان فێری گۆرانی رەسەنی کوردییان دەکەین".


"من ناوم چاوان جێگرە، تەمەنم هەشت ساڵە، دوو ساڵە لە قوتابخانە دەخوێنم و حەز دەکەم بخوێنم و فێرببم، لە کوردستان لەدایکبوومە".


"ناوم نەیرۆیە و تەمەنم دوازدە ساڵە، هاتوومە ئەم قوتابخانەیە بۆ ئەوەی فێری خوێندنەوەو نووسنی کوردی بم، هەروەها فێری وێنەکێشانیش بم".

وەنەوشە خدر
مامۆستای زمانی کوردی لە ڤیەننا


"ئێمە بەخۆبەخش هاتووین و وانەی زمانی کوردی دەڵێینەوە، کتێبەکانمان هەمووی لە کوردستانەوە بۆ دێت، ئامرازەکانی خوێندیش خۆمان لێرە دروستی دەکەین، بۆ نموونە کارت و پیتەکان و وێنەکان خۆمان دروستیان دەکەین و زۆربەی شتەکان بەخۆمان بەکاری دەهێنین، لەسەر کۆمپیوتەر وشەو پیتەکان دەنووسین، چونکە کتێبەکە بەتەنیا کەمە و قورسیشیە بۆ قوتابییەکان، وەک دەزانین ئەو قوتابیانە هەموویان بە زمانی ئەڵمانی پەروەرە کراون و فێرکراون، کاتێک بە زمانی کوردی دەخوێنن کەمێک قورسە بۆیان، بۆیە ئێمە بۆیان ئاسان دەکەین".

"ناوم بارزە و تەمەنم نۆ ساڵە و دایک و باوکم خەڵکی شاری دهۆکن، ماوەی ساڵێکە لە قوتابخانەی کوردی دەخوێنم".


" ناوم کەنارە، داوا دەکەم هەموو منداڵانی کورد لێرە بێنە ئەم قوتابخانەیە و فێری زمانی کوردی بن".

"ناوم لانەیە، تەمەنم دوازد ساڵە، من لە نەمسا لەدایکبووم و حەزدەکەم ئەو منداڵە کوردانەی کە لە نەمسا لەدایکبوون و لێرە دەژین بێنە ئەم قوتابخانەیە و زمانی کوردی بخوێنن".

"ناوم لۆرینە، باوکم خەڵکی مەریوانە ودایکیشم سلۆڤاکییە، واتە کوردی، ئاڵمانی و سلۆڤاکیم".


مەزلووم شێخی
مامۆستای زمانی کوردی لە ڤیەننا


" لە خوێندنی کورمانجی زیاتر لە بیست و پێنج قوتابیمان هەن و ژمارەکە باشە و چەندین خانەوەوادە پەیوەندیم پێوەدەکەن و ئەوانیش دەیانەوێ منداڵەکانیان بهێنە ئەم قوتابخانەیە و فێری زمانی کوردی ببن، ئەمە دووەم رۆژە لەم ساڵەدا دەستمان بە خوێندن کردووە، هەفتەی داهاتوو قوتابییەکان بەپێی تەمەنەکانیان لەیەکتر جیادەکەیەنەوە و مامۆستای زیاتریش دەهێنین".


ژاڵە شێروانی
بەڕێوەبەری خوێندنگەی کوردی لە ڤیەننا


"هەموو رۆژانی شەممە بەردەوامین لە قوتابخانەی کوردی لە کاژێر 10:00ی بەیانی بۆ کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆ".


ماڵباتێکی کورد لە نەمسا باسی پێکەوەهێشتنەوەی خێزان دەکەن

تیمی دیاسپۆرا هەفتەی رابردوو بۆ رووماڵی هەڵبژاردنەکان لە نەمسابوون لەوێ کۆمەڵێک چیرۆکی سەرنجڕاکێشمان گوێلێبوو،
یەکێک لەو چیرۆکانە، چیرۆکی ماڵباتێکی سەرکەوتووی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە کە لەوێ نموونەی خۆگونجاندنن، زۆر کەس لە دیاسپۆرای کوردی و دۆخی نێو ماڵباتەکەی مەترسی هەیە، مەترسی لەوەی کە بە ئاسانی لێک دەترازێن خەڵک لێکجیادەبێتەوە، زۆر زۆریش لەسەر ئەمە پرسیار دەکرێت کە بۆچی میوان ناهێنن لەسەر ئەم بابەتە قسە بکات، یەکێک لە نموونە باڵاکان کە نمونەی ماڵباتێکی سەرکەوتوو، هەروەها پێکەوە گرێدراو لە دیاسپۆرا کە هەموویان خەریکی ژیانێکی سەرکەوتوون لێرە ماڵباتی کاوە ئەحمەدە، یەکێک لە کوڕەکانی تەنانەت لە ریزەکانی سوپای نەمسا دایە.
دەبینن کە ئەو دایک و باوکە چۆن بەیەکەوە هاوئاهەنگی باشیان دروست کردووە بۆ منداڵەکانیان و منداڵەکانیان کوردیان بیرنەچێت سەرەڕای ئەوەی کە لە نەمسا لە دایکبوون هاوکاتیش لە کۆمەڵگای نەمساشدا کاریگەرن.


