ستۆکهۆڵم.. یادی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان دەکرێتەوە

20 September 2024
ستۆکهۆڵم.. یادی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان دەکرێتەوە
ستۆکهۆڵم.. یادی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان دەکرێتەوە

ئەمڕۆ شەممە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد یادی حەوت ساڵەی بەڕێوەچوونی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوەدەچێ. 
ژمارەیەک رێکخراو و دامەزراوەی کوردیی کاریگەر لەپشت یادکردنەوەکەن، کە پێکهاتوون لە فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە سوێد، ناوەندی رەوەندی کوردی لە سوێد و هەروەها کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد لە سوێد و جگە لە کەسایەتییەکان، وایان داناوە رۆژی شەممە 21/9/2024 بۆ دیاسپۆرای کوردی لە سوێد بکەنە رۆژێکی پڕ لە میوزیک و گۆرانی و بەهێزکردنی هەستی پێکەوەبوون و هەروەها نەتەوایەتی. 
بەرزان کۆچکایا، یەکێکە لە رێکخەرانی یادکردنەوەکەی ستۆکهۆڵمە و بەشداریی لە بەرنامەی دیاسپۆرادا کرد و سەبارەت بە یادەکە دەڵێت"یادکردنەوەی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان رۆژێکی نەتەوەییە و پێویستە ئەو رۆژە و ئەو یادە بە فەرمی بکرێتە رۆژێکی نەتەوەیی". سەبارەت بەوەی ئایە کێ دەتوانێت بەشداریی لە یادەکەدا بکات گوتی"هەموو کەسێک دەتوانێ بەشداریی یادکردنەوەی گشتپرسی سەربەخۆیی بکات، واتە هەر کەسێک ویستی بەشدارییکردنی هەبێت دەتوانێت بەشداریی لە چالاکییەکەدا بکات، ئینجا کورد بێت یان غەیرە کورد بێت".
بارزان کۆچکایا ئاشکرایکرد، چەندین هونەرمەند و گۆرانیبێژ بەشداری لە چالاکییەکەدا دەکەن و دەڵێت" ئامانجمان لە یادەکە جگە لە بیرهێنانەوە، زیاتر ئەوەیە هەستی کوردایەتی و ئینتیمای نیشتمانی لە دڵی نەوەی نوێی کورد لە دیاسپۆرادا بچێنین و تۆخی بکەین، چونکە نەوەی نوێی کورد لە ئەورووپا لە هەستی نیشتمانی دوورکەوتووەتەوە و فێر نەکراون، بۆیە دەمانەوێ لە رێگەی ئەم یادەوە فێریان بکەین".
لە رۆژی 25/9/2017 گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا 93٪ی خەڵک بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا لە دەوڵەتی عێراق، بەڵام دواتر بەهۆی گوشارەکانی وڵاتانی دراوسێ و هەروەها حکومەتی ئەوکاتی عێراق و بەشێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بە ئەنجامەکەی نەنرا.
ئەمساڵ کۆچی نایاسایی بۆ نێو یەکێتیی ئەورووپا کەمیکردووە
لە رۆژی شەممەی رابردووەوە تاوەکو چوارشەممە 1118 کۆچبەر بە بەلەمی بچووک خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. بەشێکی دیکەش سەرکەوتوو نەبوون و 8 کەس خنکاون، کە یەکێکیان ئەو گەنجەی خەڵکی دەربەندیخان بوو کە باوکی لە کالێ بە چاوی پڕ گریانەوە چیرۆکەکەی بۆ رووداو و هاوکارمان زنار شینۆ گێڕایەوە. 
وەزیری ئاسایشی سنوورەکانی بەریتانیا رایگەیاندووە، فەرەنسا هاریکارییەکی باشی بەریتانیا دەکات بۆ رێگەگرتن لە پەڕینەوەی کۆچبەران. 
دەیم ئەنگێلا ئیگڵ لەلایەن رۆژنامەڤانانی بەریتانییەوە پرسیاری ئەوە لێکراوە کە بۆچی کاتێک کۆچبەران دەگەنە بەریتانیا، سواری بەلەمە بچووکەکانیان ناکرێنەوە و نایاننێرنەوە فەرەنسا، لەوەڵامدا وەزیرە بەریتانییەکە گوتوویەتی حکومەتەکەی ناتوانێ ئەمە بکات، چونکە کوالیتیی بەلەمەکان هێندە خراپە کە وادەکات کۆچبەری زۆر لە رێگەی گەڕانەوەدا گیانیان لەدەست بدەن. 

