پارتی سەوزی ئەڵمانیا ئاسانکاری بۆ کۆچبەران دەکات
پارتی سەوزی ئەڵمانیا دەیەوێت ئاسانکاری بۆ ئەو کۆچبەرانە بکات کە داوای مافی مانەوەیان کردووە
پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا، کە بەشدارن لە حکومەتی فیدراڵیدا، دەیانەوێت ئاسانکاریی زۆرتر بۆ ئەوانە بکرێت کە لە ئەڵمانیا داوای مافی مانەوەیان کردووە. ئاسانکارییەکەش لەوەدا بێت کە زووتر و ئاسانتر بتوانن مافی کارکردنیان هەبێت و یارمەتییان بدرێت کار بدۆزنەوە.
کاتارینا درووگە، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەوروپا یەکێکە لەوانەی پلانێکی 15 خاڵیی بە ناوی سەوزەکانەوە بۆ ئاسانکاریکردن بۆ کۆچبەران راگەیاندووە.
هاوسەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەوروپا دەڵێت، لە هەموو شوێنێکی ئەڵمانیا کێشەی دەستی کاری کارامە هەیە. هەر لە شۆفێری پاسەوە تا دەگاتە ئەندازیاران و تیمی پەرستیاری دەستناکەون و زۆر پێویستن.
بە گوتەی ئەو سیاستەڤانەی سەوزەکانی ئەڵمانیا، ئەمە تەنیا رێگەیە بۆ ئەوەی وابکرێت کۆچبەرێک کە هاتە ئەڵمانیا و لێرە ژیا، کاریش بکات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ئەڵمانیا ڤیزای کاری داوەتە 80 هەزار کەس کە نیوەیان کەسانی خاوەن بڕوانامە و کارامە لە پیشەیەکدا بوونە.
کۆمیسیاری فیدراڵیی کۆچبەرانی ئەڵمانیا: کۆچبەران بنێردرێنە رواندا
کۆمیساری فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ کاروباری کۆچبەران رایدەگەیەنێت، دەبێت کۆچبەرانی هاتوو لە بێلاڕووسەوە دیپۆرتی رواندا بکرێنەوە.
یواخیم شتامپ لە کابینەی ئۆلاف شۆلتزدا پۆستێکی تایبەتی بۆ دانراوە وەکوو کۆمیسار کە لەسەر سیاسەتی کۆچبەری سەرپەرشتیی رێککەوتنی لایەنەکانی بەشدار لە حکومەتدا دەکات.
شتامپ رووسیا و بێلاڕووسی تۆمەتبار کرد کە هێشتاش بە پلان دەیانەوێت کۆچبەرانی خەڵکی سووریا و عێراق و ئەفغانستان بە لێشاو بنێرنە نێو یەکێتیی ئەوروپاوە.
بۆیە ئەو کۆمیسیارە دەیەوێت حکومەتەکەی هەر کۆچبەرێک کە لەڕێگەی بێلاڕووسەوە هاتبێتە ئەوروپاوە بنێرێتەوە وڵاتەکەی یان بینێرێتە رواندا.
پێشتر حکومەتی بەریتانیا دەیویست کۆچبەران بنێرێتە رواندا، بەڵام پلانەکە سەرینەگرت و هەڵوەشایەوە. یەکێک لە هۆکانیشی ئەوە بوو کە دادگای باڵای ئەوروپا بە بڕیارەکە رازی نەبوو.
تاوەکو ئێستا ئەم پێشنیاز و قسانەی کۆمیساری فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ کاروباری کۆچبەران کاردانەوەی گەورەیان لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمساڵ پۆڵەندا پێدانی ڤیزای کەمکردووەتەوە
ئەمساڵ یەکێک لەو چیرۆکانەی مانشێتی رۆژنامەکانی پۆڵەندا و سەرتاسەری ئەوروپاش بوو، ئابڕووچوونێک بوو کە لە وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەند روویدابوو، ئەوەیش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە پێدانی ڤیزا کەمبکاتەوە.
