دیاسپۆرا - هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا بەڕێوەدەچێت

27 September 2024
دیاسپۆرا - هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا بەڕێوەدەچێت
سبەی یەکشەممە 29ی ئەیلوول هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا بەڕێوەدەچێت، رکابەری تووند لە نێوان سۆشیال دیموکرات و راستئاژۆکان هەیە.
بەپێی راپرسییەکان راستئاژۆکان چانسی بردنەوەیان لە سۆشیال دیموکراتەکان زیاترە، راپرسییەکان ئاشکرای دەکەن، راستئاژۆکان 26 بۆ 31٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن، واتە نزیکەی 50 کورسی لە کۆی 183ی کورسی پەرلەمانی نەمسا و لەبەرامبەردا سۆشیال دیموکراتەکان 21 لەسەتی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.

ئامارێکی دروستی ژمارەی کورد لە نەمسا نییە، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان نزیکەی 150 هەزار کەس دەبن، هەندێک لەو کوردانە بە لێهاتوویی خۆیان توانیویانە لەنێو پارتی سۆشیال دیموکرات و حکومەتەکەیان بچنە پێشەوەو یەکێک لەوانە سایە ئەحمەدە، کە سەرۆکشارەوانیی نۆی ڤیەننایە.

تیمی دیاسپۆرا بۆ رووماڵی هەڵبژاردنەکە چوونەتە نەمسا و گفتوگۆیان لەگەڵ چەندین کەسایەتی کوردی نەمسا کردووە و گرنگی هەڵبژاردنەکە و ئەنجامەکانی روونکردووەتەوە کە چ کاریگەرییەکی بەسەر کوردی دیاسپۆرای نەمسا هەیە و هەروەها لەسەر پرسی کۆچبەری و تەنانەت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان نەمسا و هەرێمی کوردستان.

هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا هەڤپەیڤینێکی لەبارەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی لەگەڵ سایە ئەحمەد، سەرۆکشارەوانیی نۆی ڤیەننا کردووە کە کە کوردێکی خەڵکی کەرکووکە. 

سایە ئەحمەد لەبارەی هەڵبژاردنەکانی نەمساوە گوتی" گرنگە کوردەکانی نەمسا بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە سۆشیال دیموکرات بدەن، چونکە سۆشیال دیموکرات هەوڵ بۆ باشترکردنی دۆخی کورد دەدات".

سایە ئەحمەد باسی مێژووی دیاسپۆرای کوردی نەمسا کرد و گوتی" 45 ساڵە کوردی هەرێمی کوردستان لە نەمسا دەژین، بۆیە گرنگە ئێستا دان بە کورد دا بنرێ، بۆیەش پێموایە ئێستا کورد پێویستی بە یەکدەنگییە، چونکە هەموو حیزبەکانی نەمسا بۆ کورد باش نین".

سەبارەت بە رۆڵی کورد لە نێو پارتە سیاسییەکانی نەمسا، سایە ئەحمەد ئاشکرای کرد، چوار کورد وەک بەربژێر لەنێو سۆسیال دیموکراتی نەمسا کاردەکەن، کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە نەمسا دەژین هەست بەوە دەکەن کە سۆشیال دیموکراتەکان پشتیوانیانن، بۆیە دەنگدانی هەر کەسێکیان جیاوازی دروست دەکات.

سایە ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، سۆشیال دیموکرات لەگەڵ راستئاژۆکان زۆر جیاوازن، دۆخەکە لە رووی دیموکراسییەوە خراپ بووە، چونکە بەپێی راپرسییەکان دژە بێگانەکان (راستئاژۆکان) بەهێزدەبنەوە، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر کۆچبەران و بێگانەکان دەبێت، لەوانە کوردی دیاسپۆرای نەمسا.
دەربارەی کاریگەرییەکانی شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا و گوشارەکانی رووسیا بۆسەر یەکێتیی ئەورووپا، بەتایبەتی لەسەر دابینکردنی گاز، سایە ئەحمەد گوتی"ئەورووپا کاریگەریی زۆری لەسەر رووسیا داناوە و ئەورووپا هەوڵدەدات لە رووی وزەوە پشت بەخۆی ببەستێت و وەک نەمسا پلانمان هەیە پشت بە رووسیا نەبەستین لە دابینکردنی گازی سروشتی و  بەڵکو هەوڵی پشت بەستن بە وزەی پاک دەدەین".