ئەم هەفتەیە 1000 کۆچبەر لە فەرەنساوە پەڕیونەتەوە بەریتانیا
فرۆنتێکس: لە 8 مانگی ئەمساڵ زیاتر لە 139 هەزار کۆچبەری نایاسایی هاتوونەتە ئەورووپا


لە سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا دۆخی گەیشتنی کۆچبەران بە یەکێتیی ئەورووپا بەجۆرێکی دیکەیە. پۆلیسی پاراستنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا (کە بە فرۆنتێکس ناسراوە) رایگەیاندوو لەماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا 139 هەزار و 847 کۆچبەر بەشێوەی نایاسایی هاتوونەتە نێو یەکێتیی ئەورووپاوە. 
رێژەی گەیشتنی کۆچبەران لەو هەشت مانگەی رابردوودا دەکاتە 39 لەسەت کەمتر بە بەراورد بە ساڵی رابردوو. بەتایبەتیش لە ڕێگەی وڵاتانی بالکانەوە کەمترین کۆچبەر بە بەراورد بە پارساڵ هاتوونەتە نێو یەکێتیی ئەورووپا و رێژەکە 77 لەسەت دابەزیوە. 
بۆسنیا رایگەیاندووە کە ئەمساڵ زۆرتر لە هەزار کەسی بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن و هێنانی کۆچبەرانی نایاسایی دەستگیر کردووە. 

لەگەڵ ئەوەشدا فرۆنتێکس هۆشداری دەدات کە لە ڕێگەی یۆنانەوە قاچاخچییەکان شێوازی نوێی هێنانی کۆچبەرانیان دۆزیوەتەوە و سوود لە بەلەمی خێرا (سپید بۆت) دەبینن. بۆیەشە لە سنووری یۆنانەوە هاتنی کۆچبەران کەمی نەکردووە. 
ئیتاڵیا بە رێگەی نوێ رێگریی لە کۆچی نایاسایی دەکات
 یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ دەستگیرکردنی قاچاخچییان و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانیانەوەیە. 
ئیتاڵیا رێگەیەکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی گەیشتنی کۆچبەران لە رێگەی قاچاخەوە بۆ یەکێتیی ئەورووپا لە سنوورەکانی تاقیدەکاتەوە. ئەویش دۆزینەوەی ئەکاونت و پەیجی قاچاخچییان و هاوکارەکانیانە و داخستنی ئەو ئەکاونتانەیە. 
پۆلیسی ناوچەی پالێرمۆی ئیتاڵیا رایگەیاندووە ئەمڕۆژانە لە ئۆپەراسیۆنێکدا زۆرتر لە هەزار ئەکاونتی لەوجۆرەی داخستووە. لە هەندێك کەناڵانەدا قاچاخییان رێکلامیان بۆ پاکێجی خێزانی بۆ کۆچی نایاسایی کردووە و داشکاندنیان بۆ منداڵان و ژنان کردووە. 
ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای مێتا کراوە کە خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام و واتسئەپە. 
پۆلیسی ئیتاڵی دەڵێت "قاچاخچیی لیبی و میسری خاوەنی ئەکاونتەکان بوونە. ئەوان بەشێوەی مامناوەند پێنج هەزار دۆلاریان بۆ گەیاندنی هەر کۆچبەرێک بە ئەوروپا کردووە. بەڵام هەندێک لە پەیجەکان رێکلامیان بۆ پاکێجی ڤی ئای پیی کۆچی نایاسایی کردووە و داوای پارەیەکی زۆرتریان کردووە".  
ئەڵمانیا.. پێشنیازکراوە داواکارانی ڤیزای شنگن بخرێنە ژێر چاودێرییەوە
پۆلیسی ئەڵمانیا: هەر کەسێک داوای ڤیزا بکات ئەکاونتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بپشکندرێن

ئەوانەی دەیانەوێ داوای ڤیزای ئەڵمانیا یان هەر وڵاتێکی دیکەی ئەندام لە شینگندا بکەن دەبێ ئەکاونتەکانیان بپشکندرێت.
پۆلیسی ئەڵمانیا پێشنیازیکردووە لەمەودوا هەرکەسێک داوای ڤیزای کرد، ئەکاونتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بپشکندرێن. پۆلیسی ئەڵمانی دەڵێت "ئەمە رێگە لە ئەنجامدانی گەندەڵی لە پێدانی ڤیزادا دەگرێ و ئەوانەی مەترسیشن لەسەر ئاسایشی ئەورووپا دەستنیشان دەکرێن". 
بۆ نموونە ئەگەر کەسێک بەڵگەنامەی ئەوەی دابێتە کۆنسوڵخانەیەک کە بۆ بزنس دێتە ئەورووپا، بەڵام لە ئەکاونتەکەی دیاربێ کەسەکە ژیانێکی هەژارانەی هەیە، دەردەکەوێ بەڵگەنامەمان ساختەکراون. یان کەسێک پۆستی تووندی بۆ هاندانی تووندوتیژی کردبێ و بیری تووندئاژۆیی هەبێ، دەکرێ داوای ڤیزاکەی رەتبکرێتەوە. ئەمە هێشتا پێشنیازە و نەبووەتە بڕیار. 