کاوە ئەحمەد گەرگەری
 دانیشتووی نەمسا


" من کاوە ئەحمەد گەرگەریم، خەڵکی کوردستانم لە ساڵی 1991ەوە هاتوومەتە وڵاتی نەمسا و ئەو کات دەمانتوانی هەم بخوێنین و هەمیش کاربکەین و خۆمان پێشبخەین، ئیتر من رێگەی کارم گرتەبەر و لە کۆمپانیایەک دەستم بە کارکردن کرد، واتە لە ساڵی 1992 تاوەکو ئێستا واتە 32 ساڵە لەو کۆمپانیایە کاردەکەم و بەردەوامم".


"بە تایبەتی دوای2015ەوە ژمارەی کورد هێواش هێواش لە نەمسا زیادبوون و ئێمەش بەشێوەی دامەزراوەیی لێیان نزیکبووینەوەو بەهۆی ئەوەی من لە ئەنیستیوتی کوردی کاردەکەم وەک بەڕێوەبە، لە ڤیەننا زیاتر لە 120 خانەوادەی کورد هەیە و ئێستا ژمارەکە زۆر زیاتر بووەو ئەگەر ئێمە وەفاداربین، دەتوانین هاوکاری یەکدی بکەین و گرنگی بە کولتوور و هونەری کوردی بدەین".
  

"بەڕاستی من دەبینم کە ماڵبات لە نەمسا وەک کوردستانێکی بچووک وایە، ئێمە لە ماوەی ئەو 34 ساڵەدا توانیمان چەندین رێکخرا و کۆمەڵە و ئەنیستیتیوتی کوردی لێرە دروست بکەین، بۆیە هەمیشە پەیامی من بۆ ئەوان ئەوەی کە گرنگی زۆر بە خێزانەکانیان بدەن و دەست بە کولتوور و نەریتی خۆمانەوە بگرن و گرنگی زیاتر بە ئەندامەکانی خێزان بدرێت لە هەمووشی زیاتر خانمی ماڵ، چونکە ئەو بنچینەی ماڵەکەیە".

" ئەریانی کوڕم ئێستا لە زانکۆ دەخوێنێت لە بەشی یاسا و ئەمساڵ دوا قۆناخییەتی و من زۆر پێی دڵخۆشم و ئەو گەنجێکی لێهاتووەو چالاکڤانێکی زیرەکە و ئەندامێکی کاریگەرە لە ئەنستیتیوتی کوردی لێرە، کوڕەکەی دیکەشم ناوی ئاراسە و بەشی ئایتی تەواوکردووەو بەداخەوە لێرە نییە، چونکە ئەو ئێستا لە ریزەکانی سوپای نەمسا خزمەت دەکات و بۆمن جێگەی سەربڵندییە، بۆیە هەمیشە پەیامم بۆ گەنجانی کورد لێرە ئەوەیە کە گرنگی زۆر بە خوێندن بدەن، وچونکە تەنیا ئەمە رێگەی داهاتووی گەشی ئەوانە لێرە وهەروەها بۆ وڵاتەکەشیان".
 
ئەریان کاوە 
دانیشتووی نەمسا


"ناوم ئەریانە وتەمەنم 22 ساڵە و لە نەمسا لەدایکبوومە وئێستا لە بەشی یاسا لە زانکۆ دەخوێنم و رێگەی گەیشتنم بۆ ئەم قۆناخە زۆر زەحمەت بوو، بەڵام بە پشتیوانی دایک و باوکم بە بەردەوامی منیان گەیاندە ئەم قۆناخە و هەمیشە سوپاسگوزاریانم".

هاوژینی کاوە

"لای من خاڵی گرنگ لە خانەوادەکەم منداڵەکانمن، هەرچەندە من کاری خۆم خۆش دەوێ، بەڵام منداڵەکانم بۆمن گرنگترن، هەوڵمداوە منداڵەکانم لەسەر رێگەی باش پەروەردە بکەم، بەهۆی ئەوەی ئەم وڵاتە وەک وڵاتی خۆمان نییە و جیاوازە و کراوەترە، بۆیە زۆر لەگەڵیام ماندوو بووم، ئەگە لە ماڵێکدا ژن و پیاو کۆک بن ئەوا کاریگەری ئەرێنی بەسەر منداڵەکانییەوە دەبن و راستە ئێستا ژیان لە وڵاتی خۆمان قورس بووە، دەبینین ئێستا چەندین خانەوادەی کورد دێنە ئێرە و زۆر جار کێشە لە نێوانیان دروست دەبێت و بەشێکی زۆریان لێکجیادەبنەوە، بۆیە ئامۆژگاریان دەکەم، لەکاتی بوونی کێشە لە نێوان ژن و مێرد لێرە پێویستە هەردووکیان دەستی یەکتر بگرن و کێشەکەنایان چارەسەر بکەن، هەروەها زۆر گرنگە پیاو گرنگی زیاتر بە خێزان و منداڵەکانیان بدەن و کاتیان بۆ تەرخان بکەن".