هەر لە سەردانە مەیدانییەکەی تیمی دیاسپۆرا بۆ ڤیەننا بۆ رووماڵی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا، هەریەکە لە عەبدوڵڵا زەنگەنە و دانا شەدەڵا کە دوو کەسایەتیی دیاسپۆرانشینی کوردن لە نەمسا و شارەزاییان لە هەڵبژاردن و سیستەمی حکومڕانی نەمسادا هەیە بەشدارییان لە بەرنامەکەدا کرد.

سەرەتا دانا شەدەڵا باسی مێژووی سۆسیال دیموکراتەکانی لە نەمسا کرد و روونیکردەوە کە مێژووی دروستبوونی سۆشیال دیموکرات دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1889، گوتی" برۆنۆ کرایسکی کە گەورەترین کەسایەتیی سۆشیال دیموکراتەکانی نەمسایە و لە ساڵی 1970 بووتە سەرۆکی نەمسا، ئەو باسی کوردی کردووە و لە کتێبەکەیدا نووسیویەتی 'لەگەڵ کوردەکان هاوسۆز بووم و  یارمەتی کوردەکانم داوە' ".

دانا شەدەڵا باسی پەیوەندی نێوان کوردی دیاسپۆرای نەمسا و سۆشیال دیموکراتی نەمسا دەکات و دەڵێت" کورد کاری بۆ سۆشیال دیموکراتەکان کردووە و پەیوەندی کورد لەگەڵ سۆشیال دیموکرات لەهەموو پارتەکانی دیکە نزیکترە، بەڵام دیاسپۆرانشینەکانی نەمسا ناگەنە دەسەڵاتی باڵا، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی نەمسا کۆنەپارێزن".

 شەدەڵا پێیوایە کە دیاسپۆرانشینانی کورد لە نەمسا پەرتەوازەن و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ناکۆکی نێوخۆی کوردستان کە گواستراوەتەوە بۆنێو دیاسپۆرانشینانی نەمسا.

لای خۆشییەوە عەبدوڵڵا زەنگەنە کە ئەمیش دەیان ساڵە لە نەمسا نیشتەجیێە، پاڵپشتی خۆی بۆ سۆشیال دیموکراتەکان دەربڕی و گوتی" سۆشیال دیموکراتەکان بۆ میللەتانی بندەست باشترن لە راستئاژۆکان، لەکاتی دەسەڵاتی راستئاژۆکان بێزاربوون، چونکە ئەوان تووندوتیژن و ئەگەر دەسەڵات بگرنەدەست کێشەی زۆر دروستدەبێ".

عەبدوڵڵا زەنگەنە گوتیشی" زیاتر لە 140 هەزار کورد لە نەمسا دەژین، پێویستە هەموویان بچن دەنگ بدەن، بۆ ئەوەی مافەکانیان پارێزراو بن، بۆیە هەر کەسێک نەچێتە دەنگدان بەسەریدا دەشکێتەوە".

زەنگەنە روونیکردەوە، بەشێک لە دیاسپۆرانشینی کوردی نەمسا گرنگی بە سیاسەت نادەن، تەنانەت بەشێکیان نازانن سەرۆککوەزیران کێیە.

عەبدوڵڵا زەنگەنە ئاماژەی بەوەکرد، دوای هەڵبژاردن پێکهێنانی حکومەت ئاسان نابێت، بەتابیەتی لە ئەگەری بردنەوەی راستئاژۆکان.
 
بۆ یەکەمجار رەنگە نەمسا بەلایەنی کەمەوە لەلایەن سێ پارتەوە بەڕێوەبچێت، بەو پێیەی پێدەچێت هیچ یەکێک لە پارتە رکابەرەکان نەتوانن لەگەڵ پارتێکی دیکەدا حکومەت پێکبێنن و پێویستیان بە پارتی سێیەم یان چوارەمیش دەبێت، بەگشتی پێشبینی دەکرێت حکومەتی داهاتوو بنکە فراوان بێت.