نووسەرێکی کورد رۆمانێکی نوێی بەناوی 'ئۆزی' بڵاوکردەوە
لە هۆڵەندا د. ئیبراهیم سەلمان لە ساڵانی هەشتاوە لەسەر ستەیجی شانۆکان و لەسەر شاشەکانی ئەو وڵاتە رۆمانەکانی لەسەر رەفەی کتێبخانەکانی ئەو وڵاتە هەبووە و هەیە. 14 ساڵ بوو ئەو نووسەر و ئەکتەر و کەسایەتییە فەرهەنگییە کوردستانی و هۆڵەندییە هیچ رۆمانێکی نوێی بڵاونەکردبووەوە. بەڵام ئەمڕۆژانە رۆمانی (ئۆزی) بە زمانی هۆڵەندی خستە بازاڕەوە. 
د. ئیبراهیم سەلمان لە ئەمستەردامەوە بەشداریی بەرنامەی دیاسپۆرای کرد و لەبارەی رۆمانە نوێیەکەیەوە گوتی" ئەو شتەی لەگەڵی دەژیم دەیکەمە نووسین و رۆمانەکەم تایبەتە بە سەگەکەم، دوای گیانلەدەستدانی سەگەکەم رۆمانەکەم نووسی، سەگەکەم وەک ئەندامێکی ماڵ بوو".
د. ئیبراهیم سەلمان گوتیشی" سەگەکەم ناوی ئۆزی بوو، ئەو رۆحێک بوو مرد، بۆشاییەکی گەورەی لای ئێمە دروستکرد، بۆیە چیرۆکی ئەو لەگەڵ ئێمە و مردنەکەی کاریگەریی زۆری بەسەر ئێمەدا دروست کرد و رۆمانێکی تایبەتم لەسەری نووسی و ئامانجی داهاتووشم ئەوەیە ئۆزی بکرێتە فیلم".
د. ئیبراهیم سەلمان ئاشکرایکرد، کە ئەو حەز دەکات لە رێگەی رۆمانەکانییەوە خەڵک چیرۆکی ئەوان بزانن.
د. ئیبراهیم روونیکردەوە، زیاتر لە 60 ساڵە لە کێشەی کورد قوڵ دەبێتەوە.
دوو هاوژین 400 هەزار فۆڵۆوەرزییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە
نووشین و هاوژینەکەی بە نواندن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواداری زۆریان کۆکردووەتەوە

