لە هۆڵەندا تۆڕێکی قاچاخچیی کۆچبەران دەستگیردەکرێن

13 September 2024
لە هۆڵەندا تۆڕێکی قاچاخچیی کۆچبەران دەستگیردەکرێن
لە هۆڵەندا تۆڕێکی قاچاخچیی کۆچبەران دەستگیردەکرێن

لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان ئیتاڵیا و هۆڵەندا و بەریتانیادا تۆڕێکی قاچاخچیی کۆچبەران دەستگیرکران. 
 لە شارێکی هۆڵەندا دەست بەسەر بارهەڵگرێکدا گیرا کە 600 هێلەگی سەلامەتیی مەلەوانیی تێدا بوو و زۆربەشیان بۆ منداڵان بوون و هیچ مەرجێکی سەلامەتییشیان تێدا نەبووە. 

ئاژانسی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بەریتانیا دەڵێت: "هێلەگەکان بۆ پەڕاندنەوەی کۆچبەران بوون لە نۆکەندی ئینگلیز بە بەلەمی بچووک و بەشی زۆریان بۆ منداڵان بوون."

جاک بێ، لێکۆڵەر لە ئاژانسی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بەریتانیا دەڵێت: "هێلەگەکان کەسیان لە خنکان رزگار نەدەکرد و، لەلایەن قاچاخچییەکانەوە تەنیا بۆ ئەوە بەکاردەهاتن کە کۆچبەران رازی بکەن."

هێلەگەکان لە بارهەڵگرێکدا بوون و سەرەتا نێردراونەتە ئیتالیا، دواتر براونەتە هۆڵەندا تا لەوێوە بنێردرێنە فەرەنسا. 

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەوانەی هێلەگەکانیان دەگواستەوە دەستگیر کراون و یەکێکیان تەمەنی 23 ساڵە.

ئەڵمانیا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی بۆ کۆچی نایاسایی دەستپێکردووە

لە ئەڵمانیا هەڵمەتێکی گەورەی دەستگیرکردنی قاچاخچی دەستیپێکردووە و زۆربەی ئەوانەی دەستگیر کراون خەڵکی سووریا و عێراقن. هاوکات ئەڵمانیا دەیەوێت لە دووشەممەی داهاتووەوە خاڵی پشکنین لە سنوورەکانی دابنێت. 

لە رۆژانی رابردوودا 240 ئەفسەر و پۆلیس لە پێنج ویلایەتی ئەڵمانیا بەسەر ژمارەیەکی زۆر ماڵ و دووکانیاندا دا کە گومان دەکرا قاچاخچێتیی کۆچبەرانیان تێدا بکرێت.

پۆلیسی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە داوە کە 18 کەس گومانیان لەسەرە کە تەمەنیان لە 23 ساڵ تاوەکو 57 ساڵە و، لە شۆفێرەوە تاوەکو قاچاخچییان تێدایە. هەر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا پێنج کەس دەستگیرکراون کە وڵاتینامەی سووری و عێراقییان هەبووە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دیاسپۆرا، زۆربەی ئەوانەی دەستگیرکراون کوردن. بە گوتەی پۆلیسی ئەڵمانیا، ئەو تۆڕە تاوەکو ئێستا 140 کۆچبەریان لە وڵاتانی بەڵکانەوە گەیاندووەتە ئەڵمانیا و بۆ هەریەکێکیان 700 یۆرۆیان وەرگرتووە و، هەر کۆچبەرێکیش نەیویستبێت لە ئەڵمانیا بمێنێتەوە بە 500 یۆرۆ گەیەنراوەتە وڵاتێکی دراوسێی ئەڵمانیا.

هەروەها بەرلین دەیەوێت لە دووشەممەی داهاتووەوە بۆ شەش مانگ خاڵی پشکنین لەسەر سنوورەکانی دابنێت، ئەمەیش وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای نیگەران کردووە. ئەم هەنگاوەیش بۆ ئەوەیە رێگری لە هاتنی کۆچبەری نایاسایی بکات.