باکۆ سۆرانی 30 ساڵە لە هۆڵەندا لەسەر ستەیجی دەدرەوشێتەوە

باکۆ سۆرانی ساڵانی درێژە لە هۆڵەندا دەژیت. میدیای هۆڵەندی بەڕێزەوە باسی کارە هونەرییەکانی خۆی و هاوڕێکانی دەکەن. شانۆکارێکە کە بە ئیشی بەرز لەسەر ستەیجی شانۆی هۆڵەندی رادەوەستێ و چەپڵەی بۆ لێدەدرێ. 

باکۆ سۆرانی شانۆکار میوانی دیاسپۆرا بوو رایگەیاند، ئەو لە ساڵی 
لە 1984 هاتووەتە هۆڵەندا و دەڵێت "لە قۆناخی سەرەتای هاتنم بۆ ئەورووپا بیرم لە شانۆ کردووەتەوە، دوای ئەوەی گەورەبووم خەونەکەم گەورەتر بوو، ئیتر خۆم لە نێو دونیای شانۆدا بینییەوە".

باکۆ سۆرانی دەڵێت" شانۆ زمانی جووڵەیە، پێگەیشتن و هەستە، پانتایی شانۆ لەگەڵ دیاسپۆرانشینانی ئەورووپا کۆیکردینەوە".

سەبارەت بە بەرهەمە شانۆییەکانی، باکۆ سۆرانی دەڵێت" یەکەم بەرهەمم بەناوی 'ئێستا و هەموو کاتێ باران دەبارێ' بوو، 35 کاری گەورە و بچووکی شانۆمان کردووە".

سۆرانی روونیدەکاتەوە کە کورد خاوەن چیرۆکی زۆر جوانە بۆ شانۆ.

شانۆی بێسنوور یەکێکە لە شانۆیە سەرکەوتووەکانی سۆرانی، ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت" 30 نەتەوەی جیاواز بەشدارییان لە شانۆی بێسنوور کردووە و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوەو هەمیشە شانازی پێوەدەکەم".

باکۆ سۆرانی دەشڵێت" هەمیشە کولتووری کوردی لە کارەکانمان پێشان دەدەین، زمانی کوردی تێکەڵ بە زۆربەی کارە شانۆییەکانمان دەکەین و کارەکانمان فرە کولتوورین".

باکۆ سۆرانی ئاشکرای دەکات کە خەڵکی هۆڵەندا زۆر بایەخ بە شانۆ دەدەن و دەڵێت" رۆژانە 50 شانۆگەری لە هۆڵەندا پێشکێش دەکرێن".
باکۆ سۆرانی ئاماژەی بەوەدا کە  دوایین کاریان بەناوی شانۆگەریی خەڵاتە و شانۆگەرییەکە باس لە کولتوورێکی نوێی پێکەوەژیان دەکات.


گەنجێکی کورد بەشداریی لە کێبڕکێی میستەر فینلاندی 2024 کرد

هونەر خدر بەربژێر بوو بۆ بوونە مستەر فینلەندی 2024، پێشتریش وەک مۆدێل بەشداریی لە زۆر کێبڕکێدا کردووە. هونەر لەبارەی بەربژێربوونەکەی میوانی دیاسپۆرابوو، گوتی" وەک مۆدێل بەشدارییم لە چەندین کێبڕکێ لە ئەورووپادا کردووە، بۆ ئەمجارەش بەربژێر بووم بۆ میستەر فینلاندنی 2024 و بەڵام سەرکەوتوو نەبووم".
دەشڵێت" هەرچەندە من لە قۆناخی یەکەم کە پێویستی بە دەنگی خەڵکە سەرکەوتنم بەدەستهێنا، بەڵام لە قۆناخی کۆتاییدا، دەنگی تەواوی لیژنەکەم بەدەستنەهێنا، هەوڵدەدەم ئەو کەموکوڕیانەی لە 2024 هەمبوون، لە ساڵی داهاتوو واتە 2025 نەیانهێڵم و سەرکەوتن بەدەستبێنم و ببمە مستەر فینلەندی 2025".

هونەر خدر روونیکردەوە، پێشتر وەک مۆدێل مستەر ئیترناشیۆناڵی بەدەستهێناوە، بەڵام دەیەوێ مستەر فیلەندنیش بەدەستبهێنێت و ببێتە نوێنەری فینلاند لە جیهاندا.
هونەر ئاماژەی بەوەکرد، ئەو خوێندنی تەواوکردوە، ئێستا لە بەشی خزمەتگوزاری وزەی کارەبا کاردەکات، بەڵام بوون بە مستەرفینلەند خەونی ئەوەو دەیەوێ بەدەستیبهێنێت.

هونەر خەڵکی شاری هەولێرە و چەندین ساڵە لە فینلەند دەژیت و زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی و فینلەندی دەزانێت.