ئەویش بەوەی کە هەندێک کاربەدەستی وەزارەتەکە و کۆنسوڵخانەکان بە گەندەڵی و بەبێ پرۆسەیەکی روون ڤیزایان فرۆشتبوو و دابووە کەسانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا.
داتا فەرمییەکانی پۆڵەندا پیشانیدەدەن کە ئەمساڵ ئەو وڵاتە 203 هەزار و 810 ڤیزای داوەتە داواکاران لە کاتێکدا پار تاوەکو نیوەی ساڵ 295 هەزار و 892 ڤیزا درابوون. جیاوازییەکە دەکاتە 31٪ کەمتر.
جگە لەوەش، پۆڵەند گۆڕانکاریی لە پێدانی ڤیزای خوێندنیش کردووە و هەر قوتابییەک نەتوانێت بیسەلمێنێت کە دەرچووی زانکۆیە لە وڵاتی خۆی یان وڵاتێکی دیکە، مافی خوێندن و مانەوەی نادرێتێ.
فرۆنتێکس: خۆبەخشانی ڕزگارکەر کارێک ناکەن هانی هاتنی کۆچبەران بدات
کاتێک کەشتییەکی کۆچبەران لە ئاوەکانی نێوان ئیتاڵیا و یۆنان یان ئیتاڵیا و تورکیا، یان ئیتاڵیا و لیبیادا تووشی کێشە دەبێت، هانا دەبەنە بەر ئەو کەشتییە خۆبەخشانەی رێکخراوە ناحکومییەکان کە لەو ئاوانەدا هەیانن.
زۆر کۆچبەر بەهۆی ئەو تیمانەی لەو کەشتییانەدان لە مردن رزگار کراون. زۆر جار پۆلیسی ئیتاڵیا سەرنشینانی کەشتییەکان دەستگیر دەکات.
حیزبەکەی جۆرجیا مێلۆنیی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاش بەردەوام دەیڵێتەوە کە ئەو رێکخراو و کەشتییانە هانی زیاتر هاتنی کۆچبەران دەدەن.
ئەو حیزبە بۆ ئەو قسەیەی پشت بە راپۆرتێکی نهێنیی ساڵی 2022ی پۆلیسی پاراستنی سنوورەکانی ئەوروپا (فرۆنتێکس) دەبەستێت.
لە راپۆرتە نهێنییەکەدا ئەوە گوتراوە کە ئەو خۆبەخشانە وادەکەن کۆچبەران پێداگیرتر بن لەسەر هاتنیان بۆ ئەوروپا.
بەڵام ئەم هەفتەیە هانز لەیتنز، بەڕێوەبەری فرۆنتێکس رایگەیاند، ئەو هەرگیز نەیگوتووە و پێیشی وانییە کە ئەو خۆبەخشانە هانی هاتنی کۆچبەران بدەن.
پێشتریش کۆمەڵێک دامەزراوەی ئەکادیمی بە هاوکاریی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لێکۆڵینەوەیان لەو بارەیەوە کردبوو و گەیشتبوونە هەمان ئەو ئەنجامەی کە بەڕێوەبەری فرۆنتێکس باسیدەکات.
پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ لە ئەڵمانیا سازکرا
لە شاری گێلسن کێرشنی ئەڵمانیا پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ سازکرا. کۆمەڵێک فیلمی زۆر ئامادە کرابوون و یەکەم فیلم کە پیشان دەدرێت فیلمی "یەک مۆمک، دوو مۆمک"ـە.
هێڤا ئەحمەد، ئەندامی رێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ رایگەیاند: "ئەمساڵ لە فێستیڤاڵەکەدا 15 فیلم نمایش دەکرێن. رۆژی یەکەم فیلمێک و کورتەفیلم نمایش دەکرێن. رۆژی دووەم هەشت فیلم پێشکەش دەکرێن و رۆژی سێیەمیش شەش فیلم."
ئەو خاتوونە ئاماژەی بەوە دا کە کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی کەنەدا، ئیتالیا و فەرەنساوە لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن و خەڵات دەکرێن.