پارێزەرێکی کورد: لە یاسای ئەڵمانیادا هاوکاریکردنی کۆچبەران بە قاچاخچێتی دادەنرێت

پارێزەرێکی کورد لە ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت کە لە یاسای ئەو وڵاتەدا هەر جۆرە هاوکاریکردنێکی کۆچبەران بۆ چوونە ئەو وڵاتە بە قاچاخچێتیی کۆچبەران دادەنرێت با هاوکارییەکە هاوکاریی خزمایەتییش بێت.

رۆژ خەڵەف، پارێزەر لە ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە دا، لە ئەڵمانیا ئەگەر کەسێک تۆمەتی قاچاخچیبوونی بەسەردا ساخ ببێتەوە، ئەوا یان بە پارە سزا دەدرێت یان تاوەکو 15 ساڵ زیندانی دەکرێت.

ئەو پارێزەرە باسی لەوە کرد، لە ئەڵمانیا کەس ناگیردرێت ئەگەر بەڵگەی لەسەر نەبێت. بە داخەوە خەڵکی ئێمەی کورد زۆر جار لەبەر ئەوەی نازانن و بێئاگان، بەهۆی گیانی هاوکاری و خزمایەتییانەوە یارمەتیی کۆچبەران دەدەن، بەڵام ئەوە لە یاسادا بە قاچاخچێتیی کۆچبەران دادەنرێت.

رۆژ خەڵەف گوتی: "بیری ئێمەی کورد و ئەڵمانییەکان زۆر لە یەک جودایە و ئێمە وەک پارێزەر زۆر تووشی زەحمەتی دەبین بۆ ئەوەی روونی بکەینەوە کە ئەو هاوکارییە پەیوەندیی بە فەرهەنگەوە هەیە نەک قاچاخچێتی. ئەوان بڕوا ناکەن کە ئەو کارە لەبەر هاوکاری و مرۆڤایەتی کرابێت، بەڵکو وادەزانن وەک پیشە و قاچاخچێتی کراوە."

ئەو پارێزەرە باسی لەوە کرد، ئێستا لە ئەڵمانیا بەهۆی کۆچی نایاساییەوە رەوشێک دروست بووە کە دەیانەوێت خاڵی پشکنین لەسەر سنوورەکان دابنێن کە ئەوەیش بەپێی یاسای ئەوروپی رێگەپێدراو نییە.

بە بروای ئەو پارێزەرە، ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت، ئەوا ئەڵمانیا دژی یاساکانی خۆی دەجووڵێتەوە و هەروەها بە مانای ئەوەیشە کە یاسای ئەوروپی قەبووڵ ناکات. 

رۆژ خەڵەف گوتیشی: "لەو بڕوایەدام ئەو سیاسەتڤانانەی دەیانەوێت ئەم کارە بکەن، تەنیا بۆ رازیکردنی گەلەکەیانە، ئەگینا خۆیشیان باوەڕیان بەم کارەیان نییە."

پارێزەرە کوردەکە باسی لەوە کرد، کۆچبەران و لەنێویشیاندا خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەیەکیان هەیە ئەویش ئەوەیە کە دەیانەوێت بە دەستی خۆیان مافەکانیان بستێنن، لە کاتێکدا یاسای ئەڵمانیا رێگە بەوە نادات و دەبێت وەرگرتنی ماف پەبا ببەیتە بەر یاسا و حکومەت و ئەوان بۆت وەربگرن.

سوێد 350 هەزار کرۆن دەدات بەو کۆچبەرانەی خۆویستانە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان

سوێد پلانی داناوە لە ماوەی داهاتوودا 350 هەزار کرۆن بداتە هەر کۆچبەرێک بیەوێت خۆویستانە بچێتەوە وڵاتەکەی. ئەمەش دەکاتە زۆرتر لە 30 هەزار یۆرۆ یان 34 هەزار دۆلار. 

یۆهان فۆسێل، وەزیری کۆچی سوێد باسی ئەوە دەکات کە گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە سیستەمی کۆچبەریی سوێددا دەکەن و دەڵێت: "لە ساڵی 2026ـەوە دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پلانە دەکرێت."