نووشین و هاوژینەکەی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەون. بە نواندنە سادە و واتادارەکانیان فانی زۆریان بۆ خۆیان کۆکردووەتەوە و گەیشتووەتە نزیکەی چوار سەت هەزار کەس. 
نووشین حوسێن کچێکی کوردە و خەڵکی باژێری حەسەکەیە لە رۆژئاوای کوردستان و ماوەی هەشت ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، میوانی ستۆدیۆی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو رایگەیاند، لە 2020ـەوە دەستیان بە تۆمارکردنی ڤیدیۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن و فانەکانیش ئارەزووی بینینی ڤیدیۆکانیان دەکەن و بینەرێکی یەکجار زۆریان هەیە.
نووشین حوسێن لەبارەی ناوەڕۆک و بیرۆکی ڤیدیۆکانی گوتی" بیرۆکەی ڤیدیۆکانمان کەلە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان دەکەینەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنەس سەبعللێلی هاوژینم، ئەو ڤیدیۆکان دادەنێت و تۆماری دەکات و بڵاویان دەکاتەوە".
نووشین حوسێن ئاشکرایکرد، ئەوان خاوەنی ڤیدیۆی زۆرن، بەڵام بڵاوکردنەوەی پێنجەم ڤیدیۆیان کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و دەڵێت" دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 هاوسەرگیرییم لەگەڵ ئەنەس کرد کە بەرەگەز عەرەبە و داب و نەریت و ئاین و کولتووریان لەیەکتر جیاوازین، بیرمان لەوەکردەوە کە ڤیدیۆ دروست بکەین و لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان بکەینەوە، بە خەڵک بڵێین ئاساییە دوو کەس لە دوو نەتەوە و ئاینی جیاواز هاوسەرگیریی بکەن و پێکەوە دڵخۆشبن، خۆمان بە نموونە هێنایەوە".
سەبارەت بەو ڤیدیۆیەی زۆرترین بینەری هەبووەو نووشین  چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوەو دەڵێت" ئێوارەیەک ئەنەسی هاوژینم لە کار دەگەڕایەوە بینی نزیکەی 15 کەس لە کەسوکاری من وەک میوان لە ماڵەکەمانن و بەخێرهاتنیان کرد و دواتر پێمگوت خێرا بڕۆ گۆشت بکڕە و ئێستا خوانێک ئامادە دەکەم و ئەویش چوو گۆشتی هێنا و خوانەکەم ئامادەکرد و بەلایەوە سەیر بوو، بۆیە بیرۆکەی ڤیدیۆکە لەوەوە لای ئەنەس گەڵاڵە بوو و ئێمەش دروستمان کرد و بڵاومان کردەوە، ڤیدیۆکە بینەرێکی زۆری هەبوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەک لە چەند کاژێرێکدا نزیکەی پێنج ملیۆن بینەری تێپەراند و  بووە هۆی ئەوەی ئەوان زیاتر گرنگی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ بدەن و ببنە دوو کەسایەتیی گرنگ و بەناوبانگی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
لای خۆشییەوە ئەنەس سەبعللێل هاوژینی نووشین لەبارەی ڤیدیۆکانیانەوە گوتی" جەماوەری عەرەبی لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا حەزیان بە کولتووری کوردی هەیە و رێزی زۆری لێدەگرن، ئەوان کە سەیری ڤیدیۆکانمان دەکەن دەستخۆشیمان لێدەکەن و زیاتر هانمان دەدەن، پێکەوە بژین".
ئەنەس سەبعللێل کە لە نووشینەوە فێری زمانی کوردی بووەو دەڵێت"کورد بەزۆر شت ناسراون، لەوانە میواندۆست، وەفا، رێز و بەهێزی پەیوەندی کۆمەڵایەتی هەروەها بایەخی زۆریش بە خێزان دەدەن، هەموو ئەمانەم کردوونەتە ڤیدیۆ و بڵاوم کردوونەتەوە".
سیلینا محێدین بەهرەیەکی پڕ لە وزەی گەنج

سیلینا محێدین دەنگی نوێ و خۆشی هەیە. خەونی گەورەی هونەریی هەن. ئەو لە ئەڵمانیا لەدایکبووەو لەو نەوەیەی دیاسپۆرای کوردییە کە دەیانەوێ نێوبانگی جیهانی بۆ کارەکانیان پەیدابکەن. 

سیلینا لە ستۆدیۆ میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، دەیەوێ لە رێگەی هونەرەکەیەوە ناوبانگی جیهانی بەدەسبهێنێ و دەڵێت"تەمەنم 22 ساڵە و لە ئەڵمانیا لەدایکبووم و لە منداڵییەوە حەزم لە کۆرسەکانی هونەری بوو و بەشدارییم لە کۆرسی میوزیک و ئەکتەریدا کردووە".
سیلینا محێدین لە بارەی تێکستی گۆرانییەکانەوە دەڵێت" خۆم تێکستی گۆرانییەکانم دەنووسم، کاتێک تەمەنم 13 ساڵ بوو یەکەم تێکستی گۆرانیم نووسی، یەکەم گۆرانیشم بەناوی ئاروف تاون لە 2023 بڵاوکردەوە".
محێدینی باوکی یەکێک بووە لە هاندەر و هاوکارەکانی سیلینای کچی، ئەو حەزی گۆرانی و میوزیکی لای سیلینا دروستکردووەو خۆشی ئاماژە بەوە دەکات کە باوکی رێگەی هونەری پیشانداوە.
سیلینا هەرچەند لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، بەڵام بە کوردییەکی پاراو قسە دەکات و دەڵێت"پاراستنی کولتوور و زمانی کوردی زۆر گرنگە لەلام".
جگە لەکاری میوزیک و گۆرانی سیلینا محێدین ئارەزوویەکی زۆری بۆ هونەری سینەما هەیە و دەڵێت" حەز دەکەم لە داهاتوودا ببمە ئەکتەر و بەو هۆیەوە کتێبێکی 300 لاپەڕەییم لەسەر فیلم نووسیوەو ناردوومە بۆ هۆلیوود و ئامانجمە ببمە ئەکتەرێکی پرۆفیشناڵ".
سیلینا محێدین بەکالۆریۆسی لە بازرگانیی هەیە و لە کۆمپانیایەکی بەبازاڕکردن کاردەکات.