جانۆ رۆژبەیانی، دەرهێنەر کە بە فیلمی "یەک مۆمک، دوو مۆمک" لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە، باسی لەوە کرد کە فیلمەکەی بۆ یەکەم جارە لەو فێستیڤاڵەدا نمایش دەکرێت، بەڵام پێشتر لە برۆکسل و نیویۆرک و لۆس ئەنجلس نمایش کراوە.
جانۆ رۆژبەیانی گوتی: "ئەم فیلمە لە پێشبڕکێی گۆڵدن گلۆبدا وەک فیلمێکی کوردستانی هەڵبژێردراوە. بەڵام هێشتا لە سینەماکانی ئەوروپادا بڵاومان نەکردووەتەوە."
ئەو دەرهێنەرە باسی لەوە کرد کە فیلمەکەی کۆمیدیایەکی رەشە و تیشک دەخاتە سەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگی کۆمەڵایتی، وەک تووندوتیژی دژی ئافرەت.
لە بارەی چۆنیەتیی هەڵبژاردنی فیلمەکانیشەوە هێڤا ئەحمەد، ئەندامی رێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ باسی لەوە کرد کە ئەمساڵ 848 فیلمیان لە 92 دەوڵەتەوە بۆ نێردراوە، لە کاتێکدا پار فیلمی زیاتر نێردرابوون.
هێڤا ئەحمەد هۆی ئەم کەمبوونەوەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەمساڵ مەرجەکانیان بۆ وەرگرتنی فیلم سەختتر کردوون.
هێڤا ئەحمەد گوتیشی: "زۆربەی فیلمەکان بە زمانی کوردین و زۆرترین فیلمیش هیی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستانن."
ئەو ئەندامەی رێکخەری فێستیڤاڵەکە ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەوان دەیانەوێت هانی دەوڵەمەندان بدەن کە هەر بە چاوی هونەرییەوە سەیری فیلم نەکەن و وایان لێبکەن بە چاوی بیزنسەوە سەیری فیلم بکەن بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بۆ دروستکردنی فیلمی کوردی بڕەخسێت.
هێڤا ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا کە ساڵ بە ساڵ بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە زیاتر دەبن و هۆڵی نمایش پڕدەبێت لە بینەر و، پێیوایە ئەوەیش نیشانەی سەرکەوتنی فێستیڤاڵەکەیە.
جانۆ رۆژبەیانی کە هاوکات لە فێستیڤاڵەکەدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمەکانە بۆ پێدانی خەڵات لەبارەی هەڵبژاردنی فیلمەکانەوە ئەوەی خستەڕوو کە لیژنەکەیان لە چوار کەس پێکهاتووە: دوو کورد و دوو هۆڵیوودی.
خانمە ئەکتەرێکی کورد لە درامایەکی نێتفلیکسدا بەشدار دەبێت
درامای خەلافەت کە لە تۆڕی فیلمیی نێتفلیکسەوە پەخش دەکرێت، باس لەو کەسە راستئاژۆیانە دەکات کە لە سوێدەوە دەچن بۆ سووریا و عێراق و لەوێیشەوە بۆ موسڵ و دەبن بە ئەندامی خەلافەت. دراماکە دەنگدانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە و رۆڵگێڕە سەرەکییەکەی کە کوردە، لە سوێد خەڵاتی باشترین ئەکتەری ساڵی بردەوە. ئەکتەرێکی دیکەی کورد بە ناوی ئاڵا رەیانی لە دراماکەدا بەشدارە و رەنگە کەم کەس زانیبێتیان کە ئەو خانمە کوردە.
ئاڵا رەیانی لە دنیای فیلم و نواندندا لە ئەوروپا ناوێکی دیار و ناسراوە. درامای خەلافەت باس لە دوو کچی سوێدی دەکات کە بە رەچەڵەک عەرەبن و لەسەر ئیسلامێکی تووندئاژۆ گۆش دەکرێن، هەر بۆیە سوێد جێدەهێڵن بۆ ئەوەی ببن بە بەشێک لە داعش. ئاڵا رەیانی لە دراماکەدا رۆڵی دایکی ئەو دوو کچە دەگێڕێت.