ئەندریاس بابلێر، سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکرات لە نەمسا دووپاتیکردەوە کە پارتەکە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی پارتی ئازادیی راستئاژۆ سەرکردایەتیی حکومەتی داهاتوو نەکات، گوتی "دیواری ئاگر" دژی پارتی ئازادی دروست دەکەین و بەشداری هیچ هاوپەیمانییەکی پێکهێنانی حکومەتیان لەگەڵ ناکەین".


مژارێکی سەرەکی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا پرسی کۆچبەرانە، سۆشیال دیموکراتەکان هەمیشە پشتیوانی کۆچبەران دەکەن و مافی مانەوەو ژیانیان پێدەدەن، بەڵام راستئاژۆکان پێچەوانەن و پێیان وایە کۆچبەران وڵاتەکانی ئەوانیان شێواندووەو دەیانەوێ رێگری لە کۆچبەران بکەن و بەهیچ شێوەیەک مافی مانەوەیان پێنەدەن.

ئێستا لە کۆی 27 وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا شەش وڵات کەوتوونەتە دەست راستئاژۆکان و پێشبینی دەکرێت چوار وڵاتی دیکەش لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکەونە ژێر دەسەڵاتی راستئاژۆکان، یەکێک لەوانە نەمسایە، بەم پێیەش دەسەڵاتی راستئاژۆکان لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بەهێزتر دەبێت و بەمەش پشتیوانی مۆسکۆ لە یەکێتییەکەدا فراوانتر دەبێت. 

لە ساڵی 2022 نزیکەی 120 هەزار کۆچبەر داوای مافی مانەوەیان لە نەمسا کردووە، لە ساڵی 2023 نزیکەی 60 هەزار کۆچبەر.

هێما حوسێن، پسپۆڕی بواری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە و لەیلان بەرواریش، پشتیوانی کۆچبەرانە و لە رێکخراوێکی کۆچبەران کاردەکات، ئەوانیش رای خۆیان لەسەر هەڵبژاردن و کاریگەرییەکانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لەسەر کۆچبەرانی وڵاتەکەیان بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا دەربڕی.

سەرەتا هێما حوسێن رایگەیاند، سێ بەربژێری کورد لە نەمسا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، پەناخوازانی کورد لە نەمسا ترسیان لەم هەڵبژاردنە هەیە، بۆیە گرنگە کوردەکان دەنگ بەو بەربژێرانە بدەن و مەترسی لەسەر خۆیان دووربخەنەوە.
دەشڵێت"جگە لە کۆچبەران رێکخراوەکانی کۆچبەرانیش ترسیان لەم هەڵبژاردنەی نەمسا هەیە لە ئەگەری بردنەوەی راستئاژۆکان، چونکە هەر پەناخوازێک کە دێتە نەمسا مافی مانەوەی نەبێ ناتوانێ کاربکات".

هەروەها لەیلان بەرواری کە ماڵباتەکەیان یەکێکن لە کۆنترین ماڵباتەکانی باشووری کوردستان کە بۆ یەکەمجار لە نەمسا نیشتەجێبوونە، سەرەتای قسەکانی بەوە دەستپێکرد کە ئەو رێنمایی بەو پەناخوازانە دەدات کە دێنە نەمسا و گوتی" 9 ساڵە لەبواری کۆچبەریدا کاردەکەم و زۆر هاوکاریم کردوون".

لەیلان بەرواری گوتیشی" میدیای نەمسا رۆڵی خراپ لە پرسی کۆچبەراندا دەگێڕێت، ئەمەش وا دەکات رای شەقامی نەمسا بەو ئاراستەیە بچێت کە دەنگ بە راستئاژۆکان بدەن بەمەبەستی رێگریکردن لە کۆچبەران بۆ وڵاتەکەیان".
لەیلان بەرواری ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی راستئاژۆکان لە ئەورووپا زیاد دەبن.


بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا زۆر تووند بووە، بەتایبەتی لەنێوان پارتی سۆشیال دیموکرات و پارتی ئازادیی راستئاژۆ، بەشێوەیەک ئەندریاس بابلێر، سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکراتی نەمسا، هێربێرت کیکلی سەرۆکی پارتی ئازادی راستئاژۆ  بە هیتلەر چواند و گوتی"کاتێک گوێ لە کیکل دەگرین، هەست دەکەین کە ئەدۆلف هیتلەر سەرکردەی نازییەکان هێشتا لە ژیاندایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کیکل مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر دیموکراسی".