بەپێی سیستمی ئێستای سوێد هەر کۆچبەرێک خۆویستانە بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی نزیکەی 1000 دۆلار وەردەگرێت. بنداڵان کەمتر لە 500 دۆلاریان دەدرێتێ و هەر خێزانێکیش ژمارەیان هەرچەند بێت نابێت زیاتر لە جوار هەزار دۆلار وەربگرن.

لەبارەی کۆچبەرانەوە بەلجیکا بە تووندی وەڵامی هەڕەشەی هەنگاریای دایەوە

بەلجیکا بە تووندی وەڵامی هەڕەشەی هەنگاریای دایەوە سەبارەت بە ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بە پاس و شەمەندەفەر بۆ ئەو وڵاتە. وەزیری کۆچبەرانی بەلجیکا دەڵێت، هیچ کۆچبەرێک وەرناگرن کە لە هەنگاریاوە نێردرابێت. 

هەفتەی رابردوو حکومەتی هەنگاریا رایگەیاندبوو ئەگەر بەلجیکا لەو 200 ملیۆن یۆرۆیە خۆش نەبێت کە یەکێتیی ئەوروپا بە پاساوی مامەڵەی خراپی هەنگاریا بەرامبەر بە کۆچبەران بەسەریدا سەپاندووە، ئەوا بە شەمەندەفەر و پاس کۆچبەرانی نایاسایی کۆدەکاتەوە و دەیاننێرێتە برۆکسلی پایتەختی یەکێتیی ئەوروپا.

هاجە لەهبیب، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا باسی لەوە کردووە، ئەوەی هەنگاریا دەیڵێت دژ بە پابەندێتییەکانی ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپایە.

هەروەها نیکۆڵ دمۆر، وەزیری دەوڵەتی بەلجیکا بۆ کاروباری کۆچبەرانیش دەڵێت: "ئەوەی هەنگاریا دەیکات بێڕێزییە بە یەکێتیی ئەوروپا و هیچ کۆچبەرێکی هاتوو لە هەنگاریاوە وەرناگیردرێت."

فیلیپ کلۆس، سەرۆکی شارەوانیی برۆکسلیش داوا لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی دەکات کە ئەگەر هەنگاریا کۆچبەرانی بە پاس بۆ بەلجیکا نارد، ئەوا لەسەر سنوور رێگەیان لێبگرێت و نەهێڵێت بە هیچ شێوەیەک بێنە وڵاتەکەیانەوە.


یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2023دا سێ ملیۆن و 700 هەزار مافی نیشتەجێبوونی داوە

یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2023دا سێ ملیۆن و 700 هەزار کەس لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا مافی نیشتەجێبوون (ئیقامە)یان دراوەتێ. 

رێژەی هەرە زۆری ئەوانەی مافی نیشتەجێبوونیان دراوەتێ بۆ یەکخستنەوەی خێزان بووە. سێ-یەکیشیان بۆ کار وەریانگرتووە. 

ئاژانسی ئاماری یەکێتیی ئەوروپا روونی کردووەتەوە کە ئەو ژمارەیە لە مێژووی یەکێتیی ئەوروپادا زۆرترینە.

زۆربەی ئەوانەی مافی نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە ئەو کەسانەن کە لە ئۆکراینا، بیلاڕووس و هیندستانەوە هاتوون. هەروەها لەنێو ئەو ژمارەیەدا خەڵکی سووریا و ئەفغانستانیش بە ڕێژەی زۆر هەن، بەڵام هاووڵاتییانی عێراق، ئێران و تورکیا پشکی گەورەیان بەرنەکەوتووە.

لە نەمسا گیانلەدەستدانی دوو کرێکاری کورد و سووری لە باڵەخانەیەکدا هەرای ناوەتەوە
لە نەمسا گیانلەدەستدانی کرێکارێکی کوردی خەڵکی دێرکی رۆژئاوای کوردستان و یەکێکی سووری لە کاتی کارکردن لە باڵەخانەیەکدا هەرایەکی میدیایی ناوەتەوە. 