ئاڵا لەبارەی رۆڵەکەیەوە گوتی: "رۆڵێکی خۆش و قووڵ بوو و دەبوو بە باشی لەو کارەکتەر بگەم کەزۆر لە منەوە دوور بوو، چونکە دایکێکی ئایینی بوو لە کاتێکدا من زۆر سیکۆلارانە گەورە بووم. ئەو گەشتەی من لەنێو خۆمدا هەم خۆش بوو هەم سەخت. خۆش مرۆڤ رۆڵێک بگێڕێت کە لە خۆیەوە دوور بێت، چونکە ماندووبوون و هەوڵدانی زۆری دەوێت."
ئاڵا رەیانی دەرچووی زانستە سیاسییەکانە و بە ئەکادیمی هونەری نواندنی نەخوێندووە. ئەو لە بارەی خوێندنی زانستە سیاسییەکانەوە گوتی: "من هەمیشە لە منداڵییەوە ئاگاداربوون لە خەبات و چارەنووسی کوردستان لەگەڵم بووە، بۆیە تێگەیشتن لە دنیای سیاسەت بۆ من زۆر گرنگ بوو. بەڵام هاوکات بیرم کە بە دایک و باوکم گوت: 'من دەمەوێت ببم بە گۆرانیبێژ.' ئیدی بەو رێگایەی زانستی سیاسیدا چووم و دواجار هەر هاتمەوە سەر هونەر."
رەیانی باسی لەوەیش کرد کە جارجار گۆرانییش دەڵێت و گوتی: "هەندێک بەرهەمی خۆمم و هەیە و توانیومە لەگەڵ هونەرمەند وریا ئەحمەددا کاربکەم و ئەو ئەزموونەیشم هەیە و گۆرانیی رەسەنی کوردیم گوتووە و گۆرانییەکی سوێدییشم کردووەتە کوردی."
ئەو بۆ کاری داهاتووی باس لەوە دەکات کە پرۆژەکەیان لەسەر بودجە وەستاوە، بەڵام باسی دایکێکی کورد و پەیوەندیی لەگەڵ کچە بچووکەکەی لە تاراوگەدا و دوورییان لە کوردستان دەکات.
ئاڵا باسی لەوە کرد کە فیلمەکە کورتە فیلمە، بەڵام لەگەڵ دەرهێنەرێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستاندا کە لە لۆس ئەنجلسە، لە پرۆژەیاندایە بیکەنە فیلمێکی درێژ بە ناوی فیلمی "ژن".
ئاڵا رەیانی پەرتووکێکی بە سوێدی بە ناوی "کچی جەنگ"ـەوە نووسیوە و ئەوانەی خوێندوویانەتەوە بە چیرۆکێکی جوان و دڵگیری دادەنێن و باسی کچێک دەکات کە دایک و باوکی هاتوونەتە سوێد.
ئاڵا گوتی: "چیرۆکەکە باسی خۆمە، بەڵام چیرۆکی زۆر کەسی دیکەیشە. ئامانجەکەیش ئەوە بوو کە ئەگەر من باسی خۆم و بنەماڵەکەم بکەم، ئەوە من نموونەیەکم لە ملیۆنان بنەماڵە. دەمەوێت بە دنیای نیشان بدەم کە گوتت کورد، بزانێت کوردێک چییە و چ جۆرە ژیانێکی هەبووە. بزانێت شەڕ چییە و چۆن روودەدات. من لە شەڕدا لە دایک بووم. کەس خۆی شەڕ هەڵنابژێرێت."
ئەو خانمە ئەکتەرە باسی لەوەیش کرد کە لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا ئەو چیرۆکەی گێڕاوەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە زلهێزان ئەو هێڵانەی سنووریان کێشاوە و ئێمەیان تووشی ئەو ئازار و چەرمەسەرییە کردووە و ئەرکی سەر شانی زلهێزانیشە کە ئەو پرسە چارە بکەن. گوتیشی: "من کە ئێستا لە هەندەرانم، لەبەر ئەوەیە کە ئەو زلهێزانە وایان لە ئێمە کردووە، ئەگینا ئێمە وڵاتی خۆمانمان بەجێنەدەهێشت."