لە ماوەی رابردوودا لە شارۆچکەی شێردینگی نەمسا باڵەخانەیەک رووخا و لە کاتی کارکردندا ئەو دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا. باس لەوە دەکرێت کە ئەو دوو کرێکارە بە هیچ شێوەیەک مافی کارکردنیان لە نەمسا نەبووە.

هێوا حوسێن، شارەزای مافەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لەوە کرد کە کرێکارە کوردەکە ناوی حەواس بووە و تەمەنی نزیکەی 23 ساڵ بووە و ماوەیەکی کەمە گەیشتووەتە نەمسا. 

بە گوتەی هێوا حوسێن، سێ کرێکار بە شێوەیەکی ناپیشەییانە لە باڵەخانەکەدا کاریان کردووە و دووانیان لە کاتی رووخانیدا گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەی لە نەمسا بووەتە رۆژەڤ ئەوەیە کە چۆن ئەودوو کرێکارە مردووەکە هێشتا مافی نیشتەجێبوونیان وەرنەگرتووە، کرێکارییان کردووە.

 هێوا حوسێن گوتی: "لە نەمسا هەر کەسێک تا مافی نیشتەجێبوون وەرنەگرێت، بەپێی یاسا ناتوانێت کاربکات، ئەگەر بیشیەوێت کاربکات، ئەوائەگەری کارکردنی زۆر کەمە و نزیکەی 10٪یە و دەبێت بەپێی مەرجەکانی حکومەت کاربکات."

ئەو شارەزایەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە دا کە تاوەکو ئێستا هۆی رووخانی باڵەخانەکە نەزانراوە، بەڵام گوتی: "رۆژنامەڤانێکی نەمسایی ئاماژەی بەوە داوە کە هۆیەکە بۆ کۆمپانیای دروستکەری باڵەخانەکە دەگەڕێتەوە."

هێوا حوسێن گوتی: "خاوەنکارەکە رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە لەسەر ئەوەی کە چۆن بەبێ گرێبەست کاری بەو کۆچبەرانە داوە."

کوردێک رکابەریی باشترین کارسازی هۆڵەندا دەکات

کارسازێکی سەرکەوتووی کورد کە لە هۆڵەندا بە "نێرۆ دێ بوور" ناسراوە، گەیشتووەتە ئاستی رکابەری و بەشداریکردن لە کێبڕکێیەکدا بۆ باشترین کارسازی ئەو وڵاتە. لە تەنیشت ئەوەشدا ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی شارەکەی خۆشیەتی. 

لە کێبڕکێکەدا 250 کەس بەشدارییان کردووە و لەوانە 10 کەسیان هەڵدەبژێردرێن. چیا بابان وەک کارسازێکی کورد لە سێ کەسی یەکەمی رکابەرییەکەیە و پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.

چیا بابان لە بواری سەرتاشیدا کارسازە و 10 ساڵ لەمەو پێش سەرتاشخانەی داناوە و پێنج لقی کردووەتەوە و 18 کەس کاری بۆ دەکەن.

چیا بابان باس لەوە دەکات کە بۆ سەرکەوتن زۆر گرنگە حەزت لەو کارە بێت کە دەیکەیت. 

چیا بابان ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئێرمێلۆیە و دوو ساڵ و نیوە چووتە ئەو بوارەوە. 

کوردێک لە ئەڵمانیا بە حەوت مانگ دەبێتە خاوەنکار

فەرید حوسێن کوردی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و تەنیا پاش حەوت مانگ لە چوونی بۆ ئەڵمانیا چاپخانەیەکی داناوە و قەبووڵی نەکردووە نانی سۆسیال بخوات! 

فەرید نزیکەی 20 ساڵە خەریکی کاری چاپ و دروستکردنی ریکلامی کاخەزییە و دەڵێت: "سەرەتا بە تەنیا دەستم پێکرد و زۆر سەخت بوو و زمانم نەدەزانی."

فەرید باس لەوە دەکات بۆ ئەوەی ئەو کارەی دابمەزرێنێت، سەرەتا بڕیاری داوە کە وەک کۆمپانیا تۆماری بکات و ناوی ناوە زاگرۆس.