ئاڵا رەیانی لە فیلمی "یاخی"دا بەشداری کردووە کە لە فێستیڤاڵی کان نمایش کرا و، رۆڵی فەرماندەیەکی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) دەبینێت.
ئاڵا لەو بارەیەوە گوتی: "من کە ئەو رۆڵەم وەرگرت، زۆر خۆشحاڵ بووم، هەرچەندە رۆڵێکی زۆر بچکۆلە بوو. فیلمەکە زۆر بە کەمی کوردی تێدایە، گەرچی باسی داعش دەکات و لە سووریایە."
رەیانی باسی لەوە کرد کە لە رۆڵەکەیدا دیمەنێک هەبووە کە دەبوو ئەشکەنجەی منداڵێک بدات، بەڵام ئەوەی بە لاوە نەگونجاو بووە و بە دڵی نەبووە.
ئاڵا ئاماژەی بەوە دا، لە بەختی ئەو تیمەکەیان شارەزایەکی سەربازییان وەک راوێژکار لەگەڵ بووە کە لە شەڕی داعشدا بەشدار بووە، بە دەرهێنەری گوتووە: "دەبێت ئەو دیمە نەبێت، چونکە کورد ئەشکەنجە نادات و شتێک نییە لە لای ئەوان هەبێت" و، گوتی: "ئیدی ئەو بەشەیان لابرد."
رەیانی پێیوایە مافی کورد لە هەموو بوارێکدا خوراوە و کە دەگاتە بواری هونەریش زۆر شتی کورد هەن کە دەبوو وەک خۆیان پیشان بدرێن، بەڵام پیشان نەدراون. ئەو دەڵێت: "پێویستە ئێمە خۆمان داستانەکانی خۆمان بە هونەر بگێڕینەوە. هەروەها زۆر گرنگە ئێمە وەک کورد لەو فیلمانەیشدا بەشدار بین کە خەڵکی دیکەی ناکورد دروستیان دەکەن و رۆڵی کەسایەتیی کوردیان تێدان، چونکە هیچ کەس لە کورد خۆی باشتر نازانێت وردەکارییەکانی کوردبوون پیشان بدات."
لە شاری ئۆبەرهاوزنی ئەڵمانیا یانەیەکی کوردیی تۆپی پێ بە ناوی ئاڤێستا دامەزراوە
یانەی ئاڤێستا ساڵی 2022 لە شاری ئۆبەرهاوزنی ئەڵمانیا دامەزراوە و یانەیەکی کوردییە و یاریزانەکانی کوردن و لە لیگ 3دا یاری دەکات.
رەحمان رەئووف، سەرۆکی یانەی ئاڤێستا دەڵێت: "ئێمە کۆمەڵیک کورد بووین لە دەوری یەکدی بووین، پێکەوە تۆپی پێمان دەکرد. ئەوە بوو بڕیارمان دا ئەم یانەیە دروست بکەین."
سەرۆکی یانەکە باس لەوە دەکات کە بیریشیان لە تیپی منداڵان کردووەتەوە و دەیانەوێت ئەکادیمیایەکی تۆپی پێ بۆ منداڵانی کوردیش بکەنەوە.
ئارمان کە راهێنەری یانەکەیە باس لەوە دەکات کە هەفتانە چوارشەممە و هەینی مەشق دەکەن و گوتیشی: "رۆژانە گەنجی کورد دێنە لامان و لەگەڵماندا مەشق دەکەن".
یانەی ئاڤێستا لە رووی ماددییەوە پشتی بە ئەندامان و یاریزانەکانی بەستووە و بە گوتەی خۆیان کەس هاوکارییان ناکات و خۆیان پێویستییەکانی خۆیان دابین دەکەن.
بهشی بكه لە